په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\۴\٢٠١٠

غوربەتێک لەناو دڵى نیشتیماندا.


هەردى شەفیق   


من لەناو ژورە تاریکەکەى خۆمەوە خەو بە نیشتیمانێکەوە ئەبینم بینا بەرزەکانى وەکو ڕمێک نەچەقیبن بە دڵى خاکدا.. ئەو بینایانەى تا بەرەو ئاسمان بەرزبنەوە لە خوا و لە ویژدان و لە مەبدەء و لەجوانى دوورئەکەونەوە.

 

من خەو بە خاکێکەوە ئەبینم سواڵکەر و دەسگێڕ و بۆیاخچیەکانى هەرساتە و لە هەر جێیەکدا لە ناو دڵى خۆتا نەتکەن بە خۆڵەمێش،من خەو بەشارێکەوە ئەبینم کرێچیەکانى لە خاوەن خانووەکانى زیاتر نەبن، سواڵکەرەکانى خەو بە کولێرەیەکەوە نەبینن بازرگانەکانى ئەوانەى بازرگانى بەسەر میللەتێکەوە ئەکەن خەو بە کڕینى بەهەشت و داوێنى کچى سواڵکەرەکانەوە نەبینن ،من نیشتیمانێک ڕووت لە خەیانەت وەک یەکەم ساتى لەدایک بوون، ڕووت لە خوێنى ئەو لەشفرۆشانەى فرمێسکى چاوى مناڵەکانیان ناچاریان ئەکات بەفرمێسکى چاو و دڵى خۆیان و ئاوى دامێنى شەهوەتبازەکانى شار دەموچاویان ئەشۆن. قەرەجێک سەیرم نەکات ببێت بە سەربار، وەکو زۆڵێک سەیرم نەکات نازانێت لەچ گۆشەیەکى پەنهان و لە چ گۆڕێکى ئیحساسى خۆتدا بتنێژێ. وڵاتێک کۆترەکانى بەسەر منارەکانى شارەوە ئەنیشنەوە، کەس خوێنى قوربانیەکان بۆ چاوەزار بە دەرگاى ماڵ و مەعبەدەکەیدا هەڵنەواسێت دواتریش بەخوێنى کێچێک لە نوێژ بچێت.

 

من خەو بە نیشتیمانێک خاڵى لە حوزنەوە ئەبینم، نە کچەکانى بە مەکر و ناز و داواکارى ئەتکوژن و نە سواڵکەرەکانى بە پاڕانەوە و و نە بەرپرسەکانى بە شەق سرەواندنە هه‌سته‌کانت، نیشتیمانێک لە شوێنى کۆنکرێت و گوللە تۆپ و مەیدانى جەنگەکانا درەخت و گوڵ ئەچێنێ، من بازاڕێکم خۆشئەوێ قەسابەکانى مەڕ و مانگا و بزن بە دیار چاوى مناڵەکانى شارەوە سەرنابڕن تا مناڵەکانیان خەو بە گەورە بینێکەوە ببینن پڕ بێت لە سەربڕینى بەشەریەت. من خاکێکم خۆشناوێ عەینەن سەرى کەچەڵ بۆ چڵەگیایەک ئاهو نزولەى ئەگاتە لاى خوا، کۆترێک تاقەتى نییه‌ تیایدا بنیشێتەوە، چۆلەکەیەک ناوێرێت بە ئاسمانى ماڵێکا هەڵفڕێ. من کچێکم خۆشناوێ قۆڵى پڕە لە بازن و دڵى خاڵیە لە عاتیفە.. تەوقێک ئاڵتون کراوەتە ملى و چاوى وەک گەڕیدەیەک بە دواى دڵى کەسێکدا ئەگەڕێ لە باوەشى ڕەزاتاڵێک ڕزگارى کا و شەوێک لە ئامێزى کەسێکى تردا تاسەى دل َو ڕۆح و جەستەى بشکێنێت، چەند دزێون ئەو کچانەى پێش ئەوەى داواى ڕۆحیان بکەیت نرخ لەسەر لاشەیان دائەنێن!بەر لەوەى دڵیان لەناو چاویانا ببینى سەیرى مۆدێلى سەیارە و هەموو ئەو شتە قەڵب و قۆڕانەى تر ئەکەن کە ناتوانن زەردەخەنەیەکت لە دڵەوە بۆ دروست بکەن ! هەموو ئاواتیان مقاڵیەک خەڵووز و گۆشت سەیرانگایەک و سەرچۆپى و میردێکى دەوڵەمەند و بڕێک مۆدیلە لەگەڵ نەمانى ئەوانەشدا ئیتر تۆش مۆدیلت نامێنێ.

من خەو بە وڵاتێکەوە ئەبینم خاڵى لەو سیاسیە قەڵبانەى بەر لەوەى باسى فیمینیزم بکەن چەند ژنێکیان هەیە ،باسى خەباتى شاخ بکەن بانکەکانى ڕۆژ ئاوایان سیخناخ کردوە بەدۆلار،وڵاتیان لێو ڕێژ کردووە بە ڤێلاو سەرپێچى ،جگەلەوەى هەر دەقیقەیەک خەباتیان چەند دەفتەرە دۆلارێک کەوتووە لەسەر میللەت. بەر لەوەى دەسانیە بەدەم پشتە مل هەڵکڕاندنەوە بۆ گیانى پاکى شەهیدان بووەستن سوکایەتى بەخانەوادەکانیان ئەکەن و موچەکەیان بەهەزار فەلاکەت ئەدەنێ یا هەر ناشیان دەنێ، دوژمنەکانیشیان ئەکەن بە شەهید و دیوەخانانەو عەرزەو پۆستیان ئەدەنێ.

من خەو بە ژیانێکەوە ئەبینم کارەبا،ئاو ،هەوا، کۆنکرێت،نابەرابەرى دوو چین یەکێک لە بەهەشت یەکێک لە دۆزه‌خ شەق لە هه‌سته‌کانت هەڵنەدەن و لەناخەوە نەتهاڕن .وڵاتێک خوێنى دامێنى ئەو سۆزانیانەى لە ڕەزالەت و بێپارەیان لاشەیان ڕائەخەن لەشکۆى ئەو سیاسیە پیرۆزتر سەیر بکا خەباتى شاخى لەسەنگەرەکانەوە گوێزاەتەوە ماڵە دەڵاڵێکى لەشفرۆشى .

من خەو بە نیشتیمانێکەوە ئەبینم گەنجەکانى نیشتیمانیان لە کۆڵە پشتەکانیانا نەبێ، کچەکانى قەیرەیی لە لیانا و سیاسیەکانى خەبات لە گیرفانیانا.

من خەو بە سەرزەمینێکەوە ئەبینم خەوبینین بەمافە سەرەتاییەکانى ژیانەوە تیایدا نەبووبێت بە مەحاڵ ،وڵاتێک خاڵى لەو توتیە لاڵانەى لە پەپولەکانەوە فێرى گۆرانیەکان ئەوین بوون و ئێستا گۆرانى بۆ وێران بوون ئەڵێن، خەو بە ڕۆژێکەوە ئەبینم لەبەردەم پەیکەرى سپیترین پیاوى نیشتیمانا (عەبدوڵا پەشێو) هاوار بکەم ئەى بەشکۆترین مەخلوق لەو گیرفانە خاڵیانەت کەمێک ویژدانمان بەرێ، کەمێک عەشقمان بەشبدە تا جارێکى تر لەگەڵ خاکێکى دڵشکاوا ئاشت بینەوە .ئاخر من ئەمەوێت لە نیشتیمانێک هەڵبێم گوللەى برسێتى ،غەدر ،بەڕەزالەت کوشتن گۆڕستانەکان نەکات بە ئاوەدانى، سەرى مناڵەکان وەک ڕیشى تۆ لە غوربەتا سپى نەکات، حەکیمەکانى نەداتە دەست خۆ کوشتن وسەر هەڵگرتن .

من خەو بە وڵاتێکەوە ئەبینم کەس خەو بەسەر هەڵگرتن و هەڵهاتن لە سنوورەکان و دەریا و پاسدار و جەندرمە و قەرەقۆلەوە نەبینێ، وڵاتێک مرۆڤ وەکو مرۆڤ و ئاژەڵ وەکو ئاژەڵ سەیر بکرێت .جوانى تەنیا لە گیرفانى سیاسیەکانیا نەبێت، موحیبەت نەبووبێتە مۆدێلى کراس و ستیانەکەت، خەیاڵ نەبێت بە پانتیەک بۆ ڕاوکردنى دڵى ئەوانەى بەسەر لاشەى مردووە بێگوناهەکان ئەژین. ڕاپۆرت نووسین و بەتووتى بوون نەبووبێتە بژێوى و سەرچاوەى نان پەیدا کردن، سەربەرزى نەبووبێتە مایەى بە ڕەزالەت مردن و زەلیل بوون و سک بەپشتەوە نووسان .

من خەو بە وڵاتێکەوە ئەبینم تاقە سیاسیەکى نەبێت و تارەکانى بۆ بنووسن، قسەى سەر شاشەى تەلەفیزیۆنەکانى و قسەى ناو دڵى یەکێک بن. من دەمەوێت لە جێگایەکدا وه‌کو مرۆڤ بژیم. دەسا خوایە ئەو باڵانە م پێببەخشە ئەتوانێت بە ئاسمانى بازگەکانا تێپەڕێ چش با لە گۆڕى غوربەتا تا قەیامەت هەناسە بۆ یادگاریەکانى نیشتیمان هەڵکێشم، بە دواى بەهەشتێکى لەدەستچوودا ڕابکەم نەیانهێشت تیایدا ئاسوودەبین. من دەمەوێت لەم نیشتیمانە هەڵبێم و لە جێیەکدا بژیم مرۆڤ ئەوەندەى ئارەزووى سیاسیەکانى بە پیرۆز سەیر بکرێت. بەو ئومێدەى کە لێرە هەڵهاتى بۆ ئەوێ لەوێش بازگەت بۆ دانەنێن و نەبنە مایەى سەریەشە و گەڕانەوەت.

 


hardishafiq@yahoo.com