خۆشدوویی.
ستار محەمەد قادر
ئەمڕۆ یەکێک لەو سیناریۆ پێکەنین ئامێزەی کە لە دووای راپەڕینی بەهاری
1991ەوە بە هۆی هەردوو فاکتەری حزبیی و ئابوورییەوە تووانی هەژموونی
خۆی بە سەر کۆمەڵانی خەڵکدا بسەپێتێ و هێدی هێدی لە نێو کۆمەڵگەدا ببێت
بە نۆرم و جێگەی خۆی بگرێت لە نێو هزری تاکەکاندا، موجامەلەیە.
موجامەلە بە واتای :"خۆش دووانی، قسە سازین، بە جووانی لە گەڵت قسە
دەکات، لێبەدڵ ... نا! ". موجاملیش بە مانای " وێولی،خۆ گەێن" دێت بە
کەسێک دەگووترێت کە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجێکی تایبەتی خۆی ئەو کارە
ئەنجام دەدات و رێگاکە کورت دەکاتەوە بۆ شوێنی مەبەست.
موجامەلە بە شێوەیەکی بەر فراوان بەر لەوەی تێکەڵ بە فەزای گشتی ببێت،
تەنها لە فەزای سیاسەتدا بە ئاشکرا خۆی وێنا دەکرد. پێش ئەوەی ئەم
دیاردە هەڵخەڵەتێنەرو هیچ لە باردا نەبووە دابەزێتە ئاستی خواری
خوارەوە، تەنها لە ئاستی سەرەوەدا هەستی پێدەکراو دەبینرا. یەکێک لە
نیشانە مەترسیدارەکانی ئەم دیاردەیە دوو فاقییە، بۆیە دەکرێت کاراکتەری
کەسی "موجامیل"هەڵگری دوو خەسڵەتی ئەنتی یەک بێت، یەکێکیان بریتییە لە
: " رەند، چاپک، عەگید". ئەوی دییان : " رژد، تەنپەروەر، منۆخ". کەسی "موجامیل"
هێندەی لە هەوڵی جوانکردن و رووتووشکردنی رووی دەرەوەیدایە، دە هێندەش
لە هەوڵی تەقەتکردنی حەقیقەتی ناوەوەیدایە. هێندەی ئیش لە سەر شتی سەر
زارەکی دەکات، خۆی لە قەرای واری پراکتیکی بە دوور دەگرێت!
موجامەلەش وەکو هەر شتێکی دیکە چەند روویەکی هەیە: سلبی و ئیجابی. بۆیە
کاتێک لە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا دەبینین بەرپرسی کۆمپانیایەک
خەڵاتی کۆمەڵێک لە کارمەندەکانی دەکات، بەرپرسی ئەو کۆمپانیایە کەسێکی
موجامیلە، بەڵام ئەو لە سەر بنەمایەک بەو کارە هەڵدەستێت کە بەرژەوەندی
گشتی رەچاو دەکات، نەک بەرژەوەندییە تایبەتییەکان. یان هێندێک جار لە
سەر ئاستی وڵاتێک زانایەک یان بیرمەندێک خەڵات دەکرێت، ئەمیش دیسان
رووە ئیجابییەکانی ئەو دیاردەیەیە کە تەنها بەرژەوەندی گشتی هۆکاری
قاڵبوونەوەیە لە نێو ئەو دیاردەیەدا، چونکە ئەو کەسەی کە خەڵات دەکرێت
یان شایستەی رێز لێنانەکەیە، لە بووارەکەی خۆیدا داهێنانێکی ئەنجام
داوە کە خزمەتی بەرژەوەندییە گشتییەکانی وڵاتەکەی دەکات.
ئەگەر بشمانەوێت قسە لە سەر رووە سلبیییەکانی موجامەلە بکەین، ئەو
موجامەلانەی کە دەچنە خانەی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانەوە، ئەوا
دەبینین لە سەر ئاستی خێزانیش ئەو دیاردەیە بوونی هەیە، زۆر جار
بینیومانە لە نێو خێزانێکدا یەکێکیان هەمیشە موجامەلەی باوک یان دایکی
کردووەو بەم کارەشی توانیویەتی لە نێو دڵ و دەروونی ئەواندا شوێنی خۆی
بکاتەوەو ئەوانی دیکە بخاتە پەراوێزەوە. یان لە ئاستی باڵادا ئەو
کەسانەی کە راوێژکاری سەرکردەکانن، هەمیشە موجامەلەی سەرووی خۆیانیان
کردووە تا بتوانن بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان بپارێزن، بە
تایبەتیش لەو وڵاتانەی کە سیتمی دیمۆکراسی تێیدا غائیبە، نموونەی هەرە
بەرچاویش رژێمی رووخاوی بەعسە، کە سەرجەم شالیارو ئەندامانی ئەو حزبە و
بەرپرسانی ئیشیان تەنها موجامەلە کردنی سەرۆکی قۆماندار بوو تا تووشی
ئەو گۆشە گیریەیان کردوو بەو دەردەیان برد! هەر چەندە ئەو چەپڵە
رێزانەی میللەتیش لە کاتی دەرکەوتنی دیکتاتۆردا ئەگەر لە موجامەلەی
ئەوانەی وا بەبەردەوامی لە هەوڵی قایمکردنی پێگەی خۆیاندا بوون، زیاتر
نەبووبێت، بێ گوومان کەمتر نەبووە! هەروەکو ئەمڕۆ لە نێو پەیوەندییە
کۆمەڵایەتییەکاندا موجامەلەیەکی زۆر و بۆرو نا تەندرووست دەبینرێن کە
هەڵگری هیچ جۆرە بنەمایەکی مۆراڵی نین و کەسی موجامیل لە بەرنامەیدایە
بە قسە روویەکی جووان پێشان بە لایەنی بەرانبەری بداو خۆشەویستی و
دۆستایەتی خۆی تەنها لە رێی دەربڕینەوە بسەلمێنێت. نموونەی هەرە
بەرچاویش"بە قووربانت بم، چاومی، دڵەکەم، ئەمر دەکەیت، برای گەورەی، بە
ساقەو بم، حەیاتمی، لە خزمەتدام" ئەمانە ئەو دەستە واژانەن کە ئەمڕۆ
بوونە بە نۆرم و باو کە لە حەقیقەتدا مایەی سەرنجی بەرانبەر نییە! سەد
جار بە قووربانی دەبێت، لێلە ناخەوە ئامادەیی ئەوەی تێدا نییە
بچووکترین چاکەی لە گەڵدا بکات، پێی دەڵێت تۆ برا گەورەی ئەمر دەکەیت و
بە ساقەت بم، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم خۆی لەو بە گەورەترو دادەنێت و
لە بەرنامەیدایە ئەو لە خزمەتی ئەمدا بێت! هەروەکو چۆن گەنجێک لە پێناو
تێرکردنی شەهووەتی خۆی لە ژێر ناوی خۆشەویستییەوە گەمە بە چارەنووسی
کچێک دەکات. بە هەمان شێوەش زۆرێک لە سیاسییەکان لە ژێر پەرچەمی
نیشتیمان پەروەرییەوە لە هەوڵی تێرکردنی ئارەزووەکانی خۆیاندان! ئەم
دیاردەیەش لە قۆناغی موجامەلە کردنەوە قەڵەمباز دەکات بۆ قۆناغی دوو
فاقی و لە وێشەوە بۆ پاردۆکس بوون. لێرەوە دەتوانین بگەین بەو راستییەی،
کە ئێمە تەنها تووشی گرفتی پارادۆکسی سیاسیی نەبووینە، بەڵکو پارادۆکس
لە نێو ئێمەدا بە شێوەیەک تەوزیف بووە، تێکەڵ بە ژیانی رۆژانەمان بووەو
لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بە ئاشکرا مرۆڤ درکیان پێدەکات، هەر
لە پارادۆکسی ئینتیما بۆ نیشتیمان و حیزب و وەزیفەوە، تا دەگات بە هی
خۆشەویستی وخێزان!
بۆیە هیچ بە لامانەوە سەیر نەبێت کاتێک یەکێک دەبینین لە نووسین یان لە
دیمانەیەکدا داکۆکی لە نیشتیمان، نەتەوە، پرسی ژنان، گەنجان، یان هەر
شتێکی دیکە دەکات، لە ناخیشەوە تاکە مەبەست و خەمی تەنها
بەرژییەوەندییە تایبەتییەکانی خۆی بێت و لە بەرنامەیدا بێت بەو شێوە
دەربڕینانە موجامەلەی دارو پەردووی ئەم وڵاتەو چارەنووس و ئایندەی
مرۆڤەکان بکات!
star_qadr@yahoo.com
|