په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٩\٢٠١٠

خورماتووى بووکى حەمرین رەو دەکا.


حەسەن بارام   

   

زۆر دەمیکە دەمویست چەند سەرەقەڵەمێک لە سەر دۆخى ئاڵۆزى ڕامیارى وکارگێڕى وخزموتگوزارى کوردانى قەزاى خورماتوو بنوسم، بەڵام لە بەر چەند فاکتەرێک لە ڕابردوودا ئەوەم پێى نەکرا ، بۆیە هەنوکە هاتمە گۆو وهەر هیچ نەبێت ویژدانى خۆم ئاسودە دەکەم .


خورماتو شارێکى دێرین وستراتیژى کوردستانە ، لە ساڵى(1951)وە ، کراوەتە ناوەندى قەزا ودەکەوێتەسەرڕێگاى گشتى کەرکوک-بەغداد وبەدورى(35)کیلۆمەتردەکەوێتە خورهەڵاتى زنجیرە شاخى حەمرینەوە ، بەم پێیەش بێت خورماتو دەبێتە یەکەم دەروازەى کوردستان ، لە گەڵ بەشە عەرەبەکەى عیراقدا ، ئێستا ژمارەى دانیشتوانەکەى نزیکەى (170)هەزار کەس دەبێت ، کورد لە ناوەندى شارەکەدا زۆرینەیە ، سەرەڕاى ئەوەى تاکو ئێستا ژمارەیەک زۆر لە ئاوارەکان نەگەڕاونەتەوە وهەردوو ناحیەى کوردنشینى (قادرکەرەم ونەجول)یش نەگەڕێندراونەتوە سەر قەزاکە ، گەر ئەمەش جێ بە جێ بکرێت وهەنگاوى بۆ بنرێت ، ئەوا بیشک کورد لە ئاستى قەزاکەدا دەبێتە زۆرینەى ڕەها ، لە بەر گرنگى هەڵکەوتەى شارەکە لە ڕووى جیوسیاسى وجیوئابورییەوە ، لە (35)ساڵى ڕابردوودا دەسەڵاتدارانى بەعس زۆر بە چڕى کاریان بۆ بەجێ گەیاندنى سیاسەتەکانى(ڕاگۆاستن وتەبعیس وتەعریب وئەنفال)کردووە ، بۆیە کاریگەرى ئەو سیاسەتە زۆر بە خراپى بۆ سەر کورد شکایەوە ، سیماى شێواندن وتێکدانى ناسنامەى قەزاکە تا ئەم چرکە ساتە بە زەقى دەبینرێن ودواى(7)ساڵ لە ئازادى ئەو دۆخە تاڕادەیەک بێ چارەسەر ماوەتەوە .


ئەم پێشەکییە کورتە ، تەنها بۆ ئەوە بو خوێنەرى بابەتەکەئاشنایەتییەکیان بەم قەزایە هەبێت کە پارچەیەکى ڕەسەنە لە خاکى کوردستان ولە ئەمڕۆدا پیویست فریاى بکەوین ، ئەگەرنا ئەوا بە دەستى کورد خۆى ئەم قەزایەمان بە شێنەیى لە دەست دەچێت .


لە دواى پرۆسەى ئازادییەوە کورد بە قورساییەکى باشەوە هاتە نێو شارەکە وهەندێک هەنگاوى جدى هاوێژران بۆگێڕانەوەى شارەکە بۆ دۆخى ڕەسەنایەتى خۆى وبەپێى کۆمەڵێک پێوەرکورد بووە دەسەڵاتى یەکەمى قەزاکە وبە پێى پیگەى خۆیان پیکهاتەکانى تریش بەشدارییان پێى کرا ، ئەم دۆخە تا ئەندازەیەک درێژەى کێشا ، بەڵام لە کۆتایى ساڵى (2005)بەدواوە لە بەر چەندین فاکتەرى خودى وبابەتى کورد کەوتە پاشەکشە وبەگدانان ، ئیدى بارودۆخ ڕەخسا بۆ هەندێک لەتورکمانەکانى قەزاکە ، بە سود وەرگرتن لە حیزبە شیعیەکانى عیراقى وەکو(ئەنجومەنى باڵاى ئیسلامى وپارتى دەعوەى ئیسلامى وبەدر وڕەوتى سەدر) کە دەسەڵاتدارى عیراقن ، کەوتنە هەڵپەى دژایەتى کردن ولاواز کردنى کورد لە قەزاکەدا ، لە بڕى ئەوەى هێزى چەک بە کار بێنن ، بە پێى پیلانێکى تۆکمە لە ڕێگاى دام ودەزگاکانى بەغداوە کەوتنە سەغڵەتکردن وشوێن پێى چۆڵکردنى کورد لە قەزاکەدا ، هەنگاوەکانیشیان بریتى بوون لە :


دامەزراندن / لە دواى پرۆسەى ئازادییەوە بە هەزاران تورکمان لە دام ودەزگاکانى قەزاکەدا دامەزراون وبێ ڕەچاوکردنى مافى پیکهاتەکانى تروبێ پرسکردن بە دام ودەزگاکانى قەزا وپارێزگاى سەڵاحەدین، بەلێشاو خەڵکى خۆیان دامەزراندووە ، بۆ نمونە تەنها بۆ سەر سلکى پەروەردەى قەزاکە زیاتر(800)کەسیان دامەزراندووە ، لەو ڕێژەیە تەنها نزیکەى(20)کەسێکى کوردە ، ئەویش بە پارە و واسیتە دامەزراون ، فەرمانگەى وا هەیە لە قەزاکەدا تەنها یەک کوردیشى تێدا نییە ، ئەگەر هەبێتیش زۆر بە کەمییە ، بفەرمون لە گەڵ چەند نمونەیەک دا :


* بەشى پەروەردەى قەزاکە / کۆى مامۆستاکانى بریتییە لە(3037)مامۆستا بۆ هەموو قۆناغەکان ، لەم ژمارەیە ڕێژەى هەر پیکهاتەیەک بەم شێوەیەى لاى خوارەوەیە :
تورکمان / 1359مامۆستا
عەرەب / 1427مامۆستا
کورد / 251مامۆستا


* دەستەى باڵاى کۆمسیونى هەڵبژاردن لە قەزاکە/ ژمارەیان (40)کەسە ، بەم شێوەیە :
تورکمان / 21 کەس
عەرەب / 10 کەس
کورد / 9 کەس


فەرمانگەى کارەبا / ڕێژەى فەرمانبەر لەم فەرمانگەیە(300)کەس ، کە لە(70%)تورکمانە ، ئەوانى تر عەرەب وکوردن . بیگومان ئەمە حاڵى هەموو فەرمانگە ویەکە ئیدارییەکانى شارەکەى ، بە کورتى لە دواى پرۆسەى ئازادییەوە بە بەرنامەیەکى ترسناک بە لێشاو تورکمان دادەمەزرێت ، وکورد وعەرەبیش زاقەى چاویان دێت وەک ئەوەى خەڵکى ئەو قەزایە نەبن .
ئاڵوگۆڕکردنى بەرپرسى دام ودەزگا حکومیەکان / لە سەرەتاى ساڵى(2006)بەداوە بە پێى بەرنامەیەک لە بەغداوە ، هەرچ بەڕێوەبەرێکى کورد لادەدرێت ، یەکسەر تورکانێک لە شوێنەکەى دادەنرێت ، بێ ئەوەى حیساب بۆ کورد وپیکهاتەکانى ترى شارەکە بکرێت ، بفەرمون لە گەڵ چەند نمونەیەک :
بەڕێوەبەرى(سایلو)کورد بو ، کاتێک خانەنشینکرا ، یەکسەر تورکمانێک لە شوێنەکەى دانرا .
بەڕێوەبەرى(ئاو)کورد بو ، ئێستا تورکمانێک لە شوێنى دانراوە .
بەڕێوەبەرى(پۆلیس)کورد بو ، بە پیلانێک لە بەغداوە لە کارخراو وئێستا تورکمانێک لە شوێنەکەى دانراوە .
بەڕێوەبەرى(پەروەردە)کورد بو ، لادراوە وئێستا بە نیازن بە پێى پیلانێک کەسێکى خۆیان دابنێن .
تەنها(4-5)ئەفسەرى کورد لە شارەکەدا هەیە ، بە پیلانێک لە چەند مانگى ڕابردوودا(3)یانیان لە کارەکانیان دورخرانەوە ، هەروەها ڕۆژانە گێچەڵ بە پۆلیسە کوردەکان دەکەن تاکو ڕەو بکەن وازبێنن .


دیارە هەندێک کاروکردەوە وپیلانى تریان لە دژى کورد ئەنجام داوە وتائێستایش بەردەوامن ، کە ئێرە جێگاى باسکردنى نییە وتا نوسینى ئەم ووتارە بەردەوامن لە هەمان سیاسەت ، بیگومان هەموو ئەو کارانە بە تەنها وەزیرێک وچەند ئەندام پەرلەمانێکى تورکمان ئەنجام داون ، بە سود وەرگرتن لە دەسەڵاتى پارتە شیعییەکانى بەغدا ، کە بەداخەوە بە دۆستى کورد ناسراون (پیاو دۆستى واى هەبێت ئیدى دوژمنى بۆ چییە) . سەرەڕاى ئەوەى لە حەوت ساڵى ڕابردوودا ئەو تەنها وەزیرە وچەند ئەندام پەرلەمانەى تورکمان مانگانە وبگرە لەوەش زیاتر بەبەردەوام سەردانى شارەکەیان کردووە ، ببورن سەردانى تەنها گەڕەک وناوچە تورکمانشینەکانیان کردووە ، بۆ ئەنجامدانى چەندین پرۆژەى گەورەو گرنگ وهەروەها چارەسەرکردنى کێشەکانیان ودامەزراندنى کچ وکوڕەکانیان بە لێشاو ، لە ڕاستى دا لە عیراقى نوێ دا هەموو پیکهاتەیەک مافى خۆیەتى هەوڵ وکۆشیش بکات بۆ ئامانج وداخوازییەکانى ، بەمەرجێک لە سەر حیسابى ئەوانى تر نەبێت ، نەک وەک ئەوەى لە قەزاى خورماتو دەگوزەرێت ، لە لایەکى تریشەوە لەم عیراقە شڵژاو وفرە خاوەنە دا پیاو ئێرەیى بە تورکمانەکانى خورماتوو دەبا ، بە یەک وەزیر ودوو سێ ئەندام پەرلەمانێکەوە ئەو هەموو هەوڵ وخزمەتە بە میللەتەکەى خۆیان دەگەیەنن .


کوردانى خورماتوویش لەم دۆخەدا هاوار دەکەن ودەڵین ئێمە کەسمان نییە وبێکەسین ، ئایە ئەمە ڕاستە ؟


بیگومان ئەى شارەکەى سەدان شەهید وهەزاران ئەنفالکراوى پێتەختى گەرمیانەکەم ، بەلێى ئێوە بێکەسن وبە تەنهاین لەم مەیدانە جەنجاڵە دا ، ئاخر چۆن وانییە لە دواى پرۆسەى ئازادییەوە بەبەردەوام کورد لە بەغداد خاوەنى چەندین پۆستى سیادى و(5-6)وەزیر ولانى کەمى(60)ئەندام پەرلەمان وبەدەیان بریکارى وەزیر وبەڕێوەبەرى گشتى بووە ، با لێیان بپرسین لە حەوت ساڵى ڕابردوودا چەندیکیان سەردانى قەزاکەیان کردووە ، مەگەر تەنها بە فڕۆکە بە ئاسمانى شارەکەدا ڕۆیشتبێتنەوە بۆ سلێمانى وهەولێر ودهۆک ، ئایە تاکو ئێستا چەند جار کەرەمیان کردووە وبە لیست پاشماوەى ئەنفالکراو شەهیدان وکوڕوکچى شارەکەیان دامەزراندووە ، یان چەند پرۆژەى خزمەتگوزاریان بۆ ئاوارە وخەڵکى ماندوو جەرگ سوتاوى شارەکە ئەنجام داوە ، کوا لە پرۆسەى ئازادییەوە لەو شارەین وهیچمان نەدى ئاخر براینە ئەوە بەرهەمى خوێنى ئەنفالکراو شەهیدانى خورماتوو وتەواوى کوردستانە ، ئەمڕۆ ئێوە لەو پۆستەدان ئاخر کوردەکانى خورماتوى بەعس بەزێن ، ئەمڕۆ لە سایەى ئازادى دا ناهەقیان نییە خۆیان بە بیکەس وبێ پشتیوان بزانن وسەدان گلەیى وگازندەیان بێت وبەدەست دەیان کێشە وگرفتى جۆراوجۆرەوە بناڵێنن ، کەچى خێرەو مەنێکیش نەبێت گوێ لە دەنگى بێکەسییان بگرێت .


هەرچى هەرێمى کوردستان وحیزبە سیاسیەکانە ، ئەوا(ى . ن . ک) هەر لە دواى پرۆسەوە کۆمەڵێک پرۆژەى بچوک ومام ناوەندى لە سەر حیسابى ئیدارى گشتى بۆ شارەکە ئەنجام داوە ، حکومەتى هەرێمى کوردستانیش زۆر بە کەمى هەندێک شتى کردووە ودوو سێ ساڵ پێش ئێستا کۆمەڵیک مامۆستاى دامەزراندوە ، کە لە ئاستى پیویست دا نین ، بەڵام ئاخۆ شارێکى ئەنفالکراو وێرانکراو ، دیارە زیاتر مەبەستمان لە کوردەکانە بەو ژمارە کەمەى دامەزراندن وچەند پرۆژەیەک کێشە وداخوازییەکانیان چارەسەر دەبێت ، ئێستا کوردانى ئەم شارە هەموو دەرگاکانى بەغدایان لێى داخراوە وکەس خۆى بە خاوەنى نازانێت ، ئەى دەبێت کێ خەمى دامەزراندنى کچ وکوڕەکانى بخوات ؟کێ زامى کەس وکارى شەهیدان وئەنفالکراوەکانى ساڕێژ بکات ؟ کێ کێشە سیاسى وئیدارییەکانى چارەسەر بکات ، زۆرمان پێى خۆشە سەرکردایەتى سیاسى کورد وحکومەتى هەرێمى کوردستان بە پرۆژەى خزمەتگوزارى ودامەزراندن وسەردانى بەرپرسە باڵاکانى حکومەت وحیزب بایەخ وگرنگى زیاترى بە کەرکوک وخانەقین داوە ، بەڵام براینە بیرتان نەچێت خورماتویش پارچەیەکى گرنگى کوردستانە ویەک ڕوبار خوێنى بەخشیوە ، تۆزیک ڕووى ماشێنەکانتان بەلاى ئێمەش دا هەڵسوڕێنن وبینە دەنگمانەوە ، تاکو کارلەکار نەترازاوە وشارەکەمان لە کیس نەچووە .


دەبێت باش بزانن کوردى خورماتو ئێستا لە هەموتان نیگەرانە ، گلەییان هەیە تیروتوانجتان لێ دەگرن وتەنانەت دەنگۆى هەندێک هەڕەشەى ترسناکیش بەرگوێمان دەکەوێت ، کە ئەگەر ڕووبدات زیانى زۆر بە دواى خۆى دا دێنى وئەوجا کارلەکار دەترازێت وهیچ دادمان نادات . ئێستا هەموو ئەو دۆخە نالەبار وئاڵۆزە کۆمەڵێک ئاسەوار وکاریگەرى خراپى جێ هێشتووە ، هەوڵ دەدەین بە کورتى ئاماژەیان بۆ بکەین :


* ڕەوکردنى کورد ، ڕاستە لە دواى پرۆسەوە ژمارەیەک خێزانى کورد شارەکەیان چۆڵ کرد ونیشتەجێ کەرکوک بون ، بەڵام دیاردەى بارکردنى کورد لە شارەکە لەئێستادا لە ڕادەبەدەرە وبە لێشاو شارەکە بە جێ دەهێلن وڕوو لە شارەکانى کەرکوک وکفرى وکەلار وسلێمانى دەکەن ، ئێستا هیچ گەڕەکێکى کورد نییە بە سەردان خانوى کورد لە سەرى نەنوسرابێت (دار للبیع) ئەم خانوە بۆ فرۆشتنە ، بۆ نمونە تەنها لە یەک کۆڵانێک دا لە گەڕەکى کۆمارى(13)خانوى لە سەرى نوسراوە بۆ فرۆشتن ، لە هەمویشى مەترسیدار تر ئەوەى ئەو خانوانە بە زۆرى لە لایەن تورکمان وعەرەبەکانەوە دەسەندرێن ، دیارە ئەمەش زەنگێکى مەترسیدارە ، بە کورتى هۆکارەکانی ئەم ڕەوکردنەى کوردیش بۆ ئەم فاکتەرانە دەگەڕێتەوە :


یەکەم / کەمى خزمەتگوزارى وئاوەدانى لە قەزاکەدا .
دووەم / تیرۆر بۆتە مۆتەکە ومەترسیەکى گەورە بۆ سەر دڵى شارەکە ، هەر لە ساڵى(2005) بەدواوە بە هۆى هاوسنورى قەزاکە لە گەڵ بەشە عەرەبەکەى عیراق وزۆرى ڕێژەى گروپە تیرۆرستەکان لە ناوچەکە ولاوازى دام ودەزگا ئەمنییەکان
بیگومان کورد بە پلە یەک قوربانى دەستى کارەتیرۆستیەکان وتاکو ئێستا بە دەیان کادر وکارمەندى ئاسایشى (ى . ن . ک) بونەتە قوربانى ، ئەمەش کەشێکى نائارامى دروست کردوە ، بۆیە خەڵک بە ناچارى شارەکە بە جێ دەهێڵن و ڕەو دەکەن بۆ شارەکانى تر .
سێهەم / کەم بونەوەى دەسەڵاتەکانى کورد لە قەزاکە دا ، هۆکارێکى ترە ، هەر لە ماوەى جارێک بەڕێوەبەرێکى کورد لە سەر کارەکەى لادەدەن ، بەلێشاو غەیرە کورد لە شارەکەدا دادەمەزرێنن ، لە سەدا هەشتاى فە رمانبەرى دام ودەزگاکان لە تورکمانن وزۆربەیان دژایەتى کورد دەکەن .
چوارەم / خوێندن ، لەم ساڵانەى ڕابردودا بە دەیان قوتابخانەى کوردى لە شارەکەدا کراونەتەوە ، بەڵام بە دەست کەم وکوڕى زۆرەوە دەناڵێنن ، لە هەموویش خراپتر ئەوەیە کاتێک خویندکارە کوردەکان قۆناغى ئامادەیى تەواو دەکەن لە هیچ زانکۆ وپەیمانگایەکى هەرێمى کوردستان وەرناگیرێن ، ئەمەیش کێشەیەکى ترە بۆ بیئومیدى کورد وڕەوکردنى لە شارەکە .
پێنج / لاوازبونى ئینتمایى نەتەوەیى وبیئومیدبون لە سیاسەت و وعد وبەڵێنى پارتە سیاسیەکان ، لە بەرانبەردا بیرى توندڕەوى وپەلکێشان بۆ چەند مەسەلەیەکى تر لە ناو لااوان وگەنجان دا خەریکە تەشەنە دەسێنێ ، کە ئێرە شوێنى باسکردنى نییە .


بیگومان کۆمەڵێک هۆکار وفاکتەرى تریش هەن لە پشت ئەم دۆخەوەن ، دەترسم ئێستا بەرپرسانى وڵاتەکەم زویر ودڵگران بن لەم ووتارە ودور نییە کێشە وگێچەلیشم بۆ دروست بکات ، ڕەنگە هەندێکیان لە پڕا بێنە قسە وبڵین وانییە وئەگەر وایە بۆ ئێمەى لێى ئاگادار نەکراوەتەوە ، خۆ ئەگەر دواى بڵاوبونەوەى ئەم بابەتە شتى وا ببینم ئەوا ئینجا ناچار دەبم ، بە دەیان بە ڵگە ونوسراو بخەمە ڕوو ، کە شاهیدى ئەوەن لە چەند ساڵى ڕابردوودا کێ ماوە لە بەرپرسە حکومى وحیزبیەکانى وڵاتەکەم ، ئێمە زۆر لەمە بە زیادەوە ڕاستى وزانیاریمان لە سەر دۆخى ئاڵۆزى شارەکە نەخستبێتە بەر دەستى ئەوان ، کەچى ئەوان بەدەنگ نەهاتون ؟


ئێستا ئەوەى نەچوە بچێت ، دەبێت بەرپرسانى وڵاتەکەم بزانن تا کار لەکارنەترازاوە وشارەکەمان لە کیس نەچوە دەبێت بێنە سەر هێڵ وکۆمەڵێک هەنگاوى سەرەتایى بهاون ، تاکو بەدەستى خۆمان وبە شێنەیى لە سەردەمى نەمانى بەعس دا ، شارەکە بە فەتارات نەچێت وبەمەش ئەمنى قەومى کورد وبەشێک لە خاک ونیشتمانى کورد لە دەست دەدەین کاتێک شارەکە لە کورد چۆڵ دەبێت ئیدى بە چ پێوەر ومیکانیزمێک دەتوانین شارەکە ببینەوە وبگەڕێتەوە باوشى هەرێمى کوردستان ، بۆێە لێرەڕا کۆمەڵێک پێشنیارى سەرەتایى دەخەمە بەر دەستى بەرپرسانى وڵاتەکەم ، تاکو بتوانین دۆخى شارەکە بگۆڕین وئومید بگەڕێتەوە نێو ماڵە ساردوسڕەکانى خورماتوى بوکى حەمرین :


* بودجەیەکى کاتى ومام ناوەندى لە لایەن حکومەتى هەریمەوە بۆ شارەکە تەرخان بکرێت .
* بایەخ بە بەرپرسە ئیداریەکانى شارەکە بدرێت وچەندین لیژنە سەردانیان بکات ، تاکو بە پێى بەرنامەیەک بارى گرانى شارەکە ئاسان بکەن .
* ژمارەیەک دەرچوى زانکۆ وپەیمانگاکانى شارەکە دابمەزرێنن ، بەتایبەتى لە بوارى پەروەردەدا .
* یەکێک لە نوێنەرەکانى کورد لە پەرلەمانى بەغدا بۆ شارەکە تەرخان بکەن ونوسینگەیەکى بۆ بکرێتەوە تاکو لە ڕێگاى بەغداوە کێشەکانى کوردى شارەکە چارەسەر بکات .
* ئەنجامدانى کۆمەڵێک پرۆژەى بچوک ومام ناوەندى بۆ گەڕەکە کوردنیشین وهەندیک لە کوندە عەرەبنشینەکانى سنورەکە .
* باشترکردنى پەیوەندى لەئاستى باڵادا لە گەڵ عەرەبى سنورى قەزاکە وپیکهاتەکانى تردا .
* تەواوى وەزیر وبەڕێوەبەرە کوردەکانى بەغدا ڕابسپێردرێن ، بەبەردەوامى سەردانى قەزاکە بکەن وکێشە وداخوازیەکانى کوردى شارەکە چارەسەر بکەن .
* هەروەها جێ خۆیەتى سەرکردایەتى سیاسى کوردستان ، ئەو لایەنانە ئاگادار بکەنەوە کە خۆیان بە دۆست وهاوپەیمانى کورد دەزانن ، کەچى کەسانێک لە ژێر ناو دەسەڵاتى ئەوان دا دژایەتى کورد دەکەن وزۆر ناهەقى بەرانبەر ئێمە دەکەن .
 

 

hasanbaram@yahoo.com