په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٥\٢٠١٣

خۆڵەمێشی خەونەکان، خەونی خۆڵەمێشیی دەبینن.
- (کۆمەڵکوژیی پشتاشان) بە نموونە -

هیوا رەش       


هەرچی دەستی دایە قەڵەم مەرج نیە بزانێ بنووسێ، ئەگەر زانیشی مەرج نیە بوێر و بە ویژدان بێ، لە پەیجی( خۆڵەمێشی خەونەکان)دا بابەتێکم بەرچاو کەوت، بەر لە هەموو شتێک گومانم لە ناوی نووسەرەکە پەیدا کرد، لە کۆتایی ئەم نووسینەشمدا پێتان دەڵێم: بۆچی؟


ڕەحمان غەریب ، تاوانی (پشتاشان)ی وروژاندووە ، ئەو تاوانەی لە ئاکامی کەڵەکە و توندبوونی کوشتنی یەکتری براکان بە فەرمانی سەرکردە بوودەڵەکان لە ساڵانی هەشتاکان (١٩٨٣) ئەنجام درا ، لە وەڵام بە ڕەحمان غەریب ، نووسەرێک نالۆژیکانە و نامرۆڤانە خۆی خستۆتە ناو گێژاوی بەڕەوایی کردنی تاوان کە ئەمە خۆی لە خۆیدا تاوانە.


لێرە بە دواوە هەر واژە و پرسیارێک لە نێو کەوانەدا بوو ، با لای خوێنەر ڕوون بێ کە ئەو پرسیار و واژانە قسەی من نین ، بەڵکو قسەی نووسەرەکەیە و من بەدواداچوونی بۆ دەکەم.


کاکەی نوسەری لە دادە پێچراو دەپرسێ: (بۆچی شیوعی هەر بۆ دواوە دەچێت؟) و ڕەحمان غەریب بە نمونە دەهێنێتەوە ، منیش دەڵێم : خودی حزبی شیوعی بە نمونە بهێنایەتەوە زیندووتر دەبوو ، چونکە ڕەحمان مشتێکە لە خەروارێک ، لەگەڵ ئەوەشدا ووتم نەوەکو وەڵامی ئەو پرسیارە لە مامۆستاکانیەوە بە هەڵە وەربگرێتەوە بە پێوەستم زانی هەم بۆ زانین و هەمیش بۆ شآرەزایی ئەو ، نەبادا جارێکی دیکە بیەوێ خۆت لە قەرەی پرسیارێک بدات کە وەڵامەکەی لای خۆی و هەڵسوڕێنەرانیەتی و پێنازانیت ، پێ ی دەڵێم : ئەوا خاڵت بۆ دەخەمە سەر پیتی پرسیارە قیناوییەکانت ، ئەگەر تەمەنت بوارت نادا ، خۆ هەڵسوڕێنەرانت دەیانتوانی سەرەداوێکی کودەتای ٨ی شوباتی بەعسییەکانت بۆ باس بکەن کە چۆن و بە چ شێوەیەکی نامەردانە کەوتنە وێزەی شیوعییەکان و دەیان هەزار شیوعی و هاووڵاتییان کوشت و زیندانی کرد و ئەشکەنجەیان دان و لە پێشەنگی هەموویانەوە هاوڕێ - سەلام عادل - ی دووەم سکرتێری شەهید و چەندان ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و کادیری باڵا لە سێدارە دران و شەهید کران ، لە هەمان کات و هەمان ساڵدا لە لایەن هاوتاوان و هاوبیرانی شۆڤینیزمی عەرەبی ، سەرکردە و هەڵسوڕێنەرانی تۆی خاوەن پرسیاری بێ وەڵام لە کوردستان و بە تایبەتی لە - ماوەت - چۆن وەربوون و بەربوونە وێزەی شیوعییەکان ! ئەدی قەد باسی تاوانی - کانی ماسی - یان بۆ نەکردووی کە باڵی مەکتەبی سیاسی بە هەردوو لەتەکەی ئێستایەوە لە ساڵی ١٩٦٤ - لە - کانی ماسی - چییان بەسەر شیوعییەکاندا هێنا ، خۆ لەوانەیە ناوی - عیسا سوار - ی هاوسەنگەرانی دنەدەرانت ژەنەڤتبێ کە چۆن بەوپەڕی دڵڕەقی و بێبەزەییانە - ١٢ - کادیری باڵای بێ چەکی گەڕاوە لە خاکی سوریاوە بۆ کوردستان ، لە بارەگای هێزەکەی خۆی بە بێ دادگایی کردن لە ساڵی ( ١٩٧٢ ) گوللە باران کرد ، لەو دەمەدا خۆت ووتەنی سەرکردە و هەڵسووڕێنەرانی تۆش بۆ وەچە خستنەوە وەکو (مریشک چەمابوونەوە بۆ پارتی) ، ئەمانە و جگە لە شەهید کردنی دامەزرێنەر و یەکەم سکرتێری حزبی شیوعی هاوڕێ - فەهد - ، کە ئێستاش سەرکردە تاوانبارەکانی عەرەب و کورد ووتەکەی - شیوعییەت لە مردن بەهێزتر ە و لە سێدارەش بڵندترە - لە گوێیاندا دەزرنگێتەوە و سڵی لێ دەکەنەوە کە خۆی و هاوڕێیانی - حازم و ێارم - چۆن بێ منەتانە لە ساڵی (١٩٤٩) چوونە بەر پەتی سێدارە ، قوربان ڕەنگە لەبەر نەزانیت پاساوی ئەوەت هەبێ کە ناخوێنیتەوە یان ئەو تاوانانەت نەبیستووە بۆیە خۆت دەگەمژێنی ، بەڵام خۆ تاوانی - پشتاشان - هێندە بەسەر نەچووە تا خۆتی لێ گێل بکەیت ، یان ئەوەتا جگە لەوەی گوێچکەت ئاخنیوە و سوێندت بۆ هەڵسوڕێنەرەکانت خواردووە کە تا مردن عەبدی تەڕیقەتی ئەوان بیت لە دژایەتی کردنی شیوعییەکان ، پێ دەچێ لە هەمان کاتدا چاویشتیان بەستبێتەوە و ناتەوێ و ناهێڵن جوانییەکان ببینیت کە لێوان لێون لە بەرخودان و بەڕەنگاربوونەوەی شیوعییەکان ! یان پێت خۆشە شەمشەمەکوێرە ئاسا لە تاریکیدا چینەی مێش و مەگەز و پیسی بکەیت.


نامەوێ تاوانە قێزاونەکان هەڵبدەمەوە لە دەمەدەمی ئەنفالە بەدناوەکاندا کە پیاوە گرگنەکانی ئێوە چۆن سەودایان لەگەڵ بەعسییە ئەنفالچییەکان بە خوێنی شیوعییەکان دەم دەدا ، ئەگەر بڕوا ناکەیت بڕۆ لاپەڕەی تاوانی سیخوڕچێتیی - سەڵاح شینە و هێمنەڕەش و . . . - هەڵ بدەرەوە کە خوێنی دەیان شیوعییان کردە پێکی سەرمێزی عۆجەییەکان لەسەر خوانی بێشەرەفی ! لەمانەش گەڕێ ، بەڵام کێ نازانێت کە سەرکردەکانی تۆ ئێستاشی لەگەڵدا بێ دەیان ئەنفالچی و بەعسییان لە ژێر باڵی خۆیاندا ناوە و لەسەریان کڕ کەوتوون!


سەردەمی پشتاشان.


لەو دەمەیدا کە لە بارەگای شیوعییەکان دروشمی - ئەی کرێکارانی جیهان یەکگرن - دەنوwسرایەوە و پرۆڤە لەسەر سرwودی ئەنتەرناسیونال دەکرا بۆ پێشوازی لە جەژنی کرێکاران، لە بارەگای شێخەکانی تۆدا مەجلیس گەرم بوو تا بەر لە چوونە ناو - مفاوەزات - چ دەست و دیارییەک ببەنەوە بۆ سەدام و عەلی کیمیایی، پلانێک دادەڕێژرا بۆ کۆمەڵکوژیی و بە دروشمی - پەرێزتان پاک بێت - بۆ پەلاماری پشتاشان تا لەسەر تەرمی شیوعییەکان فاسوڵیای گەرم ئەنفال بکرێ ، من نامەوێ زیاد لەسەری بڕۆم چونکە خۆت وەکو دەست و پێوەندێک لە هەناسەی لووت لە بکەرانیەوە نزیکی و ئەوان ئەنجامدەر و شاهیدی حاڵی ئەو واقیعە پڕ شەرمەزارییەن ، کە دەیان شیوعییان خڵتانی خوێن و بارەگاکەیان تاڵان و لە غەفڵەتدا چێشتە گەرمەکەیانیان ئەنفال کرد و بە قەد نزیکەی تاوانی دوجەیل قوربانی لێکەوتەوە کە سەدام حوسێن بە سۆنگەیەوە لە قەنارە درا ، خەڵکێکی زۆری لە سەنگەر و بە دیلی تێدا شەهید کرا.


ئەگەر هەستی ئینسانیت تێدا بێت ، دەتوانی ئەو وێنا دزێوە بهێنیتە بەر چاوی خۆت و لە ناخەوە لە خۆت بپرسی ، ئەوانەی تەپڵی فاسوڵیا خواردن لەسەر تەرمی دەیان شەهیدی بێتاوانیان لێدەدا ، لە کوێی ئاکاری مرۆڤانەدان؟


ئەم کارەسات و پەلامارە دڕندانانەی دوژمنانی شیوعییەت وای کردووە شیوعییەکان بگەڕینەوە دواوە ، لەمەیاندا - گەڕانە دواوە - جوانت پێکاوە ، پێشی دڵخۆش بیت ئاساییە ، بەڵام دڵتەنگ مەبە بەوەی کە لە ناو نەچوون . چونکە تا دز و پیاوکوژ و گەندەڵ و ستەمکار و جاسوسی بەینەلمیلەلی و دڕندەیی مرۆڤی ئێوە ئاسا بمێنێ ، شیوعییەت لە هەناوی ستەملێکراواندا هەر دەمێنێ.


پاشکۆیەتی و کلکایەتی و سازشچێتی سەرکردایەتی خودی حزبی شیوعیش بەشێکە لە تاوانی سەرکردە و هەڵسووڕێنەرە تاوانبارەکانی تۆ ، ئەگینا نە بەرەیان لەگەڵ بەعسدا نەدەکردەوە و نە دەبوونە کەوا سووری بەرەی - جوقد - جود و بەرەی کوردستانی - و لە دواییشدا سووک و ئاسان لوولەی چەکەکانیان خوار نەدەکردەوە بۆ سەرکردە دزەکانی ئێستای تۆ و ئەوانی دی ، کە چارەنووس و ئاساییشی نەتەوەیی لە گیرفانیانەوە دەست پێدەکات و لەبەر دەرگای دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان کۆتایی دێ.


قوربان بۆچی نمەکگیرانە دێیت و - پشتاشانی - وەکو سوکایەتی بۆ ڕەحمان غەریب بەکار دەهێنیت و بە - ڕەحمان پشتاشآنی - ناوی دەبەیت ، خۆ هیچ نەبێ لەو پشتاشانە - داستان - ێکتان بۆ ئاغا بەعسییەکانتان بە دیاری بردەوە بۆ سەر مێزی مفاوەزات ، ئەگینا عەلی کیمیایی لە نێوزەنگدا دەست لە ناو دەست هەڵپەڕکێ ی کوردی لەگەڵتاندا لەسەر تەرمی کوژراوانی پشتاشان لەگەڵ بکوژاندا ساز نەدەکرد.


بڕیاردەرانی سەرکردایەتی حزبی شیوعی بە بودجە و پاداشت چەور کراون بۆیە ناوێرن بقوقێنن و لەوانەیە پێشیان ناخۆش بێت ئێمە وەدەنگ بێین نەبادا - وەزعی ڕاهین - یان لێ تێک بچێت ! ئەگینا دەبوایە ئەم دۆسیەیەیەن بە گەرمی لە دادگادا ببزواندایە.


لە کۆتاییدا دەڵێم بۆیە بە گومانم ، لە ناوی ئافرەتانەی نووسەرەکە چونکە هەست و سۆزی ئافرەتانە هێندە ناسکە قەد بڕوا ناکەم ئافرەتێک دەهٶڵکوتی خوێن ڕشتن بێت و لەو ڕێگەیەوە ماستاو سارد بکاتەوە!


پشتاشان هیچ نەبوو جگە لە شاییلۆغانێکی کۆنەپەرستانە.
_________________________________
تێبینیی: گوایە پەیجی ناوبراو هێندە بە گرنگی زانیوە وەکو ئەوەی هەنگوینی لە کلۆرەدارا دۆزیبێتەوە لە پەیجی - ئازاری گەل - ەوە ئەو بابەتەی وەر گرتووە کە من ڕوونکردنەوەم لەسەری داوە.

 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک