خۆم خۆم خۆم!

سالار بابەشێخ
لە تەک هاوڕێیەکی ئازیزم باسی زمانی لە یەکگەیشتن و دۆزینەوەی
رێکارەکانی کەمکردنەوەی مەودای نێوان دەسەڵاتی خۆماڵی و هاووڵاتیمان
دەکرد، زۆرمان باسی هەڵچوون و داچوون و هەڵپاچ و داپاچی ئەم لایەن و
ئەو لایەنی ناو راگەیاندنی کوردی و گوێنەگرتنی بەرپرسان کرد. هەتا پتر
لێی ورد بووینەوە، زیاتر هۆکارەکانی لاواز بوونی لۆژیک و سەرهەڵدانی
سووکایەتی پێکردن و هەڵپرژانمان بۆ روون بووەوە، بەڵام وەک زۆربەی
کۆنفرانس و کۆنگرەکانی کوردی، رێگەچارەکانمان دەستنیشان نەکرد!
بە ناشوکری نەبێت، کاتی خۆی شارە کوردەکان وەک گوندە دووردەستەکانی
ئێستا وابوون، کە مامۆستا و پزیشک و تەنانەت پزیشکیاریش ئامادە نین لەو
شوێنانە خزمەت بکەن! ئەو کات نەخۆش شاربەشاری دەکرد و لە پزیشکی بیانیش
باش حاڵی نەدەبوو، خۆ ئەگەر منداڵێکی خۆی، یان خزمێکی نزیکی کۆلکە
خوێندەوارییەکی هەبایە، ئەوا زۆر بەختەوەر بوو، چونکە ناچار نەبوو لە
دووی وەرگێڕێک سەرگەردان بێت، کارەکەی جێبەجێ دەکرد و بە لەشساغی بۆ
زێدی خۆی دەگەڕایەوە.
کوردێکی(فەیلی)ی نەخوێنەوار، نەخۆشییەکی دەروونی هەبوو، کوڕەکەی تازە
شەشی سەرەتایی تەواو کردبوو، بە ناچاری بۆ ئەوەی وەک وەرگێڕ کەڵکی
لێوەرگرێت، پێکەوە سەفەری شارێکی گەورەیان کرد. لە کاتی پرسیاری پزیشکە
پسپۆڕەکەدا کە چ ئازار و نەخۆشییەکی هەیە، گوتی "قوربان خۆم خۆم خۆم".
پزیشک لێی تێنەگەیشت و داوای لە کوڕەکەی کرد تێیبگەێینێ، کوڕەکەشی گوتی
"قوربان تەرجومە نەیری، باوکم فرە سادە ئەوشێ، خۆی خۆی خۆی".
هەردووکیان مەبەستیان ئەوە بوو، جۆری نەخۆشییەکە خۆخواردنەوە و
خەمۆکییە، بەڵام نەخۆشەکە نەک چارەسەری وەرنەگرت، بەڵکو پزیشکیشی تووڕە
کرد و لە تەک کوڕەکەیدا بە نائۆمێدی گەڕانەوە.
بێگومان مەبەستم لە گێڕانەوەی ئەو بەسەرهاتەی سەرەوە، ئەوە نییە کوردی
فەیلی بە نەخوێندەوار و کاڵفام بخەمە بەرچاو، چونکە کوردی فەیلی کانگەی
بیری نەتەوەیین و یەکێکن لە رەسەنترین و کۆنترین هێماکانی شارستانییەتی
کوردی، بە هۆی ئایین و نەتەوەشەوە دووجار چەوساونەتەوە و چەرمەسەری
زۆریان بینیوە، مەبەستم زیاتر زمانی تێگەیشتن بوو، ئەگەر پزیشکەکە کورد
بوایە و یەکێک لە زاراوەکانی(فەیلی، هەورامی، لەکی، لوڕی، کرمانجی و...
هتد) بزانیبا، ئەوا تێدەگەیشت و ئەو هاووڵاتییە خۆشەویستەی ئێمەش
چارەسەر دەکرا. بەڵام بەداخەوە لەم رۆژگارە هەستیارەدا، حزب و لایەنە
سیاسییەکانی کورد تەنانەت لە زمانە هاوبەشەکەی خۆیان تێناگەن و
بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان بۆ وەرگرتنەوەی کەرکوکی هەمیشە کوردستانی
لە بەرچاو ناگرن، ئۆپۆزیسیۆنیش بە کوتانی دەهۆڵی وەهمی، نێوان دەسەڵاتی
خۆماڵی و هاووڵاتی کوردیان وەک (کێرد و پەنیر) لێکردووە، چما جێگەی
ئەوە ماوە گلەیی لە شۆڤینیزمی عەرەبی و پاشماوەکانی بەعس بکەین، کە لە
زمان و ماف و داخوازی ئێمەی کورد تێناگەن؟! بۆیە منیش بە ناچاری ئەوشم:
خۆم خۆم خۆم....
6/12/2009
|