په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١\٢٠١١

خۆپیشاندانەکانی باکووری ئەفریقا، پەیامێکی سەراپاگیر!


موحسین کەریم  


لە ناوەراستی مانگی دیسیمبەری ساڵی ٢٠١٠ەوە تا ئێستا بەشێوەوی جۆراوجۆرو و بەردەوام مانگرتن و کۆبونەوەی نارەزایەتی و خۆپیشاندان لە زۆرێک لە شارەکانی تونس و جەزائیر بەرێوەدەچیت. زۆربەی جارەکانیش پێک هەڵپرژان لەنێوان خۆپیشاندەران و جەماوەری نارازی لەگەڵ دەزگا سەرکوتگەرەکانی هەردوو دەوڵەتی تونس و جەزائیردا روودەدەن. نەبوونی ئازادی سیاسی؛ لەوانە ئازادی رێکخراوبوون، خۆپیشاندان، کۆبونەوە، مانگرتن، بیرو ڕاو رادەربڕین.. لەم دووڵاتەداو پەلاماری هێزە سەرکوتگەرەکانی دەوڵەت بۆسەر هەر دەنگێکی نارازی و هەرجۆرە چالاکیەکی جەماوەریی خەڵک بۆبەرگری لەژیان و گوزەرانیان هەمیشە هۆکاری گۆڕینی نارەزایەتیەکان بووە بەئاقاری توندتیژیدا. بێگومان ئاکامی ئەوەش قوربانی بوونی چەندین کەس لە خۆپیشاندەران و جەماوەری نارازی بووە، کە بەپێی ئامارەکانی دەوڵەت تائێستا لە جەزائیر سێ کەس و لە تونس ٢٣ کەس کوژراون، لەکاتێکدا رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ژمارەی قوربانیانی تونس بە دوو ئەوەندە لەقەلەم دەدەن! ئەوە لە کاتێکدا سەدان کەس لەلایەن پۆلیسی ئەو دوو وڵاتەوە بریندارو دەستگیرکراون!

نارەزایەتیەکانی تونس و جەزائیر دژ بە بەرزبونەوەی نرخی شتومەکە سەرەکیەکانی ژیان، بێکاری، گرفتی خانوبەرە، گەندەڵی دەستەی فەرمانڕەواو سەرکوتی سیاسیە کە بەشێوەیەکی فراوان چینی کرێکارو زەحمەتکێشی ئەم دوو وڵاتە گیرۆدەی بوون. لە جەزائیر، کێشەی نەبوونی خانوبەرە بۆ هاوڵاتیان، بەتایبەتی دوای بومەلەرزەکەی ساڵی ٢٠٠٣ کەژمارەیەکی زۆر خانوو وێرانبوون، سەرەڕای زیادبونی رێژەی دانیشتوان و بەمپێیەش زیادبوونی ئاستی داواکاریەکانی دانیشتوان بۆ شوێنی نیشتەجێبوون، لەپاڵ زیادبوونی خەیاڵیی نرخی شتومەکە بنەرەتی و پێدویستەکانی ژیان لە سەرەتای ئەمساڵەوە، هۆکاری راستەوخۆی هاتنی جەماوەری ئەو ووڵاتە بوون بۆسەر شەقامەکان. خۆپیشاندان لەماوەیەکی کەمدا زۆربەی شارەکان و لە بنەرەتیشدا گەڕەکە هەژارنشینەکانی گرتەوە.

رێژەی بێکاری لە جەزائیر بەپێی ئامارە رەسمیەکان٢٠%ی هێزی کاری ئەو ووڵاتەیە. بەپێی ئەوەی کە رێژەی گەنجانی خوار ٣٠ ساڵ ٧٥%ی رێژەی دانیشتوانی جەزائیر پێکدەهێنێ، رێژەی بێکاری لەناو گەنجاندا لە ئاستێکی سەرسوڕهێنەردایە کە بەشێکی بەرچاویان ئەو گەنجانەن خوێندنی باڵایان تەواو کردوەو ناتوانن کارێکی گونجاویان دەست بکەوێ. بوونی توێژێکی خوێندەواری خاوەن کارامەیی و لێهاتوویی چینی کرێکار لەدەرەوەی ئەڵقەی کارکردن و بەرهەمهێناندا، کاریگەری خراپی لەسەر ئاستی ژیان و گوزەرانی نەک هەر ئەم توێژە بەڵکو سەرجەم چینی کرێکار جێهێشتوە!

لە تونس، بەشێوەی جەزائیر، هێزیکی کاری خوێندەوارو خاوەن لێهاتوویی و کارامەیی دەبنیرێ کە بەدەست بێکاریەوە گیریان خواردوە، ئومیدی دەستکەوتنی کار بڕستی لێبڕیون و هیچ تروسکاییەک بۆ پەیداکردنی کار شک نابەن. تونس، دەوڵەتێکی سەرکوتگەری ناسیۆنالیستیە هەروەکو جەزائیر و باقی ووڵاتانی جیهانی عەرەبی، کە زەینەل عابدین بن عەلی ماوەی ٢٣ ساڵە دەسەڵاتی خۆی بەسەر ووڵاتدا سەپاندوە و بە مستێکی ئاسنین حوکمی ووڵات دەکات. هەرجۆرە خۆپیشاندان و نارەزایەتیەک رێگەپێنەدراو و سەرکوتکراوە. لەماوەی ئەو ٢٣ ساڵەدا ئەمە یەکەمینجارە کە نارەزایەتی و خۆپیشاندانی دژی دەوڵەت بەرێوەدەچێ!

دەوڵەتی تونس، لەسایەی داسەپاندنی سەرکوتی سیاسیەوە تائێستا توانیبوی جێگیریەکی کۆمەڵایەتی بۆ روتێکردنی سەرمایەی ئەوروپی و بەتایبەتی فەرەنسی بۆ ناو تونس دەستەبەر بکات. هەژاری موتڵەق و بێکاریی کەمەرشکێن،کە بەپێی ئامارە رەسمیەکان بە ١٤% دیاری دەکرێ و بێگومان رێژە راستەقینەکەی زۆر لەوە زیاترە، لەپاڵ فەزای سەرکوتی سیاسیدا سەرەنجام لە خاڵێکدا شەپۆڵی نارەزایەتی پەنگخواردوی خەڵکی تەقاندەوەو ئەویش بەهەمان شێوەی جەزائیر لەماوەیەکی کەمدا زۆربەی شارەکانی بە(تونس)ی پایتەختیشەوەی گرتەوە.


بەپێی هەواڵەکان، کڵپەی نارەزایەتیەکانی تونس دوای ئەوە دەستی پێکرد کە رۆژی ١٧ی دێسێمبەر گەنجێکی بێکاری دەرچوی زانکۆ دانیشتوی شاری (سیدی بوزید) کە سەوزەو میوە دەفرۆشێ، دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسەوە شتومەکەکانی دەستی بەسەردا دەگیرێ، ئاگر لەخۆی بەردەدات و خۆی دەسوتێنێ! هەروەها رۆژی ٢٢ی دێسێمبەریش گەنجێکی بێکاری دیکە بەمەبەستی خۆکوژی بەعەمودێکی کارەبادا سەردەکەوێ و کارەبا دەیکوژێ! بەوجۆرە گەنجانی بێکاری تونس لەنێوان دوو بەرداشدا راوەستاون؛ یان خۆکوژی یاخود وەستانەوە بەرامبەر بە دەوڵەت و سەرچاوەی بێکاربونیان، کە ئەمەی دوەمیان هەڵبژراد!


ئەگەرچی سەرەتا دیکتاتۆری تونس، نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی بێکاران و خەڵکی دەستەنگی ئەو ووڵاتەی بە کاری ئاژاوەگێرانەی دەستەیەکی کەمایەتی توندرەو پێناسەکرد، بەڵام لەژێر فشاری واقعیەتەکاندا ناچاربوو کە بەڵێنی باشکردنی بارودۆخی ئابوریی و پرۆژەی دابینکردنی کار لەناوچەکاندا دەست پێبکەن. بەڵام ئەم بەڵێنەی سەرۆکی دەوڵەت بارگژیەکەی کۆتایی پێنەهێنا و خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکان گوێزرایەوە بۆ ناو توێژەکانی دیکەی کۆمەڵ وەکو مامۆستایان و پارێزەران و.. سەرەنجام بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە، سەرۆکی ووڵات ناچاربوو سەرەتا پارێزگاری شاری (سیدی بو زید)،کەیەکەم پریشکی نارەزایەتیەکانی لێکەوتەوە، لەسەرکار لابەرێت و دواتر دوای دامێنگیربوونی خۆپیشاندانەکان وەزیری ناوخۆش رەوانەی ماڵەوە بکات! هەر لەوپەیوەندەدا، لەکاتێکدا سەرۆکی دەولەت ئەوەی راگەیاند کە هەموو دەستگیرکراوەکانی خۆپیشاندانەکان ئازاد دەکات، هێزەکانی ئاسایش سەرۆکی (پارتی کرێکارانی کۆمۆنیستیی تونس)ی،کە پارتێکی رێگاپێنەدراوە لەلایەن دەوڵەتەوە، دەستگیرکرد.


هەروەکو خۆپیشاندانەکانی جەزائیریش، دەوڵەتی ئەو وولاتەی ناچارکرد کە لە زمانی وەزیری بازرگانیەوە( مستەفا بن بادە)، سەرەڕای ئەوە کە هەوڵیدا سیاسەتی زیادکردنی نرخەکان پاکانە بکات بەوەی کە بەرزبونەوەی نرخی خۆراک شتێکی تایبەت بە جەزائیر نیەو لەئاستی دنیادا روویداوە، بەڵام ئەوەشی راگەیاند کە دەولەت بەردەوام دەبێ لەسەر سۆبسیدکردن(دەعم)ی مەوادە زەرەوریەکان و هەربۆئەو مەبەستەش بەشێوەیەکی کاتی باجی سەر ئەو کۆمپانیایانە لادەبات کە رۆنی خواردن و شەکر بەرهەم دێنن یان هاوردەی دەکەن! سەرەڕای ئەمە حکومەتی جەزائیر بڕیاری داوە کە کێشەی خانوبەرەو بێکاری وەکو دوو مەسەلەی سەرەکی بەرنامەی داهاتوی خۆی چاولێبکات.

ئەگەرچی خۆپیشاندانەکانی جەزائیر دوای ئەم بەڵێنانەی حکومەت هێوربونەوەیەکی بەخۆوە دیوە، بەڵام نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی تونس پێدەچێ کە رۆژ دوای رۆژ بەرینتر و هەمەلایەنەتر ببنەوە. حکومەتی تونس بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە شەوانە لە کاتژمێر ٨ی ئێوارەوە تا کاتژمێر ٦ی بەیانی هاتوچۆی لەناو پایتەخت و شارەکانی دەوروبەریدا قەدەغەکردوە. چاودێرانی سیاسی رۆژئاوایی و لۆکاڵی ئاماژە بەوە دەکەن کە پەتای نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکان رەنگە ووڵاتانی دیکەی باکوڕی ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە.

بێگومان ئەو زمینە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی کە سەرچاوەی سەرهەڵدانی نارەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی جەزائیر و تونسن لەهەمان ووڵاتانی وەکو میسر، مەغریب،لیبیاو ئوردون... لەئارادان؛ هەژاری و بێکاریی رەها، جیاوازی ئاستی ژیان و گوزەرانی دەوڵەمەندان و سەرمایەدارن و کاربەدەستانی دەوڵەت لەگەڵ جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش، بێمافی و سەرکوتی سیاسی رەها کە هیچ تروسکاییەکی ژیان و گوزەران و ئازادیی بۆ جەماوەری کرێکارو بێبەشانی کۆمەڵگا نەهێشتۆتەوە. ئەم بارودۆخە درەنگ یان زوو وەکو شەپۆلێکی توڕەی پەنگخواردوو دەتەقێتەوە!

ناسیۆنالیزمی عەرەبی دەسەلاتدار کە دەمێکەیە ستراتیژی گەشەی ئابوری و یۆتۆپیای ئاشتیی کۆمەڵایەتیەکەی شکستی خواردوە، لەسەر بنەمای داسەپاندنی هەلومەرجی کاری شێوە کۆیلەیی و بێمافی ئابوری موتڵەق لەپاڵ سەرکوت و خەفەکردنی رەهای کرێکاراندا ژیانی ئابوری و دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەی راگرتوە. درێژەکێشانی ئەم هەلومەرجە بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بێکاران، بەتایبەتی لاوانی ماندوو شەتەکی دەست بێکاری و هەژاری بە قیمەتی تیاچونی ژیانیان تەواو دەبێ، بۆیە تەنها رێگایەک کە دەمێنێتەوە راوەستانەوەو بەرگریکردنە لەخۆ. ئەمە چارەنوسی هاوبەشی جەماوەری کرێکار و بێکار و زەحمەتکێشی سەرجەم ئەو ووڵاتانەیە کە ئاماژەیان پێکرا. ئەگەرچی بەم ئاستەی جەزائیرو تونس نا، بەڵام نارەزایەتیە جۆراوجۆرەکانی کرێکاران و جەماوەری هەژارو زەحمەتکێشی میسر کە لەپێشترەوە ناوبەناو و لێرەو لەوێ لە دژی بێکاری و گرانی و بێخانەولانەیی و بێمافی روودەدەن، بەڵگەی راستیی ئەو لێکدانەوەیەن.

مەسەلەیەکی دیکە کە لەناو روداوەکانی تونس و جەزائیردا جێگای سەرنج و هاوکات نیگەرانیە بۆ هەرئینسانێکی کۆمۆنیست و لایەنگری بزوتنەوەی کرێکاری و هەر تێکۆشەرێکی مارکسیست کە دڵی لای سەرکەوتنی خەباتی چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێشە لە ناوچەکەدا، خۆتێخزانی بزوتنەوە ئیسلامیەکانە بۆناو بزوتنەوە نارەزایەتیەکان. خۆشبەختانە لە تونس هێزێکی چەپ کە خۆی بە کۆمۆنیستی کرێکاری دەناسێنێ، لەناو روداوەکاندا ئامادەیی هەیە و تەنانەت دەوڵەتیش ناتوانێ نادیدەی بگرێ، کە ئەمە یەکێکە لەخاڵە بەهێزەکانی ئەو بزوتنەوەیە، بەڵام دەوری ئیسلامی سیاسی(سەلەفی) بەتایبەتی لەناو ئەو بەشەی بێکاراندا کە زانکۆیان تەواوکردوە، مەترسیەکی جدیە لەسەر تێکشکاندنی بزوتنەوەی نارەزایەتی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشی تونس لە ناوەوە! بێگومان بارودۆخەکە بە نیسبەت جەزائیرەوە نالەبارتر لەتونس دێتەبەرچاو بەهۆی لاوازی و دیارنەبوونی نەخش و رۆڵی هێزێکی چەپ و کۆمۆنیستی و دەوری تارادەیەک بەرچاوی مزگەوت و ئیسلامیەکان لەناو ئەو بزوتنەوەیەدا! ئەم مەترسیە، هەروەکو ئەگەری سەراپاگیربوونی نارەزایەتیەکان، لە باکووری ئەفریقاو وڵاتانی عەرەبیدا شتێکی چاوەروانکراوە!

خەتەری نفوزگرتنی ئیسلامی سیاسی و دەوری مزگەوت لەناو بزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵکی کرێکارو بێبەشی ئەم وولاتانەدا، تەجروبەی خوێناوی ساڵانی نەوەدەکانی نێوان ئیسلامی سیاسی و دەوڵەتی جەزائیر زیندوو دەکاتەوە، یاخود تەجروبەی خۆسەپاندنی دەسەلاتی سەرکوتگەر و دژی کرێکاری و ئینسانکوژی جمهوری ئیسلامی ئێران بەناوی شۆرشی خەڵکەوە دەخاتە جێگای دەسەلاتێکی سەرکوتگەری ناسیۆنالیستی! یان لەسەر بنەمای وەهمی رزگاری لەناو زەحمەتکێشان و بێبەشانی بێچارەی سەر بە مەزهەبی"شێعە"دا رەوتێکی چەقۆکێشی وەکو رەوتی سەدری لێ دێتەدەرەوە! لەهەربارێکدا ئەوەی کە دەبێتە قوربانی ژیان و گوزەران و خەبات و ئایندەی جەماوەری کریکارو زەحمەتکێشە کە بەوەهمی رزگاری لە دەسەلاتێکی نایەکسان و سەرکوتگەر خۆی تەسلیمی بزوتنەوەیەکی کۆنەپەرستی تاسەرمۆخ دژی کرێکار و دژی ئازادی و یەکسانی دەکات!

دەبێ چینی کرێکارو لەپێشەوەش رابەران و هەڵسوروانی کرێکاری و کۆمۆنیستی چینی کرێکار لە تونس و جەزائیر هوشیاری ئەم مەسەلەیە بن و بە کەمی نەگرن. دەبێ ریزی بزوتنەوەی حەقخوازانەی کرێکاران و بەشمەینەتانی کۆمەڵگای خۆیان لە ریزی کۆنەپەرستانی ئیسلامی جیابکەنەوە. وەستانەوەو دژایەتیکردنی دەسەلات پێناسەی شۆڕشگێری و ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی نادات لە یەخەی هیچ هێزێکی سیاسی! دەبێ ریزی کۆمۆنیستی و کرێکاری لە دەوری بەرنامەی کۆمۆنیستی رۆشن و شۆڕشگێڕانە بۆ هەڵتەکاندنی دەسەڵاتی سەرمایەو سەرمایەداری رێک بخەن و هەنگاوەکانی رۆژانەی خەباتی چینی کرێکار بەو ئاقارەدا رابەری و رێنوێنی بکەن. هەنگاوی چارەنوس ساز لەم رێرەوەدا بوونی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بەرچاو رۆشن و خاوەن نفوزی سیاسی یە لەناو چینی کرێکارو زەحمەتکێشاندا کە توانای سەرکرادیەتیکردنی ئەو شەڕە چیانیەتیەی هەبێ لەهەموو قۆناغەکانیدا.
 

١٣\١\٢٠١١

ماڵپهڕی موحسین کهریم