په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١١\٢٠١٠

خۆم و کچەکەم!


جەلال قادر   

ئێوارەکیان مالی کاکم و مندالەکانی لەمالمان میوان بوون پێکەوە سەیری بەرنامەی کەشکۆلمان دەکرد.


لە پڕێکا کارەبا بڕا . من زوو وتم : کەس لە جێی خۆی نەجولێ دەچم مۆمەکان دادەگیرسێنم.


کاتێ مۆمەکانم ‌ھێنا و دامگیرساند چەند دانە مۆمێکشم برد بۆ ژوورەکانیتر ، ھەرکە دەرگای ژوورێکم کردەوە ڕێبواری برازام وەک فیشەکە شێتە بۆی دەرچوو ، شەونمی کچم مڵی شۆڕ کرد و چووە ژووری نوستنەکەی. منیش وتم : ئەوە چیبوو کەتنتان کرد.


لە مێژ بوو دەمزانی ڕێبوار و کچەکەم یەکتریان خۆشدەوێ بەلام نەمدەزانی کار گەیشتۆتە ماچ و مووچ. گە ڕامەوە ژووری میوانەکان ، ڕێبوار دیار نەمابوو دەمزانی لە شەرما مالی جێھێشتووە. ئەو شەوە بە مێوە خواردن و گێڕانەوەی بەسەرھاتی رابووردوو لە گەل کاکم بردمانە سەر.


سبەینێ کچەکەم لە ژوور نەھاتە دەر تا من مالم بە جێھێشت. لە دەرەوەش بە خۆمم وت پێویست ناکات لە مێشکی خۆمی گەورەی کەمەوە لەوەبێ دوای ئەم کێشەیە ڕێبوار بڕیاربدات شەونم بخوازێ. کاتێ گەرامەوە ماڵ و چاوی ھاوسەرەکەم بینی زانیم شتێک دەزانێ، منیش یەکسەر وتم: شتێ ئەوەندە نییە تا لەسەری بڕۆی ھەرزەکارن و مرۆڤ شیری خاوی خواردووە. بەلام ھاوسەرەکەم وتی: شتەکە لەوە خراپترە.


وتم : چیبووە؟
وتی : ڕێبوار وازی لە کچەکەت ھێناوە بەیەکجاری!
وتم : قەرزارش دەرچووین!
وتی : وتیەتی چیتر من چاووم بەرایی نایەت بەرانبەر مامم ، نامەوێ شەونم بخوازم.
وتم : چاوی دەرەھا...
لە پاش ئەم ڕووداوە کچەکەم بە چاوێکی مۆنەوە سەیری دەکردم ، منیش ناسراوم بە دڵ گەورەیی لەو بڕوایەبووم ماوەیەکیتر ڕێبوار پەشیمان دەبێتەوە بەتایبەت ئەگەر عاشقی کچەکەم بێت.


کەچی دوای دوو سێ مانگ ڕێبوار نەک دەنگی نەما خۆشی لە من دەشاردەوە. کچەکەشم ڕۆژ بە ڕۆژ کزترو لاوازتر دەبوو . بەداخەوە ئەو پەیوەندییە جوانەی ھەمان بوو سارد بووبوەوە ، ھەرچەند ھە ولم دەدا نوکتەو پێکەنیین و زەردەخەنە لەگەل کچەکەم بکەم بێسوود بوو . لەگەڵ ھاوسەرەکەم گفتوگۆی ئەم بابەتەم کرد ، وتی : ڕێبوار بە ھیچ جۆر نایەوێ پەیوندی ھەبێت لەگەل خێزانەکەمان.
وتم : جوانە، عەشیرەتەکە دەبەم دەست کەنە مل ڕێبوار.
وتی : ڕێبوار کچێکیتری خۆش دەوێ و لەوانەیە بیخوازێت!
وتم : جا ئەو کچەی ئێمە خەفەت لەچی دەخوا . ژیانێکی درێژی لەبەردەمدایە.
مانگێکی نەبرد کاکم ھات وتی : ڕێبوار ژن دەھێنێ حەز دەکەم لە ئاھەنگەکەی ئامادەبن.
وتم : بەسەرچاو.


لەگەڵ ھاوسەرەکەم چووین بۆ ئاھەنگی ژن ھێنانی ڕێبوار، بێگوومان کچەکەم دیاربوو عاشقی ڕێبوار بوو لە مالەوە مایەوە.
پاش زەماوەندەکە میوانەکان پیرۆزباییان لە ڕێبوار و کاکم دەکرد، منیش چووم دەستی ڕێبوارم گوشی پیرۆزباییم لێکرد.


لە ناکاو ڕێبوار باوەشی پێماکرد دایە پڕمەی گریان!
وتم : ئێستا کەی کاتی ئەوەیە .
وتی : نا مامە . من ھەست بەتاوان دەکەم!
وتم : ئەمە شەوی زاواییتە ڕابوردووو لە بیر خۆت بەرەوە!
وتی : مامە ، من درۆم لەگەل کردوون.
وتم : باشە کەی لە شە ھرعەسەل ھاتییەوە قسە دەکەین.
وتی : نا مامە. دەمەوێ ڕاستییەک ھەیە پێت بلێم !
وتم :باشە خۆت بەتاڵ کە.
وتی : ڕاستی من ھیچ کات ئامۆزاکەم خۆش نەویستووە و ئەو شەوەی من و شەونمت لە ژوورەکە بیینی. من ئەوەم کردە مەھانە تا لە شەونم دوور کەومەوە .


منیش تا ھێزم تیابوو زڵەیەکم لە بنا گوێی دا. وتم : دەبوایە ئەم ڕاستییە بە ئامۆزاکەت بووتایە نەک بە من ھەی کەری کوڕی کەر.


لەگەڵ دەنگی زڵەکە کاکم و بووکە ڕاچڵەکین . کاکم کەسێکی دنیا دیدە بوو . دەستی کردە مڵم و بردمییە دەرەوە. بەس گوێم لە براژنەکەم بوو ھاواری کرد : ئەیەڕۆ خۆ کوڕەکەمی کوشت.


بە کاکم ووت ئێستا کاتی قسە کردن نییە چەند ڕۆژێکیتر ھەموویت بۆ باس دەکەم. بە دڵتەنگی و قوڕگ پڕ لە گریان لە گەڵ ھاوسەرەکەم بە ماشێنەکە گەڕایینەوە . ھاوسەرەکەم وتی : قوربانی ئەو دەستەت بم خۆ لە شاییەکە خەریک بوو دڵم بتەقێ، بەس جارێکتر زڵە لە کەس نەدەی دەستت قورسە.


ئەو شەوە خۆش خەوتم بەیانی زووش نەمویست بێدار بمەوە خەوا ڵوو لە ژێر جێگا ڕاکشابووم . لەپڕێکا شەونمی کچم بە زەردەخەوە ھاتوو وتی : باوکە گیان ھەڵسە ، خواردن ئامادەیە چایەکە سارد دەبێتەوە!

 

 

jalalpapiland@yahoo.com