په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

 

   یاداشتنامەى گرووپى داکۆکى کردن لە مافى رۆژنامەنووسى مێینە بە بۆنەى ١١٠ ساڵەى رۆژنامەگەرى کوردییەوە..

 

 

 

بەڕێزان :    سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان   پەرلەمانى کوردستان   حکوومەتى هەرێمى کوردستان   وەزارەتى رۆشنبیرى   وەزارەتى هەرێم  بۆ کاروبارى ژنان   سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان  مەکتەبى سیاسى حیزبە کوردستانییەکان   سەرجەم رێکخراوەکانى ژنان و ئافرەتان   سەرجەم کەناڵە راگەیاندنەکان سەرجەم رێکخراوە پەیوەندیدارەکان.

 

ئەم گرووپە کە لە  کۆمەڵێک رۆژنامەنووسى شارى هەولێر پێکدێت ، بۆ داکۆکى کردن لە مافى رۆژنامەنووسى مێینەو  لە پێناو بەدەست هێنانى ئەرک و مافى یەکسان بۆ رۆژنامەنووسان بەبێ جیاکارى رەگەزى کاردەکات. لە ساڵیادى ١١٠ ساڵەى رۆژنامەگەرى کوردیشدا وەک دەنگ هەڵبڕینێک بە رووى ئەو نایەکسانییەى لە رووى ئەرک و ماف بەرامبەر رۆژنامەنووسى مێینە لە نێوەندى رۆژنامەگەرى کوردى مومارەسە دەکرێت هەڵوێست وەردەگرێت و دەخوازێت بەپێى ئەو ماندووبوون و ئەرکەى رۆژنامەنووسى مێینە لە دەزگا و دامەزراوە راگەیەندکاریی و رۆژنامەوانییەکاندا ئەنجامى دەدەن ، بەپێى پرەنسیپ و ئیتیکى کارى رۆژنامەنووسى مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت ، چونکە لە ماوەى ساڵانى رابردوودا بەتایبەت لە دواى راپەڕینى ١٩٩١ رۆژنامەنووسى مێینە بەشێوەیەکى کارا هاتوونەتە نێو بوارى رۆژنامەگەرى کوردى ورۆڵى ئاکتیڤیان هاوشانى هاوکارەکانیان لەم بووارەدا بینیوە ، لە هەمان کاتدا بە پێى ئەو ئەرک و ماندووبوونە سەختەى ئەنجامیانداوە بەهۆى زاڵبوونى دەسەڵاتى باوکسالارى و پیادەکردنى ئەقڵیەتى خێڵ لە نێوەندى میدیاى کوردى  ،  تائێستاش وەک رۆژنامەنووسێک رێز لە رۆژنامەنووسى مێینەو پیشەکەیان نەگیراوە و خاوەنى پێگەى شیاوى خۆیان نین. بۆنموونە لە ئەنجومەنى سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستاندا تەنها یەک رۆژنامەنووسى مێ هەیە و تەنانەت لە مەکتەبى ناوەندى راگەیاندنى حیزبەکان و میدیا ئەهلیەکاندا بەدەگمەن دەبینرێن و لە ستافى بەڕێوەبردنى میدیاى وەزارەتى رۆشنبیرى حکوومەتى هەرێمیش لە کۆى ١٤ گۆڤار و بڵاوکراوە تەنیا یەک سەرنووسەرى مێى هەبوو ئەویش لە کارەکەى دوور خرایەوە، لە هەمانکاتدا لە رووى خستەنەرووى پرسى مێینە بە ئەقڵییەتى نێرسالارى گرفت و پرسەکان وروژێنراوون و خراونەتە روو ، تەنانەت لە زۆرجاردا لەبرى ئەوەى بەدیوێکى چاکسازیانە بابەتەکان بخرێنە روو بەدیوێکى نێگەتیڤ و شێواندنى راستییەکان و دووبارە تاوانبارکردن و ناشرینترکردنى کاراکتەرى مێینە خراونەتەوە روو.

 

بەم پێودانگەش ئێمە چەندین داواکارى رەوا، کە بەشێکە لە خواست و مافەکانمان بۆ ئەو لایەنانە دەخەینە روو، کە بەشێکى گرنگن لە هۆکارى ئەو نایەیەکسانی و نادادپەروەرییەى بەرامبەر رۆژنامەنووسى مێینە پراکتیزە دەکرێت:

 

١- بەپشت بەستن بە بەندى یەکەم و دووەم و حەوتەم لە جاڕى گەردوونى مافى مرۆڤ ، کەهەموو مرۆڤەکان یەکسانن لە ئەرک و مافەکان بێ جیاکارى رەگەزى ورەنگ ونەژادو راى سیاسى یا هەر رایەکى تر، لە بەردەم یاسادا یەکسانن ومافیان هەیە بێ جیاکارى لەلایەن یاساوە بپارێزرێن.لەسەر ئەم بنەمایە مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووسى مێینە بکرێت .

٢- بەپشت بەستن بە بەندى بیست و یه‌ک و بیست و دوو جاڕنامەى گەردوونى مافى مرۆڤ دەرفەتى یەکسان و مافى یەکسان بۆ بەشدارى رۆژنامەنوسى مێینە لە ناوەندى بڕیاردانى کارى میدیا بڕەخسێ .

٣- خودى دەزگا راگەیاندنەکان چى دى رێگە بە ناوزڕاندن و سوکایەتى پێکردن بە مێینە بەگشتى و رۆژنامەنووسى مێینە بەتایبەتى .کە ئێستا لە زۆربەى میدیا کوردیەکاندا بوونى هەیە نەدەن و  سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان وەک لایەنى بەرپرس لەم بارەیەوە هەڵوێستى روونى هەبێت.وەک ئەوەى لە رێساکانى ئەخلاقیاتى رۆژنامەگەریدا بە روونى بە کارێکى بەدەر لەکاری رۆژنامەگەرى بە دوو خاڵى سەرەکى باس کراوە .

 

١. هاوژین حەمە رەشید ٢. راوێژ عوبێد ٣. نیاز عەبدوڵا ٤. شیلان یاسین ۵.چیمەن ساڵح ٦.رۆشناعەلى ٧.لەنجە عەبدوڵڵا ٨.ئەڤین ئیراهیم ٩.بەهرە حەمەرەش ١٠.مهابادعەبدوڵڵا ١١.هەوارعەبدولڕحمان ١٢.سۆلاڤ ئەحمەد ١٣.تاڤگە عەلى ١٤.ئەڵوەند عمر ١۵.خەندەگۆران ١٦.سروەعبدولواحید ١٧.ئیتمام مەعروف ١٨.حەسیبە بابۆڵى ١٩.ئاشتى شەهباز ٢٠.نیان ئەحمەد ٢١.نەجیبەکەریم حمد ٢٢.سەیران سەلاح ٢٣.ژیلا کەریمى ٢٤.بنار مام خاڵ ە٢.هەیفا عەلى ٢٦.تامان شاکر ٢٧.شیرین نانەکەلى ٢٨.زەینەب جبرائیل ٢٩.سوعاد الجزائیرى ٣٠.چنار نامق  ٣١.جولە حاجى ٣٢.دڵخواز بکر ٣٣.شەرمین کەریم ٣٤. گوڵان سەلیم ٣۵.سۆزان بابان ٣٦. کۆسار کەریم.

 

 

 

________________________________                           

 

رۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی له‌ هه‌مووتان پیرۆز بێ.

 

ئێمه‌- وه‌ک یه‌کێک له‌ که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندن- زۆر به‌ تاسه‌وه‌ یاداشتنامه‌ به‌پێزه‌که‌تان ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر هه‌ردوو چاوانمان و تائه‌وپه‌ڕی تواناش پشتگیریی له‌داخوازییه‌ ره‌واکانتان ده‌که‌ین و هاوسه‌نگه‌رتان

ده‌بین تا دوا بزمار له‌ تابووتی خێل و دابونه‌ریتی کۆنه‌په‌رستانه‌ و توندڕویی دینیی و نێرسالاریی و هه‌رچی جواێزیی ره‌گه‌زیی نێوان نێر و مێ هه‌یه‌ ده‌درێ و  کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاد و یه‌کسان داده‌مه‌زرێ.

ماڵپه‌ڕی ئه‌مڕۆ - ٢١\٤\٢٠٠٨