په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٧\٢٠٢٠

  خۆزگە بە نەورەسەکان.

هاوڕێ نەهرۆ

لەباتی خانوو هیلانەیان هەیە
بیر لە کرێی خانوو ناکەنەوە
لەبری خاکی نیشتمان
ئاسمانی بێ پایانیان هەیە
کەس نایانکوژی، کەس قڕیان ناکا
لە بری قاچ شاباڵیان هەیە
بە بێ شوناس و پاسەپۆرت گوزەردەکەن، سنوور دەبڕن
خوزگە بە نەوەرەسەکان
پیویستیان بە ئاڵا نییە
خەمی دەوڵەت و سەربەخۆبوونیان نییە
خۆزگە بە نەورەسەکان
خەمی چینایەتییان نییە
پۆل پۆل لەگەڵ یەک بە ئاسماندا دەفڕن
ترسی باران و بەفر و بوومەلەرزەیان نییە
خۆزگە بە نەورەسەکان
ترسی دابەزینی نرخی نەوت و دۆلاریان نییە
خۆزگە بە نەورەسەکان
بیر لە بڕینی ئاو و کارەبا ناکەنەوە
خەمی هێڵی ئینتەرنێتیان نییە
تەکنەلۆژیا ماڵی وێران نەکردوون
ژمارەی تەلەفۆنیان نییە
بە بێ پرس سەردانی یەکتر دەکەن
خۆزگە بە نەورەسەکان
هیچ ئاینێکیان نییە
کەس خۆی ناتەقێنێتەوە تاوەکو بچی بۆ بەهەشت
خۆزگە بە نەورەسەکان
سولتان و ئاغا و دەربەگیان نییە
تاوەکو بیانچەوسێننەوە
زمانیان نییە تاوەکو درۆ بکەن
بەرژەوەندییان نییە
تاوەکو ناپاکیی بکەن
خۆزگە بە نەورەسەکان
بە بێ چاویلکە بۆ ژیان دەڕوانن
جگە لە قازانج
زیانیان نییە بۆ ژینگە
خۆزگە بە نەورەسەکان
راسیزمیان تێدا نییە
کەس بە چاوی سووک
سەیری ئەوی تر ناکا
خۆزگە بە نەورەسەکان
بە تۆزێ دانەوێڵە تیر دەخۆن
جیقنەیان بۆنی نایێ
خۆزگە بە نەورەسەکان
خەمی پارەیان نییە
دەوڵەمەند و هەژاریان تێدا نییە
خۆزگە بە نەورەسەکان
کە دەمرن لە نێو گۆڕی تەسک نانێژرێن
خۆزگە بە نەورەسەکان
بە ئەفسانە فریو ناخۆن
بڕوایان بە فاڵ و بەخت نییە
بە بێ خەم بە ئاسمانی بەریندا دەفڕن
خۆزگە بە نەورەسەکان چونکە نەورەسن!

 

ماڵپەڕی هاوڕێ نەهرۆ

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک