٤\٦\٢٠٢٠
خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئەمەریکا بەرەو
کوێ؟

زاھیر باھیر
ئەوەی کە لە ئەمەریکا ڕوودەدات نە ڕوداوێکی سەرسوڕھێنەرە و نە تازەیە و
نە کۆتایی ئەم جۆرە کاردانەوەیەی خەڵکیشە. حکومەتە یەک بەدوایەکەکانی
ئەمریکا ناتوانن نە فێری وانە وەرگرتن لە ناڕەزاییەکانی پێشتری
خەڵکەکەی ببن, نە دەشتوانن دەسگەی دەوڵەت لە پرسی رایسیزم و فاشیزم و
نایەکسانی و بەتاڵەیی خەڵکەکەی و زوڵموزۆری پۆلیس و
نادادپەروەرییکۆمەڵایەتیی،پاکبکەنەوە.
ئەمەی کە ڕوودەدات لە ماوەی ٥٠ تا ٦٠ ساڵەی ڕابوردووە چەند جارێکی
دیکەش ڕوویداوە ، چەندجارێکیش لە لایەن دەوڵەتەوە بەڵێنی درۆ بە خەڵکی
دراوە ، کە گوایە جارێکی تر ئەمە ڕووناداتەوە چارەسەری بنەبڕیی، بۆ
دادەنێن.
بێ گومان قسە و درۆی سیاسیی ھەرگیز بروای نابێت پیبکرێت ئەمە چ جای
ئەوەی کە ئەوان باس لە گۆڕانی ڕیشەیی ناکەن کە زەمینەسازیی ئەو
ڕوداوانەیە. ئەوان دەیانەوێت ئەوە بە خەڵکی بگەیەنن ئەمانەی کە
ڕوودەدات کاری مرۆڤێکی، دەستەیەکی، بەڕیوەبەرێکی ، فرماندەرێکی خراپە،
نەک دەوڵەت و حکومەتەکەی و دەستورەکەی.
زیاتر لە شەش شەوە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی خەڵکیی لە ئەمەریکا لە
زیاتر لە ١٥ دەڤەریدا / ھەرێمیدا بەردەوامە. لە ئەمڕۆوە لە چەندەھا
شاردا ھێزی تایبەتی و سەربازیان ھێناوەتە سەر شەقامەکان بۆ سەرکوتکردن
و دامرکاندنەوەی خۆپیشاندەران. ترامپ پەیتا پەیتا ھەڕەشە دەکات و
خۆپیشاندەران بە " ئاژاوەچی و بەڵتەچی و تێکدەر و ئەنارکیست " ناو
دەبات . بی گومان پەیامەکانی نەک ھەر ناتوانێت بچوکترین کارایی
ئاشتەوایی بگەیەنێت ، بەڵکو خەڵکی زیاتر ڕکئەستورتر و تووڕەتر لە
دەوڵەت و حکومەت دەکات. ھەر لەبەر ئەمەش ژمارەی خۆپیشاندەران و
بەیەکادانەکان لەگەڵ پۆلیس-دا لە زیادبووندان، ئەمەش بووەتە ھۆی
برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە ھەردوو لاو دەسگیرکردنی زیاتر لە ٤٥٠٠
گەرچی گرانە کە ژمارەیەکی تەواو ڕاستت دەستبکەویت بە ھۆی ئەوەی کە کە
لە چەندەھا شاری گەورەدا خۆپیشاندانەکان بەردەوامە.
ئایا کوشتنی تاکە کەسێک ئەوە دەھێنێت؟
ئەوەی کە لە ئەمەریکا روودەدات لەسەر پرسی کوژرانی تاکە کەسێک نییە.
پرسەکە زۆر زۆر لەوە گەورەترە. خەڵکانی ڕەشپێست و ئیتنیکییەکان
ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ئەوێ پێکدەھێنن، ئەمەریکای ئێستا بە
ھاوکاری و کاری وزە پڕوکێنی باوک و دایک باپیران و نەنک و و باپیرە
گەوەرە و دایەگەورەی ئەمان دروست بووە. لەگەڵ ئەوەشدا پشکی زۆری بێ
کاریی ، بێ خانووبەرە، ھەڵوەشاندنەوەی خێزان ، قەرەباڵخی نێو
بەندیخانەکان، بەکارھێنەرانی مادە ھۆشبەرەکان، نەبووەکان، ھەڵواردن و
بەکارھێنانی ئاڕاستە و مەیلی ڕایسسیتانە بەرانبەریان..... بەر ئەمان
دەکەوێت.
ھەموو ئەمانەیە کە خەڵکی خستۆتە سەر شەقامەکان و توندووتیژی
بەکاردەھێنن و بێ متمانە ببن بەرانبەر نەک ھەر پۆلیس بەڵکو سەرۆکی
شارەوانیەکان و ھەموو بەرپرسێک تا دەگاتە سەرۆکی دەوڵەت.
خەڵکانێک کە ئەم ھەموو ماوە دوورودرێژە زوڵموزۆریان لێدەکرێت ڕووبەرووی
ئەوانەی سەرەوە دەبنەوە کە ناوم ھێنان، و بەڵێنی درۆیان پیدەدرێت و
گوێیان لێ ناگیرێت و قسەیان ناڕوات ، ئیتر جگە لە توندوتیژی دەکرێت چ
ڕێگایەکی دیکە بگرنەبەر تاکو وەکو ھاووڵاتییەکی سپیی ئەمەریکی
تەماشایان بکرێت؟ داخوازییەکانی ئەمان نە گۆڕینی سیستەم بووە و نە
گۆڕینی حکومەت ، بەڵکو باشکردنی ژیانیان بووە لە ھەموو بوارەکاندا،
داخوازییەک بووە کە ھەر ھیچ نەبێت وەکو ھاووڵاتیەکی سپی پێست تەماشایان
بکرێت .
کە ئەمانە ھیچی نەکرێت ، ھەڵبژاران ھیچ نەگۆڕێت ، کەڵەکەی زیاتری
سەرمایە و بوونە بەھێزترین و دەوڵەمەندترین وڵاتی چیھانی ، خێرێکی بۆ
ئەمان تیادا نەبێت .. ئایە بێ لە گرتنەبەری توندوتیژی تاکو ئاوڕیان
لێبدرێتەوە لای ئەوان، ڕیگا چارەیەکی دیکە ھەیە؟
ئەم ھاوپشتیی و خەمخۆرییە بۆچی بۆ کورد ناکرێت، ئەی کورد مرۆڤ نییە؟
دوێنێ ڕۆژی یەکشەمە، ٣١/٠٥ ، لە ھەندێک وڵاتی وەکو بریتانیا ، ئەڵمانیا
، دانیمارک خەڵکێکی زۆر ھاتنە سەر شەقام و بەردەم سەفارەتی ئەمەریکی بۆ
دەربڕینی ناڕەزایی و توڕەیی خۆیان بەرانبەر بە دەوڵەتی ئەمریکی.
بۆچی بۆ کورد ناکرێت ؟
دەبیت لە یەک شت تێبگەین ئەویش زۆر جار کە خەڵکی دێتە سەر شەقام
پەیوەندی بە ڕەوایی و ناڕەوایی پرسسەکەوە نییە [ دیارە پرسی
ڕەشپێستەکانی ئەمریکا پرسێکی یەکجار رەوایە ] بەڵکو زۆر جار میدیا ڕۆڵی
سەرەکی دەبینێت و دەیانجوڵێنێت.
ھەر میدیایە ڕووداوەکان بە باش و خراپ بڵاو دەکاتەوە ، ھەر میدیایە کە
رەوایەتی ناڕەوایەتیی بە کەیسەکان دەدات. میدیاش میدیای ڕژیمە و ئیدی
لە ئەمەریکا یا ئەوروپا ، ھەر وڵاتێکی دیکە بێت ھەتا بە وڵاتانی
عەرەبیشەوە، کە زیاتر پشگیریی جۆرە پرسێک دەکەن کە لە بەرژەوەندی
دەوڵەتەکان و سیستەمەکە بێت.
دەوڵەتی تورکیا کە ئەو پەڕی دووژمنایەتی کوردانی ھەموو بەشەکانی
کوردستان دەکات و ھاوکات خۆشی ئەندامی ناتۆیە و دۆستی دەوڵەتانە ، لەم
لاشەوە پەکەکە و یەپەگە و یەپەژە بە ھێز و زەبری میدیا کراونەتە
تیرۆریست، حکومەتی تورکیش بە دیمۆکراتیی ، ناکرێت لێرەدا میدیا پرسی
کورد یاخود ئەو ھەمو کارەساتەی کە بەسەر کوردستانەکانا ھاتووە بە ڕەوا
نیشان بدات و بە سۆزەوە باسی بکات. ھەر لەبەر ئەمە، یا ھەر باسی ناکات
و دەیشارێتەوە ، یاخود زۆر بە کەمی ، یا کە باسی دەکات دەیشێوێنێت.
لەبەرئەم ھۆکارە پرسی ئێمەی کورد کش و ماتە ، ھەر ئەمەشە کە لە
ئەوروپادا ئەم جۆرە خۆپیشاندانانە بۆ ئێمە ناکرێت.
با ئەوەش بڵیم کە ئێمە خۆشمان لە ئەوروپا و وڵاتانی دەرەوە نەک ھەر
پشتگیری خەڵکی وڵاتەکانی کە لێی دەژین لەو کێشانەی کە ھەیە و بەشی
زۆریشی خۆمان دەگرێتەوە، بەڵکو پشتگیری پرسەکەی خۆشمان ناکەین.
ئەمەی کە لە ئەمەریکا ڕوودەدات و میدیای ئەوروپی زۆر بە گەرمی باسی
دەکەن و پیشانی دەدەن ، ئەمانە بە پلانە چونکە سەرمایەدارانی ئەوروپا و
وڵاتانی دیکە دەیانەویت ترامپ ئاوا تڕۆ بیت گەر لە ئێستادا دەست لەکار
نەکێشێتەوە دڵنیایی ئەوە بکەن کە لە مانگی نۆڤەمبەردا ھەڵنەبژێرریتەوە
. ئەمان دەزانن ترامپ بەو سیاسەتانەی کە بەڕێیدەکات زەربەیەکی گەورە لە
سەرمایەداران و سیستەمەکە دەدات وەکو ئەمەی کە ئێستا ڕوودەدات لە
ئەمەریکا.
ئەمەریکا بەرەو کوێ؟
وەکو وتم ئەمەی کە روودەدات نە جاری یەکەمە و نە دواجاریش دەبیت،
ھاوکاتیش ئەم خەڵکە نە ڕوخانی دەولەتی دەوێت و نە تێشکانی سیستەمەکە.
لە بە ئومێدترین حاڵەتدا لابردنی ترامپە ، کە ئەمەش کەمتر
چاوەڕواندەکریت.
ئەمەریکاو سیستەمەکەی بەمە ناڕوخیت، ڕەنگە دەمووچاوەکان بگۆڕێن بەڵام
خودی سیستەمەکە ھەر لەوێ دەمێنتەوە. سستەمی سەرمایەداریی کە ئەمەریکا
لە سەری سەری ھەڕمەکەیدایە پێکھاتەیەکی ھەرەمیی ئابووری و سیاسی و
کوڵتوری و فەرھەنگی و پەروەدەیی و بازاڕییە [ مارکێت] . بەشە
سیاسییەکەی کە حکومەتە و خەڵکی دەیەوێت بیرۆخێت ، ھەرە بەشە لاوازەکەی
سەرمایەدارییە ، بۆیە بە ڕوخانی حکومەتێک ھیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت،
چونکە قەوارە ئابورییەکە و ئەوانەی دیکەی کە ناوم ھێنان ساخ و سەلامەتن،
ھەیکەلەکە وەکو خۆی ماوەتەوە تەنھا ڕیزێک دوو ڕیزی لێڕوخاوە ،
دروستکردنەوە ئەوەش ئاسانە .
خەڵکی گەر خۆی ڕێکنەخات لە ڕێکخراوە جەماوەرییە ئاسۆییەکانا، گروپە
ئاسۆییە ڕادیکالەکان لەسەرکار و لە گەڕەک و لە شەقامەکان و لە
زانگۆکاناو ھەوڵی گۆڕینی بنەرەتی لە بنەوەی کۆمەڵ و بە پەلکێشان بۆئەو
لایەنانەی کەو وتم، گەر ئەمانە نەکرێت گۆرانکاری بنەڕەتی بەدیناھێنرێت.
لەگەڵ وتنی ئەوانەشدا ، مانای ئەوە نییە کە دەبیت ناڕەزایی خەڵکی لە
پێناوی داخوازییە ڕەواکانیانا ڕەتبکرێنەوە، بە پێچەوانەوە ھاوکاری و
ھاوپشتی و کۆمەکپێکردنیان کار و ئەرکی ھەموو کەسێکی چەپ و سۆشیالیست
وکۆمۆنیست و نقابیی و ئەنارکیستەکانە.
من دڵنیام ئەو خۆپیشاندانانە کە ڕوودەدات زۆر شت دەگۆڕێت نەک ھەر بە
فشاری خۆپیشاندەران، بەڵکو بە فشاری بزنس و بریتانیاش بۆیە ھەندێک شت
کە ڕوویانداوە تا ئێستا ، رەنگە جارێکی دیکە روونەدەنەوە. ئەم
خۆپیشاندانانە ، دەرسی خۆی نەک ھەر بە دەوڵەتی ئەمەریکا دەدا، بەڵکو بە
بریتانیا و وڵاتانی دیکەش. پێیان دەڵێت چی تر ژیان ئاوا ناڕوات و خەڵکی
گۆرانکاری لە زۆر بواری ژیانیا دەوێت.
١\٦\٢٠٢٠
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|