په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٨\٢٠١٣

 خود لە پەراوێزى منى تەنیادا.
- (زانا سامان) و (ئەسکەندەر زرار) وەکو دوو پەراوێزخەرى خود -


بڵند رۆستەم      


حاشاکردن لە (خودى هەبوو) ، یەکێکە لە سیما دیارەکانى شیعرى نوێى کوردى . زۆر لە شاعیرە گەنجەکان ، لە خودى خۆیان دوور دەکەونەوە ، خودى خۆیان لەسەر تاشەبەردێکى کەنار دەریا دادەنێن و خۆشیان بە نەفرەتلێکراوێک دەچوێنن ، کە دەریا نەفرەتى لێکردووە ، لە کاتێکدا هەر خۆیان وێناکەرى (دەریا) و (خودى هەبوو ) و (خودی خەیاڵی)ن.


شیاوە دەقى ئەدەبى ببێتە شوێنى یەکلایکردنەوەى کێشەکانى خود لەگەڵ خود خۆى و لەگەڵ دۆست و نزیکانى خود و ئەو بچمانەشى وەکو ئەنتى خود سەر لە نوێ خۆیان بەیان دەکەنەوە .ئەو خودەى لە بەرامبەریدا ئەنتى خود بوونى هەیە ، خودێکى تەنیایە.


ئەگەر تێکستى ئەدەبى بکەینە سەنتەر و مەرکەزى گەیشتن بە خود و گەیشتن بەو پەیکەرەى دەکرێ ناوزەدى بکەین بە (دوورکەوتنەوە لە خود) ، ئەوا پێویستیمان بە وردبینى هەیە ، وردبینى لە هەڵبژاردنى تێکستێکى دیاریکراودا.


زۆر ئەستەمە بۆ قسەکردن لەسەر وەها بابەتێک، دیوانێکى شیعرى تەواو بخەینە ژێر تیشکى باسەکەمانەوە ، ئەوەى هەیە ، بچوکبوونەوە و دابەزینە بۆ ئاستى تێکستێک یان چەند تێکستێکى نێو کۆمەڵێک تێکست ، چونکە بابەتى خود لە شیعرى شاعیرە گەنجەکانماندا ، بابەتێکى شێواوە، بە جۆرێک وێناى خود لە شیعرێکەوە بۆ شیعرێکى دیکە تەواو جیاوازە و مەحاڵە بتوانین تاقە خودێک بدۆزینەوە ناوى بنێین خودى شاعیر ، بەهۆى مەوداى زۆرى نێوان خود و ئەو خودە خەیاڵى و وێناکراوەى گەرەکیەتى خۆى بسەپێنێ بەسەر خودى ڕاستەقینەدا ، دیسانەوە مەحاڵە خودێک بدۆزینەوە وەکو خودى پەرتبوو دەربکەوێ.


ئەوا لێرەوە قەسیدەى (شێتبوونێکى بە پەلە)ى (زانا سامان)و (کاتێ کات تەواو بوو ، پێویستیمان بە مردن هەیە )ى (ئەسکەندەر زرار) ، وەکو دوو تێکستى ئەدەبى ، دەکەینە مەرکەزى یەکەمى قسەکردنمان لەسەر (خود) و (ئەنتى خود) و (خودى خەیاڵى ) و ...هتد.


(ئەسکەندەر زرار) لە قەسیدەکەیدا دەڵێ:


((وەکو مەسیح لەخاچمدەن
من کوڕى ئاسمانم

وەکو ئیبراهیم بمسوتێنن
من پیکەرى خودا دەشکێنم

یوسف نیم ،دڵى زولەیخا بشکێنم
زۆربا ئاسا مەى دەنۆشم ، ڕۆح دەژەنم
کێڵگەى ژن ئاوپرژێن دەکەم
ئەوانەش تلیاکى شیعر دەکێشم)).


(ئەسکەندەر) بە ڕوونى و بە ئاشکرا جێگۆڕکێى کردووە لە نێوان خود و ئەویتردا ، خود جێگاى ئەویترى گرتۆتەوە ، ئەوەتا بوونى ئاشکرا و دیار و زەمینى خۆى گۆڕیوەتەوە بە بوونێکى نادیارى ئاسمانى ، وەلێ ئەویتر جێگاى خودى نەگرتۆتەوە ، لێرەوە دەکرێ خوێنەر لە خود بپرسێ : هەر بەڕاست ئاسمان کوڕى هەیە ؟ . ئەوەى وەڵامى ئەو پرسیارە دەداتەوە ، خودى شاعیرە ، چونکە تاقە کەسێکە حزورى هەبێت ، لە کاتێکدا ئەوە ئەرکى ئەویترە وەڵامى پرسیارەکە بداتەوە نەک خود.


(زانا سامان ) لە قەسیدەکەیدا دەڵێ:


((خۆم تێک و پێک دەشکێنم
وا دەکەم کەس نەمناسێتەوە ،
گوزەرى تێپەڕینەکانم دەگۆڕم
لەسەر سەر
ریگاکان دەبڕم ،
لەجیاتى چاوم
پشتم لە عیشق دادەنێم ،
عەجیب خۆم ئاڵۆزکاو دەکەم)).


(زانا) لەیەک خاڵدا لەگەڵ (ئەسکەندەر)دا دێتەوە یەک ، ئەویش خاڵى مامەڵەکردنە لەگەڵ خود ، هەردوو شاعیر هەوڵدەدەن مامەڵەیەکى ئەویتریانە لەگەڵ خوددا بکەن ، بەڵام شێوازى کردارەکە لاى هەردوو شاعیر جیاوازە ، لاى (ئەسکەندەر) خود جێگۆڕکێى کردووە لەگەڵ ئەویتردا ، بەڵام لاى (زانا ) خود جێگۆڕکێى کردووە لەگەڵ (خودى خود)دا. (زانا) دەستکارى وێنا کۆنەکەى خودى کردووە و گۆڕیویەتى و گەرەکیەتى ئەو خودە تازەیە ، ئەو (خودە گۆڕاوە) ، جێگاى (خودى کۆن ) و (خودى چەقیو) بگرێتەوە.


ڕێک ئاوایە ، قسەکردن لەسەر چەند بابەتێک بەیەکەوە ،پێویستى بە جۆرێک لە پۆلێنکردن هەیە ، یانى ناکرێ ئێمە قسە لەسەر بابەتى ئەخلاق بکەین ئەگەر قسەمان نەکردبێ لەسەر خود ، بەڵام بۆ قسەکردن لەسەر خود ، پێویستیمان بە گەڕانەوە نییە بۆ ئەخلاق ، چونکە خود دەروازەى ئەخلاقە نەک بە پێچەوانەوە ، بۆیە من وەکو نووسەرى ئەو بابەتە ، ڕێگا بە خۆم دەدەم ڕاستەوخۆ و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەخلاق ، قسە لەسەر خود بکەم ، بەڵام دواجار ئەمە ئەوە ناگەیەنێک کە ئەو خودانەى باسیان دەکەین بکەونە دەرەوەى ئەخلاقەوە ، بابەتەکە پەیوەستە بە پێویستى قسەکردن و ئەوەى کە من دەبێت چى بڵێم و دەبێت چى نەڵێم.


بۆ قسەکردن لەسەر خود، ڕووبەڕووى کۆمەڵێک دەرگاى جیاواز دەبینەوە ، هەندێ لە دەرگاکان کراوەن و هەندێکى تریان داخراون و هەندێکى تریان شکاون ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کلتورى جیاواز و وێنا جیاوازەکانى خود و شێواز و میتۆدە جیاوازەکانى قسەکردن لەسەر خود . کەواتە خود یەک جەستە نییە (مەبەست لە خودى گشتییە ،نەک خودى تایبەتى ، یانى مەبەستمان قسەکردنە لەسەر خود لە روانگە گشتییەکەیەوە).


خودێک هەیە لەناو خودى ئێمەدا ، ئەو خودە چۆن منداڵێکى ساوایە ، وەلێ زۆر جوان بیردەکاتەوە و تواناى بیرکردنەوەى بەرزە ، ئەو باسەش گفتوگۆ هەڵدەگرێ کە ئایە ئەو منداڵە ساوایە خودە ڕاستەقیەنەکەیە یانى ئەو خودەى فەیلەسوفان بە خودى حەقیقى ناوزەدى دەکەن یان خودى هەڵگرى ئەو منداڵە ساوایە خودە حەقیقییەکەیە ؟، بە تەفسیرێکى ئاسانتر : ئایە مرۆڤەکەى ناومان خودى حەقیقییە یان خودى خۆمان؟


(زانا سامان) لە قەسیدەکەیدا پێمان دەڵێ : مرۆڤەکەى ناوەوە کە بە دڵى شاعیر چوێنراوە ، خودە حەقیقییەکەیە نەک خودى (زانا) ، یانى دڵى زانا خودى حەقیقییە نەک زانا خۆى ، ئەوەتا خۆى بەستۆتەوە بەو دڵەوە و پەیوەستبوونى تەواوى خۆى بە دڵەوە ڕاگەیاندووە ، ئەو پەیوەستبوونە تەواوە ، دەرخەرى ئەو ڕاستییەیە کە دڵى (زانا) کە ڕۆڵى مرۆڤەکەى ناوەوە دەبینێت لەسەر شانۆى شیعردا ، مرۆڤە حەقیقییەکەیە. (زانا ) دەڵێ:


((دڵ هەتا لە من دەرنەچێ
مەحاڵى من لێى دەرناچم)).


(ئەسکەندەر زرار) خودى ناوەوەى کوشتووە و لە گۆڕستانى ئەویتردا ناشتوویەتى ، دەشکرێ خودى ناوەوەى دەرکردبێ و نەفرەتى لێکردبێ لە دونیاى شیعرەکەى خۆیدا . وا هەست دەکەم شاعیر مەبەستى بووبێت لەو شیعرەدا لە رێگەى کوشتنى خودى ناوەوە کە لەسەرەوە بە خودى حەقیقى ناومان برد ، جوانى ببەخشێ بە دەقەکەى ، وە توانیویەتى تا ئەندازەیەکیش لەو کارەیدا سەرکەوتوو بێت ، بەڵام دواجار شاعیرەکەمان ، بکوژێکى جوانە. (ئەسکەندەر) دەڵێ:


((گوللە بارانم کەن
پەل پەلم کەن
من جیادەبمەوە لێتان
جیا دەبمەوە لەو جیهانە
لەم وڵاتە ، لەم شارە ، لەم گەڕەکە
جیا دەبمەوە لەم ماڵە، لەم کۆڵانە ،لەم ژوورە
لە ناوەوە ناوەوەى خۆمدا
سەربەخۆیى ڕادەگەیەنم)).


پەرتبوون بە ماناى تەقینەوە نایەت ، زۆرجار فیکر دەتەقێتەوە و لەدواى خۆیدا بەهەشتێک دەخوڵقێنێ ، بەڵام ئەوەى (ئەسکەندەر) پێشکەشمان دەکا بەهەشت نییە ، دۆزەخێکە خودى فیکر دەسووتێنى ، سەیرکەن ، ئەو لە بەشى سەرەوەى شیعرەکەیدا دەڵێ : ((من کوڕى ئاسمان))م ، بەمەش خۆى وەکو ڕۆحێک وێنا دەکا لە بەرامبەر خودادا ، کەچى دواتر هەر ئەو ڕۆحە دێت و خۆى دەکاتە جەستەیەکى فیزیکى زیندوو کە بانگەشەى جیابوونەوە لە گشت دەکا . وەک لەسەرەوە گوتمان، (ئەسکەندەر) بکوژى خودى ناوەوەیە ، لە کاتێکدا لاى (دیکارت) خودى حەقیقى خودێکى خاوەن ئیدراکە و پێیوایە بیرکردنەوەى دوور دەڕوا. ئەگەر قەراربێت خود بەرهەمى کۆمەڵگا بێت و لە کۆمەڵگاشەوە ناسنامەى خۆى وەربگرێ ، ئەوا (ئەسکەندەر) لە یەک کاتدا دەبێتە بکوژى خودى دەرەوە و خودى ناوەوە.


ئەوەى شوناسى کەسێک دیاریدەکا و وایلێدەکا بیناسینەوە و دواتر مامەڵەى لەگەڵدا بکەبن و پەنجەى لە ئاستدا شل بکەین ، چۆنیەتى بینین و تێبینیکردنى خودە جەوهەرییەکەیە ، ئەمەش دوو وەسفى گشتى و تایبەتى لە خۆ دەگرێ و هەڵگرى هەردوو وەسفەکەیە وەکو دوو وەسفى جیاواز ، ئەگەر ڕوونکردنەوەیەک بدەین لەو ئاستەدا ، ئەوا دەکرێ بڵێین مەبەست لە وەسفى تایبەتى ، خاسیەتەکانى کەسەکەیە ، شوناسى خودیش عەقڵ و ژیری خودە ، واتە عەقڵ و ژیرى شوناسى خود دیاریدەکەن و بەرپرسیارن لەو شوناسە ، ئێمە هەریەکەمان دەرک بە خودى تاک دەکەین و هەست بەوە دەکەین ئەوەى لە بەرامبەرماندایە شتێکە کە دەکرێ لە وشەیەکدا چڕى بکەینەوە ، ئەویش وشەى (تاک)ە ، دەشکرێ بڵێین خودێک کە جێگاى گومان نییە و دڵنیاین لەوەى لەسەر ئەرزى واقیعدا بوونى هەیە و تواناى و هاموشۆ و خواردن و خەوتن و خوێندنەوە و دواتریش داهێنانى هەیە ،خودێکى بیرکەرەوەیە ، بەو مانایەى تواناى بیرکردنەوەى هەیە و ئاگایە بە بوونى خۆى و لە بوونى خۆى دڵنیابۆتەوە و هیچ شک و گومانیکى نییە لە بوونى خۆى (تیۆریەیەکى دیکارت لە فەلسەفەى مۆدێرندا هەیە جەخت لەسەر ئەو خاڵە دەکاتەوە)...


ئەگەر بڕیار بێت خود کۆى هۆشیارى نەبێت وەک ئەوەى (جۆن لۆک) دەڵێ ، ئەوا خود بەشێکە لە عەقڵ ، خود ئەو بەشەى عەقڵە کە هەڵگرى ڕابردووە . لاى (جۆن لۆک) ئەمە گوزارشتە لەوەى کە ئێمە هەمان کەسین لەپەناى گۆڕانە ڕادیکاڵییەکاندا .لاى (کیرکگارد) خود یەکسانە بە سۆز و لاى (نیتشە) خود (ئیرادە)یە. دەشکرێ خود بیرکردنەوەى عەقڵانى بێت . لێرەدا پرسیار دەکەین:


(ئایا ئێمە جگە لە ناسینى خۆمان ، تواناى ناسینى ئەوانیتریشمان هەیە؟).


ئەگەر قسەکردن لەسەر هەر یەکێک لە ئێمە قسەکردنێکى ڕووت بێت لەسەر هوشیاریمان و قسەکردن لەسەر هۆشیارى قسەکردن بێت لەسەر ئێمە ، لەو ئاستەدا چۆن چۆنى دەتوانین بگەین بە خودەکانى دەرەوەى خودى خۆمان؟


بیرمەندێکى وەکو (سارتەر) ئەنتى ئەو بۆچونە بوو ، پێیوابوو خود بەردەوام لە داهاتوودا دانیشتووە ، ئێمە دەمانەوێ خۆمان بکەین بە شتێک.


ئەو تیۆریانەى لە فەلسەفەدا پێیانوایە خود بوونى هەیە، لاى (سارتەر)بێ کەڵکن ، چونکە (سارتەر) پێیوایە خودى ڕەسەن شتێکە بنیاتدەنرێ ، شتێک نییە بدۆزرێتەوە ، (سارتەر) ئەو تیۆریانە بە بەدئیمانى ناودەبا.


ئەو شتەى نزیکە لە گومانگەرایى (هیوم)ەوە ،ئەو دیدەیە کە دەشێ بە (solipsism) ناوزەندى بکەین ، مەبەست لەو تیۆریەیە کە پێیوایە من تاقانەیە و تەنها ئەوە کە شیاو بێت ناسنامەى بوونى پێبدەین.


پەیوەندى نێوان خود و ئەویتر لە شیعرەکەى (زانا)دا، پەیوەندییەکى پچڕ پچڕە ، بەڵام دواجار هەست بە بوونى پەیوەندییەک دەکرێ ، قسەى ئێمە لەسەر یەک پارچەیى و پچڕپچڕى پەیوەندییەکە نییە ، ئێمە قسە لەسەر بوون و نەبوونى پەیوەندى دەکەین ، هەستکردن بە بوونى پەیوەندییەک ئەگەر پچڕپچڕیش بێت ، گوزارشتە لە بوونى پەیوەندییەک ، دواجار بوونى پەیوەندییەکە دەبێتە پەراوێزى بابەتێکى گرینگتر کە بوونى خودەکانى دەرەوەى خودى شاعیرە و شاعیر دواى ئەوەى لە بوونى خۆى دڵنیادەبێتەوە ، ئەوا سەلماندى بوونى ئەوانیتریش بۆ ئەو ئەستەم نییە کە ئەمەش دیدە دیکارتییەکەیە.


(زانا) لە هەندێ دێرى شیعرەکەیدا وەها مامەڵە لەگەڵ بەرامبەرەکەى دەکا و ئەوەندە دڵنیایە لە بوونى بەرامبەرەکەى ، وایلێدێ لە بوونى خۆى بکەوێتە گومان ، واتە هاوکێشەکە سەیر دەگۆڕێت ، لە پێشتردا دڵنیابوون لە بوونى خود فاکتەرى دڵنیابوون بوو لە بوونى ئەوانیتر ، بەڵام ئەمجارەیان دڵنیابوونەوە لە بوونى ئەوانیتر ، فاکتەرى گومانکردنە لە بوونى خود ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خۆشەویستییە زۆرەى خود بۆ ئەویتر هەیەتى ، ئەویترێک کە یارى شاعیرە.


لە خوارەوەدا خۆشەویستى زۆرى شاعیر بۆ یار دەردەکەوێ:


((بۆم بهێننەوە
وادەى ویساڵى
ئەوێى مەستى مەستى نوزەنوزەکانى عیشق
بۆم بگێڕنەوە
کە من لەناو خانەکانى تەنیایدا بزربووم
کێ بوو کێ
ببووە جێنشینى قەسیدەکانم)).

______________________
سەرچاوەکان:
١- شێتبوونێکى بە پەلە / زانا سامان / گۆڤارى هەنار / ژمارە ٨٦.
٢- کاتێ کات تەواو بوو ، پێویستیمان بە مردن هەیە / ئەسکەندەر زرار / هەولێر / ٢٠١٣.
٣- فاروق رەفیق / فەلسەفە و ژیان ،ل ٣٤٥ - ٣٥٣ / سلێمانى / ٢٠٠٩.
٤- اشنایى با دکارت / پل استراترن / ترجمەى هومن اعرابى / چاپ سوم.
٥- Lachuta / CAMUS / Introduzione di:zulima zulyharr/ Italia / 1995.

 

ماڵپه‌ڕی بڵند رۆستەم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک