١\٣\٢٠١٢
خونچەی
ئەبەد.

باکۆ جەلال
تۆ ژیانت لە
ئینجانەی سەر سینەتدا رواندوە
تۆ سێوی سینەت پیرنابێت
تۆ لە رۆژدا بۆی شەوبۆ لە ھەناسەت دێت
ھەر چوار وەرز بۆی رەیحانەی بن باخەڵت مەستم دەکات
وەرزێک نییە خونچەی لێوت تیا سیس ببێت.. تاڵێ پرچت تیا ھەڵوەڕێت
جارێک نییە رەونەقی گۆنات کاڵ بێتەوە .. گەرد لە گەردنت بکەوێت
شەوێک نیە شەمامەی سەر سینە و مەمکت ناو جێگام پڕ نەکات لە بۆن
چرکەیەک نییە تۆم تیا لەبیر بچێتەوە
من لە کەیدا باوەشتکەم؟
لە کوێدا جێگاتکەمەوە؟
کە لە ھەموو شت گەورەتریت؟!!
تۆ نە مانگ لە لات دەڕوات .. نە خۆر لە لات ئاوادەبێت
لەم وڵاتەش ئەشق لە رووناکیدا جەنگە؟!
خەریکە باڵم لێ دەڕوێت!!
لە نێو قۆزاخەی ژیاندا چەندەکەم جێگام نابێتەوە
کەچی کاتێک تەماشای بەژنی خۆم دەکەم
ھەر ھێندەی تارمایەکەی تۆم.. گەورەترنیم
بەسەر خۆمدا لە کاتێکدا بەشت دەکەم، ھەموو نورت لە چاومدا،
گەورەیت لە نێو روحمدا، نھێنییت لە گومڕاییمدا ھەموو جێیان دەبێتەوە
بەڵام گوڵم، خۆشەویستیت چیلێبکەم.. بۆ کوێیی بەرم؟!
١١\١\٢٠١٢
-
ئەمریکا
ماڵپهڕی باکۆ جهلال
|