٨\٢\٢٠١٢
خۆشەویستییهکی
بێ سنوور .

نهزار
قهبانی.
و: جهلال دهباغ
-
١ -
خانمەکەم
پێش کۆچی ساڵ
لە مێژوومدا گرنگترین ئافرەت بووی
پاش داھاتنی ساڵی نوێ
تۆ ئێستاکەش..گرنگترین ئافرەتی
تۆ ژنێکی بە کاتژمێرو بە رۆژان
نایژمێرم.
ئافرەتێکی..
لە میوەی شیعر
..لە زێڕی خەونەکان
دروستکراوی..
تۆ ژنێکی..ملیۆنەھا ساڵ پێش ئێستا
لە جەستەمدا
نیشتەجێبووی..
- ٢ -
خانمەکەم :
ئەی لە لۆکەو ھەوریی چنراو
ئەی بارانی لە یاقوت..
ئەی روباران لە نەھاوەند..
ئەی دارستانانی مەڕمەڕ..
ئەی ئەوەی وەک ماسیەکان
لەناو ئاوی دڵی مندا مەلەدەکەی..
وەک پۆلەکۆترێک لەناو..
چاوانمدا
نیشتەجێبووی..
ھیچ شتێیەک لە سۆزی من..
لە ھەستی من..
لە ویژدان و.. باوەڕی من..
ناگۆڕدرێ..
ھەر لەسەر ئاینەکەم دەمێنمەوە..
- ٣ -
خانمەکەم :
بەلاتەوە گرنگ نەبێ
نە ریتمی زەمان،
نە ناوی ساڵان.
تۆ ژنێکی و ھەر ژن دەبی..لە گشت کاتان.
من ھەمیشە تۆم خۆشدەوێ..
کاتی چوونە سەدەی بیست و یەکەمەوە..
کاتی چوونە سەدەی بیست و پێنجەمەوە..
کاتی چوونە سەدەی بیست و نۆیەمەوە..
خۆشمدەوێی..
کاتێک ئاوی ناو دەریاکان
وشک دەبن..
دارستانەکان
گڕدەگرن..
من ھەمیشە تۆم خۆشدەوێ..
- ٤ -
خانمەکەم :
تۆی پوختەی ھەموو شیعرەکان..
گوڵی ھەموو ئازادیەکان..
ھێندە بەسە پیتەکانی ناوتبەرم..
ھەتا ببمە پاشای شیعر..
ببمە فیرعەونی وشەکان..
ھێندەم بەسە
ژنێکی وەک تۆ عاشقمبێ..
تا بچمە ناو پەڕاوەکانی مێژو..
ئاڵاکانم بۆ ھەڵکرێ..
- ٥ -
خانمەکەم:
وەک باڵندەی کاتی جەژنان
مەپەشۆکێ.
شتێک لە من ناگۆڕدرێ.
روباری خۆشەویستیی من
لە رۆیشتنی ناکەوێ.
دڵ لە لێدان راناوەستێ.
کەوی شیعر لە ھەڵفڕینی ناکەوێ.
کاتێ عەشقەکە گەورەبێ..
خۆشەویست..خۆی ببێتە مانگ..
ئەم عەشقە ھەرگیز نابێتە
چەپکێ پووشی دەم ئاگرەکان..
- ٦ -
خانمەکەم:
شتێک نیە چاوم پڕکات
نە روناکی..
نە جوانکاری..
نە زەنگلێدانی جەژنەکان..
نە درەختی لەدایکبوون.
شەقام لەلام شتێک نیە.
مەیخانە لام شتێک نیە.
ئەو وشانەی
لەسەر کارتی پیرۆزبایی
بۆ جەژنەکان دێنە نووسین
لای من ھیچنین.
- ٧ -
خانمەکەم:
کاتێک دەنگی زەنگەکانی
یەکشەموان دێ
تەنیا دەنگتم دێتەوە یاد.
کاتێک لەسەر گەلای گیاکان رادەکشێم
تەنیا بۆنتم دێتەوە یاد
کاتێک بەفر خرمەخرم
لەسەر جلەکانم دەدەن..
تەقەتەقی دارکردنم دێتە بەرگوێ..
تەنیا رووی تۆم .. دێتەوە یاد..
- ٨ -
ئەوەی شادیم پێ دەبەخشێ،
خانمەکەم
لەناو باخچەی برژانگەکان
وەک چۆلەکەیەکی ترساو
ھەڵدەکورمێم..
- ٩ -
بەوە سەرسام دەبم،
خانمەکەم،
پاندانێکم پێشکەش بکەیت..
لە ئامێزی خۆمی بگرم..
وەک منداڵان بەختیار بنوم..
- ١٠ -
خانمەکەم:
لە تاراوگەم چەند بەختیارم
ئاوی شیعر دڵۆپین دەکەم...
لە شەرابی راھیبەکان دەخۆمەوە
چەند بەھێزم..
کاتێک دەبمە دۆستی
مرۆڤ و ئازادی...
- ١١ -
خانمەکەم:
چەند ئاواتەخوازم
لە سەردەمی رۆشنگەریدا
خۆشەویستم بویتایە..
لەسەردەمی وێنەگریدا
لەسەردەمی پێشڕەواندا
چەند ئاواتەخوازم
تاقە رۆژێک
لە فلۆرێنسا
یان لە قوڕتوبە
یان لە کوفە
یان لە حەڵەب
یان لە خانویەکی گەڕەکەکانی شامدا
بەدیدارت شادبوومایە...
- ١٢ -
خانمەکەم:
چەند ئاواتەخوازم پێکەوە
سەفەرێکمان بکردایە
بۆ وڵاتێک..
گیتار حوکمی بکردایە
عەشق بەبێ دیواربوایە
وشە بەبێ دیواربوایە
خەون بەبێ دیواربوایە
- ١٣ -
خانمەکەم:
خۆت سەرقاڵی دوارۆژ مەکە،
تاسەم لە جاران
بەھێزتر دەبێ
زۆر توندتر دەبێ
تۆ ژنێکی بێ دووبارەی..
لەناو مێژوی گوڵەکاندا..
لەناو مێژوی شیعرەکاندا..
لە یادگاری وەنەوشەو رێحانەدا...
- ١٤ -
ئەی خانمخاسەکەی جیھان
لە رۆژانی ئایندەدا
لە خۆشەویستیی تۆ زیاتر
شتێک نیە سەرقاڵمکا
تۆ یەکەمین ھاوسەرمی.
یەکەم دایکم
یەکەم سۆزم
یەکەم تاسەم
یەکەم شەیدام
کەمەندی رزگاریی
سەردەمی لافاو...
- ١٥ -
خانمەکەم:
خانمی یەکەمی شیعر
بێنە دەستی راستم بەرێ
تا خۆمی تیا حەشار بدەم..
بێنە دەستی چەپتم بەرێ..
تا خۆمی تیا نیشتەجێکەم..
تۆش یەک بڕگەی خۆشەویستی
پەیڤینتبێ
تا جەژنەکان دەستپێبکەن.
ماڵپهڕی جهلال دهباغ
|