٢٠\١١\٢٠١٠
خۆمم بە سەر
شانەوەیە مەست مەست ئەڕژێمە ناو ژوورەکەتەوە.

زمکان عەزیز
1. وەرە بەبۆنمخە
ئەی گوڵی شین.
لە دەرگام ئەدەیت
ئەیکەمەوە ..
بۆ ئەملاو لای خۆم و
ئاسمان و زەوی .. ئەڕوانم
کەس نیە ..
دەرگاکە دائەخەمەوە
کەچی تۆ لە تەنیشتمەوە دانیشتویت
تۆ من ئەبینیت و
لە حاڵم ئەپرسیت
من تۆ نابینم ..
دەزولەییەک دوکەڵی سپی نەبێت
لە ناو خاشاکی تەپڵەکەکەوە
بە قرخەو کۆکە ..
نیوە جگەرەیەکی تەواو کردووە
تۆ لە من ئەپرسیت
من تۆ نابینم ..
شوشەیەک شەراب نەبێت
تا نیوەی خۆی مەستە
تۆ ئەڕۆیت و پەنجەکانت بە جێھێشتوون
من تۆ نابینم ..
جگەرەیەک نەبێت
تەپڵەکەکەی پڕ کردووە
لە ئاھو حەسرەتم
کە تۆ ڕۆشتیت ..
من وشوشەیەک شەراب تا بەیانی
ئەو دەرگای ئەکردەوە و
منیش دامئەخست.
2. بای ئەجەل گەردەلولی لە ناو ژوورەکەمدا ھەڵکردووە.
لە دەرگام ئەدەیت
ئەیکەمەوە و کەس نیە
بایەکی فێنک بە ڕوومدا دێت
دایئەخەمەوە ..
کەچی لەسەری سەرەوە با دانیشتووە.
3. دەی
داکە بە خوڕ ئەی دەنگی بێدادیم، ئەم پایزە
شێتە گەڵایەکی پێوە نەھێشتووم.
لە دەرگای منەوە
جگە لە مێرولە و قالۆنچە
کەس نایەتە ژوورەوە
جگە لە باران و پایز
کەس لە دەرگام نادات
ئێوارەیەک ..
پایزە فەقێ بە سینیەک گەڵاوە
بە دەرگاکەدا ئەکێشێت ..
ھیچم نیە لە مشتێ گڤەی با زیاتر
بۆ سەمفۆنیای ئەم ئێوارەیە
ئەیخەمە ناو شمشاڵەکەیەوە.
4. ئەم
بیابانەم بە دەمتەوە بگرە و پەنجەکانت بخەرە سەر کون و کەلەبەرەکانی
ڕۆحمەوە کەمێک بە لێوەکانت بمژەنە.
کە لە دەرگام ئەدەیت ..
گەڵایەکی پیر بە دەستی باوەیە
خشەخش خۆی ئەکات بە ژووردا
گۆچانەکەی ئەداتە دەستم و
پاڵتۆکەی ئەداتە دەست کزەی با
پێکەوە گوێ لە شمشاڵەکەی پایز ئەگرین.
5. لەم
ژوورەدا بە دەست نوزە نوزی بێدەنگیەوە سەرم کاس بووە.
لە دەرگای منەوە
خۆر ..
بەیانیان زوو
بە سەبەتەیەک بەرسیلەی تیشکەوە
دێتە ژوورەوە
بەرلەوەی بۆ شەرابی شەوانم
پێبگات ..
بێدەنگی بە نوزە نوز
ئەیفلیقێنێتەوە و
دەنکێکیش ناھێڵێتەوە
کە من عەیامێکە بێزووی پێوە ئەکەم.
6. منت کردووە بە ھێلانەی ھێلکەی شکاو.
لە دەرگام ئەدەیت
ئەیکەمەوە .. لەو دیو
جاڵجاڵۆکەیەکی قرچۆکە
دێتە ژوورەوە ..
لە سوچێکی ئەم ژوورەدا
ئەویش .. تەنافێک
قالۆنچە و مێشی ھەڵخستووە.
7.
ھەتیوترین ھەتیوی ھەتیوخانەکەتم ئەی بێ دڵ.
دەرگاکەی من
پەڕو باڵی چۆلەکەیەکە
چۆلەکەیەکی ھەتیو ..
بە جریوەیەکیش ئەکرێتەوە.
8. لەو
ژوورەدا پیرخدرێکی عاشق نوستووە.
لەم دیو ئەو دەرگایەوە
ھەزار ساڵە چاوەڕێم
تۆ ھەر نەھاتیت
تا ووردە ماچێک بۆ ناوگۆمی چاوەڕوانی
فڕێدەیت ..
ئەم ژوورە چۆڵە
کونێکی تێکەو بیشڵەقێنە
با کەشتیەکەی نوحیش بەرێت
کەی دێیتەوە ..
ئەی میراوی دڵڕەقی چاوەڕوانی
وەرە لە ناو ئەم تەپڵەکەدا
لە ژێر نەفەسی ئەو جگەرە قرخنە
دەرمکە ..
وەرە دڵت پڕکە لە گومان
ئەوە شوشە خانە
بە تەنیشتمەوە نوستووە
کەی دێیتەوە ..
ماڵپهڕی زمکان عهزیز
|