په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٢\٢٠١٦

    خۆشیویست و لە دەستی چوو!

                          - بەشی یەکەم -

                            

  ئیندرەروسیت*                        و: هاوڕێ نەهرۆ

 

ئاخۆ کێ لە پێخەفەکەی نوستوە
کێ جەستەی لە جەستەی خشاندوە
کێ لە دەفتەری یادەوەریی نووسیوە

کەس لە پێخەفەکەی نەخەوتوە
کەس جەستەی لە جەستەی نەخشاندوە
کەس لە دەفتەری یادەوەریی نەنووسیوە

بەڵام تەختە خەوەکەی جیڕەجیڕ و تەقەتەق ئەکا و
جەستە ئەسوتێ و دەگەزرێ

ئەو لەسەر گیاکە وێنەی گیا و فرمێسک دەکێشێ
وێنەی دار و ئاسمان دەکێشێ
وێنەی هەور و نەورەس و خۆر دەکێشێ

ئەو وێنەی خانوویەک دەکێشێ و دەچێتە ناو خانووەکە
ئەو بەسەر قاڵدرمەکە سەرئەکەوێ و ئەچیتە ژوورەکەوە

ئەو لە ژوورەکەی بە تەنیا دانیشتوە و
وێنەی پەنجەرەیەک، بنمێچێک، دووکەڵکێشێ دەکێشێ

ئەو بەم شێوەیە جیهان بەسەریەکەوە
پەیوەست ئەکا
ئەو وێنەی هێڵێک لە ئەستێرەی تەم دەکێشێ
بۆ ئوکزوزێک لەسەر رێگای خێرا

لە رێگای کاکێشانەوە
بۆ شیشەیەکی شیر
لەسەر مێزی شەوان

لە (ئەندرومیدا)وە
**
بۆ ئەلف و بێی بسکێت
لە دوڵابی ئاشپەزخانە

ئەو پشتە
ئەو بۆڕیی هەناسەیە، بۆڕیی خۆراک
سینەیە
ئەو مل و گەردن و رانەکان
بڕبڕەی پشتە
خوێنبەری لای راستە و
دیواری قەفەزی سینەیە
لەشە پەردە تەنکەکانی
قووڵایی سکە
ئەو قۆڵی چەپ و راستە
ئەو هەموو ئەوانەیە تا بڕبڕەی پشت
ئەو بڕبڕەی پشتە
ئەو لە دەرەوەی جەستەی خۆیەتی

ئەو ئەوەندە جوانە
وەسف ناکرێ
وێڕای ئەوەش من دەنووسم
کە ئەو باڵندەیە

ئەو دەیویست باڵندەیەک بووایە
دەبووایە ئەو هەڵۆیەک بووایە
وەک ئەوەی بفرێ بەسەر
بوونی جوانیی خۆیدا
لەگەڵ نەرمە بزیەک

ئەمە ئەوهایە لەگەڵ خوشەویستیی
ئەوە دەکەوێتە بەرچاو
وەک چەندین پەڕتاب

لە نێو پشت
لە نێو لا راستی جانیە
لە نێو گۆنای چەپ
لە نێو دەم

لە میانەی گەدەوە
لە میانەی سیی راستەوە
لە میانەی ئەسکلتی دەم و چاوەوە
لە میانەی مەغزەوە

خۆی کون ئەکا لە رێگای قوڕگەوە
ناو ملەوە
لە میانەی تەوژمەکانەوە
تێکڕای بیرکردنەوەی منە

ئەمە ئەوهایە لەگەڵ ئەو خەم و خەفەتەی
کە تووشت ئەبێ

چەناکە
ئێسقانی لووت
پەردە تەنکەکانی لەش

فۆڕمی گەردن
خاچی پشت و
کاسەی ئەژنۆ.
___________________________

* (ئیندرە روست): شاعیرێکی گەنجی نەرویجییە، ئێستا تەمەنی ٣٥ ساڵە و باوکیشی نووسەرە، ئەو شیعرەی بەشی یەکەمە لە دیوانی (خۆشیویست و لە دەستی چوو!) کە لە ساڵی ٢٠١٤ بڵاویکردۆتەوە!
** (ئەندرومیدا): کۆمپانیای دابەشکردنی خۆراک لە نەرویج.

 

ماڵپەڕی نەهرۆ

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک