په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

             خۆت قڵپ مەکەوە،

   تۆزێکیش شک نابەم بیڕژێنمە خۆم.

زمکان عەزیز

1.
لەو ماڵەدا .. ھەنگێ
بەسەر گوڵێکی ووشکەوە ئەزیڕێنێ و
باخچەکەی پڕکردووە لە گریانی شیرین.


2.
ڕامخە بۆ نوێژی بەیانیەک
گەر ئەتەوێت لەگەڵ خودا قسە بکەیت

لەو ماڵەدا .. سەتڵی بیرەکە
یەک دوو قوم ژەنگی تێدا ماوە و
لە کونەکانیەوە تیشکی ھەتاوی لێئەچۆڕێ.

 
3.
لەو شەقامەدا پیاوێکی گرینۆک
خۆی کوشت

لەو ماڵەدا .. پاڵتۆیەکی بە شان و شەوکەت
خۆی بە بزمارێکەوە ھەڵواسیوە
گیرفانەکانی پڕن لە جەژنانە و
ژنێک سەر و گوێلاکی ڕنیوە.


4.
ژنێک سەری پیاوێکی پڕکرد
لە نیگا و چاوەکانی لەبار برد

لەو ماڵەدا .. داڵێک
تەحنیت کراوە و چاوێکی نەماوە
چۆلەکەکان لە دووەرەوە جریوەی تێئەگرن.


5.
کورسیەک لەسەرم دانیشتووە و
دەستی لەژێر چەناگەیەتی
سەیری ھاتن و ڕۆشتن ئەکات

لەو ماڵەدا کلیلێک
بە دەرگاکەوەیە و تێیدا گیر بووە
داخستن و کردنەوە لچیان داوە بەیەکدا و
لە تەنیشتیەوە دانیشتون.


6.
من دەزانم بەسەرمەوەیت و
ھێدی ھێدی بۆ ناو زەوی شۆڕمئەکەنەوە

لەو ماڵەدا .. کوکوختیەک
لە سوچی ھەیوانەکەدا ھێلانەیەکی ھەڵبەستووە
بەسەر توێکڵی ھێلکەکانیەوە گمەی دێ
مارمێلکەکەش دەم و لچی ئەلێسێتەوە.


7.
تونگ تونگ ئەمگوشی بە خۆتەوە تا
خۆت تێمدا ووردوھان ئەکەیت

لەو ماڵەدا .. جاڵجاڵۆکەیەک
قالۆنچەیەکی بەسنگەوە گرتووە و ئەیکرۆژێ
تەنافێ لمۆزی شکاو و باڵ و قاچی
ھەڵخستووە.


8.
خۆم کۆکردۆتەوە نازانم لە کوێدا بیڕژم


لەو ماڵەدا .. مێشەکان
ھەمیشە بەسەر یەکەوەن
زۆر زوو ئاوس دەبن
ماڵەکەیان پڕکردووە لە ھێلکەی دوو زەردێنە.


9.
لەسەر ژنێک پیاوێک کەوتە خوارەوە و


ووردوخاش بوو
لەو ماڵەدا .. وێنەیەک
شکاوە و
دیوارەکەی بە بێدەنگیەوە ھەڵواسیوە
وێنەی ژنێکە لە درزی شوشەکەوە
تا ئێستاش تەماشا ئەکات.


10.
کە چیرۆکەکەم تەواو کرد
بێدەنگی خەو بردبویەوە و
چاویلکەکەی کەوتبووە سەر لوتی


لەو ماڵەدا ..
بۆنی .. بن باڵی باران و
ئەسپێی .. پرچی خۆر و
گەڵا ووشکەی .. پێستی پایز زۆرە.


11.
لە بەردەم دەرگای ماڵەکەت
گوڵەکەی دەستم ھەڵیپرواندم

لەو ماڵەدا .. سپاردن
بوخچەکەی ئەپێچێتەوە و
جێھێشتن بەسەر خۆیدا قژ ئەڕنێ و
چاوەڕوانی وەسیەتنامەکەی ئەداتە دەستی.


12.
لە گریانخانەیەکدا چاوێکیان سەربڕی

لەو ماڵەدا .. پێکەنین
دانی لە دەمدا نەماوە و
ڕق بەردەکانی خۆی ئەھاڕێ و
وشک بوونەوە ئاوی گوڵەکان ئەدات
لەو ماڵەدا جوانترین ڕوخسار
سەفەرە ..
دەستی گەڕانەوەی گرتووە و
لە دوای خۆیانەوە دەرگاکە دائەخات.


Simkan97@hotmail .de