١٧\٩\٢٠١١
خۆسوتاندنی بەناز،
سەرەتای زەنگێکی مەترسیدار.

شوان سدیق
خۆسوتاندنی بەناز بەدەستی خۆی و گیان لەدەستدانی لەلایەن خۆیەوە، ئەم
جارەیان چیرۆکی گیان لەدەستانی گەنجێکی تری وڵاتەکەمانمان بە شێوەیەکی
تراژیدیاو خەمناکتر گوێبیستی بووین. دیارە ئەمەش پەڵەیەکی تری رەشی
دەسەڵاتی ناعەدالەت و کۆمەڵگەیەکی غیاب دەردەخات، کە گەنجانی وڵات
لەجیاتی ئازاد بوونیان و خەون بینین، بۆ گەیشتن بەداهاتوویەکی رووناک
کەچی بەپێچەوانەوە، دەقاو دەق پەنا ببەنە بەر خۆسوتاندن، یان هەڵهاتن
لە نیشتیمان.
لە هەواڵێکی سایتی سبەیدا کەپشتی بە دەنگێکی تۆمارکراو بەستووە، تێیدا
هاتووه، لە هەولێر «بەناز جەواد«ی تەمەن “22” ساڵ، کە ماوەی ساڵ و
نیوێک بووە، پەیمانگای تەکنیکی بەشی کارگێڕی کاری تەواو کردووە، وەک
خۆی لە تۆمارێکی دەنگیدا ئاماژەی پێکردوە بە هۆی دانەمەزراندنیەوە
ئاگری بەرداوەتە لاشەی خۆی و بەهۆی زۆریی رێژەی سوتاوییەکەیەوە
ئەمڕۆ (یەکشەممە) گیانی له دەستداوە«. رووداوێکی لەمشێوەیە
سەرهەڵدانی بەرەیەکی تری ناڕەزای گەنجان و لاوانی وڵاتەکەمان دەردەخات،
لەبەرانبەر هەموو ئەو ناڕەزایی و بەربەست و ئارێشانەی بەهۆی نەبوونی
میکانیزمێکی گونجاو لە ژیانی رۆژانەیاندا، کە تاهەنووکەش رێگە چارەیەکی
گونجاوی بۆ نەدۆزراوەتەوە وەک چارەسەر بۆ رەخساندنی هەلی خۆشگوزەرانی
گەنجان.
ئەوان رێگە مەرگەسات و تراژیدیاکان بگرنەبەر.من تەنیا لەرووی
دامەزراندن و رەخساندنی هەلی کار لەلایەن دەسەڵاتەوە، ناڕوانمە ژیانی
گەنجان، ئەوەی من سەرنجی دەدەم گەنجی وڵاتی ئێمە هاوشێوەی چین و
توێژەکانی تری ناو کۆمەڵگە گیرخواردووی دەستی سیستمێکی تێکەڵ بە «نادادپەروەر،
نایەکسانن«، لەلایەن دەسەڵاتەوە، ئەمەش بۆ ئێستای ناگەڕێتەوە، بگرە
رابردوویەکی دورودرێژی هەیە! هەروەها لەرووی کۆمەڵایەتییەوە جیاکاری
رەگەزی و نەبوونی فەزایەکی ئازاد بۆ گەنجان کە خێزان بە پلە یەک
بەڕێگەی فشاری دەروونی و سایکۆلۆژی بەهۆی هەژموونی دین و هەموو ئەو
عەقائیدە کەلتوری و نەریتە دواکەوتوو هاوردانەوە، کارێکی وایان کردووە،
کە گەنجان نەتوانن مومارەسەی ژیانی ئاساییانەی خۆیان بکەن.
بەڵام لەسەرووی هەموویەوە ئەو رووداوانە دەمان گەڕێنێتەوە بۆ ئەو
پێناسەیەی کە دەبێت بیزانین، لەهەر وڵاتێکدا حوکمێکی نایەکسان و
نادادپەروەر هەبێت، یاسا بەخواست و ویستی بنەماڵە و خێزان و گروپگەلێکی
حیزبی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بێگومان دەرئەنجامەکەی بەوجۆرە دەبێت، کە
مەرگ بەرۆکی بەنازی تەمەن (22) ساڵی گرت. ئاشکرایە کە ئەم رووداوەش
هەڕەشە لەسەر ژیانی ئینسانەکانی تری وڵات بەگشتی دەکات، بەتایبەتی
گەنجان چونکە گەنجان خولیاو ئارەزوویەکی فراوانیان هەیە و چاوەڕێی
داهاتوویەکی پرشنگدار دەکەن.
ئەمڕۆ لەهەرێمی کوردستاندا، نایەکسانی و نادادپەروەری ئامادەییەکی
بەرچاوی هەیە و تێکەڵە لەژیانی بەڕێوەبردنی وڵات و رەنگیشی داوەتەوە،
بۆ ناو کایەکانی ژیانی رۆژانەی ئینسانەکان، ئەمەش وایکردووە کە خەڵک
هەست بە نا ئاسوودەی و بێمتامانەییەک بکات، بە داهاتووی خۆی و هیچ
ئومێدێکیشی نەبێت، بەرانبەر بە دەسەڵاتی ئێستای کوردی چونکە هەموو ئەو
پەیمان و وەعد و بەڵێنانەی کە ئەوان بەخەڵکیان داوە، نەیانتوانیوە
بەقەد قەبارەی خەونی گەنجێک بەڵێنەکان ببەنە سەر!بۆیە من دەمێکە
گەیشتوومەتە ئەو قەناعەتەی کە هەم پەروەردەی خێزان لە دونیای ئێستامان
و هەم دەسەڵاتی سیاسی و حیزبی لە کوردستان بەو شێوەیەی کە ئەمڕۆ
دەیبینین لەهەموو روویەکەوە شکستیانهێناوە، لە بەڕێوەبردنی ژیانی
هاوڵاتیان و پێگەیاندنی تاک لەو وڵاتە!
هەولێر
ماڵپهڕی شوان سدیق
|