په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٩\٢٠٢٣

  یاداشتی پیاوێکی نەناسراو.

 

 

عەبدولوه‌هاب بەیاتی

و: جەلال ده‌باغ

٨ی نیسان
کرێکارێکم، ناوم سەعیدە
لە باشوورەوەم
دایک و باوکم لە ڕێگەیان بۆ مەزاری حسێن، مردن
ئەودەم تەمەنم دوو ساڵان بوو
ژیان چەندە سەختە
شەوی درێژیش چەندە بەدە
مردنیش لە دێهاتی خەمگینی عێڕاق.
باپیرەشم هێشتا
وەک ئەستێرەیەکی بەتاڵ، لەژیاندا مابوو.
١٣ی ئادار
ئەزانم ئەوە مانای چییە؟
کە دزێکبی تاریکی ڕاوت بنێ
یان ترس بە ناو گۆڕستانە خەمناکەکانی لادێدا.
١٦ی حوزەیران
من شەرم دەکەم کە ئاوا کوێرەوەریم
لەپێش کەسانیتردا، ریسوابکەم
لەم جیهانە مەزنەماندا، سواڵکەرێک بەرووتی ببینم
بیرەوەرییەکانم لە خۆڵ وەردەم
ئێمە، گەورەم، نەتەوەیەکی چاکین
ساویلکەین، ئابڕومان هەرگیز، رێگەماننادا
لەبەر دەرگای کۆشکەکەتاندا
بەبرسێتی ڕاوەستین.
١٣ی تەمووز
باپیرەم، وەک قەلەڕەش، لەگەڵ پایزدا، مرد
وەکو مشک، وەک قالۆنچە، لەگەڵ پایزدا، مرد
لە سیبەری دارخورماکەماندا ناشتم
ژیانم پیرۆزکرد
ئێمە، گەورەم، ئێمەی رەنجدەران
لەبیریدەکەین، هەروەک چۆن تۆ لەیادتدەچێ،
کە کرمێکی، لەکێڵگەی جیهانە مەزنەکەماندا.
٢٥ی ئاب
لە گوندەکەمان کۆچمکرد
خاکی دایکم، خەوی
بە بەهارەوە دەدی
تۆپەکانی جەنگی دوایی، لەوێ هێشتا دەوەڕین
وەکو سەگەکانی ڕاوەکەت، گەورەم، هێشتا
لەناو شەختە و زوقومدا دەوەڕین
ئەوکات تەمەنم
بیست ساڵانبوو
تۆپەکانی دواجەنگیش... گەورەم!
بیست ساڵبوو
هێشتا لەناو شەختەو زوقمدا دەوەڕین!
٢٩ی ئەیلول
هێشتا خزمەتکاری گوێڕایەڵتم
بەڵام زانستی ناو کتێبەکان
هەست و نەستی نامۆیانەش
لەمێشکی نمونەکانمدا دەوروژێنن
وریاییەکی مەزن، لە لاشەی خەمگینمدا
هەستێکی زاڵم، مێشێکم
دەستەکانت بەخوێن دێنم
تۆش گەورەکەم! جاڵجاڵۆکەیت
سەردەمی زێڕینیشمان، سەردەمی رەنجدەرانە
سەدەی کارگەو کێڵگەکانە
هێشتا فریودەرمە بۆ کوشتنت
ئەی مەیمونی بەدڕەوشت.
٣٠ی تشرینی یەکەم
گەورەم! ساویلکەکانی وەک من
یاخی نابن
لەبەر ئەوەی کە نازانن
نمونەکانی وەک من، مافی ژینیان هەیە..
مافی بڕیاردانی چارەنووسیان هەیە..
کە لە دەوروبەری ئەستێرە، خەمگینەکەمان
روباری خوێن دەڕوات
لە پێناو مرۆڤی، سبەینێی داهاتووی، بەختیاردا
لە پێناوماندا
گەورەم روباری خوێن دەڕژێ
لە دەوروبەری ئەستێرە خەمگینەکەماندا، دەچێ.
١٩ی تشرینی دووەم
شەو لە بەغدا، سێبەر و خوێن
هەمیشە، راومدەنێن
تینوو بەناو گۆڕستانە دوورەکانی لادێکاندا
وەک مرۆڤی بەختیاری سبەینێی داهاتوومان
مرۆڤی دنیای نوێمان،
گەورەم! لەناو کارگەو کێڵگەکاندا
لە دایکدەبن.. لەدایکدەبن...
 

ماڵپه‌ڕی جه‌‌لال ده‌باغ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک