١\٤\٢٠١٢
خودا گریمانەیەکە دەکرێت تاقیبکرێتەوە.

ڤیکتەر جان ستینجەر
وەرگێڕانی: حسێن حسێنی
ڤیکتەر جان ستینجێر (Victor J. Stenger) ، پرۆفیسۆری فیزیایی تەنۆلکە
لەزانکۆی کلۆرادۆی ئەمریکا بەتازەیی وتارێکی لەگۆڤاری نیوساینتێستدا
بڵاوکردوەتەوەو باسی ئەوە دەکات بوون یان نەبوونی خودا دەبێت زانست
بتوانێت بیسەلمێنێتو وڵامیبداتەوە، ئەم زاناییەیی فیزیا بڕوایی
بەبوونی خودا نییەو بۆئەو مەبەستە تائێستا بەدەیان کتێبو وتاری بڵاو
کردوەتەوە، کتێبێکی نوێی بەناوی (GOD and the folly of faith) لەمانگی
ئاپریلدا بڵاودەبێتەوە.
ئەمەش کورتەیەک لەوتارەکەی.
چ ئەو زانایانەی بڕوایان بەخودا هەیەو چ ئەوانەی نییانە لەسەر ئەو
بڕوایەن زانستو ئایین دوو بواری بەتەواوەتی جیا لەیەکترین،
لەساڵی(١٩٩٨)دا ئەکادیمی زانستی ئەمریکا رایگەیاند ؛ زانست دەربارەی
دەرەوەی سروشت، هیچی پێناوترێت، دەربارەی ئەو پرسیارەی خودا بوونی هەیە
یان نییە، زانست بەتەواوەتی بێلایەنە.
بەڵام بەپێی راپرسییەک کە لەهەمانساڵدا ئەنجامدرا، لەسەدا نەودو سێی
ئەندامانی ئەکادیمی بڕوایان بەبوونی خودا نییە.
لەبارۆدۆخێکدا بەنزیکەیی هەموو خەلکی ئەمریکا بڕوایان بەبوونی خودا
هەیە، هۆکاری ئەوەی کۆمەڵگایی زانستی ئەمریکا لەم بڕوایە شۆراوەتەوە
ئەگەر زانستەکەیان نەبێت ، ئەی دەبێت چی بێت؟
زۆربەی زانایانی ئەمریکا بڕوایان بەبوونی خودا نییە، بەڵام ئامادەش
نیین بیروبڕوا ئایینییەکانی خەلکیش رەخنە بکەن، بەڵام من وەک کەسێکی
ئاتیئیست(بێ باوەڕ) ئەمادەم بیروبڕوا ئایینییەکانی خەلک رەخنەبکەم، ئەو
خودایانەی بەمیلیارد خەلک دەیانپرستن یان بەڕاستی بوونیان هەیە، یان
بوونیان نییە، ئەگەر هەن دەبێت نیشانەگەلێکی شیاو بۆسەلماندن بوونی
هەبێت، بۆیە بوونی ئەم خودایانە پرسیارێکی رێگەپێدراوە بۆزانست، کە
گرنگی لەڕادەبەدەری بۆمرۆڤایەتی هەیە.
زۆربەی ئەو تایبەتمەندییانەیی کە لەئایینە یەک خوداییەکانی وەک جولکە،
کریستیانو ئیسلام بۆخودا باسدەکڕێت، وەکو رۆڵی سەرەکی لەدروستکردنی
گەردوون، هەندێک دەرئەنجامی هەیە کە دەبێت بەشێوازی زانستی
تاقیبکرێتەوەو لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، بۆیە دەبێت بەڵگەکان بۆبوونی
ئافەرینەری رەها لەرێگەی زانستەوە بسەلمێندرێت،ئەگەر تاقیکردنەوە
زانستییە وردەکان بگەن بەو ئەنجامەی کە دیاردە سروشتییەکان نەتوانن
شرۆڤەی بکەن، دەبێت زانست ئەگەری بوونی جیهانێک لەدەرەوەی جیهانی مادیو
سروشتی بپەرژێنێت.
هەروەک چۆن زانست دەتوانێت تاقیکردنەوە بۆ بوونی خودا ئەنجامبدات، هەر
بەو شێوەیەش دەتوانێت تاقیکردنەوە بۆ نەبوونی خودا بەئەنجامبگەێنێت،
بەڵام دەبێت لێرەدا خاڵێک روون بێت، ئەویش ئەمەیە، ئێمە دەبێت بەدوایی
سەلماندنی بوون یان نەبوونی خودادا بین کە نەتەنها ئافەرێنەری گەردوونە
بەڵکو حوکـمرانیەتیو بەرپرسە لەژیانی ناو ئەم گەردوونە، هیچکەس
خودایەک ناپەرستێت کە بەوتەیی هەندێک کەس گەردوونی دروستکردوەو
لەدواییدا دەستی لێبەرداوە.
ئەگەر خودا دروستکەری هۆشمەندو دیزاینەرو بنچینەدانەری ژیانە لەگۆی
زەویدا ، دەبێت نیشانەگەلێک لەتواناییە نائاساییەکانی لەدیاردە
زیندووەکاندا ببینیین، ئەمە لەکاتیکدایە زانستی سروشتی و تاقیگەیی
بەرەبەرە نهێنی زیاتری لەژیانی گیانلەبەرانی زیندوو دۆزیوەتەوەو
سەلماندوویەتی ژیان لەسەر گۆی زەوی دەرئەنجامی پەرەسەندنی سروشتیو
هەڵبژاردنی باشترینە.
زۆربەی ئایینەکان دەڵێن مرۆڤ هەڵگری توانایی مادیو رۆحییە کە
چالاکییەکانی زێهنمان کۆنتڕۆڵدەکەن، ئەگەر وابووایەت ، دەبوایە مرۆڤ
توانیبایی لەهەندێک دیاردەو بارودۆخ تێبگات کە لەگەڵ چالاکییە
کیمییاییەکانی مێشکماندا پەیوەندی نەبێت، بەڵام ئێمە دەزانیین وانییە.
ئەگەر خودا سەرچاوی ئەخلاق بێت، دەبوایە مەرجەعێکی سەروسروشتیمان
بۆرەفتاری مرۆڤ پەیدا بکردایەت، بەڵام وانییە، رەفتاری بڕوادران لەگەڵ
خەلکی ئاسایتر زۆر جیاواز نییە بەڵکو هەندێکجار خراپترە، بەپێچەوانەی
بڕوایی ئایینە تەوحیدییەکان، سەرچاوەی سەرەکی رەفتارە ئینسانییەکانو
بایەخە باڵاکان نەک فێرکردنەکانی ئایین بەڵکو کارلێکو ئەزموونی
کۆمەڵایەتییە.
ئەگەر وایدابنیین کە خودا بەرسەڤی عیبادەتی باوەڕداران دەداتەوە،
دەبوایە لەماوەی سەدان ساڵداو لەگەڵ بوونی چەندین میلیارد خواپەرەستو
پەرستنی رۆژانە، ئاسەوارێک لەموعجیزەی ئیلاهیمان ببینیایەت، ئەگەر
خوداوەند بەو شێوەیی دەوترێت،هەندێکجار راستییەکان لەرێگەی
پەیوەندیگرتن بەهەندێک کەسەوە بۆ مرۆڤایەتی ئاشکرا دەکات، دەبوایەت بۆ
ئەم پەیوەندیو گواستنەوانەی هەقیقەتانە، بەڵگەی راستو بڕواپێکراو
پێشکەشکرابا، بۆئەوەی بسەلمێندرێت ئەم گواستنەوەی راستییانە تەنها
دەرئەنجامی خەیاڵی زێهنی کەسەکان نەبووەو نیشانەی دەرەکیشی هەیە.
زانستی فیزیاو گەردوونناسی سەلماندوویەتی کە گەردوون بەپێچەوانەی
بڕوایی باوەڕداران رێکو پێک نییە، ئەوەی لەشێوەی گەلەئەستێرەو ئەستێرەو
هەسارە دەیبینیین دەرئەنجامی کاریگەری مادەو یاساکانی فیزیایەو
دەرکەوتنی بەتەواوەتی هەڕەمەکییەو پرۆسەی دەرکەوتنی ژیانو نەمانی
بەشێوەی بەردەوام لەحاڵی گۆڕاندایە.
ئەگەر مرۆڤ دروستکراوی هەڵبژێرداروی خودا بووایەت دەبوایەت گەردوون
گونجاو لەگەڵ ژیانی ئەودا دیزاین بکرایەت، بەڵام وانییە، گەردوون
پێوەست نییە بە نیازەکانی مرۆڤەوە، بەڵکو ئەوە مرۆڤە ملکەچی یاساکانو
هێزی گەردوونە، بەلێکۆڵینەوە لەسەر هەموو ئەم لایەنانەیی کە باسکرا
دەگەین بەو ئەنجامەی مرۆڤو گەردوونو بوون بەشێوەیەکە هیچ هێزێکی
تایبەتی لەدیزاینو ئافراندنییدا بوونی نەبووە.
لەکۆتاییدا دەبێت باسی خاڵیک دەربارەی فەریبی بڕاوا ئایینییەکان بکەم ،
لەبارۆدۆخێکدا بڕوائایینییەکان فەرمانڕەوایی بەسەر راستییە
ئەزموونییەکاندا بکەن ، سێحرو سێحربازیو فاڵچییەتی هەموو لایەنەکانی
ژیان داگیردەکات، ئەمە قاڵبگەلێک بۆبیرکردنەوەی مرۆڤ دروستدەکات،
لەجیاتی ئەوەی سەیری بەڵگەکان بکات، لەسەر بنچینەیی بڕواو هیستریایی
ئایینی کاردەکات، هەربۆیە لەئێستادا دەبینیین کریستیانەکان دەیانەوێت
ئەمریکا بەرەو رژیمێکی ئایینی بەڕێبەرایتی حیزبی کۆماری پاڵپێوە بنێن،
بڕوابوونی کوێرانە رێگەیەکی باش بۆئیدارەکردنی جیهان نییە.
بۆزانیاری زیاتر:
ماڵپەڕی کەسی ستینجێڕ:
http://www.colorado.edu/philosophy/vstenger/VWeb/Home.html
ماڵپەڕی گۆڤاری نیوساینتێست:
http://www.newscientist.com/article/mg21328562.300-the-god-issue-god-is-a-testable-hypothesis.html
سەرچاوە:
گۆڤاری نیوساینتست ژمارە (٢٨٥٦).
ماڵپەڕی حسێن حسێنی
|