٦\٥\٢٠٢٣
خولیای فڕین.

ئیلهام مورادی
نەخۆشخانە
رووپەڕێکی رەنگییە
پردێکی لەرزۆکە لە هەلهەلەی یادێکدا
لە نێوان مان و ژیانا
دوکتۆر مەکە پشکنینی دڵم
دەمێکە برینداری بێ بەزەییە ژیان
لێمگەڕێ با لە دوا وێسگەی ئەندێشەدا
پەنجەرە نەزۆکەکانی شار
ئاوڕێکم لێ بدەنەوە
تەمەن لەم بازنە سەرشێتەدا
خولیای فڕینە
ئاوێنەیەکی خۆڵەمێشییە حەز
ماندووییان لێدەڕژێ کەوشەکانم
باخچەیەکە لە کۆڵانە پێچکردووەکانی نەهامەتییە ئەندێشە.
نیانتر لە گوڵاو.
ژیان لە تۆ دەستپێدەکا
ئەی نیانتر لە گوڵاو
بۆشاییەکە بۆ بەردەوامبوون شەرم
لە شەرمی نیگات تا ترپەی دڵ هیوا
پردێکە بۆ گەیشتن و هەنگاونان
بەرەو هاتنەبوون
زیندووبوون لە ئامێزی ئاوات تا ونبوونی خۆر
تا گەڕانەوەی سەربردە نەنووسراوەکان
تەختە کلیلی مێشکم یەک رێنووسی هەیە
خۆشمدەوێی
ئەی خۆشـەویسـت
گۆرانییەکی غەمگینە لە زمانی هۆزانڤانان ئەڤین
بەهرەبەخشە دەنگی پێی باران گۆرانی.
سنە
ماڵپهڕی ئیلهام
مورادی
|