١٦\٢\٢٠١٦
خۆشیویست و لە دەستی چوو!
- بەشی
دووەم -

ئیندرەروسیت
و: هاوڕێ نەهرۆ
من ئەو دەنووسمەوە
لە ناو دارەبازێک
ئەو دەنێژم
بە خامەیەک
من لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەکەم و
دەیسرمەوە و دەریدەکەم
بلووزەکەی گڕیگرت
ئەو دەکۆشی لەبەریکاتەوە
و بیدڕێنێ
بەڵام نەیتوانی
من هەموو رۆژێ سەری لێدەدەم
ئەو زۆر کەم چاوهەڵدێنێ
بڵێسەی بلووزەکەی
لە تاریکییدا
دەبریسکێتەوە
من دەکۆشم هێوری
بکەمەوە
پێی بڵێم بلووزەکە
لەسەر زەوی دانێ
کەچی ئەو پەی پێ نابا
بەڵام ئەو پانیکە
تۆزی تەباشیر لە چاوی دایە
بلووزە
گڕگڕتووەکە ئەدڕێنێ
هەموو رۆژێ ئەو هەڵدەستێ
سەردەکەوێتە سەر قاڵدرمەکە
دەچێتە نێو دەرگاکەوە
و ون ئەبێ
تا ئەو کاتەی پەنجەرەیەک ئەکاتەوە
هەموو رۆژێ هەمان
رێگا دەپێوێ
سەردەکەوێتە سەر قاڵدرمەکە، دەچیتە نێو دەرگاکە
تا لای پەنجەرەکە
هەموو رۆژێ ئەو لە رێگا دایە
ئەو وێنەی چاو دەکێشێ، کاغەزەکە دەبینێ
ئەو وێنەی برۆ، ئیسکی گۆنا، تەوێڵ دەکێشێ
ئەو وێنەی گوێیەکان
دەکێشێ، کاغەزەکە دەبیستێ
ئەو وێنەی قژ و و
پێست، با، باران دەکێشێ
ئەو وێنەی قوڕگ
دەکێشێ، کاغەزەکە قووتدەدرێ
ئەو وێنەی شان و سینگ و قەپرغە
دەکێشێ
ئەو وێنەی ئاگر دەکێشێ، کاغەزەکە دادەگیرسێ
ئەو وێنەی ئاسمان دەکێشێ
ئاسمان دەبێتە هەور و
هەوریش دەبێتە باران
ئەو وێنەی زەوی دەکێشێ
زەوی پڕ دەبێ لە خونچە
خونچەش دەبێ بە دار
ئەو وێنەی برووسک
دەکێشێ
برووسکەش دەبێتە
ئاگر
ئاگریش بڵاودەبێتەوە لەگەڵ رەشەبا
ئەو وێنەی
دیمەنێکی سووتاو دەکێشێ
دەستەکانی رەش
هەڵدەگەڕێن
ئەو گڕدەگرێ و هەڵدەسێ
دەکەوێ، هەڵدەسێ، رادەکا
ساتمە ئەکا، دەکەوێ، بە
دەوری خۆیدا خولدەخوا
لەسەر قیڕتاوەکە
نازانی چی بکا
لە بارەی ئەوەی دەیەوێ خۆی بکوژێنێتەوە
یان وا بمێنێتەوە
وەک ماچێکی بێ ئوقرە
یان دەستنووسێک
کە نەخوێندرێتەوە
ئاوی بوتڵەکە گڕدەگرێ
و
دەمی دەسوتێ
سوتانی راڕەوەکە
سوتانی گەروو
سوتانی سک
ئێمە نۆش دەکەین
و دەخۆینەوە
سوتانەکەش بە پەشیمانیی
دەنێشتەوە و
هیتر دەخورێتەوە.
_________________________________
بەشی
یەکەم:
www.emrro.com/xoshiwistu1.htm
ماڵپەڕی نەهرۆ
|