په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١١\٢٠١١

خوشکەکان لە کوێی ئەم خێزانەدان؟


رێبین ئەحمەد خدر  


خێزان بە فۆڕمە جێگیرەکەیەوە کە شێوەژیانی گردبوونەوەی ھاوخێن و ھاودەمانە، دووریش نییە لەدەرکەوتەی جیاجیا ، کەبەپێی شوێن و کلتوور و ئاین گۆڕان بەخۆیەوە دەبینێ، بەڵام لەبنەڕەتدا گەر سەیری مێژوو خێزان و سەرەتاکانی بەیەکەوەژیانی مرۆڤەکان بکەین ، دەبینین مۆدێلی جیاجیا بەخۆیەوە دەبینێ، بۆ ئەمەش گران نییە گەر لەمیتۆلۆژیای ئەشکەوتنیشنان و قۆناغی ڕاووشکار رابمێنین - سەرەتاکانی کۆبوونەوە کە زۆر کەس بەقۆناغی دایکسالاری و پابەندبوونی پیاو بەڕاوشکارو دەستڕاگەیستشنی ژن بە تەرازووی ئابووری ( لایەنی ئابووری) ناوی دەبەن - قۆناغێک کە ھێشتا نەببووە مەیدانی سەرداریی و کۆیلەیی ، یان باڵادەستی لایەک بەسەر لایەکی تردا، بەڵام دواتر وردە وردە ئەم تای تەرازووە دەکەوێ و ھاتنی ئەفسانەی تر و لەدوایشدا ئاینزاکان مۆدێلی جیاوازتر لەخێزان دێننە کایەوە، بەر لەوەی لەم مۆدێلەدا بێ ڕۆڵکردنی ژن لەبەرچاو بگرین، دەبێ سەرداریی و کۆیلەیی و مەیلی دەسەڵاتدارانەی پیاو بخەینە بەرچاو و لێی وردبینەوە.
لێوردبوونەوە لەم مۆدێلەی خێزانە بەچەندان تێز و شەقامی فیکریدا ڕۆشتووە،چونکە دواجار ئەوەی لەخێزاندا روودەدا واتە ھەمان ئەو شتەیە کە لەکۆمەڵگادا ڕوودا ، یان لەسیستمی سیاسیدا رەنگدەداتەوە، بەڵام ئەمڕۆ و لەسایەی ئەم مۆدێلی خێزانەدا کە دەرھاویشتەی ئەفسانەکانی بەرزکردنەوەی بەرژەوەندی سیستمی نێرسالارە، خێزان بۆتە سندووقێک لە پەراوێزی شتەکان ، لەپەراوێزی کۆمەڵگادا.
پەراوێزکەوتنی خێزان لەکۆمەڵگادا بێ ھۆنییە، بێ ھۆش نییە ئەمڕۆ زۆربەی نووسین و تێزەکان خێزان دەخەنە لاوە و دەیخەنە پاشگری دەزگا و سیستەمەکانی تر، دەکرێ بڵێین خێزان لە کۆمەڵگای ئێمەدا بۆتە دەزگایەک کە تاکەکان فەرامۆشییان کردووە و وەک بنبەستگەیشتووێک لێی دەڕوانن.
ئەوەی من دەمەوێت لەم نووسینەدا سەرنجی بخەمە سەر، یەکێک لەلایەنە ھەر دیارەکانی ئەم بەبنبەستگەیشتووەی خێزان و قەتیس بوونیەتی لەبازنەیەکدا - ئەویش پرسیارکردنە لە شوێنی خوشکەکان لەخێزاندا، یان پرسیاری ئەوەی خوشکەکان کێن و لەکوێی ئەم مۆدێلی خێزانەدان کە رۆژ دوای ڕۆژ کار لەسەر ئەوە دەکا ژن بکا بەبوونەوەرێکی بێدەنگ و رازی لەناو ھەموو گرفت و ئازارھێنەکانی خۆیدا، بۆ ئەمەش کۆی سەرنج چڕدەکەمەوە سەر چەند خاڵێک و بەیەکەوە پەیوەستییان دەکەمەوە.

١.خێزان وەک تاراوگە:


رەنگە ھەموومان ئەو ڕستەیەمان بیستبێت کە باوک یان خوودی (دایک) خۆیشی لەبەرانبەر کچەکان دەیڵێتەوە ، ئەگەر کچەکان لەتەمەنی مناڵییشدابن.ڕستەکە :( کچان موڵکی ئێمە نین رۆژێک دێت ھەر دەڕۆن).کچان یان خوشکەکان ھەر لەسەرەتاوەک وەک نیشتەجێیەکی ئاوارە و رۆیشتوو سەیر دەکرێن، سەرەرای ئەمەش خێزان بەم مۆدێلە کە مۆدیڵی سەرداری باوک و براکانە راستەوخۆ دروسکردنی تاراوگەیەکی گەورەیە بۆ خوشکەکان.
سیستمی خێزانی نێرسالار لەھێڵکارییە ھەڕەمییەکەی دا (باوک - نێر ) وەک لوتکە وەردەگرێت، ئینجا لەدواییدا جێنشینی باوک کە ھەردەبێت نێربێت و لە (براکان) دا خۆی رەنگڕێژدەکات - وەک چۆن لەتەوتەمدا گرفتی بوون بەباوک و ململانێ لەگەڵ باوک دروست دەبێت، دوای ئەمانەش ھیچ پێگەیەکی تر نییە گەر ھەشبێت دواھەمین و دوا خاڵ لەو ھێڵکارییە ستوونییەدا بەر خوشکەکان دەکەوێت، ئەم ھێڵکارییە بەشێوە و ریشەکەیەوە ئەوەمان بۆ دەردەخا لەسەر شێوازی باڵادەستی ھێزی ئیلاھی خۆی بنیات ناوە ، بۆ ئەمەش (باوک) ئەو سەردارەیە کە زاڵ و باڵادەستە بەسەر ئەوانیتردا.
خوشکەکان لەو تاراوگەیەدا تەنھا بەھۆی (نیشتەجێنەبوون) ەوە ئازارناکێشن، بەڵکو نیشتەجێبوونیان لەم خێزانەدا ئازارێکی گەورەترە، خێزانێک کە بەئەفسانەکانی پیاو و بێ رۆڵکردنی ژن خۆی بەرزکردۆتەوە لەناویدا بەشی خوشکەکان دیوارەکانن، بەشیان دووربوونە لەدونیای دەرەوە، لەشەقامەکان، لە رووبارەکان و باخچەکان.بۆمان دەردەکەوێت خوشکەکان تەنانەت لەناوخوودی ماڵدا ناژین - چونکە ماڵ پێکھاتەیەکی جیاوازە لەخانوو ( خانووێک کە کۆمەڵێک مرۆڤ تیایدا دەژین) ماڵ پێکھاتەیەکە سیستمێک بنیاتی دەنێت، بەڵام خوشکەکان لەدەرەوەی ئەم پێکھاتەیەدا دەژین ، گەر شوێنێک ھەبێت بۆ بوونی خوشکەکان لەم پێکھاتەیەدا شوێنی دواوە یان ژوورەکانی دواوەن، ئەو ژوورانەن کە تەنھا بۆ تەواوکردنی وێنەی نێر دروستکراون.
(ژوورەکانی دواوە) گەر بشێت بەمە ناوی بنێین ئەو ژوورانەن کە خێزانی نێرسالاریان لەسەر راوەستاوە و کەچی ژووری پڕ لە ئازارو حیکایەتی ژن و خوشکەکانن،ئەو ژوورانەن کە نێرسالار ھەمیشە دەیەوێت بە نەبوو لەقەڵەمیانبدا و لەگەڵ ئەوەشدا ھەبن، چونکە بێ بوونی ئەو ژوورانە لەسیستمکەدا بۆشاییەکی گەورە دروست دەبێت.خوشکەکان کاتێ لەناو وەھا خێزانێکدا دەژین ڕاستەوخۆ گرێدراون بە ئازار و تەواوکردن و بەپاشکۆبوونی پیاو، بۆیەش لەناو پێکھاتەی ئەو خێزانەدا بێ شوێنن - سیستمی نێرسالاریش کار لەسەر بێ شوێنی خوشکەکان دەکات و ھەمیشە دەیەوێت ئەم تاراوگەیە قوڵتر بکاتەوە، بۆ ئەوەی راستەوانە لەگەڵ قوڵکردنەوەییدا لە ھێڵکارییە ستوونی و ھەڕەمییەکەدا باشتر رۆڵی چەق بگێڕێت و ئەوانیتر بخاتە پەراوێزی خۆیەوە، بەچەقبوونی خۆی تاراوگە بۆ ئەوانیتر دروست بکات.

٢.خێزان لە ڕەوتی موڵکدارییدا:


خوشکەکان لەم خێزانەدا لەناو ئازاری بێ شوێنی دا دەژین، شوێن نەک ھەر بە واتای زەمینێکی دیار یان ژوورێک لەخانووەکە، بەڵکو بەواتای پێگەیەک یان ھێڵێک لەناو سیستەمەکەدا، ھێڵی ئەوان پاشکۆی سێبەری ئەوانیتر ( باوک و برا) کانە.بۆیەش لەم سیستمەدا ھیچ دەرگایەک نەکراوەتەوە ( خوشک - ژن ) تیایدا وەک بوونێکی سەربەخۆ دەرکەوتەی ھەبێت، بوونی ( خوشک) بەردەوام تێکەڵکراوە بە بوونی ئەوانیتر.
کاتێ بوونێک وەک خۆی دەرکەوتە ناکات راستەوخۆ لە حەقیقەتی خۆی دادەبڕێت و ئازادی خۆی لەدەست دەدات - ئازادی گەشەکردنی خۆی.لەم خێزانەشدا خوشکەکان تەواوکەری پیاون، واتە وێنەی نێر تەواو دەکەن و بۆخۆیان بەتەنھا وێنەیان نییە - درێژکراوەی جەستەی نێرن ( وەک بابەتی شەڕەف ) بۆخۆیان جەستەیان نییە یان جەستەیان لە ناو بۆتەی گومانبارییدا تواوەتەوە.
دەکرێ دوورخستنەوەی (خوشک -ژن) لە خۆی لەم خێزانەدا لەو خاڵانەدا ببینین :
- بوونێکی سەربەخۆی نییە ، تەواوکەری وێنەی پیاوە.
- پێگەی نییە لەناو سیستمەکەدا، شوێنی نییە - لە تاراوگەدایە.
- جەستەی وەک درێژکراوەی جەستەی نێر سەیر دەکرێ.

٣.خێزان و سێبەرەکانی تری:


خێزان چونکە دەرگای چوونە دەرەوەی تاکە بۆ ناو کۆمەڵگا و لانەی ژیانی تاکیشە لە کۆمەڵگادا، ھەرخۆی بەتەنھا کار لەسەر بێ شوێنکردنی خوشکەکان ناکات - بەڵکو بەیاریدەی تاکەکانیی و خوودی سیستەمی تەواوکراو لەناو دەزگاکانی تری وەک پەرورەدە و سیستمی سیاسیشدا دووبارە خۆی رەنگ دەکاتەوە، گەر سەیری کۆمەڵگای کوردی بکەین تەواو ئەمە ھەست پێدەکەین - لە قوتابخانە و زانکۆکاندا سیستمی خێزانداری و بوونی ( باوک) ی سەردار دیسان دێتەوە پێش و خۆی دەردەخاتەوە.
قوتابخانەو زانکۆکانی ئێمە بوونەتەوە تەواوکەری ھەمان سیستمی خێزان، بەمەش دیسان کەسانێک ھەن لەسەرەوەتر قسەدەکەن و کەسانێکیش ھەن لەخوارەوە بۆ گوێگریی داننراون، بۆ قوتابخانەی کچانیش ( خوشکەکان) ھەمان شت، ئەو ترسەو چاودێرییانەی لە خێزانەوە لەسەر ( خوشک ) بەردەوام وەک زەنگ لێدەدرێنەوە، لە قوتابخانەکاندا بەشێوەیەکی فکریی بیریان لێناکرێتەوە، بەڵکو ترس و چاودێرییەکە زیاتر و گران تر دەکرێت.
ئەو تاراوگەی لەماڵەوە لەسەرەتای ژیانییەوە بۆ خوشک دروست دەکرێت، لە قوتابخانەکان قوڵتر دەکرێتەوە و خوشک کۆی کۆمەڵگای بۆ دەبێتە تاراوگە، چونکە شوێنێک لەناو سیستمەکەدا نییە بەتەواوی بیداتە دەست خۆی و ئازادیبکات، ھەمیشە ھەست بەتەنگەنەفەسی خوودیی دەکات و ناوی لەگەڵ ئەوانیتر یان وێنەکانیتر تێکەڵ بەیەک دەکرێت، تەنھا کارێک ئەو سیستەمەی فێری (خوشک - ژن ) ی بکات ئەوەیە پشت بە ئەوەانیتر ببەستێت و لەگەڵ ئەوانیتر بروات و لەگەڵ ئەوانیتردابێت ، ھیچکات دەرگای بۆ ناکاتەوە لەگەڵ خۆیدا بێت.

٤. لەخێزانەوە بۆ خێزانێکی تر:


خوشکەکان لەناو ئەم سیستەمەدا لە بێ شوێنییدا دەخولێنەوە، دوا ھەنگاوی ئەوان چوونە بەرەو خێزانێکی تر - بەمەش بازنەکە خۆی تەواو دەکات و بەتەواوی دێتەوە یەک، ئەو تاراوگە نشینییەی خوشکەکان کە لەناو رستەی ( کچان موڵکی ئێمەنیین، رۆژێک دێت ھەر دەرۆن) خۆی نیشان دەدات ، کۆتاکەی دەگاتە رۆیشتنێک، بەڵام رۆیشتنەکە دەرچوون نییە لە تاراوگە، چوونە بەرەو تاراوگەیەکی تر، ھەروەھا رۆیشتنیش نییە، بەڵکو ھاتنەوەیە بۆ ھەمان خاڵی سەرەتا، واتە رۆیشتنی خوشکەکان و نەرۆیشتنییان لەناو ئەم سیستمەدا جیاوازییەکی وای نییە، چونکە خولانەوەیەکە لەناو بازنەدا.

ئەنجام:


دوای گەرانمان بەدوای (شوێن) ی خوشک لەم خێزانەدا، بۆمان دەردەکەوێت، خوشکەکان لەم خێزانەدا لە بێ شوێنیدا دەژین و لەناو سیستمەکەدا شوێنیان وەک پێگە و دەرکەوتەیەکی سەرەبەخۆ نییە، ئەنجامی گەرانەکەمان لەچەند خاڵیکدا دەخەینە ڕوو :
١.خوشکەکان لەناو خێزاندا دوا شوێنیان ھەیە، کە ئەمیش شوێنی تەواوکردنی ئەوانیتری نێرە.
٢. خوشکەکان لەناو رەوتی موڵکداری و خێزانی نێرسالاردا بوونێکی سەربەخۆیان نییە و لە بوونی خۆیان دادەبرێن.
٣.جەستەی ئەوان دەبێتە درێژکراوەی جەستەی نێر، ئەمەش بەھۆکاری زەینیەتی موڵکداریی و گومانباریی، لەدواجاریشدا ئەم درێژکراوەیە لەبابەتی ( نامووس و شەرەف) دا رەنگ دەداتەوە.
٤. خوشکەکان وێرای ئەوەی لەم خێزانەدا لەتاراوگە دەژین، سیستمی پەروەردەش ئەم تاراوگەبوونەیان بۆ بنبر ناکات، بەڵکو دووبارە زیاتر و بار گرانتری دەکات.
٥. خوشکەکان ناکەونە سەر رێگای دەروازەیەکی نوێ لەناو ئەم سیستەمەدا، بەڵکو دوا ھەنگاوییان گواستنەوەیانە بۆ خێزانێکی تر ( ھەروەک چۆن گواستنەوەی ژن لەم سیستەمدا بۆ چوونی خوشکەکان بەکاردێت بۆ خێزانێکی تر) ئەمەش وا دەکات تاراوگە نشینی ئەوان لە بازنەیەکدا بخولێتەوە و کۆتایی نەیەت.

 

ماڵپه‌ڕی رێبین ئه‌حمه‌د خدر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک