١٤\٣\٢٠١٣
خۆزگە ئەو شەڕەتان
لەسەر کەرکوک بکردبایە؟!

ستار محەمەد قادر
مەهاتما غاندی دەڵێت: ئەوەی وڵاتەکەی خۆش بوێت، ناتوانێت بەشێکی پشت
گوێ بخات، هەر وەکو دەڵێت: ناکرێ دوژمنەکانمان بە هەڵخەڵەتاو بزانین،
چونکە مەرج نیە هەموو نەیارێک هەڵە بێت، ئیمامی غەزالیش دەربارەی
بیرکردنەوە دەڵێت: من لەو مرۆڤە ناترسم وا بیردەکاتەوەو رێ بزر دەکات،
لەبەر ئەوە لە کۆتاییدا دەگەڕێتەوە بۆ رێگای راست، بەڵام لەو مرۆڤە
دەترسم وا بە لا رێَدا دەڕواو هیچ بیرناکاتەوە، بە پووشێک دەکات بەدەم
باوە بێت. دوا دیمەنی سیاسی ئەم وڵاتە لە مەسەلەی تێپەڕاندنی بوودجەدا
ئەوەمان پێدەڵێت: کورد میللەتێکە بێ خەم و بێ خەیاڵ دەیەوێت بگات بەو
سەری توونێلەکە!
پرۆسەی ئازادیی هەل و دەرفەتێکی مێژوویی بوو بۆ کورد بۆ ئەوەی هەموو
مافەکانی بکات بە هەوێنی بەشداریکردنی لە درووستکردنەوەی عێراقی نوێدا،
لێ ئەمە نەکراو بۆ نەکرا؟! رەنگە بوونی زلهێزێکی وەکو ئەمریکا لە
هاوکێشەکەدا ئەو رامانەی لە لای سیاسیەکان درووستکردبێت کە جارێکی دیکە
تارمایی دیکتاتۆر لە ئاسمانی ئەم وڵاتەدا بەدەر ناکەوێ و بە پێی سازانی
سیاسی دەتوانن هەموو کێشەکان چارەسەر بکەن!
هاوپەیمانی کوردو شیعە دە ساڵی رەبەقە لە ژێر پرسیاردایە، ئەوە زۆر
راستە لە رابردوودا کوردو شیعە وەکو یەک دەچەوسێنرانەوەو ستەمیان
دەرهەق دەکراو پێکەوە هاو خەبات بوونە، دەشێ ئەو دیدە بۆ زەمەنێک راست
بێت، چونکە ئەو کات کوردو شیعە زەمەن لێک نێزیکی کردبوونەوە، لێ ئەمڕۆ
زەمەن لە یەکیان جودا دەکاتەوە، ئێمە هەڵەیەکی گەورەو کووشندە دەکەین
بە چاوی سۆزداری و عاتیفەوە مامەڵە لە گەڵ ئەحکامەکانی زەمەندا بکەین،
چونکە دوو پێگەو رۆڵی جیاواز ناکرێت لە دیمەنێکدا کۆ بکرێنەوە، شیعەیەک
لە هەڕەمی دەسەڵات ناکرێت بەو شیعەیە بەراورد بکرێت وا لە دەرەوەی
هەڕەمی دەسەڵاتدایە، دەبێت بەم شێوەیە لە گۆڕانکاریەکان و رۆڵەکان
بنواڕین نەک بە یەک نێرین!
وەکو دەبینین بۆ دوا جار بوودجە بە زۆرینەی دەنگ لە پەرلەمانی عێراق
تێپەڕێنراو نە حیساب بۆ کورد وەکو شەریکێکی راستەقینە کراو نەش سازانی
سیاسی هاوپەیمانی کوردو شیعە لە بەرچاو گیرا، ئەی کەواتا دەبێت چ
خاڵێکی هاوبەش مابێت لە نێوان ئەو دووانەداو کورد لەوان نیگەران نەکات؟!
کورد نابێت لەنێو وڵاتێکی پڕ لە قەیران و کایەی سیاسەتدا بەشوێنی
برایەتی و هاوپەیمانێتیەکی سەراب ئاسادا بگەڕێت، ناشکرێت هەموو ئومێدی
خۆی لەسەر رەشنووسی دەستوورێک هەڵبچنێت کە هێزی جێبەجێکردنی لە ژێر
دەسەڵات و هەژموونی ئەودا نیە، رەنگە دەوڵەتی یاسا مەسەلەی تێپەڕاندنی
بوودجە وەکو کارتێک بەکار بهێنێت بۆ ئەوەی لە رێی رارەوەکانی سیاسەتەوە
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پارە کورد رابکێشێتە نێو ململانێکەوەو
بەکاریبهێنێت، بەڵام ئایا دەکرێت هەموو ماف و کێشەی ئەم میللەتە لە
بەدەستهێنانی پارەدا چڕ بکەینەوە؟!
من لە وتاری پێشووترمدا ئاماژەم بۆ ئەوە کردووە، سەد ساڵی داهاتووی ئەم
وڵاتە لە سەد ساڵی رابردووی باشتر نابێت، بە دڵنیاییەوە کۆبوونەوەو
گردبوونەوەی لایەنە سیاسیەکانیش لە هەولێر هیچ لەم واقیعە ناگۆڕێت،
چونکە رێککەوتن بنەمای تایبەتی خۆی هەیەو لە فەزایەکدا کە ئەقڵیەتی
سیاسی و رێو رەسمی نازانم چی لە یاساو پڕۆتۆکۆڵەکان گرنگتربن، ئەمیان
رووپامایی و ئەویان روو قایمی و ئەمیان قسەو ئەویتریان لە نیەتیدا
رەتکردنەوەی هەموو ئەو شتانە بوونی هەبێت، دەبێت جگە لە بەهەدەردانی
کات چی بەرهەمێکی هەبێت؟!
ئێمەی کورد لافاوێک خوێنمان لە پێناوی ئازادی و سەربەخۆیی بۆ گەلەکەمان
رشتووە، کەچی ئەمڕۆ بەشێک لە جەستەی خاکی خۆمان جێدەهێڵین و شەڕ لەسەر
پارەی وەبەرهێنانی نەوت دەکەین، ئەی بۆ ئەو شەڕەتان لە کۆتایی ساڵی
٢٠٠٧ لەسەر کەرکوک نەکرد؟! لە کاتێکدا کەرکوک دە ساڵە لە چاوەنواڕیەکی
بێ هودەی یەکەیەکی ئیداریی نەزۆکدا خۆی دەخواتەوە، دە ساڵە کەرکوک
ئێشکی ماددەیەک دەگرێت، گوایە سەدو چل کڵاوەو کورد لەسەر برا
شیعەکانمانی ناوە، وڵاتێک سیاسیەکانی دوور لە واقیع بینی خەریکی گۆڵ
کردن بن لە یەکتری، پێکەوە ژیان وا نەبێت بە کەڵکی چی دێت؟!
مالیکی وەکو گەمەیەک ئەو یاریە لە گەڵ کوردا دەکات، گەمەیەک کۆمەڵێک
رەهەندی مەترسیدار لە خۆی دەگرێت، کورد بۆ ئەوەی نەکەوێتە بۆسەی ئەوەوە،
دەبوایە لە پانتاییەکی فراوانتردا گەمەی بکردبایە، تەماشاکردن رەنگە
هیندێک جار دڵت خۆش بکات، بەڵام زۆرجار دەتگرێنێت، ئەگەر کورد خاک و
وڵاتی خۆی خۆش بویستایەو لە کاتی خۆیدا هەڵوێستی هەبوایەو شەڕی لەسەر
کەرکوک و ناوچەکانی تر بکردایە، بە دڵنیاییەوە هەرگیز بەم شێوەیە
کەنارگیرو پەراوێز نەدەخرا؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|