په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

خۆپیشاندان دژ بە وشککردنی ئاوی ئەڵوەن.

 

خانەقین: 31/8/2008  


دژ بە بڕینی ئاوی رووباری ئەڵوەن، ئیمڕۆ لە ژێر دروشمی لەژێر دروشمی(ئاو سەرچاوەی ژیانە)و(ئاومان بدەنێ، تینوێتی حوسین، زەمین، کشتوکاڵ و باڵندەکان، دەشکێنن) خۆپیشاندان لەبەردەم دەروازەی نیودەوڵەتی خەسرەوی سازدا. بەمەبەستی گەیاندنی یاداشتێک لەبارەی داخوازی دانیشتوانی شاری خانەقین دژ بە وشککردنی ئاوی رووباری ئەڵوەن لەلایەن حکومەتی ئیسلامی ئیرانەوە، نزیکەی120، مامۆستای زانکۆ، هونەرمەند، رێکخراوی جەماوەری و مەدەنییەکان و ئەفسەران خۆپیشاندانێکی هێمن و ئاشتیانە سازدا.


لەبەرامبەر ئەم هەوڵە مرۆیی و حەقخوازانە، لایەنی ئیرانی ئامادە نەبوون یاداشتەکە لە شاندی سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکە، وەربگرن.


سەلام عەبدوڵڵا کە یەکێکە لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە، وتی: ئێمە بەهەموو شێوەیەک هەوڵدەدەین بۆ رزگارکردنی ئەڵوەن لە وشککردن. بۆ هەمان مەبەست لەساڵی 2007دا نزیکەی 8هەزار ئیمزامان کۆکردەوەو پێشکەشمانکرد بە پەرلەمانی کوردستان تا ئەوانیش لە شوێنی خۆیانەوە پێشکەشی بکەن بە پەرلەمانی عیراق. هەروا بە هەمان مەبەست لە ساڵی 2008پەیوەندیمان بە جێگری سەرۆکوەزیرانی عیراق کرد تا لە دیدارەکەیدا لەگەل ئەحمەدی نەژاد(سەرۆککۆماری ئێران) باس بکات. ئیمساڵ بە خۆپیشاندان داخوازییەکەمان دەربڕی و لەداهاتوودا درێژە بە شێوازی تری خەبات دەدەین، واتە تا ئەو رۆژە، حکومەتی ئیسلامی ئێران دەست لە ملهوڕی و پێشێلکردنی مافی ئەڵوەنزادەکان هەڵدەگرێ.

 

----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

خانەقین مەکەن بە کەربەلای دووهەم!

 

بۆ حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران.


ئاو سەرچاوەی ژیانە، بەڵام ماوەی دوو ساڵە، شارەکەمان لە ئاوی رووباری ئەڵوەن کە لە وەڵاتەکەتانەوە، سەرچاوەدەگرێ، بێبەشدەکەن. بەگوێرەی یاسا نیودەوڵەتییەکان لەبارەی ئەو رووبارانەوە کە لە سنووری وەڵاتان تێدەپەڕن، بە ئاوی هاوبەشی ئەو وەڵاتانە ناسراوە.
وشککردنی رووباری ئەڵوەن بووە بە کێشەیەکی گەورە بۆ دانیشتوانی شارو دیهاتەکانمان و ئەگەر ئێوە درێژە بەم ناهەقییە بدەن، ئەوا دانیشتوان و سروشت و گیانلەبەرانی ناوچەکەمان رووبەڕووی کارەساتێکی گەورە دەبێتەوە.
ئێمە وەک دانیشتوانی شاری خانەقین داواتان لێدەکەین مافی گەیشتنی ئاوی رووبارەی ئەڵوەن بۆ شارەکەمان بگەڕێننەوەو دۆستایەتی و برایەتی و هاوسێتی هەزاران ساڵی نێوانمان، بپارێزن.


دانیشتوانی شاری خانەقین
 

 

----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

هەواڵ: لە رۆژی جیهانی ئاشتی:

حزبی شیوعی و رێکخراوی کوردۆساید-چاک

دژ بە وشککردنی رووباری ئەڵوەن، ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

سەلام عەبدوڵا

 
پاش ئەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی خانەقین دژ بە وشککردنی ئاوی رووباری ئەڵوەن لەلایەن حکومەتی ئیسلامی ئیرانەوەو لەپێناو گەڕاندنەوەی ژیان بۆ ئەڵوەن، ئیمڕۆ هەر یەک لە هاوڕێ گۆران و تەها سلیمان(بەرپرسانی مەحەلی حزبی شیوعی کوردستان لە سلیمانی و کەلار) رایانگەیاند کە ئێستا خەریکی خۆئامادەکردنن بۆ رێکخستنی خۆپیشاندان لەبەردەم قونسولگەری حکومەتی ئیسلامی ئیران لە سلیمانی و لە مەرزی پەروێزخان.
هاوڕێ جەوهەر(بەرپرسی مەحەلی حزبی شیوعی کوردستان لە خانەقین)، وتی: حزبمان دژ بە وشککردنی ئاوی ئەڵوەن، لە ساڵی2007دا هەڵمەتی ئیمزاکۆکردنەوە لە خانەقین و دەوروبەری رێکخست و رنزیکەی8هەزار ئیمزامان کۆکردەوەو بۆ پەرلەمانی ئێراق ناردمان.
تەها سلیمان لەبارەی هەوڵەکەیان، وتی: خۆشەویستی شێتانەی خەڵکی خانەقین بۆ رووباری ئەڵوەن و حەقانییەتی داخوازییەکانیان هاندەر بوون بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی خۆمان لە دەروازەی سنووری پەروێزخان، دەربخەین.
هەر لە پەیوەندی بەم هەوڵانەوە، بەڕێز عەلی مەحمود پێی راگەیاندین کە رێکخراوی چاودێری کوردۆساید- چاک، نامەی ناڕەزایەتی بۆ باڵوێزخانەی ئیرانی لە هۆڵەندا دەنێرن و پەیوەندی بە پەرلەمێنتارەکانی هۆڵەنداوە دەکەن.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەل پەرلەمێنتار هاژە شێخ سلیمان، وتی: لە رۆژی جیهانی ئاشتیدا، دەنگی ناڕەزایەتی خۆم دژ بە بێبەشکردنی دانیشتوانی شاری خانەقین و دێهاتەکانی دەوروبەری لە ئاوی ئەڵوەن.
شایانی باسە لە 31/8/2008، بە مەبەستی گەیاندنی یاداشتی دانیشتوانی شاری خانەقین بۆ کردنەوەی ئاوی ئەڵوەن، خۆپیشاندانێکی جەماوەری لەبەردەم دەروازەی خەسرەوی رێکخرا.


خانەقین
dwaroj@yahoo.de
00964 770 1929872