٢٤\٨\٢٠١٨
یادێک لە ھاوژینی
مام ھەژار موکریانی.

هۆمەر
ھەر
من لە دووریی تۆ: ھەژار و داماو
دەڕوانمە ڕێگەکەت بە چاوی پڕئاو
بەشم ھەتا لەشم لە تۆوە دوورە
ھەنیسک و ھەڵمژینی ئەشکی سوورە
(بەزمی بەھار، ھەژار، بۆ کوردستان)
پەیڤی دەستپێک:
ئەمە ڕاستییەکی ڕوون و خویایە کە بە درێژایی مێژوو،ڕەگەزی مێینەلە
بەشێکی فرەیکۆمەڵگەی خۆرھەڵاتدا بە دیدەی نزم سەیر کراوە و ھەرگیز ئەو
جێگە و پێگەیەی کە شیاوی کەسایەتیبووە،بەم بوونەوەرە نەدراوە و ھەردەم
پەراوێز خراوە. نە خاسما ئەم پرسە لە کۆمەڵگەیەکی نەریتیی وەک کۆمەڵی
کوردییدا دوو ھێندە زەقتر بووە. ڕاستەخانمان لە نێو ئێمەی کورددا
ھەمیشە شانبەشانی پیاو کاریان کردووە و لە پێناو ژیاندا لە ھیچ جۆرە
فیداکاریی و گیان بەختکردنێک درێخیان نەکردووە ،لێ، کە نۆرە گەییشتۆتە
پلە و پۆست و مەقامەکان لە نێو ماڵبات،خێڵ و کۆمەڵدا ھەرگیز مافی خۆیان
نەدراوەتێ.
ئافرەت،ئەو بوونەوەرە نازەنینەیە کە سەرچاوەی میھر و سۆزە و ناخی
ھەمیشە لێوڕێژە لە دلۆڤانیی و خودانی پاکژترین ھەست و نەستە. کەچی لە
ھەمان حاڵدا کەم نین ژماری ئەو ئافرەتانەی لە نێو کۆمەڵی کوردییدا کە
لە پشتەوەی گەورەیی پیاوانەوەن بەڵام مخابن تا لە ژیاندان ئەوەندە ئاوڕ
لە ڕۆڵ و دەوریان نەدراوەتەوە و پاش نەمان،پەیکەریان بۆ چێ دەکرێت.
ئەوەی کورد بێت ،بێ سێ و دوو ناوی "ھەژار موکریانی" بەرگوێ کەوتووە و
دەزانێت ئەم مرۆ مەزنە ھەموو ژیان و تەمەنی خۆی لە پێناو نەتەوەکەیدا
وەپشت سەر ناوە و ئەوەندەی کورد و دۆزی نەتەوەکەی لا گرینگ بووە،سەدی
یەکی ئەو پرسە ئاوڕی لە ماڵباتەکەی خۆی نەداوەتەوە. ھەر بۆیە بەداخەوە
زۆربەمان ئاگاداری تەمەنێک خەباتی میھرەبانانەی ئەوشاخانمە نین کە ھەر
وەک خودی ھەژار لەم پێناوەدا تێدەکۆشێت و فیداکاری دەکات و ئەرخەیانی
بە ھەژار دەبەخشێت تا درێژە بە خەباتەکەی بدات کەچی ئەم بە تەنێ باسکی
ھیممەت ھەڵدەماڵێت و زۆر جار دوور لە ھاوژین،بۆ خۆی دەوری باوک و دایک
دەبینێت ووەک چیا خۆڕاگر و مینا دڵی دایک،میھرەبان و بوردەبارە. ئەرچی
ھەرگیز ناتوانین نکۆڵی لە ڕۆڵ و دەوری ھەرە دیاری مام "عەبدوڵڵا"ی برای
مام ھەژار و "زێنەب"خانمی خوشکی ئەم نووسەر و شاعیرە مەزنە بکەین کە
بۆماڵبات و خێزانەکەی ھەژاری کوردپەروەرکۆڵەکە دەبن و تا ڕادەیەک
خەمەکان دەڕەوێننەوە.
سەربازی بێناو.
ھاوژینەکەی مام ھەژار واتە "مەعسوومە ئەحمەدی"ھەر وەک خودی ئەم
کەسایەتییە مەزنە،پتر لە ٣٠ ساڵ لە پێناو خەونەکانی ھەژاری
کوردپەروەردا ھەڵوەدا و ئاوارەی ئێرە و ئەوێ دەبێت و لەگەڵ ھەموو کێشە
و ئارێشە و کەند و لەندەکاندا دەساچێنێت و قەت لەو بەختەی خۆی دەم بە
گلە و گازندە نابێت. گەلێک ساڵان لە ئێراق،سووریا و باشوور ژیان وەپشت
سەر دەنێت و سەرەنجامیش ڕۆحە پەپوولەییەکەی ھەر لە نێو خاکەکەی
نیشتماندا ئارام دەگرێت.
نرخ و پێگەیخانمان لای ھەژار موکریانی ئەوەندە بەرزە کە لە "چێشتی
مجێور"ەکەیدا کە کتێبی یادەوەرییەکانی مام ھەژار یان بە واتایەکی
ڕاستتر ژیاننامەی ئەم مرۆ پایە بڵندەیە،ئیشارەتی پێ دەدات و ھەرگیز
ناتوانێت ھەروا سووکێ بە لایدا تێبپەڕێت.ئەمە پەیڤی مام ھەژار موکریانی
سەبارەت بە مەزنیی خانمانە کە لە چێشتی مجێوردا دەنووسێت:" نازانم لە
کوێم خوێندۆتەوە،دەڵێ: "پیاوان بۆ ناودەرکردن حەول دەدەن، ژنان بە
فرمێسکی چاو نرخەکەی دەبژێرن...". بەڵێ فرمێسکی خوشک و ژنی من،نرخێکی
زۆر گەورەیان بژاردبوو. ئەو نرخ بژێرە فرمێسک ھەڵوەرانەش وەک سەربازی
بێناو وان، کەس بە ھیچیان ناگرێ،بەڵام لە ڕاستیدا پاڵەوانی گەورەی
داستان ھەر ئەوانن. ئەگەر کاری دنیا لە ڕووی عەداڵەت بووایە،دەبووایە
لە جێگەی کۆتەڵی پاڵەوانانی مێژوو،کۆتەڵی دایک و خوشک و ژنەکانیان لە
مەیدانی شاراندا بەرز کردایەتەوە. بەداخەوە،کوا عەداڵەت؟کوا دواکەوتنی
حەقیقەت؟ دڵی ژن،ھەر ژنێک،لە نەرمیی و بەزەییدا دەریایەکی بێ بنە و بۆ
ھیچ مەلەوانێکی بیرەوەر و شارەزا پەی نەداوە و ھیچ زانایەک لام وایە
وەک ھەیە،پەی پێ نەبردووە".
ڕاستە ڕەگەزی مێینە لە نێو ئێمەی کورددا تا ڕادەیەک جیاوازتر لە
کۆمەڵگەکانی دیکە بووە و بە چاوێکی دیکە سەیر کراوە بەڵام نابێت ئەو
ڕاستییە پشتگوێ بخرێت کە بە شێوەی یەکسان وەک ڕەگەزی نێرینە ھەل و
دەرفەتی بۆ نەڕەخساوە یانژی نەڕەخسێندراوە و،لەبەر خەسڵەتە
نەریتییەکانی زاڵ بەسەر کۆمەڵدا ڕەگەزی مێینە نەیتوانیوە لەبەر
پەراوێزخران،سەدی یەکی بەھرە و تواناکانی خۆی دەربخات. ھەر لەم
پێوەندییەدا خودی مامۆستا ھەژار بەم چەشنە باس لە وریایی و زیرەکیی
ھاوژینەکەی دەکات و دەنووسێت: "زۆر کوردم دیبوون،ژن و پیاو،چل ساڵ لە
بەغدا ژیابوون و فێرە عارەبی نەببوون.خوایە ئەم ژنەم دەبێ بە چنگ
عەرەبییەوە چۆن پێوە بێ! کەچی ساڵێکی تێ وەرنەسووڕا،وای فێر بوو کە وەک
ھەموو ژنە بەغدایی دیکە بۆ خۆی دەچووە بازاڕ و کەرەستەی ماڵی دەکڕی و
زەحمەتی بازاڕچوونی ھەموو ڕۆژەی لە کۆڵ من کردەوە".
خوێندنەوەی کتێبی "چێشتی مجێور"ی ھەژار موکریانی،دڵی چیایی و ناخی تژی
بوردەباریی و وەفای ئەم مرۆ نازەنینەمان پتر بۆ دەردەخات.
ھاوژینبوونی کەسایەتییەکی وەک ھەژار لە ڕۆژگارێکی تاریک و نووتەکی وەک
دوێنێدا بۆ کوردنە کارێکی ھاسان دەبێت بەڵام ئەم خانمە میھرەبانە لەم
مەیدانەدا سەربەرز و سەرکەوتوو دەردەچێت. ھەژار ھەر لە کتێبی چێشتی
مجێوردا بەم چەشنە یادەوەرییەکی دەگێڕێتەوە: "ڕۆژێک زۆر بە سەبرۆکە
پرسی: "ئەرێ ئێمە تا کەی ماڵەوماڵ و ئاوارە دەبین؟...".
وتم: "تۆ چاوت بەرەوژوور دەڕوانێ.لە ماڵە دۆمان بڕوانە.ھەر حەوتەی لە
دێیەکن،زۆریش بە ژیانی خۆیان ڕازین. وەبزانە ماڵە دۆمین...". ئیتر
نەمدیتەوە ھەرگیز گلە لە بەختی خۆی بکا...".
ئەم شاخانمە دلۆڤانە لە ھەموو باراندا ھاوڕێ و ھاوخەم و ھاوبەشی گشت
سات و کاتە تاڵ و تفتەکانی ژیانی ھەژاری شاعیر و نووسەر دەبێت و وەک
خانمێکی بەدەست و برد و ئازا کاروباران ڕادەپەڕێنێت. مامۆستا ھەژار بۆ
خۆی دەگێڕێتەوە کە :" ماڵەکەمان زۆر ڕووت بوو،ھەر حەسیری لێ ڕاخرابوو.
نان،گەنم و پێخۆر ساوارە. مەعسووم قۆڵی لێ ھەلماڵی و بە تەندوور نانی
دەکرد".
ھەژار موکریانی ھەرکە پاش ماوەیەکی دوور و درێژ بە ماڵ و منداڵ شاد
دەبێتەوە،فرەی پێناچێت ڕوو لە سەنگەری خەبات دەکاتەوە. خانمەکەی باش
ئاگای لە حاڵی ھەژاری سووتاوی کوردایەتییە کە چلۆن شەو چاوی ناچێتە
خەو،ھەر بۆیەبەوپەڕی میھرەبانییەوە ھەست بەمپەرۆشە دەکات و پێی دەڵێت،
ئەگەر نەچیت،نەخۆش دەکەویت.
ئافرەتێک دوای ئەم ھەموو سەخڵەتییانەی ژیان ھەرکە لە بەغدا تازە خەریکە
خۆی و منداڵەکانی بحەوێنەوە ،لەپڕێک بەعسی ماڵ و ژیانی تێک و پێک دەدات
و ڕەنج و بەری ژیانی لەناکاو ڕەشەبای بەعس ڕایدەماڵێت.کەچی سەرباری
ھەموو تەنگ و چەڵەمەکانی ژیان،ھەرگیز کۆڵ نادات و مژولی پەروەردە و
بارھێنانی منداڵەکانی دەبێت.
لە کەرەجەوە بۆ ھەولێر.
پاش ھەرەسھێنان و نسکۆی شۆڕش لە ناوەڕاستی ھەفتاکان کە مام ھەژار
ھاوڕێی بارزانییەکان(بارزانییەکان،لێرەدا مەبەست کوردانی باشوورە کە لە
باری ھزریی و سیاسییەوە لە مەلا مستەفا بارزانی نزیک دەبن) لە شارۆچکەی
"عەزیمییە"ی سەر بە "کەرەج"دەگیرسێنەوە،ڕۆژانێکی دی ژیان بۆ خۆی و
خێزانەکەی دەست پێ دەکات و ئەمجار ھەژار مەتەرێزی خەبات دەگوێزێتەوە بۆ
نێو ماڵ و تا دوا دەمی ژیان،لەگەڵ مەعسوومە خانمی ھاوژین و "ئاگری"ی
کوڕ و ژن و منداڵەکانیدا پێکەوە دەژین. من بۆ خۆم وەک ھاوڕێیەکی بەڕێز
ئاگری(مستەفا)ھەژار، کە ساڵەھای ساڵ لە ڕادیۆ کوردیی تاران پێکەوە
ھاوکار و برا بووینە و نھایش ئەم ھەڤاڵەتی و برایەتییە ھەر درێژەی
ھەیە،باش ئاگاداری دەوری کۆڵەکەئاسای مەعسوومە خانمم کە پاش مام ھەژار
چەندە میھرەبانانە وەرگری ھەموو کوردێک دەبوو کە ڕووی لە ماڵەکەی ھەژار
دەنا. لەم بەینەدا ئەگەر یادێکیش لە دڵسۆزیی و خەمخۆریی "ماپارە" خانمی
ھاوژینی مستەفا(ئاگری)ھەژار نەکەین،پێموایە ناحەقیی و بێوەفایی
بەرانبەر بەم خانمە بەڕێزە بێت کە ساڵەھای ساڵ،بۆ مەعسوومە خانمی
ھاوژینی مام ھەژار نە وەک بووک بگرە ھەر وەک کچی خۆیبووە و خزمەتی
کردووە. قەدەر وا دەبێت کەمەعسوومە خانم لە دوا ساڵانی ژیانیدا ڕوو لە
باشووری کوردستان دەکات و بۆماوەی چەند ساڵێکلە ھەولێر و لەگەڵ "زاگرۆس"ی
کوڕی پێکەوەژیان دەگوزەرێنن و سەرەنجامیش ئەوێندەرێ دەبێتە دوا مەنزڵی.
پەیڤی کۆتایی.
ئەوانەی دەیانەوێت پتر ئاگاداری ژیانی ھەژار و ماڵباتەکەی بن،ڕەنگە
خوێندنەوەی کتێبی "چێشتی مجێور" بتوانێت وەرامیبەشی فرەی
پرسیارەکانیانبداتەوە و پەردە لەڕووی ژیانیڕاستینەی ھەژار ھەڵبداتەوە.
بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە،مرۆ پەی بە دەوری چیائاسای ھاوژینەکەی ھەژار
دەبات و لای خوێنەر دەردەکەوێت کە ئەم خانمە میھرەبانە ھەم چیا بووە و
ھەمیش سەرچاوەی وەفا و بوردەباری.
شیاوی ئیشارەت پێدانە کە مەعسوومە ئەحمەدی،ھاوژینی ھەژار موکریانی ساڵی
١٣٠٨ی ھەتاویی(١٩٢٩)لە گوندی "نۆبار"ی سەر بە بۆکانیڕۆژھەڵاتی کوردستان
لە دایک دەبێت. پاش ڕۆژگارێکی دوور و درێژیشڕۆژی ١٧ی گەلاوێژی ٢٧١٨( ٨ی
مانگی ئەگۆستی ٢٠١٨)لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا لە"ھەولێر"ی قەڵای کوردان کۆچی
دوایی دەکات و لەسەر وەسییەتی خۆی لە"پیرمام" و نزیک لە گۆڕی خالید
حیسامی(ھێدی)ی شاعیر و فەلەکەدین کاکەیی ڕۆشنبیر ئەسپەردەی خاکی
نیشتمان دەکرێت.مام ھەژار و مەعسوومە خانم خاوەنی چوار کوڕن بە
ناوەکانی شێرکۆ،ئاگری،زاگرۆس و خانی کە شێرکۆ و خانی لە ھەندەرانن و
زاگرۆس لە ھەولێرە و ئاگری(مستەفا)یش دانیشتووی باژاڕی مەھابادە.
_____________________________________________
ژێدەرەکان:
• چێشتی مجێور،عەبدوڕەحمان شەرەفکەندی(ھەژار)،چاپی یەکەم،پاریس،ساڵی
١٩٩٧.
• بۆ کوردستان،دیوانی شێعری ھەژار موکریانی،دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی
ئاراس، چاپی چوارەم،ھەولێر،٢٠٠١.
• دیمانەی سەعدوون مازووجی لەگەڵ خوشکی مامۆستا ھەژار.
h_noryawi@yahoo.com
|