په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١\٢٠٢١

خودی پەرلەمان خۆی گاڵتەجاڕییە و روودانی گاڵتەجاڕییش تێیدا ئاساییە.


زاھیر باھیر       


ھێڕشی ئەم دواییە بۆ سەر کۆنگریسی ئەمەریکا نە مایەی سەرسامبوونە و نە تێرامانیش. ئەوەی کە لە ٦ ی ئەم مانگەدا لە کۆنگریسی ئەمەریکا ڕوویدا ڕووداوێکی تازە نەبوو و کۆتا رووداویش لەو جەشنە نابێت . ھێڕشی خەڵکی ئیتر ڕاستڕەوەکان بووبێت یاخود چەپەکان بۆ سەر بینای پەرلەمان لە زۆربەی وڵات ڕوویداوە لەوانە پۆڵۆنیا، یۆنان ، بولغاریا ،ئیسرائیل ، ئۆکرانیا، بەلەڕوس، ئۆگەندە و ولاتانی دیکە.


لە وڵاتانێکیشدا کە ئەمە ڕووینەداوە وەکو بریتانیا لەبەر ئەوە بووە ئەمان پێشوەخت بە ھەزارەھا پۆلیس و ئەسپسوار و سەگیان ھێناوە، لە ئاسمانیشەوە ھەمیشە دوو کۆپتەرێک بەسەر پەرلەمان و ماڵ و ئۆفیسی سەرەکوەزیرانەوە چاودێرییان کردووە، دەنا چەندەھا جار لە لایەن خۆپیشادەرانەوە بۆ شکاندنی دەرگای پۆڵاینی بەردەم ماڵی سەرەکوەزیران ، ھێڕشکراوە، بەڵام شکستیانھێناوە.


ئەمە سەرەڕای ئەوەشی کە لە چەندەھا وڵاتا شەڕە بۆکس و شەرە کورسیی لە نێوانی پەرلەمانتارەکانا ڕویداوە لەوانە پۆڵۆنیا، ئیسرائیل، تورکیا، عێراق، کوردستان .. تد. خودی پەرلەمان خۆی مەھزەلەیە و دەکرێت مەھزەلەش تێیدا رووبدات.


ئەوەی کە ئەم روداوەی کۆنگریسی ئەمەریکای گەورە کردووە و کردۆتە ویردی سەرزمانی میدیا بە تایبەت میدیاکانی ئەمەریکا و ئەوروپا، ئەوەیە کە دەیانەوێت پیمان بلێن لە وڵاتێکی دیمۆکراتی وەکو ئەمەریکادا ناکرێت ئەوە ڕووبدات !!! ئەوە شکاندنی حورمەت و قودسییەتیی پەرلەمانە، ئەوە سوکایەتیکردنە بە پیاوانی کۆنگریس کە نوێنەرانی گەلن، ئەوە تێپەڕاندنی ھێڵی سوورە و کۆتای سنوری ئازادیی تاکە، ئەوە بڤەیە و گوناحی کەبیرەیە.


لە حەقەتدا ئەوەی کە لەوێ کرا مەترسی نەبوو بۆسەر دیمۆکراتییەت، چونکە خودی پرسی دیمۆکراتیی، لەوێ بزرە و بوونی نییە. ھاوکاتیش ھەڕەشەیەکیش نەبوو بۆ سەر دەسەڵاتی ئەمەریکی و پەیامێکی جەرگبڕانەش نەبوو بۆ دونیا و حکومەت و دەوڵەتەکانی . ھەرچی دەسەڵاتداران ھەن لە ھەر شوێنێکی ئەم دونیایە بن خۆیان زۆر باش دەزانن دیمۆکراتی وجودیی نییە و باس لێوەکردنی بۆ گەمژاندنی دەنگداران و ھاووڵاتیانیانە، ئەوان دەزنن کە دیمۆکراتییەت تەکسییەکە و کە گەیاندنییە مەنزڵ کاریان پێی نامێنێت و دەتوانن ئیزنی بدەن.


ئایا خودی دیمۆکراتی وجوودی ھەیە؟


قسەی سیاسییەکان و بزنسمان و خاوەنسامان و میدیا شتێکە و واقیعیش شتێکی دیکەیە. دیمۆکراتیی و کۆمەڵی دیمۆکراتی و حکومەتی دیمۆکراتی لای ئەمان ھەر لایەنی ھەڵبژاردنی حوکمڕانان دەگریتەوە، کە لەو ھەڵبژاردنەدا ھەژاران و چەوساوان شتێک ناکەن و مافێکیان نییە جگە لە جێبەجێکردنی فرمانی فرماندەران، جگە لە مافی ھەڵبژاردنی چەوسێنەران، زاڵمان و بکوژانی خۆیان.


ئەم جۆرە لە حوکمکردن لە پیلانی کودەتای سوپایی و دەسەڵاتی ڕەھایی پادشایی بۆ باڵادەستان و دەستەبژێران، چینی بورجوازیی، زۆر ئارامبەخشتر و بەرھەمھێنەر تر و کەم مەسرەفترە و توانای باشتریشی ھەیە لە مێشکشۆردنەوەی ھاووڵاتیانا. ئەم پرۆسەیە بەردەوامە و دەگاتە مەنزڵی خۆی بی ئەوەی ھاووڵاتیی چی تر ڕای وەرگیرێت تا خولی ھەڵبژاردنی ئایندە مەگەر ڕاپرسییەکی [ ڕیفرۆندەمێک] گشتی بێتە پێشەوە. ئیتر ھاووڵاتیان ، دەنگدەران بێ ئەرک و زانیاریی دەمێننەوە، ئەوەی کاندیدەکان و دەوڵەت دەیشارنەوە لێیان، ئەو ڕاستییەیە کە دەنگدانی ئەوان و دەنگنەدانیان یاخود زۆربە بەشداری بکەن یا نەیکەن، گرفتێک نییە لەم درۆ گەورەیەدا، چونکە ئەوان ڕۆڵیان بەڕێکردنی پرۆسەکەیە و تاج لەسەرنانی ئەمانە. ئەوەی کە حوکم دەکات سوپایە ، دەستەبژێرەکانن، خاوەنسەرمایە و بزنسمانەکانن، کۆمپنایا گەوەرەکان و بەڕێوەبەرە گەورەکانن، پۆلیس و تۆرە سیخوڕییەکان و دەسگەدراوییەکانن، دداگا و دادوەرەکانن، نە پەرلەمانتارەکان.


پەرلەمانتارەکان، بەڵتەچییەکان یاخود چەواشەکەرەکان، ھەرچییان ناودەنێیت، تەنھا لەوێن بۆ پەسەنکردن و بەڕێکردنی ئەو بڕیارانەی کە ناونوسم کردن، تاکو شێوە و ناوەرۆکی یاساییان پێبدەن و ئەم نوێنەرانەی گەل پەسەند و مۆری بکەن.


لە سەراپای دونیادا ئەو ڕاستییە سەلمێنراوە کە بڕیارە گرنگەکان، چارەنوسییەکان، تەنانەت زۆرێکیش لە بڕیارە بچوکەکان ھەرگیز ناچنەوە بەردەمی دەنگدەران. بۆ نموونە بڕیاری ھێڕشی ئەمەریکا و بریتانیا و وڵاتانی دیکە بۆ داگیرکردنی عێراق. لەمەدا پرس بە کەس نەکرا. بڕان و کەمکردنەوەی بیمەکان و فرۆشتنی سامان و موڵککەکانی دەوڵەت کە بە موڵکی گەل ناوزەد دەکرێت، دەنگدەر و ھاووڵاتیان بێ خەبەر دەبن لێی تاکو لە میدیاکانەوە دەیبیستن. دانانی سەرۆکی پۆلیس و دەسگەی سیخوڕی و سەرۆکی بانق و دەزگە دراوییەکانی دیکە و سەرۆکی دادگا و بەڕیوەبەرە گەورەکان نەک ئەمانەش ناگەڕێننەوە بۆ پرسی خەڵکی بەڵکو ناشخرێنە بەردەم پەرلەماناتارەکان، نوێنەرەکانمان.


بە کورتی ئەوەی کە پەیڕەو دەکرێت ناوی بێ ناوەرۆکە.

ئایا حکومەتێکی دیمۆکراتی بوونی ھەبووە یاخود بوونی ھەیە؟


دەتوانین پرسیارەکە بە جۆرێکی تر بکەین ئایا دیمۆکراتیی و دیکتاتۆرییەت ھەر یەک شت نین؟


ئەوەندەی من بەبیرم بیت و بزانم حکومەتێک نییە کە ئەگەر بۆ جارێکیش بووبێت توندوتیژی بەرانبەر بە ھاووڵاتیانی، دەنگدەرانی، بەکارنەھێنابێت. حکومەتێک نییە و نەبووە کە ھەر یەک دیوی ھەبووبێت واتە ھەر دیکتاتۆریی یا دیمۆکراتیی، حکومەتێک نەبووە و نییە کە سروشتەکەی دیمۆکراتیانە بووبێت یا خود پەنای بۆ یەک لایەنی حوکمڕانی لە دیمۆکراتی یا دیکتاتۆریی، بردبێت ، نەشکراوە کە یەک شێوازی حوکم بەکاربھینن.


زانینی ھۆکاری لۆژکیانەی ئەمەش ھەر زۆر ئاسانە. حوکمڕانیی دەبێت بەسەر کۆمەڵە خەڵکێکدا بکرێت، بۆ ئەوەشی کە حوکمکراون، فرمانپێکراون، لەھێڵ دەرنەچن، سنور نەبەزێنن، وەلایان بۆ حکومەت و دامەزراوەکانی ھەبێت. ھەر لە خەت لایان دا و وەلایان نەبوو ئەوە دەکرێت کە حکومەت توندووتیژییان بەرانبەر بەکاربھێنیت ، بۆ ئەمەش حکومەت، دەوڵەت پێویستی بە جیھازی سەرکوتکردن لە پۆلیس و سوپا و سیخوڕ ھەیە.


حکومەت، دەوڵەت، یا نییە یاخودی دیمۆکراتی نییە و نابێت ، دەوڵەتیش یا بەھێزە یا لە داڕمانایە زۆر جاریش بۆ بیناکردنەوەی خۆی بە ھێزێکی دیکەوە. ئەوەی کە حکومەت، دەوڵەت ھەیەتی سروشتی دیکتاتۆریانە، فاشستیانەی خۆیەتی کە گۆڕانیی بۆ نییە و بەسەریدا نایەت. ھەرچیش دیمۆکراتییەکەی و دیکتاتۆرییەکەیەتی مەیلە، شێوازی حوکمە، کە جاری وا ھەیە پێویستی بە نواندنی تۆزێک نەرم و نییانی و کردنی چەند چاکسازییەکی لاوەکیانە ھەیە، ئا لەم بارەدا وامان پێدەناسێنن کە دەوڵەت دیمکراتییە. کاتێکیش کە مانەوەی خۆی پێویستدەکات، تووند و تیژی بەکاربھێنێت و سەرکوتی ھاووڵاتییان بکات، حکومەت و دەوڵەتمان بە دیکتاتۆریی پیدەناسرێنرێت.

پەلاماری لایەنگرانی ترامپ بۆ سەر کۆنگریس، ئەمانە کێن و بۆچی؟


ئێستاش با لێرەوە سەرنجێکی حوکمی ترامپ لە ئەمەریکادا بدەین و دواتریش پێگە جەماوەرەییەکەی.


مێژوویەکە کە حوکمکردنی ئەمەریکا لە نێو پارتی کۆماریی و پارتی دیمۆکرات-دا دەستی دەستی دەکات. ئەم پارتانەش چ دیمۆکرات و چ کۆماری ھیچیان دیمۆکراتی نین بەڵام ھەر کامەیان شوناسنامەیەکیان بۆ خۆیان وەرگرتووە و جەماوەری خۆیان گەرچی گۆڕانی بەسەردا دێت، بەلام ھەیانە. یەکێکیان حیزبی دەسڕۆیشتوان، بزنسمانان و سەرمایەدارانن. ئەوی تریان ئاوا ناوی ڕۆیشتووە و لە میدیای فەرمیشدا بە دیمۆکراتی دادەنرێت. میدیا و خۆیان وا لە خەڵکی دەگەیەنن کە دیمۆکراتییەکان نەک ھەر دۆست، بەڵکو حیزبی ڕەشپێستان و خەڵکانی بێگانە و کرێکاران و ھەژارانە.


بەلام لە ڕاستیدا جیاوازییەکی زۆر جەوھەری لە نێوانیاندا نییە. لە حوکمی ھەر یەکەیانا گۆڕانکاری بەسەر سیاسەتە بنەڕەتییەکانی ئەمەریکا، چی لە ڕووی سیاسییەوە یاخود کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە تا ڕادەیەک ھەر نایە. دۆست و دوژمنەکان، دۆست ودوژمنی ھەردوولان، زەرەر و قازانجی ئەمەریکا ھەرچی بێت ھی ھەردوکیانە.


پرۆسەی ھەڵبژاردنی گشتی لەوێ پارەیەکی ھێکجار خەیاڵی تێ دەچێت، ڕەنگە باوەڕ نەکەیت کە کولفەی ھەڵبژاردنی ڕابوردوی ئەمەریکا لە نێوانی ھەر ھەموویانا ١٤ ملیار دۆلاری تێچووە، چەند پارەیەکی خەیاڵییە دوو ئەوەندەی ھڵبژاردنی ٢٠١٦ بووە.


لە ھەڵبژاردنیشدا ھەموو شتێک بۆ ھێنانی دەنگ، دەکرێت، ھەموو درۆ و دەلەسەیەک ڕەوایە ، ھەموو بوختان و لەکەدارکردنێک بۆ زڕاندی یەکدی ئاساییە، ئەوەی لەژێر بەڕەی پەنجا ساڵ لەمەوبەری جەنگی ئەمەریکادا بۆسەر ڤێتنام، ھەیە، دەھێنرێتە سەر بەڕە . باشترین کاتە بۆ میدیای ئەمەریکا بۆ دۆزینەوەی کارە ئابڕووچوەکانی کاندیدەکان و گاڵتەجاڕیی دیمانەی ڕادیۆ و تی ڤییەکانیان.


دۆناڵد ترامپ لە ھەردوو ھەڵبژاردنەکەی ٢٠١٦ و ٢٠٢٠ کەوتە مەعرەکەیەکی زۆر نابەرانبەر و مەترسیدارەوە لەگەڵ میدیا و نەیارەکانیا، بەڵام ھێشتا لە ٢٠١٦ دا ھەر بردییەوە. لە ٢٠٢٠ دا وێڕای ئەوەی کە میدیای ئەوروپی و ناوخۆی ئەمەریکا زۆر دژایەتییان کرد، کە بەشی ھەرە زۆری ئەوەبوو کە لە ھەقەتدا ترامپ زۆر بە جوانی وەکو خۆی ڕواڵەت و جەوھەری سیستەمی سەرمایەداری و دەوڵەتی ئەمەریکای نیشاندەداین ، کە بووە ھۆی خولقاندنی بزوتنەوەی جەماوەری گەورە، مانگرتن ، خۆپیشاندان کە ماوەیەکی زۆر زۆر بوو ئەمەریکا ئەوەی بە خۆیەوە نەدیبوو. ھاوکاتیش پرسی کۆرۆناش زەربەیەکی زۆر گەورەی لێدا بەڵام ھێشتا توانی ٧٤،٢٢٢،٩٥٨ دەنگ لە بەرانبەر جۆی بایدن-دا ٨١،٢٨٣،٠٩٨ بھێنێت کە بە ڕێژەی سەدیش ترامپ لەسە ٤٦.٨ و بایدن ٥١.٣ دەنگیانھێنا. لە ڕاستیدا جیاوازی نێوانی دەنگەکانیان ٧ ملیۆن تۆزێک زیاتر بوو، بەڵام بە بەراورد بە ھەڵبژارردنی ٢٠١٦ ترمپ ١١ ملیۆن زیاتر دەنگی ھێنا.


ئەمە گەورەترین ھەڵبژاردن بووە لە مێژوی ١٤٠ ساڵەی ئەمریکادا کە زیاتر ١٥٩ ملیۆن کەس دەنگیان داوە. ئەم ژمارە گەورەیەی کە دەنگییان بە ترامپ دا زۆربەیان کرێکاران و ھەژارانی ئەمەریکا بوون تەنانەت بەشێک لە پێستڕەشەکانیش دەنگیان بۆدا. ڕاستە خەڵکی ڕاستڕەو و فاشستەکانیش دەنگیان بۆ دا بەڵام ئەمانە ھەرگیز زۆرینە نەبوون، زۆرینەی دەنگدەرانی ترامپ وەکو وتم کرێکاران و خەڵکانی ھەژار و ئاسایی ئەمەریکا بوون . ئەمەش بە گاڵتە نەبوو لەبەر ئەوەی لە ٣ ساڵی یەکەمی حوکمیدا، ژیانی ئەمەریکییەکان بە بەراورد بە جۆرج بوش و ھەتا ئۆباماش باشتر بوو. بۆ نموونە: ئابوری ئەمەریکا بە ڕێژەی لەسەدا ٢.٥ ھەڵکشا، ژمارەی بەتاڵە لە دابەزیندا بوو تا گەیشتە ڕێژەی لە سەدا ٣.٥ ، داھاتی خەڵکی بە بڕی ٦٠٠٠ دۆلار ساڵانە سەرکەوت، لانی کەمی کرێی بۆ کرێکارانیێک کە سکیڵیان نەبوو یاسیکیڵێکی کەمیان ھەبوو بەرزکردەوە، بەڵام ئەمانە ھەر لە ٣ ساڵی یەکەمی حوکمیدا پێش ھاتنی کۆرۆنا. ئەمە جگە لەوەی ترامپ خۆی بە دوور گرت لە شەر لە تەک کۆریای باکور، ئێران، ڕوسیا ، کشانەوەی بەشێک سوپای ئەمەریکا لە ئەفغانستان و لە عێراق و گەڕاندنەوەی سەربازان بۆ ناو کەسوکاریان و سازشکردن لەگەڵ تالیبان، ھەروەھا دوو سەرکردەی گەورەی تیرۆریستیشی ، بەغدادی و قاسمی سولێمانی ، لەناو برد کە سەراپای حوکمدارانی ئەوروپا و میدیا دژ بەمە وەستانەوە. ئەمانە ھۆکار بوون بۆ جەماوەریبوونی ترامپ و ھاتنی خەڵک بۆ سەر سندوقەکانی ھەڵبژاردن.


ئەگەر تێبینی بکەین ئەوە دەبینین لە زۆر وڵاتی ئەوروپی و ئەمەریکادا بە گوێرەی داخوازی و پێویستی سەرمایە، کاپیتاڵیزم ، لە چەند ساڵێکدا چەپ و پارتە کرێکارییەکان و سۆشیالدیمۆکراتەکان دێنە سەر حوکم و لەو چەند ساڵەدا کە خەڵک بۆی دەردەکەوێت کە گۆڕانکاری گرنگ ڕوونادات جارێ تر حیزبە ڕاستڕەووەکان ھەڵدەبژێرنەوە ، کە لە حوکمی ئەوانیشدا دەستیان لە بنی ھەمانەکەوە دەردەچێت دووبارە دەگەڕێنەوە سەر ھەڵبژارردنی چەپەکان. ئێستا دەینینین کە وەرزی ھاتنی حیزبە ڕاستڕەو ڕایسستەکانە ، تەماشا بکەن ھەر لە بریتانیاوە تاکو ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئەمەریکا و سوید و بەرازیل فلیپین، یۆنان و پۆڵۆنیا ڕاستڕەوەکان لە حوکمدان. دووریش نییە حوکمی چەند ساڵی ئایندە چەپەکان دووبارە وەکو دەیەی یەکەمی ئەم چەرخە، بێنەوە سەر حوکم.

 
ئیتر ئاوایە و ئەمەش جێی سەرسوڕمان نییە و ژیان لە سای سیستەمی پەرلەمانتارییدا گۆرانکاری جددی ڕوونادات. ھەر ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی کارایی لەسەر زۆربوونی شەپۆلی ڕایسستانە و ڕاستڕەویی و ھەژموونیان ، دادەنێت.


لەسەردەمی فرمانداری چەپەکاندا ، سۆشیالدیمۆکراتەکانا ، حیزبە کرێکارییەکانا لەبەر ئەوەی کە گۆڕانکاری سەرەکی ڕروونادات، گرانی و بەتاڵەیی و بێ خانووبەرەیی و قەرزاریی و ھەژاری زیاتردەبێت لەپاڵ ھاتنی زیاتری پەنابەران و کۆچبەرانا ... ئەمانە ھەمووی دەبنە ھۆکاری زیادبوونی ژمارەی ڕایست و فاشت و مەیلی ڕایسیزمانە و فاشیزمانە . تەنھا جیاوازییەکە ئەوەیە کە لە سەردەمی چەپ و سۆشیالدیمۆکرات و حیزبە کرێکارییەکاندا ئەمانە دەچنە ژێرزەمینەوە و خەباتی خۆیان دەکەن و جارو باریش بۆ نیشاندانی ھێز و بازوویان دژ بە پەنابەران و کۆچبەران دێنە سەر شەقامەکان . لەسەردەمی حوکمی ڕاستڕەکانیشا ئەمان لەژێرزەمین دێنە دەرەوە و دەکەونە خەباتی ئاشکرایی و دەوڵەتیش بە ناڕاستەوخۆ پشتگیرریان دەکات.

 

١٦\١\٢٠٢١
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
 



 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک