١\٩\٢٠١٣
خۆرنەوەزان..
هاوینەهەوارە سروشتییە دڵفڕێنەکەی گەرمیان!

محەمەد ئەحمەد
رەنگە زۆرتان ناوی (خۆرنەوەزان)تان بیستبێ یان رۆیشتبن بۆ ئەوێ،
خۆرنەوەزان ئەو هاوینەهەوارە سروشتییەی گەرمیانە کە چەندین شوێنی
دڵفڕێنی لە خۆ دەگرێ و دەکەوێتە نێو سنووری هەردوو ئاوایی " گەرمک و
قەواڵی" سەر بە شارەدێی "زنانە"ی سەر بە قەزای "خورماتوو".
ئەوەی یەک جار رۆیشتبێتە "خۆرنەوەزان" دڵنیام هەمیشە بە ئاواتی دووبارە
چوونەوەیەتی بۆ ئەو شوێنە خۆشە و عەشقی سروشتە خۆشەکەی دەبێ و حەزی بە
دووبارە مەلەیەکی "ئاوە سپی" دەبێ.
خۆرنەوەزان، رۆژانە گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکەن و بەڵام بە بۆنەی
نەبوونی جێگەیەک تا شەوانە لێی بمێنیتەوە و رێگایە سەختەکەی کە تەنها
بە ئۆتۆمبێلە بەرزەکان نەبێ ناتوانی بچی بۆ ئەوێ گەشتیارەکان بەرلە
خۆرئاوابوون دەگەرێنەوە و ئاواتی دووبارە سەردانەوەی دەکەن.

دیمەنێک لە
''خۆرنەوەزان''.
ئەوەی لام سەیر بێ هەرێمی کوردستان هیچ
ئاوڕێکی لە ناوچەی داوودەی نەداوەتەوە و دەتوانین بڵین بە هیچ شێوەیەک
خزمەتی ئەو ناوچانەی نەکردوە، بەڵام خۆرنەوەزان کە بەشێکە لەو ناوچەیە
هەر بیریشی لێنەکراوەتەوە تا بکرێتە هاوینەهەوارێک و شوێنێک بۆ
حەوانەوەی خەڵکی.
ئەوەی راستبێ "خۆرنەوەزان" و ناوچەکانی سەر بە ناحییەی "زنانە" تاکو
ئێستا هەردوو حکومەتی "هەرێم و بەغدا" خۆی بە خاوەنی دەزانێ و کەسیانیش
بیریان لێ نەکردۆتەوە تاوەکو خزمەتێک بە خەڵکە رەنجدەرەکەی بگەیەنن کە
ساڵانێکی زۆرە جێگاکەی ئەوان لانکەی شێرە پێشمەرگەکان بوو و چەندەها
رۆڵەی خۆی کردۆتە قوربانی وڵاتەکەی.
من لێرەدا هیچ داوایەک لە حکومەت و حیزب ناکەم کە ئاوەرێک لە
خۆرنەوەزان بدەنەوە چونکە ئەوان هەمیشە ئەم ناوچەیەیان قۆرغ کردوە و
ئەتوانم بڵیم "سفڵەن" لە ئاستی ئەو شوێنە، بەڵام داواکاریم لە خەڵکی
ئەو ناوچەیە هەیە چیتر نەهێلن موزایەدا بە ناوی ئەوانەوە بکرێ و تەنها
بۆ مەبەستی سیاسیی پەیمانی بریقەداریان پێبدرێ.
______________________________
•
''خۆرنەوەزان'' لەوەوە هاتووە، چەندین شوێن لە خۆ دەگرێ کە خۆر بەری
ناکەوێ و هەمیشە کانییەکی سروشتیی و سەوزاییەکی بەرفراوانی هەیە.
ماڵپهڕی محهمهد ئهحمهد
|