په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٩\٢٠١١

خۆشەویستیی لە دوا وێنەدا.
- لە شیعرى ''سەماى بەفرى ئێواران''ى جەلال بەرزنجى -

رێبین ئەحمەد خدر  


مرۆڤ وابەستەى مانەوە بووە لە سەر زەمین، ئەمەش وایکردووە ئاگا و بێ ئاگا بۆ نهێنى مانەوەى خۆى بگەڕێت، هێزێک لە ئەودا بەرەنگارى ئەو دیاردانە بکات کە ژیانى ئەویان بەسەردا دابەش بووە و چۆنییەتى ئەم بەرەنگاربوونەوەش بەردەوام گۆڕانى بەسەردا هاتووە. لە هەمانکاتدا لەگەڵ بەرەو پێشچوونى شارستانییەت و هەنگاونانى مرۆڤ زیاتر ویستوویەتى پارێزگارى لەو خەسڵەتانەى خۆى بکات، کە هاوسەنگیان لەگەڵ نهێنى مانەوەى لە ژیاندا دروستکردووە، ئەمەش وەک پەرچە کردارێکى سروشتى خوودى مرۆڤ خۆى، بەڵام ناکرێت ددان بە دوالیزمى ئەو کاردانەوانەدا نەنێین کە زۆرجار مرۆڤ بە دیوێک لە دیوەکان پێچەوانەى ڕێگابڕین بۆ مانەوەى خۆى هەنگاوى ناوە.


دەکرێت بپرسین چى وا لە مرۆڤ دەکات تامەزرۆى مانەوەى هەبێت لە ژیاندا؟ ژیان وەک مەودا چۆن خۆى درێژدەکاتەوە؟ ئاشکرایە قۆناغەکانى تەمەن و حەوانەوەى مرۆڤ ئەوە نیشان دەدەن کە مرۆڤ بوونەوەرێکە خەریکى گواستنەوەیە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى تر و هەر کات و شوێنێکیش، شتێکى تر بە مرۆڤ دەدەن، قۆناغ بە قۆناغ چاوەڕێى شتێکى ترە و بوونەوەرێکى چاوەڕوانە.چى چاوەڕوانى دروست دەکات؟ ئەو شتانەى نەهاتوون و مرۆڤ چاوەڕێ دەکات بێن. دەکرێت بڵێین ئەو وێنانەى نەهاتوون، نەماندیون؟ بەڵێ..کەواتە مرۆڤ چاوەڕێى تابلۆیە نوێیەکانە. یەکێک لە هێزە هەرە گەورەکانى مانەوە و تامەزرۆیى بۆ ژیانیش شەیدابوونە بۆ بینینى شتە نوێیەکان و سەرسامیى بۆ ئەو شتانەى نەبینراون. مرۆڤى نائومێد یان کەسانێک کە هەوڵى خۆکوژى دەدەن شەڕى هەرە گەورەیان لەگەڵ ئەو سەرسامیە یە کە لە خۆیان دا بەرامبەر بە ژیان و دیاردەکان دا بوونى هەیە، کاتێک سەرسامى و چاوەڕوانى بۆ شتێکى تر لە گۆڕێدانییە، لەوێدا کەسى نائومێد ئامادەیى هەیە.


دواى ئەوەى دەزانین سەرسامى کار بۆ ژیان دەکات تاوەکو مرۆڤ ڕابکێشێت، ئیتر ئەو دیاردە سروشتییە وەک هێزێک مرۆڤ بۆ خۆیشى هەوڵى دروستکردنى دەدات، دەیەوێت کار لەسەر چاوەڕوانى و سەرسامى خوودیى خۆى بکات چ لە دەرەوەى خۆیدا، یاخوود لە ناوەوەى خۆیدا، هەندێک جار ئەم کارکردنانە تێکەڵ دەبن و ناناسرێنەوە.هەندێک لەم هێزانە کە بە توندى پەیوەستن بە سەرسامى و چاوەڕوانى و ئەو فاکتەرانەى کار لەسەر مانەوەى مرۆڤ دەکەن، هەرچەندە لە بنەڕەتدا پڕن لە سەرسامى سروشتى مرۆڤانە، بەڵام خاڵیش نابنەوە لە هەمان ئەو دیاردانەى مرۆڤ خۆى دروستیان دەکات و درێژەیان پێدەدات. یەکێک لەم هێزانە کە خاڵى گەورەى سەرسامى و نوێبوونەوەیە لە مرۆڤدا و کێشى دەکات: خۆشەویستى.


خۆشەویستى هاوارێکە بۆ گەیاندنى دەنگى مرۆڤ بە زەمینى خۆى، دواجار خوودى عاشق ئەم دەنگەى بۆ دەبێتە جەستە و لەنێویدا دەژى. تێپەڕکردن و فراوانکردنى ئەم دەنگەش پەیوەست نییە بە هاوارى عاشق ئەوەندەى پەیوەستە بەو بێدەنگییە ترسناکەى تەنها عاشق دەیبینێ و نائارامى دەکا، چونکە عەشق خۆى کردەیەکى نائارامە ..وە هەرکەسێک بۆ ئەوە ڕوى تێبکات لەنێویدا لە کونجێکدا ئارامبگرێ، گەیشتن و ڕۆیشتنى هاودەم دەبن.


لە شیعرى "سەماى بەفرى ئێواران" ى " جەلال بەرزنجى" دا ..هەست بەو بێدەنگى ترسە دەکەین کە عاشق لە ڕێگەى ئامادەنەبوون و ونبوونى خۆشەویستییەوە دەیانبینێت.لەم دەقەدا خۆشەویستى هەر لە دەربڕینى چۆنییەتى و چەندێتى شەیدایى و تاسە بۆ یار تەواو نابێت ، بەڵکو خۆشەویستى لەگەڵ خۆیدا چەند جەمسەرێکى تر دێنێتە کایەوە و ئەم جەمسەر و خاڵانەش لەناو شیعرەکەدا بەریەک دەکەون.بۆ ئەمەش دوا وێنەو دێرەکانى شیعرەکە هاوکێشەى ئەم بەرەنگاربوونەوەى عاشق لەگەڵ فەزاى دەرەوە و ناوەوەدا تەواو دەکەن.لێرەدا بۆ ئەوەى بتوانین ئەم هاوکێشەیە نیشان بدەین و پەیوەندى و پردى نێوانیان دەست نیشان بکەین، دەبێت لەکۆى تێکستەکەدا خۆشەویستى لە چەند گۆشەیەکەوە تەماشابکەین.

بەفر تا ئەو شوێنەى ئێوارەکە ،
تۆم لێ ى بەڕێ کرد بارى، بەهار،
لەژێر پێخوسى بەفرا نەمابوو!
بۆنى کاى هاوینیش دەهات
لێرە نەبووى ، بە تەنیاش نەچوومە تووتن
رست کردن ، چ دەزانى
چەندم خۆشدەوێ ى !


"سەماى بەفرى ئێواران" لە فەزایەکى سروشتی و لادێیی دا ئەو مەودایە نیشان دەدات، کە خۆشەویستى کارى چنینى بۆ دەکات.لەم دەقەدا سروشت ناکەوێتە ناو خانەى وەسفکردنێک کە تەنها نیشان بدرێت و ببێتە لێچووى شتێکى تر یان تەنها بۆ مەبەستى ستاتیکاکى بەکارنایەت، بەڵکو دەقەکە خۆى لەناو سروشتدایە و سروشتیش لە ناو دەقەکەدا.بۆ ئەمەش حاڵەت و گۆڕانى وەرزەکانیش لەگەڵ خۆشەویستیدا هەنگاو دەنێن، ئەو دوورکەوتنەوەى لەم دێرانەدا دەیبینین سەرەتاى حاڵەتى جوودایى ( فیراق)ى ناو دەقەکەیە کە دواتر بۆ حاڵەتەکانیترى ترس و بێدەنگى و بیرکردنەوە لە خۆکوژى دەگۆڕێت. لەسەرەتاى دەقەکەدا کۆتایى بینینى یار دەبینین بەشێوەیەک بەفریش وەک ئەوەى ماڵئاوایى لە یار بکات:

بەفر تا ئەو شوێنەى ئێوارەکە،
تۆم لێ بەڕێ کرد بارى...


لە دواى ئەم دێرانەدا ئیتر ململانێ و بەیەکداچوون دەکەوێتە نێوان "بینین و نەبینین" بزربوونى خۆشەویستى لەگەڵ خۆیدا وێنەکانیش ون دەکات. ئەم ونبوونەى لە دەقەکەدا هەیە لەگەڵ خۆیدا چەند پرسیارێک دەهێنێت: خۆشەویستى چۆن لەگەڵ بینیندا پەیوەندى دەبەستێ؟ ئایا وێنەى یار بەچەند شێوە خۆى دەردەخات ؟ عاشق لە وێنەى یاردا چى دەبینێت ؟ ئایا یار دەبینرێت؟.هەر ئەم چڕبوونەوە لەسەر ونبوون و نەمانى وێنەى یار دەبنە هۆى نائارامیى و بینینى ئەو فەزا ترسناکەى لە ئەنجامى ونبوونى یار و ڕۆیشنەکەى لە دێرەکانى دواترى دەقەکەدا دەردەکەون.خۆشەویستى هەروەک لەم دەقەدا دیارە لەوە دەردەچێت تەنها یەکڕەنگى بینینى هەبێت و هەموو ڕوانینەکان بڕژێنێتە سەر ئەم خاڵە یان بیانکات بە قوربانى ئەم خاڵە یان دەکرێ بڵێین بیانکات بە قوربانى یار.بینین لەم دێرانە لە ئەنجامى ونبوونى یار دەگوازرێتەوە بۆ بینینى تر کە هەستکردنە بە ترس و وەستانى ژیان و (دەست هەڵگرتن لەکار) چوون بەرەو جۆرێک لە تەماشاکردنى دونیا بە بێ مانا.ئەوەى وایکردووە دەقەکە لەناوەخۆیدا شێوەیەک لە شەپۆلى هەژێنەرى هەبێت ئەو گۆڕانانەن کە لە نێوان ڕۆیشتن و بێ دەنگى - بێ مانایى و خۆکوشتن دا خۆیان دەنوێنن.هەستکردن بە ترس و دەستهەڵگرتن لە ژیان لەم دەقەدا ڕاستەوخۆ لە ئەنجامى دروستبوونى جۆرێکى تر لە بینین دێتە کایەوە. دروستبوونى بینیینێکى تر لەنەبینینى یاردا.ئەم بێ ماناییەش پەیوەست دەبێت بەو ئازارانەى عاشق لە بیرکردنەوە و کێشانى وێنەى یاردا بۆى دروست دەبن.

شەوان کوندەکە چیم بەسەر دێنێ ؟
هەموو شەوەکانى پایزى پار گوێت لە دەنگى بوو
بە تاو خۆت بە باوەشم دا دەدا


کێشانى وێنەى ئازار لەگەڵ ونبوونى یاردا لەم دێرانەدا دەردەکەوێت، چونکە نەمانى یار بینین فراوانتر دەکات و خوێندنى کوندەکە و پەیدابوونى ترس ئەمە ڕونتر دەکەنەوە.هەر وەک لە شیعرەکەدا دەیبینین عاشق دواى نەمان و ونبوونى یار بە تەواوى گیرۆدەى یان ناچارى بینین و هەستکردن بە وێنەکانى تر دەبێت، ئەمەش وا دەکات ئازار پەرە بسێنێ و لە یاردا چەندین دەروازەى تر بێنە پێشەوە. ئەم تێنووبوونە بۆ بینین وامان لێدەکات بڵێین لە خۆشەویستیدا وێنەى یار هەرگیز بە تەنها هى خۆى نییە، لەم دەقەدا بینین دواى یار پەرت دەبێت بۆ بینینێکى گشگیرتر، ئەم تاسەکردنە بۆ دیدار لە خۆیدا تاسەکردن بۆ تێگەیشتن و بینینى چەندەها شتیتریش هەڵدەگرێت کە عاشق لە ئەنجامى بیرکردنەوە لە یاردا پێیان دەگات، کەواتە بینینى یار لەم دەقەدا هەر بەهۆى ونبوونى نییە و بەسەرچوونى نییە لە بەهاردا، بەڵکو ترسیشە لە نەبینینى یار لەناو ئەو هەموو وێنە و سیمبۆڵانەى دایانپۆشیوە،یاخوو ئازارى بینینى هەموو ئەو شتانەن کە لە خۆشەویستى ئاڵاون.ئەوەش وادەکات خۆشەویستى درێژەى هەبێت، کاتێ تواناى تەماشاکردن و دۆزینەوەمان نەماوە چیتر عاشق نین.کەواتە عاشق دەڕوانێتە شتێک کە هەرگیز هەمووى - گشتەکەى -نابینێت.بە دوو جۆر لە دەقەکەدا خۆشەویستى دەکرێ ببینین، لە شوێنێکدا کە هەڵگرى بیرکردنەوە و ڕامانە لە ژینگەو دەروبەر و بردن بەرەو بێ مانایى و بێدەنگى ( دەنگى کوندەکە).لەشوێنێکى تریش بەرگەنەگرتنى بینین لەدواى نەمانى وێنەى یار یان هەر خوودى یار.لە حاڵەتێکدا بە تایبەت لە دروستبوونى وێنەکانى تر و مامەڵەکردن لەگەڵ بوون لە دواى یار ئەوەمان نیشان دەدات خۆشەویستى لە یاردا کۆتایى نایەت (تایبەت لە مەسەلەى بینین دا) لە حاڵەتێکیتردا دژایەتیەک دروست دەبێت کاتێک نەبوونى یار دەبێتە هۆى نەبوون و نەمانى دەور وبەر و کار و شتەکانیتریش.


لە "سەماى بەفرى ئێواران" دا خۆشەویستى لەنێوان دوو شەپۆل دا دێت و دەچێت، شەپۆلێک خۆشەویستى تەنها لە یاردا قەتیس ناکات، شەپۆلێکیتر کە زیاتر بەرەنگاربوونەوە و پەرچەکردارێکە لە بەرامبەر ئازاردا (ئەمە لە کۆتایى دەقەکەدا دەبینرێت) یار دەکات بە سێنتەر و نەمانى یار دەبەستێتەوە بە نەمانى خۆشەویستى و خۆشەویستیش گرێ دەدا بە مەرگ.

ئێستا بەردەوام دەخوێنێ و ،
بە تەنیاش گوێم لێیەتى!
دیارە منیشت فێرکردووە لە دەنگى بترسم،
ئەوا دەترسم و دڵیشم توند دەبێ،
بەهاریش ناگەڕێتەوە.


نزیکبوونى خۆشەویستى لە مەرگ لەم دەقەدا (ئەگەرى خۆکوژیى) پلە بە پلە دەست پێدەکات. ئەم خۆکوژی یەش لە ئەنجامى ترس لە تێکەڵ نەبوون هاتۆتە کایەوە، گەر لەم تێکەڵبوونە بڕوانین هاوسێیەتى ئەوین و مەرگمان بۆ دەردەکەوێت.ئەوە ڕاستە کاتێ خۆشەویستى فراوان دەبێت لەم دەقەدا و یار ون دەبێ بێ مانایى ئاراستەیەک وەردەگرێت بۆ خۆکوژى، بەڵام ئەوەش فەرامۆش ناکەین ئەو خۆکوژییەى ئەگەرى ئەنجامدانى نیشاندراوە گوازراوەتەوە بۆ ڕوانگەیەک کە یار وەک خاڵى بەیەکگەیشتنى هەموو لایەنەکانى بوون تەماشادەکات، واتە کاتێ یار نییە شتەکانى تریش نین.


ئەم ئەگەرى خۆکوشتەکە لەم دەقەدا بەهۆى هەڵچوونێکى شیعریى و عاشقانەوە دەردەکەوێت،چەندە لە دوورکەوتنەوەیە لە یار دوو ئەوەندە ئازارى ئەو دنیا پارچە پارچەیە کە تووشى عاشق دێت.لەلایەک (خۆکوژى)یەکە خۆى وەک چەندێتى ئەویندارى و شەیدایى دەردەخات لە لایەکى تریش وەک کۆتایهێنان بەو پرسیار و بێ ماناییەى بە نەمانى یار قووڵتر دەبنەوە.بەڵام چۆن لەم دەقەدا یار لە دەورو بەر و هەستى ترس و بێدەنگى جیا دەکەینەوە؟ چونکە دونیا کەوتۆتە دواى وێنەى یار . ئایا یار وێنەى دونیا تەواو دەکات یان بە پێچەوانەوە؟ ئەمە بۆمان دەردەخات کە (یار) بریتى یە لەم وێنانەش کە خۆشەویستى لە ئەنجامى بیرکردنەوە پێى دەبەخشێ. خۆشەویستى گومانى تێدانییە بەهۆى بوونى فیراق و بەردەوام ئامادە نەبوونى یار.. زیاتر کار لەسەر هەمان ئەم وێنە و هەست و خەیاڵانە دەکات کە عاشق لە یارەوە دروستیان دەکات.هەر ئەمەشە دەبێتە هۆى گواستنەوەى یار لە جیهانى واقیع و شوناسێکى سادە بۆ جیهانى عەشق و ناخى عاشق وە شوناسێکى نادیار و هەمیشەیى. بەمەش بوونى یار دەگۆڕێت و عاشق لە خۆشیدا بۆ یار دەگەڕێت، ئەم بەدوادا گەڕانەش فیراق و ویساڵ لاى عاشق لە یەک نزیک دەکەنەوە، چونکە دۆزینەوەى تەواوى یار ناگاتە کۆتایى و ویساڵ دووبارە فیراقێکى ترە.پرسیارەکە ئەمەیە لەم دەقەدا چەندە خەمى ویساڵ و تاسە بۆ بەیەکگەیشتن فیراقى کورتکردۆتەوە یا کردەى خۆکوژییەکە (واتە لەناوچوونى عاشق) چەند دوورکەوتنەوەیە لەو دونیایەى بەهۆى پرسیارەکان ڕوێکى ترى دەرکەوتووە؟


لە خۆشەویستیدا بە شوێنێک دەگەین کە بەیەکگەیشتنى واقیعى بۆ یار بەیەکگەیشتن و ئاوێتەبوونى تەواونییە،عاشق بەجۆرێک هەردەم لە فیراق دا دەمێنێتەوە و عەشق درێژە پێدەدات یان فیراق لە خوودا درێژ دەبێتەوە. وەک "مەولەوى" ى تاوەگۆزى لە شیعرێکدا دەڵێت :

خصوصا بولبول جە لاى زامداران      دوورى خاستەرەن نەوەصل یاران
نزیکى یاگەى تەریدەى فەصله‌ن        دوورى ڕاى خەیاڵ قافڵى خەستەن

( واتە: بریندارانى زامى خۆشەویستى دوورى یان لا باشترە لە گەیشتن بە یار ، چونکە نزیکى جێگەى جەردە و دەربەدەربووانى جیایى و دوورکەوتنەوەیە، بەڵام دوورى ڕێگاى تێپەڕبوونى کاروانى بە یار گەیشتنە.مەبەسى ئەوەیە کە بە یار گەیشتن تۆوى دوورکەوتنەوەى لەگەڵ خۆى هەڵگرتووە لەبەر ئەوە ناخۆشە، بەڵام دوورى پاڵ بە ئینسانەوە ئەنێ بۆ بیرکەوتنەوە لە بە یار گەیشتن، وە بۆ ئەوە کە بگا بە یار- دیوانى مەولەوى - کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە و لەسەر نووسینى - مەلا عبدالکریمى مدرس).


"سەماى بەفرى ئێواران" دەرگا دەکاتەوە بۆ چوون بەرەو نائومێدییەکى وا کە بەرگە گرتنى گرێدراوە بە پرسیارەکانییەوە.ئەو مەودایەى کەوتۆتە نێوان عاشق و یار شوێنى درککردنى ژیانە بە شێوەیەکى تر، واتە عاشق چەندە بیر لە یار دەکاتەوە دوو ئەوەندەش بیر لە بوون یان دیاردەکان دەکاتەوە و لەوانیشدا وێنەى خۆى دەبینێت.ئەمە وا دەکات بڵێین (ئەگەرى خۆکوژى) لە کۆتاییدا چەندە نیشاندانى چەندێتى خۆشەویستى و بەرگە نەگرتنى دوورییە ، ئەوەندەش دەرخستن و وێنەکێشانى دوورییە.

ناچمە تووتن چاندن
ناچمە تووانیش
گوڵە حاجیلەش لە بانان شین دەبن
بنارەکانیش دەبنەوە گۆمى سۆر
ڕەنگە هیچ لە بارەى منەوە نەزانى
شاخەکان چەقیونەتە دڵم
خوێنم دەڕژێتە قەدپاڵەکان...


ونبوون و ئامادەنەبوونى یار لەم دەقەدا تایبەت لە دێرەکانى کۆتاییدا دەبەسترێتەوە بە ونبوونى خوودى عاشق و ژیانیش.هەرچەندە لەگەڵ دوورکەوتنەوەدا پرسیارە بێ کۆتاییەکان دەڕسکێن، بەڵام لەم دەقەدا ئەوەندەى ترس و بێدەنگى دواى جوودایى نیشاندراوە، ئەوەندە بەیەکگەیشتن نەبۆتە بابەت.هەرچەندە ئەم چڕبوونەوە خەمگینە لەسەر جوودایى زیاتر نیگارى ئاوێتەبوون نیشان دەدا.بەڵام ئایا بیرمان بۆ ئەوە ناچێت "یار" ى ئەم دەقە تاکە ئامانجە؟ واتە گەیشتن بە یار گەیشتنە بە کۆى بوون؟


"ئیمانوێڵ کانت" پێى وایە "مرۆڤ ئامانجە، نەوەک هۆکار" بەڵام لە هەندێک گۆشەوە ئەگەر لە خۆشەویستى بڕوانین (یار - مرۆڤ ) وێنەى قیبلەنوومایەک دەردەکەوێت و سەر زەمینە پەنهانەکان پێشانى عاشق دەدا. واتە لە خۆشەویستییەکى قوڵدا بیرکردنەوە لە یار عاشق دەگەیەنێت بە شوێنێکى تر و ئەم شوێنەش دونیایەکى تر.


خۆشەویستى لە شیعرى "سەماى بەفرى ئێواران "دا چەند خاڵێک بەیەکەوە کۆدەکاتەوە و بەیەکداچوونى نێوانیان دەخاتە ڕوو:1. جوودایى.2. هەستکردن بە ترس لە دواى ونبونى یار.3. درککردنى بێ مانایى ڕاستەوانە لەگەڵ نەمانى خۆشەویستیدا.4. بە سێنتەرکردنى یار.5.تاسە بۆ ئاوێتەبوون.6. خۆکردنە قوربانى ( ئەگەرى خۆکوژى).دەبێت ئەوەش بڵێین ئەم ئەگەرەى لەناوچوونى عاشق لەدوا وێنەدا تەواوى خۆشەویستی یەکە نیشان دەدات و هەر تەنها قوربانیبوون نییە بۆ یار، بەڵکو قوربانیبوون و لەناچوونە لە بەرامبەر ئەو بەربەستانەى جووداییەکەیان تۆخترکردووە.دەبێ بپرسین ئایا نەمانى یار کۆتایى خۆشەویستى یە؟

هەر خۆشم دەوێ ى!
با پێکەوە لە بەفرمان بگرن
پەنجەکانیشمان لە خەنەى هێرۆیان بگرن!
لە گیامان بگرن!
لە شاخمان بگرن!
ئەگەر وامان بە سەر دانێ
ڕۆژێ دێ،
دەمانچەیێ لە ناو دڵم دا بەتاڵ دەکەم!.
_________________________________
سەرچاوە: سەماى بەفرى ئێواران.جەلال بەرزنجى.هەولێر.1979.
 

ماڵپه‌ڕی رێبین ئه‌حمه‌د خدر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک