په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١٠\٢٠١١

خۆکوشتن وەکو پەناگەیەکی ئارام؟!


ستار محەمەد قادر  


پێویستە مرۆڤ هەڵوێستی دەربارەی رووداوەکان روون و نەگۆڕ بێت، نەک بە پێی میزاج و بەرژەوەندیەکان بڕیاریان لە سەر بدات، بە داخێکی زۆرەوە وەکو بینیمان لەم وڵاتەی ئێمەدا خۆ کوشتنی ئینسان تخووبی هەواڵ تێپەڕ ناکاو ئەگەر بیشیکات، لەبەر ئەوەی حاڵی حازر ژینگەی هەرێمی کوردستان بارگاویە بە سیاسەت و سیاسەتکردن، بۆیە دەبینین هەندێک خەڵکی بە نێو سیاسی تەنانەت وەکو ماددەیەکی خام تەماشای مەرگی ئینسانەکان دەکەن و دەیانەوێت سوودیان لێ ببینن!


دەربارەی خۆ سووتاندنی ئەو کچەی وا وەکو هەر تاکێک لە ئێمە مافی ئەوەی هەبوو بۆ ئەوەی دابمەزرێ و بە فیعلی هەست بە بوونی خۆی بکات لە ژیانیدا، زۆر نووسراو زۆریش گووترا، بەڵام لەبەر ئەوەی نە دەسەڵا ت و نەش کۆمەڵگە هەست بە تاوانباری خۆیان لە ئاستی ئەم دیاردانەدا ناکەن، بۆیە پێویستە قسەی زیاتریان لە بارەوە بکرێت، چونکە ئەگەر وا دایبنێین ئەو دیمەنە تراژیدیایە لە حاڵەت بە دەر نیە، بەڵام ئەگەر کۆمەڵگەو دەسەڵاتی کوردی بەم شێوەیەی ئێستایان لە ئاست ئەم رووداوە ترسناکەدا کەڕو بێدەنگ بن، ئەوا بە دڵنیاییەوە دەبێت بە دیاردەیش!


لێرەدا من کە ناوی دەسەڵات و کۆمەڵگە دەهێنم، بە حەقیقەت ئەوان لە ئاستی پەراوێزخستنی تاکدا بەرپرسیارن، ئاخر کاتێک ئێمە باس لە پێشکەوتن دەکەین، دەبێت رێز لە مافی مرۆڤ بگرین. کاتێک قسە لە سەر دیمۆکراسیەت دەکەین، دەبێت یەکسانی بە شێوەیەک لە شێوەکان لە واقیعدا بەرجەستە بکەین. کاتێک باس لە دادپەروەری دەکەین، دەبێت هەر هەموومان لە ماف و ئەرکدا یەکسان ببین. ناشبێت ئەوە لە بیر بکەین، کاتێک باس لە مرۆڤ دەکەین، دەبێت رێز بۆ داواکاریە سرووشتی و رەواکانی دابنێین!


ئاخر نەبوونی هەلی کارو دامەزراندن بۆ مرۆڤێک، کە دوا جار ئەم رووداوە ترسناکەی لێ دەکەوێتەوە، دەبێت هەروا بە سانایی بە سەرماندا گووزەر نەکاو تووشی شۆکمان بکات، ئایا ئەم رووداوە بایی ئەوە نیە خەڵکانی ئەکادیمی و پسپۆڕ لە بواری کۆمەڵناسیدا توێژینەوەی لەسەر بکەن، یان بۆ دەبێت وڵاتە بیانیەکان لە توانایاندا بێت هەلی کار بۆ پەناهەندە دابین بکەن و مافی ئاژەڵ بپارێزن و لە رێی سۆشیالەوە داوای لێ بووردن لە خەڵکانی بێکار بکەن، لە وڵاتی لە مەڕ خۆمانیش بۆ خەڵکانی خودان پێداو هەموو شتێک لە مشتە کۆڵەیان بنرێ و بۆ خەڵکانی هەژاریش دامەزراندن بکرێت بە یۆتۆپیا؟!


بە دڵنیاییەوە هەر کۆمەڵگایەک ئەگەر لە ئاستی دیاردەیەکی هاوشێوەی ئەوەی بەنازدا ئیستێک نەکاو بە خۆیدا نەچێتەوە، هەر دەسەڵاتێک ئەگەر دیاردەی لەو شێوەیە تووشی شۆکی نەکات، نەک دیاردەی خۆ کوشتن بە تاک، بەڵکو هەموو وڵات ببێت بە گڕکان، موویەک لە لەشی هیچ مرۆڤێک نابزوێنێت!


دەبێت ئێمە باش ئەو راستیە بزانین، هەر مرۆڤێک کە بڕیاری خۆ کوشتن دەدات، لە دەرەنجامی نا دادپەروەری و پەراوێز خستنەوە سەر چاوە دەگرێت. بە حەقیقەت ئەم رووداوە ترسناکانە لە کۆمەڵگە بێڕەحمەکان روو دەدات، لەو کۆمەڵگەیانەی وا لە توانایاندا نیە تەنانەت بە شێوەیەکی تەندرووست ئینسان پەروەردە بکات، ئەو کۆمەڵگەیانەی وا غەریزە ئاراستەیان دەکاو دەیانجووڵێنێ و هەمیشە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەودان، باشە ئێمە ئەو راستیە باش دەزانین کۆمەڵگەی ئێمە یەک ئیحتیمال دەکات بە بنەماو هەرگیز خۆی بە کەشفکردنی حەقیقەتەوە سەرقاڵ ناکات، بەڵام ئێمە لە کاروانی ژیان بەردەوامین و رانەوەستاوین، ئایا دەکرێت بە هەمان دیدو پێوەری جاران لە گەڵ ئەم رۆژە نوێیەدا بەردەوامی بە ژیان بدەین؟!


من هەرگیز خۆ کوشتن بە راست نازانم، چونکە وەکو دەڵێن ئومێدی مرۆڤە بێهێزەکان لە مەرگدایە، بەڵام لە بەر ئەوەی کۆمەڵگەی ئێمەو پەروەردەی خێزان کار لە سەر درووستکردنی کەسایەتی تاکێکی دوو دڵ، بێ ئیرادە، ترسنۆک، بێ ئومێد، نەخوێندەوارو رەشبین دەکات، مەبەستی نیە تاکێک بەرهەمبهێنیت توانای گۆڕان و گۆڕانکاری هەبێ و ببێت بە فریاد رەسێک بۆ ئەوەی کۆتایی بەو ئەزموونە سەر نەکەوتووەی ئەوان بهێنێت، ئەمەش بۆ خۆی یەکێکە لەو فاکتەرانەی نەتوانین پۆلێن لە نێوان مەرگ و ژیاندا بکەین، چونکە ئەگەر ژیان ماناو واتای جووڵەو داهێنان بگەیەنێت، ئەوا مردن خۆ گوزارشت لە راوەستان دەکات لە وێستگەیەکدا! بۆ جارێکی دیکە ئەوە دوو پات دەکەمەوە بە هیچ شێوەیەک بەرگری لەو ئینسانانە ناکەم وا بڕیاری لەو شێوەیە دەدەن، بەڵام ئەگەر مرۆڤ بیەوێت ئامارێک بەدەستبهێنێت، ئەوا بۆی روون دەبێتەوە چەندین مرۆڤ لە ژیاندان و هەست بە بوونیان ناکرێت، چەندین کەس دەژێت و لە بەر ئەوەی موعتەیاتی ژیان بۆ ئەوان تەنها بریتیە لە ئێش و ئازارو دەردە سەری، بۆیە ئەگەر خۆ کوشتن و ئاگریش وەکو پەناگەیەک هەڵنەبژێرن، ئەوا هەمیشە وەکو جەستەیەکی بێ رۆح لەسەر شانۆی ژیان دەردەکەون و دەبینرێن؟!

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک