په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١\٢٠١١

خۆراک و ئازادیی و دادگاییکردنی تاوانباران و گێڕانەوەی پارە دزراوەکان.

مەهدی حه‌مید   

ئەوەی سەرەوە مانشێتە گرنگەکانی خەلکی راپەڕیوی وڵاتی تونس بوون.


ئەوەی ئێستاکە لە تونس دەکری تەواوی دەسەڵاتدارە دکتاتۆریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تووشی شۆک کردووەو ترسی ئەوەیانە گڕەکە زوو یان درەنگ ئەوانیش بگرێتەوە و هەروەها ئەو مانایەت دەداتە دەست کە گۆڕانی بنەڕەتی لە ناوەوە کاریگەریە ڕاستەقینەکەی خۆی وەردەگرێ . ئەو گڕەی کە لە تونس هەڵگیرساوە تەنیا شۆڕشی گەلی تونس نیە بەلکو شۆڕشێکە لە دژی هەموو ڕژێمە دکتاتۆرو بنەماڵەیەکان و نیشانەیەکیشە بۆیان ئەمڕۆ یان سبەی گڕەکە ئەوانیش دەگرێتەوەو ڕووبەڕوی هەمان چارەنووسی (زین العابدین بن عەلی) دەبنەوە .


پێم وانیە ئەو شۆرشە هەرە فراوانە جەماوەریەی کە لە تونس بەرپا بووە ، هەمان دەرئەنجامەکانی شۆڕشی گەلانی ئێرانی لێ بکەوێتەوە کە لە شوێن دکتاتۆر موحەمەد ڕەزا شا دکتاتۆری جمهوری ئیسلامی لێ شین بێتەوە . پێم وانیە بە گۆڕانکاریەکانی پاش هەرەسهینانی بلۆکی ڕۆژهەڵاتیش بچێت بەوەی لە ڕێگای هێزە دەرەکیەکان گۆڕانکاریەکان بێ ناوەرۆک بکرێن . جیاوازیەکی زۆریشی تیایە لە گەڵ ئەو گۆڕانکاریانەی پاش ڕووخاندنی سەدام حوسێن ڕووی دا . ئەوەی لە تونس ڕوودەدا گۆڕانی ناوخۆ و شۆڕشێکی فراوانی هەموو گەلی تونسە لە پێش هەموویانەوە ئۆپۆزسیۆنی قەدەغەکراو و ئاشکراو جەماوەرێکی پان و بەرینی خەلک بە تایبەتی جیلی تازە پێگەیشتوو . بەڵێ شۆڕشێکە تەیاری چەپ و ئیسلامی و قەومی بە فراوانی گرتۆتەوە . ئەوەی ئەو شۆرشە یان ڕووداوە هەرە گرنگەی ئەو سەردەمەمان لە ناوچەیەکی هەستیاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەمەکانی تر جیا دەکاتەوە ، شۆڕشێکە نە بە مێشکی سیاسیەکانی ناوەوە کە ئەوانەی بە شکلەک لە شکلەکان موتەعاتف بوون لە گەڵ دەسەڵات ، نە بە ویستی تەیاری دینی و چەپ و قەومی کەوتووتەوە . ئەوەی وەک باس دەکرێ لەو ڕاپەڕینە مەزنە کە بە ماوەی کەمتر لە مانگێک خەریکە هەموو شتی لە تونس دەگۆڕێ ، جیلی تازە پێگەویشتووی گەلی تونسە لە پێناو نان و دیاردەی برسیەتی و گرانی و دۆزینەوەی کارو ڕادەدانان بۆ ئەو بێحورمەتیەی کە بەرامبار کەسایەتیەکانیان دەکرێ لە گەڵ هەبوونی جیاوازیەکی لە ڕادەبەدەر لە نێوان نوخبەی دەسەڵات و جەماوەری پان و بەرینی کۆمەڵانی خەلک بووە .

 

بەڵی ئەم شتانە حەقیقەتی ڕاستە قینەی جەماوەری ڕاپەڕیو بوو . بەڵام ئێستاکە و کە ڕاپەڕینەکە ڕۆژ بە دوای ڕۆژ سەرکەوتنی لێ دەکەوێتەوە بەوەی دوێنی راپەڕینەکە لە دژی سەرۆکەکەیان بوو ، کە سەرۆک نەما ئیستا لە دژی حکومەتی نوێیە بە سەرکرادایەتی محمد غنوشی خەلەفی بن عەلی و هۆشداری دانێکیشە بە بەرەی ئۆپۆزسیۆن کە ئەوان ناتوانن بچنە ناو هەر جۆرە تەشکیلاتێک کە بۆنی دەسەڵاتی پێشتری لێ بێت . بەڵی هاتنە دەرەوەی ئۆپۆزسیۆن پێش ئەوەی سوندی یاسایی بخۆن لە ناو حکومەتی کاتی ، پاڵەپەستۆی خەلکی ڕاپەڕیێو بوو . یەکێ لە لێکەوتەکانی تری ڕاپەڕین ، گۆڕینی هەلوێستی سوپا بوو لە سوپایەک کە لە جیاتی داکۆکی لە دەسەڵاتی پێشوو بکات دەیەوێت پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی ڕاپەڕین بکات و بە پێکەوەیش لە گەڵ ملیشیاتی ڕاپەڕیو بیانەوێ ئاسایشی تونس بپارێزن و نەیەلن پاشماوەکانی ڕژێم و بازرگانە مشەخۆرەکان دەرفەت وەربگرن بۆ گران داهێنانی بازار . ئەوەی کە زۆر گرنگە لە یەکێ لە بەدەرکەوتوەکانی ئەنجامی ڕاپەڕین ، گەڕانەوەی یەک لە دوای یەکی نوخبەی ئۆپۆزسیۆنی قەدەغە کراو بوو بۆ ناو تونس و بۆ ئەوەی ئەوانیش بە دەوری خۆیانەوە ڕۆڵ ببینن تاوەکو ڕاپەڕینەکە بە تەوژمتر بێت . دیارە حکومەتی بن عەلی وەک سەدام ئاسا بە درێژایی تەمەنی فەرمانڕەوایەتی هەموو ئازادیە سیاسیەکانی لە خەلکو حیزبە سیاسیە بەرهەلستکارەکان سەندبۆوەو ناچاری سەرکردەکانی کردبوو کە لە دەرەوەی وڵات بژین و ئێستاکە ئەوانە پەیتا پەیتا دەگەڕێنەوە ناو باوەشی وڵات .


دەتوانین بە پلەی یەکەم بە شۆڕشی خۆراک ناوی بەین و پڕوشکەکەش لەو شوینە گڕی گرت کە گەنجیکی زانکۆ لە بەر بێکاری بە عارەبانە شتی دەفرۆشت و دەزگای داپلۆسێنەری دەسەڵاتیش ڕێگایان پێ گرت و ئەویش لە خەفەتا خۆی سوتاندو بە دوایەوە ئەو شۆرشە مەزنەیی تونسی لێ کەوتۆتەوە کە زنجیرەکانی تریشی بە دواوەیەو پێش ناچێ وەک شۆڕشو ڕاپەڕینەکانی تر بکەوێتەوە . زێنەدین عابدینی دکتاتۆر وەک سەرۆکی هایتی پێشوو و عیدی ئەمینی ئۆغەندەو موحەمەد رەزای ئێرانی و سەدام حوسێنی عیراق لە لایەن وڵاتە بڕیار بەدەستەکانی جیهان پالپشتیان لێوە دەکراو کە شەپۆلی ناڕەزایی خەلک کەوتە ئاقاری ئەوەی کە ئەو شۆڕشە هاتووەو پاشەکشەی نیە بۆیە بە ناچاری خۆ وا بەدەردەخەن کە پالپشتی لێوە دەکەن و لە لایەکی تریشەوە ، وا پێدەچی کە زین العابدینیان پشتگوێ خستبێ و لە هەولی ئەوە دابن کە بەدیلێکی گونجاو بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان بەرقەرار بکەن . ئەوەی بە درێژایی مێژوو ئەو زلە هیزانە ڕەچاویان کردووە ، داکۆکی کردنیان بووە لە فەرخە دکتاتۆرەکانیان لە هەر کوێوەکە بن ، کە زانیویانە شەپۆلی ناڕەزایی خەلک گەیشتۆتە ئاستێک کە لە توانایان دانیە چیتر داکۆکیان لێ بکەن ، پەنایان بردۆتە بەر بەدیلی گونجاو . لە ئێران بە ناچاری گلۆپی سەوزیان بۆ دینو خومەینی پی کرد لە دژی شەپۆلی یەساری گڕگرتو ، لە عیراق بە هۆکاری دەرەوە کۆتاییان بە فەرخە دکتاتۆریەکەیان هێناو ئێستاش لە تونس تووشی شۆک هاتوون و ناشیانەوی لەو زەمەنە شۆڕشەکەی تونس بە لای تەیاری دینی بکەوێتەوە بۆیە هەموو هەول و توانایان بۆ ئەوەیە لە ڕێگای بەرەلا کردنی ئازادیەکان و پێک هێنانی حکومەتی نیشتمانی زەمینەی مانەوەی بەرژەوەندیەکانیان لە ناوچەکە مسۆگەر بکەن . پێشم وانیە ئەو تەفویزەی سەرۆکی پێشوو بۆ (محمد غنوشی) کە بە پلانی ئەمەریکاو فەرەنساو سەرۆکی پیشووە فۆڕمەلەی لە سەر کراوە ، هیچی لە شوێن شین بێتەوە.


شۆڕشی مەزنی گەلانی تونس لەو کات و ساتانەیە کە ڕیفراندۆمی گەلی باشووری سۆدان بە زۆرینەیەکی هەرە فراوانەوە دەنگ بۆ جیابوونەوەیان لە سۆدان و پێک هێنانی دەولەوتێکی سەربەخۆ دەدەن واتە لەو ئان و ساتانەیە کە لە ناوچەیەکی هەرە حەساس و دوور لە ئیڕادەی فەرخە دکتاتۆریەکانی ناوچەکە دەولەتیکی نوێی جیهانی ونوێ لەو ناوچە هەستیارە دروست دەبێ . دروست بوونی دەولەتێکی نوێ لە ناوچەکە مانای هەڵوەشاندنەوەی دیوارێکی تری لە بابەت دیواری بەڕڵینە و ئەو زەمینەیە بۆ ناوچەکە دەڕەخسێ کە سنوورە تاتاشراوەکانی تری ناوچەکە ئەمڕۆ یان سبەی بە ئاقاری دەولەتی نوێی باشووری سۆدان بەڕێوە دەڕۆن . هەلبەتە شۆڕشی کلپە سەندوی تونسیش مانای هاتنە پیشەوەی شەپۆلیکی تری دیموکراتیی لە تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەوەی ئەو وەرچەرخانە نوێیەی ئێستای ناوچەکە زیاتر خۆی لەوە دەبینێتەوە کە لێرەو لەوێ زڵە دکتاتۆرەکان لەژیر تەوژمی ڕاپەڕینی خەلکەوە هەڵێنو کورسی دەسوەڵات بەجێ بێڵن . ئەو پروشکە هەر لە ئێستاوە بە میسریش وەنوساوەو چاوەڕانی ئەوەی لێ دەکرێ ئەردەن و سوریا وئەم و ئەوی تریش بگرێتەوە . شۆرشی گەلانی تونس و جیابوونەوەی باشووری سۆدان تا بڵێیت یەکان گیرو تەریبن لە گەڵ یەکتری و هەر یەکەیان ئەمەکەی تر تەواو دەکا . تونسیەکان زەمینەی پڕۆسیسی دیموکراتی لە تەواوی ناوچەکە دێننە پیتشەوەو جیابوونەوەی باشوری سۆدانیش پڕۆشکەکەی بۆ گەلانی تری ناوچەکە بە گەلی کوردیشەوە ، لە شوێن خۆیەتی لییان بکەوێتەوە کە لە شوێن سنورە داتاشراوەکان ، دەولەتی نەتەوایەتی نوێ و جیابوونەوەی نوێ وەرچەرخێندرێت و بە دواشیەوە زەمینەی پێشکەوتن و بەرەو پێشەوە چوونی تەواوی ناوچەکە وەبەربهێنرێ .


20\1\2011

ماڵپه‌ڕی مه‌‌هدی حه‌مید