٥\٤\٢٠١٦
خۆشیویست و لە دەستی چوو!
- بەشی
پێنجەم (کۆتایی) -

ئیندرەروسیت
و: هاوڕێ نەهرۆ
هیچ کێلە گۆڕێک
نییە
یان خەڵکی ئیشکەر هەموو کاروبارەکان بەرێوەئەبەن
هیچ کەس نییە هەڵبێ
بە (ترام) بۆ دەریا
نە بورکان هەیە نە رێگای خێرا
پەچامە یان ئەستێرە شەوق دارەکان
لە بنمیچی ژووری خەودا
کەس بە ئاگا نەهات و رۆژنامە بهێنێ
یان منداڵەکان بە راکردن
جرتوفرت ناکەن لە ئاشپەزخانەکە
هیچ سەرۆک وڵاتێک وەک بازرگان
رێککەوتنامەی ئاشتی مۆر ناکا بە بێ بەرژەوەندیی
هیچ کەشتییەکی ئاسمانیی لە سیستەمی خۆر دەرناچێ
هیچ سرنجێک یان فرۆکەیەکی باڵدار
یان یەقە کراسێکی خوێناویی بوونی نییە
هیچ کوڕێک بوونی نییە
ئەندێشەی خوێن بکا
لە لێدانی دڵەکان
لە لاف و گەزافی دەقەکان
لە باراندا کەس بێکار نییە
لە بەفردا ئەسپ ونە
کەس نییە لە پەڕاوی رۆژانە شتێک بنووسێ و
بێ بۆ ماڵەوە
بۆ لای بڵێسەی زەردی سەوسەنێکی تاقانە
کەس ملی رێگای ماڵەوەی نەگرتووە و
ئارەقە دەربدا
لە تەنیایی رۆژانی مەلەکردن
یان خەوزڕاوێک لە پاریسدا بسورێتەوە و
جلەکانی خورکەی لێدابێ
شوێنێک نییە یەکتری تیا ببینین
منداڵێک نییە زارێک لە دەستیدا بێ
کەسێک نییە وێنەی دڵێک بکا
لەسەر شووشەی پیسی پەنجەرەیەک
بە دەوری ناوێکدا، ئەشێ ناوی من بێ یا تۆ
پیاوێکی کەڕولاڵ نییە
لە دەرگایەکەوە بڕوا بۆ دەرگایەکی تر
بە مەبەستی فرۆشتنی باڵندەی کاغەزیی
کەسێک نییە دڵۆپە بارانێکی هەڵوەریو ببینێ
کچێکی گەنجی نییە گەمە لەگەڵ زمان بکا
ملپێچەکەی مێوانداریی فراڤینی بکا
نەخۆشخانەیەک نییە
یان کڵۆیە شەکر لە نێو گیایەکە
منداڵێکی گومڕا نییە
ئۆتۆمبیلێکی رەش بیڕفێنێ
هیچ وێنەکێشانێکی ئەندێشەیی نییە
هیچ باوک و دایکێک نییە لە نێو جەنگلستانەکان
بە سکەخشکێ چرایەکی بە دەستەوە گرتبێ
هیچ دڵۆپە شەونمێک نییە لەسەر گەڵای ترشۆکە بێ
چەتر، کارتی مانگانەی پاس
تەرەقەی خۆشی، چەکی ئۆتۆماتیکیی
یان چەند سیخێکی چنین
کەس نییە تەماشای دەمی خونچەیی خۆی بکا
لە ئاوێنەی پەنجەرەوە
رەنگی زەردی رۆشن نییە یان تەرپینتینی بۆیاخبەر
یا قوڕی شین
هیچ شەپۆلێکی سپی نییە
بیست مەتر بەرز ببێتەوە
لە دەریا
هیچ گەردەلوولێکی رۆشنایی نییە
یان تەپەتەپی هێزپرۆکین لە تاریکییدا
کەسێ نییە ئەستێرەیەک بژمێرێ
لە وڵاتی خۆیەوە هەڵهاتبێ
هیچ سێوێکی زستانە نییە
لەسەر مێزی ئاشپەزخانەکە پەرتوبڵاو بێ
بۆنی هیچ باڵندەیەکی دەریایی لە دەریا نایێ
یان مێشێک لە گۆشەی چاو
بۆ دەرۆزەکەرێکی کوێر
هیچ ١٥ی ئادارێک نییە
چل و چوار ساڵ پێش لەدایکبوونی عیسا
هیچ سپێدەیەک نییە لە ٢٥ی شوباتی ١٨٤٨
هیچ شەوێک نییە بۆ رۆژی ٧ی نیسانی ١٩٣٤
هیچ کەتە شاخێک نییە هەرەسی هینابێ
بەسەر دەروازەی دەریا
هیچ سپێدەیەک دیار نییە دوای لافاو
هیچ ئاماژە و ئاگادارییەک نییە
کەس نییە لە بیابانەکان بە ژێر لێوەوە قسە بکا
هیچ پشیلەیەکی رەش لەسەر رێگا نییە
کەس نییە لە پەنجەرەوە چاوەڕوانیی بکا
بۆ کەسێکی کە بە نیازی ماڵەوەیە
کەس نایەتەوە بۆ ماڵەوە
کەس نەهات
لەگەڵ باران، لەگەڵ با، لەگەڵ بارینی بەفر
هیچ گوڵێکی سپی نییە
یان کوولەکەیەکی (هەڵۆین)
ئاوی شەپۆلەکان خاوێنی بکاتەوە
هیچ گوڵێکی نامۆ نییە
هیچ پشیلەیەک نییە
لە ژێر بوومەلەرزە خۆی شاردبێتەوە
هیچ یادەوەرییەکی زستان نییە
چرای شەوان، دۆسیەی ژێرزەمینەکان
کەس بە دوای تۆدا ناگەرێ
هێچ رێنماییەک نییە
بۆ ژیان یان بۆ مردن
هیچ سەلکە بەرۆژەیەکی خوێناویی نییە
هیچ برینێکی شوێن خورین نییە، هیچ تۆڕێکی جاڵجاڵۆکە
کەس لە
نهۆمی هەڤدەهمەوە
نەکەوتۆتە سەر شەقامەکە
هیچ رەشۆڵەیەک نییە
یان گوڵی زوقم
هەڵگژابێ بە پەنجەرەکەیا
کەس بەملاو ئەولایدا نایێ
لە گزنگ و سەرلەسپێدە
کەسی بیری نییە
بۆنی خانووەکەی چۆنە
کەس شەو و و رۆژێ خۆشناوێ
لە شەڕ یان لە کاتی ئاشتی
کەس نییە، کەس نییە
جارێکیش نییە فریشتەیەک
هاتبێتە خوارەوە
لەگەڵ کلیلی رزگاربوون و رەهایی
یان گرفت و بەدبەختیی
کەس نییە لە خەفتی دڵ بمرێ
یان جەستەی خۆی فڕێداتە
ژیانی ترەوە
لەبەرئەوەی ژیانێکی تر بوونی نییە و
خەم تەختی نییە و
لەسەری دابنیشێ.
_________________________________
بەشی
چوارەم:
www.emrro.com/xoshiwistu4.htm
بەشی
سێیەم:
www.emrro.com/xoshiwistu3.htm
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/xoshiwistu2.htm
بەشی
یەکەم:
www.emrro.com/xoshiwistu1.htm
٧\٢\٢٠١٦
ماڵپەڕی نەهرۆ
|