٢٩\٧\٢٠١٧
خودی پرۆسەی
گشتپرسیی دیموکراتیانە نییە.

زاھیر باھیر
با لەوەی گەڕێین کە کێ گشتپرسیی لە کوردستانا دەکات و بۆ چ مەبەستێک و
ئەنجامێک دەیکات . من لام وایە ئەمە لای زۆربەی زۆرمان ڕوون و ئاشکرایە.
ئەوەی کە گرنگە بیزانین ئەوەیە کە خودی پرۆسەی گشتپرسیی ، پرۆسەیەکی
دیمۆکراسیانە نییە ، ئاخر وەرەقەی ھەڵبژارادن تەنھا دوو ھەڵبژاردەت
بداتە دەست و تەنھا یەک وەڵامیشت پێڕەواببینێت، دەبێت دیمۆکراتییەکەی
لە کوێدا بێت؟!! کە لەم بارەدا ھیچ وەخت وردەکارییەکان و زەرەر و
زیانەکانی سەرنجامەکەیت پێناڵێت . ئەمە جگە لەوەی کە ئەو گشتپرسییانەی
کە لە جیھانیشدا کراون، ئەوەندەی کە من ئاگەداربم لێیان ، یا خواستی
دەوڵەتەکان بووە ، یا حیزبەکانی ناوەوە و دەرەوەی پەڕلەمان بووە ،
ئەوانیش وەکو ھەموان دەزانین نمایندە و نوێنەرانی بزنسن و
دەوڵەتەکەشیان یا ئەو دەوڵەتەشی کە موعارەزە دەیەوێت دروستی بکات،
بەشێکی یەکگرتوی سیاسەتی لیبراڵ و ئابوریی نیو-لیبراڵ دەبن. کەواتە
گشتپرسیی لەلایەن گەلەوە کە ھەرە زۆرینەیە نە بڕیار دەدرێت و نە
لێدوانی لەسەر دەکرێت و نە لەسەر دەستی ئەوانیشدا ئەنجامدەدرێت.
ڕەنگە دۆستان و خوازیارانی ڕیفرۆندۆم پێمانبلێن ، ئەمە ڕاستە بەڵام
گشتپرسیی پێشوەخت کەمپەینی بۆ دەکرێت و ھەردوو بەرەکەش ماف و ئازادی
خۆشیان بە تەواوی ھەیە لە دەربڕینی مەبەستی خۆیان و ئەوەی کە
دەدیانەوێت بیگەیەننە جەماوەر یاخوود ھاووڵاتیان.
بەڵام ئەم دۆستانە ئەوەیان لەبیردەچێت کە جگە لە میدیا کێی تر پەخشی
ڕاوبۆچونی ھەڵمەتکەرانی گشتپرسیی دەکات. لەم بارەشدا گەر میدیا دەوڵەتی
بێت ئەوە ھەمیشە بەلای دەوڵەتدا دایدەشکێنێت ، واتە بە ناڕەستەوخۆ
لەگەڵ ئەو لایەنە کەمپەینەدایە کە دەوڵەتی لە پشتەوەیە . خۆ ئەگەر
میدیای ئەھلیش بێت، تایبەتی/ کۆمپانیا بێت، ئەوە بە پارە دەکەوێتە گەڕ
، بەرەیەک لە ھەڵمەتکەران گەر پارەی تەواویان نەبێت بۆ بەکارھێنانی
میدیا بۆ مەبەستەکەیان ، ئەوە مەبەستەکەیان یا پەیامەکانیان ناگاتە
بەرچاو و بەرگوێی جەماوەر. کەواتە لێرەدا کە شتێک بە پارە بەڕیوە برا،
ئیتر دیمۆکراسییەتی تیادا نامێنێت.
دووھەم: لە بریتانیادا، ئێمە لە ماوەیەکی کورتدا دوو گشتپرسییمان بینی
یەکەم سکۆتلەند و دووھەم ئەمەی بریتانیای ٢٣/٠٦/٢٠١٦ ، کەواتە ئێمە
ئەزموونی گشتپرسییممان لەبەر چاوە و کەمەپەینێکی چڕوپڕیش لە
ھەردووکیانا لە لایەن ھەردوو کەمپەکەوە بەڕێوە چوو تا گەیشتنە ڕادەی
سوکایەتیکردن بە کەسایەتی لایەنەکانیش.
من لێرەدا تەنھا باس لەمەی ٢٣/٠٦/٢٠١٦ دەکەم کە بۆ مەبەستی مانەوە یا
دەرچون لە یەکێتی ئەوروپا کرا . ڕاستە کەمپەینێکی چڕوپڕ کرا بەڵام
ھەرگیز خۆیان نەدا لە خاڵە سەرەکیەکان بەتایبەت لە لایەن کەمپی دەرچوون
لە یەکێتی ئەوروپا ، ئەسڵەن ھەر کەمپەینەکە لەسەر بناخەی درۆ و ساختە
دروستکرا و بۆشیان چووە سەر و وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەرچون ، کە
ڕەنگە گەر ئەمە لە ھەندێک وڵاتانی تردا بکرایە، ئەوانەی کە ڕۆڵی
سەرکییان ھەبوو لەوێدا و ئێستاش ھەر ڕۆڵی سەرەکییان ھەیە لە ئیدارەی
دەوڵەتدا ، ببرانایەتە دادگاو سزای پێویست بدرانایە.
ئەمان پێیان وتین کە بە دەرچون لە ئەوروپا دەتوانرێت مانگانە ٣٥٠ ملیۆن
پاوەند پاشەکەوت بکرێت و ئەمەش بدرێتە سیستەمی چارەسەر و تەندروستی و
ئەو قەیرانەی کە ھەیە دەفعی بکات . وتیان بریتانیا دەبێتە خاوەنی
بڕیاری خۆی و لە پاشکۆی بڕیارەکانی برۆکسل دەردەچێت. وتیان کە ئیتر
سنور بۆ پەنابەران و کۆچبەران دادەنرێت، سنوریان لێدەبەسترێت و خەڵکانی
وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژھەلات و شوێنەکانی دیکە دەنێرنەوە. لە ھەر ھەموویا
درۆیان کرد.
بەڵام پێیان نەوتین : کە نرخی پاوەن ھەر ئەو شەوە گەر خەڵک بۆ دەرچون
لە ئەوەروپا دەنگ بدات بە ڕێژەی لە سەدا ١٨ دەشکێت، پێیان نەوتین، کە
نرخی میوە و سەوزەو بەروبومی ئاژەڵ کە دەھێنرێن بۆ ئەم ولاتە لە
ئەورپاوە بە ڕێژەی لە سەدا ١٣ بۆ لە سەدا ٣٥ دەچێتە سەرەوە [ دەکەوێتە
سەر ئەوەی کە ھاوردە دەکرێت] ، ئەوەیان شاردەوە کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا ٢٦٠
ھەزار کەس ھاتۆنەتە ئەم وڵاتەوە بۆ کارکردن بەڵام ئەم ژمارەیە لە ساڵی
٢٠١٥ بووە بە ٢٨٠ ھەزار کەس . پێیان نەوتین بە ناردنەوەی خەڵکی بۆ
وڵاتانی خۆی سیستەمی تەندروستیمان { خەستەخانەکان و کلینیکەکان ] ھەرەس
دەھێنێت و تەواو دەبێت بەھۆی ئەوەی کە لە سەدا ٦٠ دکتۆر و نێرس و
کارمەندان، خەڵکانی وڵاتانی دیکەن . پێیان نەوتین کە کێڵگەکانی بریتانی
متمانەی لە سەدا ٧٠ چنەرەوەی بەروبوومی کشتوکاڵییان، لەسەر خەڵکانی
ئەوروپای ڕۆژھەڵاتن ، ئەوەیان شاردەوە بە ھاتنە دەرەوەمان لە یەکێتی
ئەوروپا ھاوردەی ئەوێ بۆ ئێرە کەمتر باجی لەسەر دەبێت وەک لە ھەناردەی
ئێرە بۆ ئەوێ ، پێیان نەوتین کە مەنحەی کێڵگەوانەکان دەبڕێت و دەوڵەتی
بریتانیاش ئەو ھەقەیان بۆ ناکاتەوە . ئەوەیان باش ڕووننەکردەوە بە
ھاتنە دەرەوە لە ئەوروپا ژینگە خراپتر و پیستر دەبێت و ئیدی بریتانیا
لە گەڵ ستاندەری ئەوەروپادا ناڕوات و خواردەمەنی ئۆرگانیک و نائۆرگانیک
لە یەکتری جیا ناکرێنەوە [ واتە وەرەقەی لەسەر دانانێن تاکو ببینرێت کە
ئۆرگانیک یا نائۆرگانیک ] گەلێک خاڵی دیکە کە ھاووڵاتیانی بریتانی لێی
بێ ئاگا بوون . ئەمە جگە لەوەی بەشێکی زۆری خەڵک لێرە زیاتر تەماشای
بەرنامەی دیکە دەکەن وەک لە ئەخبار و کەمپەینی ھەڵبژاردن ، ھەروەھا
زیاتریش ڕۆژنامە ڕایسست و سێکسییەکان و ئەوانەی کە بابەتی باش باس
ناکەن دەخوێننەوە . بەڕاستی لەم وڵاتە خەڵکانێکی زۆر کەم گوێ لە
دەنگوباس دەگرن و ڕۆژنامە باشەکان دەخوێننەوە.
گشتپرسیی کاتێک دیمۆکراتیانەیە کە خەڵکی خۆی بیکاتە پرسی خۆیی و
دواجاریش لە سێنتەرەکانی گەڕەک و سەرکار و شوێنەکانی دیکەدا لێدوان و
قسەی لەسەر بکات و تاووتوێی بکات و بڕیاری لەسەر بدات ، نەک پرۆسەیەکی
دەوڵەتی و حیزبە سیاسییەکان بێت و میدیای دەوڵەت و کۆمپانییە
زەبەلاحەکانیش بانگەشەی بۆ بکەن.
٢٦\٧\٢٠١٧
- لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|