په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٧\٢٠١٣

یادەوەرییەکانی یەکی ئایار.


ھەژێن


یەکی ئایار لە منداڵیی مندا.


یادەوەرییەکانی سەردەمی منداڵییم لە بارەی ڕۆژی یەکی ئایارەوە، گەلێک لە یادەوەرییەکانی سەردەمی ھەرزەکاری و دواترم جیاوازن. کاتێک کە قسە دەھاتە سەر کۆمونیزم و کرێکار، بەردەوام لە دەمی باوکمەوە دەمبیست، کە "لە ساڵی ١٩٥٨دا ھەموو کەسێک وەک مۆدێڵ ئەندام و دۆست و لایەنگری پارتی کۆمونیست بووە"، بەڵام ئەو بەخۆی نا. ئەو دەیگێڕایەوە کە" لە یەکی ئایاری ١٩٥٨دا ھەر کەسێک دەستی پاچ و خاکەناز و چەکوش و بێڵی گرتبێت، ئەوەی ھەژار و برسی و کۆڵبەر بووبێت، لە ڕۆژی یەکی ئایاردا خرۆشاوەتە نێوەندی مەیدان و دروشمی بەسەر (لێنین و ستالین) ھەڵداوە".

ھەرچەندە بەوە دڵخۆشدەبووم، کە کەسە ھەژار و زەحمەتکێشەکان لەو ڕۆژەدا ھێندە ھاودەنگ و یەکگرتوو بوون و پێکەوەبوون. بەڵام داستانێکی ئاوا بۆ من، ھیچ سەرنجراکێشییەکی تێدانەبوو، چونکە من تێنەدەگەیشتم بۆچی و ئامانجیان چی بووە، یا ڕاستر بڵێم، لەبەرئەوەی کە باوکم خۆشی لە کۆمونیستەکان نەدەھات.

ساڵ ھات و ساڵ چوو، ساڵانی پاش ھەرەسھێنانی بزووتنەوەی چەکداریی ناسیونالیستی کورد، ھەموو ساڵێک لە ڕۆژی یەکی ئایاردا خەڵکی ڕوویان لە دەشت و دۆڵ و کێوان دەکرد و دەبووە ئەو ڕۆژەی کەس بە کەس نەبوو و بەزۆری خواردنەوە بووبووە مۆدێلی یەکی ئایارەکان و تا یەکی ئایاری ١٩٧٧ کەسانێکی زۆر چووبوون بۆ سەیران و بەھۆی خواردنەوە و بەدمەستبوونی ھەندێکەوە، لەنێوان لایەنگرانی (حشع) و لایەنگرانی (پدکع)دا بووبوو بە دەمەقاڵێ و سووکایەتیکردن بەیەکتری و ڕۆژەکە لە سەیران و خۆشیییەوە، گۆڕابوو بە ڕۆژێک، کە ناخۆشترین یادەوەریی لە منداڵی مندا بەجێھێشت.

بەڵێ یەک دوو شەو پاش یەکی ئایار، دوو کەس لەلایەن دەستە سەرەتاییەکانی بزووتنەوەی چەکداری تازە دروستبووەوە کوژران و لە دەروونی منی مناڵدا مۆری ناخۆشی و ڕکبوونەوەیان لەو ڕۊژە دا و تەنانەت ڕکم لە سەیران دەبووە و تا ئێستاش بەجۆرێک حەزم بە شادیی و ھەڵپەرکێ و ھەرا نییە. ھەموو جارێک کە ھاوسەر و منداڵی کوژراوەکانم دەبینین، خۆبەخۆ یەکی ڕۆژی ئایار وەک یادەوەرییەکی ناخۆش دەھاتەوە بەرچاوم.

یەکی ئایار لە ھەرزەکاریی مندا.


کاتێک کە ھێزە چەکدارەکانی (ینک) پەلاماری (قڕناکا و پشتئاشان)یان دا، منی ھەرزەی ڕامیاریی تا بینەقاقام لەژێر کارایی ھەرا و پاگەندەی ئەو ڕۆژانەدا، ھەستم بە سەرکەوتنێکی گەورە و بەرز دەکرد، بەتایبەت، کە گوێم لەم دەستەواژانە دەبوو " لێنین، گۆڕ ھەڵتەقێنە، تەحریفییەکان .... لە کوردستان ... ". بەڵام ھەستکردن بەو خۆشی و سەرکەوتنە زۆری نەخایاند و کۆتایی پاییزی ھەمان ساڵ، کە بەخۆم بوومە پێشمەرگە و لە دەمی ھاوسەنگەرەکانمەوە وردەکاری ھێڕشەکان و باری دەروونی گیراوەکانی لایەنی پەلاماردراو و ئامانج و تاکتیکی پەلاماردەرم بیست، سەد و ھەشتا پلە ھەستم بە شەرمەزاری دەکرد و دەنگێک لە ناخمدا ھاواری خنکێنراوی کوژراوەکان و قینی چاوی ھاوڕێ بەجێماوەکانیانم بە ھۆشمدا دەدا و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر و زیاتر بە ئاگایدەھێنام. ھەڵبەتە خودی ململانێی نێوان عیراقچی و کاردستانچییەکان، کە من فرەتر بەلای عیارقچییەکاندا دەچووم، لەو بارەوە کارایی خۆی ھەبوو.

یەکی ئایار لە دەمی ھوشیاربوونەوەمدا.


ناسین و دەرککردنی پێشینەی ڕۆژی یەکی ئایار، وەک ڕۆژێکی چینایەتی و سیمبولی خەباتی کرێکاران دژی مشەخۆران (بۆرجوازی) ، بۆ کارایی بەرنامەکانی ڕادیۆ کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دەگەڕایەوە، کە بە دابڕانم لە بزووتنەوەی چەکداری، ڕۆژانە لە لایەنگریی لایەنەکەی خۆم دووری دەخستمەوە و بەرەو بیری ڕزگاری کرێکاران و زەحمەتکێشان ڕایدەکیشام. کارایی بەرنامەکانی کانونی ھونەر و ئەدەبیاتی کرێکاریی لەسەر من ھێندە بەرفراوان بوو، کە چیدی گوێم لە ڕادیۆی لایەنەکەی خۆم ڕانەدەگرت و ڕۆژانە بە بەرنامەکانی ئەو ڕادیۆیە بەنگبووبووم.

یەکی ئایاری ١٩٩٠ لە دەمی خۆھوشیاریی کەسیی خۆمدا.


لەتەک دابرانی یەکجارەکیم لە بزووتنەوەی چەکداریی کە لە ڕاپەڕینەکەی ١٩٨٧دا بە ناچاری ڕوومتێکردبووەوە، بووە خاڵی وەرچەرخانی ھزریی و بۆچوونەکانی من بۆ ھەموو شتەکان، ھەرچەندە من لە جەرگەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەژیام، ھەموو ساڵێک لە یەکی ئایاردا وەک سوونەتێک نەدەچوومە سەرکار و لەو ڕۆژەدا وەک شەیدایەکی بێباک لە شەقامی شارەکاندا بەدەم وتنەوەی سروودی یەکی ئایار و سوودی (ئینتەرناسیوناڵ)ە، لە دووی ھاوبیرانی خۆم دەگەڕام، بەرنامە و سروودەکانی کانوونی ئەدەبیاتی کرێکاریم تۆماردەکردن و دەستاودەست بە ھاوەڵان و ھاوڕێیانی خۆم، بەتایبەت لایەنگرانی ئاڵای شۆرش و (حشع) و گروپی ئینتەرناسیونالی کۆمونیست، دەگەیاندن، دەمویست لەو ڕۆژەدا لە ڕەفتار و دڵخۆشیمدا جیاوازی ئەو ڕۆژە بۆ من بە ھەمووان نیشانبدەم، بەتایبەت ھاوچینەکانم (کرێکارانی کورەخانەکان).

لەم ساتانە بەدواوە، چیدی یەکی ئایار بۆ من بۆنەیەکی ناڕۆشن نەبوو و ھۆکاری جەنگ و سەیران و خۆمەستکردنی داخدارانەی کەسەکان و کوشتنی کەسەکان بۆ من ناڕۆشن نەبوون، چونکە بەخۆم بووبوومە کرێکار و ڕۆژانە بەپێست و ئێسکم، جیاوازییە چینایەتییەکانم دەرکدەکردن و زیاتر زیاتر ناتەبایی و ناجۆری سیستەمە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکەم بۆ دەردەکەوت و باوەڕم بە ھزری ڕزگاری چینەکەم بەھێزتر دەبوو. چیدی لوولەی چەکەکان بۆ من، یەکلاکەرەوەی کێشەکان و کۆتاییھێنەری ستەم نەبوون، دژی شەڕبوون و دژی دەمارگیری نەتەوەیی و دژی سەرمایەداریبوون، ئاوازی سروودێکی مرۆییبوون، کە ڕۆژ بە ڕۆژ منیان لە مرۆڤخۆشویستن و لە ھاریکاری و ھەرەوەزیی و خەمخۆریی بۆ خەڵک نزیکدەکردەوە، وەک داڵدارێکی دێوانە، ھیچ ھۆگرییەکم بۆ حەز و چێژە خۆویستییەکان نەمابوو. حەزمدەکرد لەو ڕۆژەدا ببمە بورکانێک و سیستەم و دەسەڵاتی چینی مشەخۆر بەخۆی و دەوڵەتەکان و لەشکرەکان و ھەمبارەکانی پیشەسازی چەک و بازارەکانی سوودخوازیییەوە، ژێروژوور بکەم.

یەکی ئایاری ١٩٩١.


یەکی ئایاری ١٩٩١، ھەرچەندە خەمی شکستی ڕاپەڕین و کۆڕە و باڵی بەسەرمدا کێشابوو، بەڵام دیسانەوە لەو ڕۆژەدا ھەر لە دووی ھاوبیرەکانم وێڵبووم، بەتایبەت کە زۆرێک لە ھاوەڵەکانم گەڕابوونەوە ھەرێمی کوردستان و چەکداری لایەنەکانیان بوون و من ھەستم بە تەنیاییەکی زۆر دەکرد. لەو تەنیاییەدا بۆ یەکەم جار، دیتن و دەرکەوتنی دروشمێک بەبۆنەی ڕۆژی یەکی ئایارەوە، شاگەشکەی کردم، ھەرچەندە ھاوبۆچوونیم لەتەک ئەو ڕێکخراوە (راھی کارگر)دا نەبوو، بەڵام دیتنی دروشمی "کرێکارانی جیھان یەکگرن" لەسەر دەرگەی پۆستی ئەو شارەی لێیدەژیام، مژدەیەکی گەورە بوو بۆ من و ھەستی تەنیایی منی لە ڕۆژی یەکی ئایاری ١٩٩١دا ڕەواندەوە و ھیوایەکی بە من بەخشی، بەوەی چیدیکە لەوێدا تەنیابیم.

یەکی ئایاری ١٩٩٢.


ھەرچەندە نزیکەی نۆ مانگ بوو گەڕابوومەوە ھەرێمی کوردستان و سەرقاڵی چالاکی ڕێکخراوەیی و یادی ڕاپەڕین و مەراسیمەکانی ٨ی مارچ و ١٨ی ئازار ڕۆژی کۆمونەی پاریس و شوراکانی کوردستان بووم، بەڵام بەداخەوە بەھۆی ئەرکێکی ڕێکخراوەییەوە، کە لەو ڕۆژانەدا بە من دەسپێردرا [ بردنی ئۆرگان و بڵاوکراوە و نامە ڕێکخراوەییەکانی حککا بۆ ئێران] ئایاری ئەو ساڵەش ھەر لە کۆڕ و کۆبووبەوە ئایارییەکانی ھەرێمی کوردستان بێبەش بووم و لەو ڕۆژەدا ھەردەم بیرم لەلای ھاوڕێ و ھاوکارەکانی مەراسیمەکان بوو. بەڵام لەیەک شت دڵنیابووم، ئەویش ئەوەبوو، کە یەکی ئایاری ئەم ساڵ، سەرەتایەکی دیکە دەبێت بۆ سەرلەنوێ ناساندنەوە و گێڕانەوەی مێژوویی ئەو ڕۆژە و ڕەواندنەوەی ئەو وێنا نادروست و جەژنانەکییەکانەی، کە لە دەھەی ھەفتاکان و ھەشتاکانی سەدەی ڕابوردوودا لە ھۆش و یادەوەریی ھەزرانی وەک مندا بۆ ڕۆژی یەکی ئایار، دروستکرابوون. لەو ڕۆژەدا دیسانەوە لە شەقامەکانی ئێراندا کەوتمەوە سروودگوتن لەبەرخۆمەوە و گەڕان لە دووی کەسانێک، کە لەو ڕۆژەدا ژیان بۆیان واتایەکی دیکەی دەدا؛ ڕۆژی خەباتی چینایەتی و لەدایبوونەوەی ئازادئەندێشی.

یەکی ئایاری ١٩٩٣ ھەولێر و ناچاربوونم بە چوون بۆ ئاکرێ.


وەک مەراسیمەکانی دیکە، بە مانگێک پێش ھاتنی ئەو ڕۆژە، چالاکانی ڕێکخراوە چەپەکانی ئەو کاتە لە باخچەی گڵکەند کۆبووینەوە. ئەوانەی کە لەبیرەوەیمدا ناو و وێنایان مابێت، ئەم ھاوڕێیانە بوون: گۆران عەبدوڵڵا، ئەحمەد پاشا، دڵێر، ئارام عەلی، جەعفەر عەلی، بەختیار (کرێکاری کارەبا)، بەختیار (ھۆنەر)، ھیوا، جەمال کرێکار، ئازاد ئارمان (ئیسماعیل)، کاوە حەسەن، چنار حەسەن، سۆران کەریم، ڕێبوار میدحەت، ھیواکەریم، مامە کەریم، ڕێباز، سیروان عەلی، د. ئەمین، شاپوور، قابیل، عەبدولڕەحمان مەولود، ناڵە حەسەن و کۆمەلێکی دیکە، بەداخەوە ناوی ھەمووانم لەبیر نەماوە .....


پاش بڕیاردان لەسەر شوێنی مەراسیم و بڕگەکانی مەراسیمەکە و وتاری کۆمیتەی مەراسیم و وردەکاری دیکە، بەپێی توانا و ئامادەیی خۆبەخشانە، لێژنەکانی کارکردن و بەرپاکردنی مەراسیم دیاریکران، لەوانە: لێژنەی ھونەریی، لێژنەی پەیوەندی، لێژنەی دارایی و گرتنی ھۆڵ، لێژنەی دابەشکردن و پەخشکردنی بەیاننامە و پلاکارتی مەراسیمەکە. وەک ھەموو جارێک ئێمە [ ڕێبوار و ھیوا و سۆران و ڕێباز و مامە و سیروان و من] ھەم لە لێژنەی ھونەرییدا و ھەم لە لێژنەی ئامادەکردن و کۆپیکردن و پەخشکردنی پلاکارت و کارتی بانگھێشکردندا بەشداربووین.

من بەپێی ئەزموون و دەرکەوتنەکانی پێشووتر، داوام لە لێپرسراوی بەشی ئاشکراوی رێکخراوی ڕەوتی کۆمونیست کرد، کە ئەوکات ھەردووکمان ئەندامی لێژنەی خۆجێیی [مەحەلی] ڕێکخراوەکەمان بووین و لە مەراسیمەکانی دیکەدا چەندین ھەوڵ بۆ بەرگرتن بە من و لێدان لە بوونی من لە ھەولێردا، ڕووبەڕووی گێچەڵ بووبوومەوە، کە بە ھاوڕێ [...] بڵێت، لەوێدا گێچەڵ و ناتەبایی دروستنەکات و ململانێ و کێشە نێوخۆییەکانی خۆمان لەوێدا دروستنەکاتەوە. ئەویش بەڵینی بە من دا، ھەرچەندە من بڕوا و متمانەم بە بەلێنەکانی نەمابوو، جونکە ئەو بەخۆیی ھاندەری ئەو ھاورێیە بوو بۆ دژایەتی من.

لە یەکەمین کۆبوونەوەی سەرپەرشتیکەرانی لێژنەکاندا کە پاش ھەفتەیەک، من لێژنەکەم ئاگادارکرد، کە لە گەشتێکی چەند ڕۆژەدا سەردانی سلێمانی دەکەم. ئەوانیش بەتایبەت ھاوڕێ ھیوا محەمەد، داوایان لە من کرد، کە وەک نوێنەری کۆمیتەی مەراسیمی یەکی ئایار لە ھەولێر، لە کۆبوونەوەکانی کۆمیتەی مەراسیمی یەکی ئایار لە سلێمانی بەشداری بکەم و ھەم ئەزموونەکانی خۆمان بۆ ئەوان بگیرمەوە و ھەم لەوانەوە ئەزموونگیری بکەم، تاوەکو بەخۆمان لە ھولێر سوودیان لێوەربگرین.

بەو جۆرە من ڕۆژی دوایی بەرەو سلێمانی و مالوان و ھەڵەبجە، کەوتمەڕێ و لە زنجیرەیەک سەردانی کەسیی و بەشداری کۆبوونەوەکاندا ھەوڵمدا شێوازی کارکردنی خۆمان لە کۆمیتەی مەراسیمەکاندا و چۆنیەتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکان لەلایەن لێژنەکانەوە، بە ھاوڕێیان لەو شوێنانە بگەیێنم. بە ھاریکاری و ئاگادارکردنەوەم لەلایەن ھاوڕێیان [بەھنام محەمەد و فاروق محەمەد]ەوە ھەر لەتەک ئەوانیشدا چووم بۆ شوێنی کۆبوونەوەکە.

شوێنی کۆبوونەوەکە، ھۆڵی فێرگەیەکی ئامادەیی بوو، لەو ھۆڵەدا تیپی شانۆی ئایار [ئەگەر ناوی تیپەکەم بە دروستی لەبیرمابێت]، لەوێدا پرۆڤەیان دەکرد، پاش ئەوەی کە ھەمووان ئامادەبوون، لەسەر سەکۆی ھۆڵەکە دانیشتین و پاش خۆشھاتن گوتن و دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، ھاوڕێیەک، باش لەبیرمنەماوە، کە کێ بوو، بە ھەمووانی گوت "ئەم ھاوڕێیە لە ھەولێرەوە ھاتووە و ئەندامی کۆمیتەی مەراسیمی یەکی ئایارە و وەک نوێنەری ئەوان ھاتووە، ھەم ئەزموونی چۆنیەتی کارکردنی خۆیان لە ھەولێر بۆ ئێمە بگێڕێتەوە و ھەم لە ئێمەشەوە ئەزموونگیری بکات و بە ئەوێی بگەیێنێت".

منیش بە یارمەتی ھەمووان، پاش گەیاندنی سڵاو و پەیامی ھاوڕێیانم لە کۆمیتەی مەراسیمی یەکی ئایاری ھەولێر، گوتم " ئێمە لە یەکەمین کۆبوونەوەی چالاکانی ئامادەی بەشداریکردن لە کۆمیتەکەدا، دەستنیشانی لێژنەکانی ئامادەکاریی دەکەین و پاشان بەپێی خواستی کەسەکان، خۆیان بۆ لێژنەکان ناونووسدەکەن و ھەفتانە تا ڕۆژی مەراسیمەکە، نوێنەرانی لێژنەکان، کۆدەبنەوە و ڕاپۆرت لەسەر چۆنیەتی پێشەوەچوونی کارەکان و پێداویستییەکان و ڕێگرییەکان و ھەنگاوەکانی دوایی و ئەنجامگیری و گێڕانەوەی قسەوباسەکان و ئەنجامگیری کۆبوونەوەکە بۆ بەشداربووانی لێژنەکان. ھەروەھا بە دیاریکراوی قسەم لەسەر چۆنیەتی کاری لێژنەی ھونەریی کە بەخۆم سەرپەرشتیگەری بووم، کرد، ھێشتا دوا ڕستەکەی، پەیامەکەم تەواونەکردبوو و نەچووبوومە سەر وردەکاریی چالاکییەکانی کۆمیتەی ئامادەکاریی، کەسێک لەو بەرمەوە، دەنگی ھەڵبڕی و گوتی "سوپاس کاکە، ئێمە خۆمان دەزانین چۆن کاردەکەین". یەکسەر ھاوڕێ "فاروق محەمەد" ئانیشکێکی کوتایە پەراسووەکانی لای ڕاستم، چپاندیە گوێم " دەزانیت ئەوە کێییە، ئەوە سەرنووسەری بڵاوکراوەی (کۆمونیزمی کارگەری) ئۆرگانی ڕێکخراوی (یەکێتی خەباتی کۆمونیزمی کارگری)یە. پاش ئەوەی کە چووینە دەرەوە، بە ھاوڕێیان (بەھنام و فاروقم)م گوت "بە پێچەوانەی سەرنووسەرەکەیانەوە، ھاوڕێ (.) کە ئەندامی کۆمیتەی نێوەندییانە، لە زۆربەی شتەکاندا دەڵێت " ھەرچی ھاوڕێ (... / من) بڵێت، من لەلام پەسەندە.

پاش ئەوەی کە ڕۆژی دوایی گەڕامەوە ھەولێر، لە کۆبوونەوەی سەرپەرشتیکارانی لێژنەکاندا، پاش گێڕانەوەی ئەوەی لە کە کۆبوونەوەی کۆمیتەی مەراسیمی یەکی ئایاری سلێمانیدا دیتبووم و بیستبووم، دەستبەجێ لەلایەن ھاورێیەکەوە، کە ھاوڕێکخراوەیی خۆم بوو و پێشتر بەپێی ئەزموونی مەراسیمەکانی پێشوو، پێشبینی ئەوەم کردبوو، کە ھەوڵی رێگریی لە من و دەرپەڕاندنم دەدات، چونکە ئەو و ئەو کەسەش، کە ھانی ئەوی دەدا، دەیانزانی پرنسپڵی ڕێکخراوەیی من و کارکردنم ڕێگەی بەشداریکردنی شەڕەدەندوکی کەسیی و لابەلاییم نادات. ھەر ئەم خاڵە لەلایەن ئەوانەوە دژ بەخۆم قۆسترایەوە و ناچاریانکردم لەبەرئەوەی ڕێکخراوەکەمان نەبێتە قوربانی پیلانێک و کینەدۆزی کەسیی ئەوان، بڕیاری کشانەوەی خۆمم لە کۆمیتەی مەراسیم ڕاگەیاند، بەڵام لەوە دڵنیامکردنەوە، کە ھەموو ئەو کارانەی کە وەک ئەندامی کۆمیتە بڕیاربووە، ئەنجامیانبدەم، لە دەروەی کۆمیتەش ئەنجامیاندەدەم، تەنیا ئامانجم ئەوەیە، کە کێشەی کەسیی کەسێک لەتەک مندا نەبێتە ھۆی پەککەوتنی کارەکانی کۆمیتەکە و مەراسیمەکە، ھەرچەندە ھاوڕێ ھیوا محەمەد و ھاوڕێ ئازاد ئاڕمان و ناڵە حەسەن و بەختیار (کرێکاری کارەبا) و ھاوڕێ ئارام عەلی داوایانلێکردم بمێنمەوە و تەنانەت ھەندێکیان پێیانخۆشتر بوو، من بمێنمەوە و ئەو بڕوات. چونکە ئەو یەکەم جار بوو، کە خۆی بۆ لێژنەکانی مەراسیم ناونووسبکات و ھەر لە سەرەتاشەوە، دەمزانی ئامانجێکی دیاریکراو لە پشت ئامادەبوونەکەیەوە ھەیە، ھەر بۆیە لە سەرەتای دەستپێکی کۆمیتەکەدا داوام لە لێپرسراوی ھەولێری رێکخراوەکەمان کرد، کە ئەو کەسە لەوە ئاگاداربکات، کە ململانێی نێوخۆیی خۆمان و ڕێکخراوەکەمان نەکێشێتە نێو کۆمیتەی مەراسیمەکەوە.

بەو جۆرە من ناچارکرام، ئەوێ بەجێبھێڵم و لەتەک ھاوڕێیانی (شقە)، بچم بۆ ئاکرێ و لەوێ چالاکی ئایاریی ئەنجامبدەم. ھەرچەندە زۆرم پێناخۊش بوو و دەتوانم بڵێـم، ئەو دەرچوونە بوو بە ھۆی زنجیرەیەک ناخۆشی و پەشیمانیی کەسیی لە درێژەی ژیانمدا، کە تا ئێستاش باجەکەیاندەدەم. [کە پرسێکی کەسییە و پەیوەندی بە چالاکی ڕیکخراوەییەوە نییە]، بەڵام بەدڵنیاییەوە رێکەوت و قەزاوقەدەرە ڕێکخراوەییەکان، ھۆکاری ڕوودانی ئەو چارەڕەشییەبوون.

یەکی ئایاری ١٩٩٣ لە ئاکرێ.


چوونمان بۆ ئاکرێ و شێوەی کارکردنمان وەک ھەولێر نەبوو، چونکە یەکەم بڕیارەکە کتوپڕ بوو و دووەم ماوەی دوو ڕۆژمان بەدەستەوە مابوو. لەبەرئەوە ئەو دوو ڕۆژە تەنیا خەریکی پرۆڤەی سروودەکان و کۆپیکردن و ھەڵواسین و خۆئامادەکردن بووین. ھەرچەندە ئێمە لە ھەولێرەوە چووبووین و ئاکرێ و خەڵکەکەی بۆ ئێمە شوێنێکی نائاشنابوون و ھەستمان بە نامۆیی دەرکرد، ھەروەھا لەبەرئەوەی کە یەم جار بوو لە ئاکرێ ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمونیست و بەگشتی چەپیش لەوێ مەراسیم بەو سوونەتەوە کە ئێمە ھەمانبوو، بکات، لە ڕاستیدا کەمێک ترسیشمان ھەبوو و داماننابوو، کە چەکدارەکانی پارتی بمانگرن.

بەڵام بە پێچەوانەوە لەتەک دڵخۆشی و پێخۆشبوونی خەڵکەکە و تەنانەت چەکدارەکانی پارتیش ڕووبەڕووبووین، ئەوەش دیسانەوە دوو ھۆکاری ھەبوو؛ یەکەم تازەیی مەراسیمی یەکی ئایار لەوێ و دووەم بەشداریکردنی گۆرانیبێژی ئاکرێ (محەمەد تەھە) بە کۆمەلێک گۆرانی خۆش. بەو جۆرە لە ئامێزی میھرەبانی خەڵکی (ئاکرێ)دا، مەراسیمێکی سەرکەوتوومان بەرپاکرد، کە ئەو کەسانەی لە ھەولێر دژایەتی ئێمەیان دەکرد، خەریکی فاڵگرتنەوە بوون لەسەر شکستھێنان و گرتمان. بەتایبەت بۆ من، کە دەرپەراندنم لە مەراسیمی یەکی ئایاری ئەو ساڵە لە ھەولێر، نەک لە کێشی کەسیی منی کەمنەکردەوە، بەڵکو متمانە و خۆشەویستی منی بردەسەر، چ لە نێو ڕێکخراوی خۆمان و چ لەنێو ڕێکخراوەکانی تردا.

بێجگە لە ھەموو سەختییەک و ترس و نیگەرانییەک، ھاوکاتیش خۆشییەکی ھەبوو، یەکێک لەو شتە خۆشانەی، کە قەد لەبیرم ناچنەوە، ئەوەبوو، کە ئێوارەی یەکی ئایار پاش مەراسیمەکە، لە ماڵی ئەو ھاورێیەمان (ح.ع) بووین، کە لەتەکیدا چووبووین و میوانێکی زۆر کۆبووبوونەوە لێمان، لەنێویاندا ئەوانەی کە پاش ڕاپەڕین ئەندام و پێشمەرگەی ڕەوتی کۆمونیست بووبوون. لە وێژەری دەنگوباسی ئەو ڕۆژەی کەناڵی پارتییەوە، لە بارەی یەکی ئایارەوە، بەردەوام گوێم لە وشەی "عەولی" دەبوو، ڕاستییەکەی ھەرچەندە تێگەییشتنم لە کرمانجی بە ھۆی ڕادیۆی یەکێتی و کۆمەڵەی زەحمەتکێسان لە ساڵانی ھەشتاکاندا زۆر باش بوو، کەچی لەتاو قەرەباڵغی و دەنگەدەنگی نێو ھۆڵەکە، من "عەولی"م لێبووبووە ناوی کەسێک و وامزانی کەسێکی زۆر بەناوبانگی ئەو ناوچەیە و لە ھاورێیەکم پرسی، ئەرێ ئەو "عەولە" کێیە، لە ڕۆژی ئایاردا ئەوەندە ناویدەھێنن، لەوەدەچێت، شیوعییەکی بەناوبانگ بێت؟ ئیتر بوو بە پێکەنین و ھەرایەک، ھەر مەپرسن، منیش ھەم وڕبووبووم و ھەم لەتەک ئەواندا تا ڕادەی گریان پێکەنیم و ھاتمەوە سەر سفر، (عەول)ە شیوعییەکەی من، تەنیا ژمارەیەک دەرچوو، ھەر "اول من ڕیار"ەکەی عەرەبی بوو و تا گەییشتبووە بادینان، بوو بوو بە (عەولی ئایار) و دڵی منی بە بوونی چالاک و کەسایەتییەکی ئاوا ناسراو لە بادینان بەناوی "عەول" خۆشکردبوو.

یەکی ئایاری ١٩٨٤ی ھەولێر.


لە سەرەتای مانگی ئەپڕیلی ١٩٩٤دا بوو، لە لای ھاوڕێ گۆران عەبدوڵڵا بووم و لە بارەی مەراسیمی یەکی ئایاری ئەو ساڵەوە دەدواین، منیش کتوپڕ ئەم پێشنیارەم بەخەیاڵدا ھات "بۆ ھەوڵندەین، یەکی ئایاری ئەم ساڵ بەنێوی یەکێتی بێکارانەوە بەرپابکرێت، تاوەکو تەکانێک بەم رێکخراوە بدەینەوە و سەرلەنوێ جەماوەری لە دەور کۆبکەینەوە؟". ھاوڕێ گۆران دەستبەجێ گوتی زۆر باشە و منیش ھەمان بۆچوونم ھەیە، لەم کاتەدا ھاوڕێ (سەردار حەمید) بەرەو بنکەی یەکێتی بێکاران دەھات، لە ئەویشمان پرسی، ئەویش لە وەڵامدا گوتی "منیش ھاوڕاتانم"، دوابەدوای ئەو، ھاوڕێیان (سیروان عەلی) و (کاوە حەسەن) ھاتن و ئەوانیش پێشوازییان لە پێشنیارەکە کرد، ئەگەر باش لەبیرممابێت، ھاوڕێ (عەبدولڕەحمان مەولود)یش بەسەر قسەوباسەکەدا ھات و زۆری پێباشبوو.

بەڵام ڕۆژی دواتر، کە دانیشتنی تایبەتمان بۆ پێکھێنانی کۆمیتەی بەرپاکردنی مەراسیمی یەکی ئایار ھەبوو، ھاوڕێ (سەردار ) بۆچوونی گۆڕابوو و لەوەش سەیرتر (لێپرسراوی بنکەی ئاشکرای حککع)، ھەرچەندە بانگھێشت نەکرابوو و کۆبوونەوەکە تەنیا بۆ ئەندامانی یەکێتی بێکاران و کۆمەڵەی ئاوارەکان و ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان بوو، کەچی ئەو لەوێ ئامادە بوو و دژایەتی تەواوی پێشنیارەکەی ئێمەی دەکرد و بەدژایەتی (حککع)ی ناویبرد و ئەندامانی حککع لەسەر ڕابەری پارتەکەیان لە مەراسیمەکەدا و پاشکۆبوونی یەکێتی بێکاران پێداگرییاندەکرد. ھەڵبەتە ئەوەمان لەبیرنەچێت، کە ئەندامانی (حککع) لەو سەردەمەدا لە زۆربەی پرسەکاندا دوو دەستەبوون، بۆ نموونە ھاوڕێیان (گۆڕان عەبدوڵڵا و سیروان عەلی) کە ئەو کات ئەندامی چالاکی ئەو پارتە بوون، زۆر بەتەنگ یەکێتی بێکاران و خەباتی جەماوەرییەوە بوون و لەتەک ئێمەدا ھاوبۆچوون بوون و لەلایەن قسەکەرانی پارتەوە، وەک ئێمە دژایەتییان دەکرا.

پاش ململانێییەکی زۆر، بڕیار لەسەر کۆمیتەی ئامادەکاریی مەراسیمەکە، بەناوی یەکێتی بێکاران و ھاوپشتی و کۆمەکی (حککع)ەوە درا. وەک ڕێسای جێکەوتە و پێشینەی ساڵانی ڕابوردوو، کەوتینە دیاریکردنی لێژنەکانی کۆمیتەکە و بۆ ھەر یەکێک لە کارەکان، لەوانە لێژنەی ھونەریی [کە من سەرپەرشتیگەری بووم]، لێژنەی کۆکردنەوەی کۆمەکی دارایی و پەیوەندی لەتەک لایەنەکان و ڕێکخراوەکانی دیکە، لێژنەی پاگەندە و ڕاگەیاندن. بەو جۆرە بەخۆشی و ورەبەزییەکەوە، بۆ ئامادەکاریی و بەرەوپێشبردنی ئەرکەکان، دەستەبەکابووین.

بۆ من جیاوازی یەکی ئایاری ئەو ساڵە لەتەک ساڵەکانی پێشتر، دوو شت بوو، یەکەم، ئەو کەسانەی کە ھەموو کار و ئامانجێکیان بووبووە دژایەتی من و ساڵی ١٩٩٣ بە دژایەتی کەسیی، منیان ناچار بە کشانەوە لە کۆمیتەی مەراسیمی یەکی ئایار لە ھەولێر کرد، لەوێ نەمابوون، دووەم، یەکێتی بێکاران وەک ڕێکخراوەیەکی جەماوەریی سەربەخۆی زیاتری ھەبوو و بەپێچەوانەی ساڵانی ڕابوردووەوە، کە کۆمیتەکە و مەراسیمەکە بەناوی ڕیکخراوە ڕامیارییەکانەوە [ڕەوتی کۆمونیست، یەکێتی خەباتی کۆمونیزمی کرێکاریی و سەرنجی کرێکار]، ئەو ساڵە یەکی ئایار بەناوی [یەکێتی بێکاران لە کوردستان]ەوە بەرپادەکرا . ئەمە بۆ من ھاتنەدی یەکێک لە خەونەکانم بوو، کە لە ساڵی ١٩٩١ەوە قسەوباسم لەسەر دەکرد.

جەماوەرییبوونەوە و کەمکردنەوەی کارایی و دەستتێوەردانی (حککع) لە کۆمیتەی ئامادەکاریی مەراسیمەکەدا، بواری بۆ بەشداری کەسانی سەربەخۆ و لایەنداری دیکە ڕەخساند، بەتایبەت لە کارە ھونەرییەکاندا، کە من سەرپەرشتیمدەکردن. بۆ نموونە بۆ یەکەم جار کەسانی دەرەوەی بازنەی ڕەوتی کۆمونیزمی کرێکاری بواریان بۆ ڕەخسا، کە بەشداری بێبەند و مەرج بکەن و تواناییە ھونەررییەکانیان بخەنەگەڕ و سیمایەکی دیکە بە مەراسیمەکە ببەخشن. لەو کەسانە (ھەڵمەت تاھیر)ی شانۆکار خەڵکی ھەولێر، (فازیل عوسمان) خەڵکی کەرکووک، خوێندکار لە ھەولێر، (ھەژار )خەڵکی کۆیە، خوێندکار لە ھەولێر، بێجگە لە شانۆکار ناڵە حەسەن و خۆمان تیپی سروودبێژی، کە پێشتریش لە مەراسیمەکاندا بەشی سەرەکی لێژنەی ھونەری مەراسیمەکانی ٨ی مارچ و ١٨ی ئازار [ڕۆژی کۆمونە و شوراکانی کوردستان] و مەراسیمی یەکی ئایار بووین.

بەو جۆرە ھاوڕێ (فازیل عوسمان) بە چەند سروودێکی نوێ، کە دانەری ئاوازەکانیان بەخۆی بوو، ھاوڕێ (ھەڵمەت تاھیر) بە شانۆییەکی کۆمیدی فوتباڵ، کە دواتر من کۆمەڵێک ئیدی خۆمم بۆ زیادکرد و بوو بە شانۆگەرییەکی ڕامیاریی، ھاوڕێ (ناڵە حەسەن) بە شانۆگەرییەک، کە منیش ڕۆڵم تێدا کایەکرد، ھاوڕێ (ھەژار) بە گوتنی کۆمەلێک سروود بەشدارییانکرد.

ھەرچەندە ھەژماری ئەندامانی کۆمیتەی مەراسیم و چالاکانی یەکی ئایار لە ھەولێر لە پێویست زیاتربوون، کەچی وەھا دەرکەوتنێکی تازە، ئەندامانی (حککع)ی تووشی شۆککردبوو و ناچاربوون بۆ ھاوسەنگی ھێز، کۆمەڵێک لە ئەندامان و چەکدارانی خۆیان لە سلێمانییەوە بە بیانووی پشتیوانی و سەرپەرشتی بھێنن. ھەڵبەتە ئامادەیی چەکدارانە و ھێنانی ئەندامانی ئەو پارتە لە سلێمانییەوە، چاوەڕوانکراو نەبوو و کتوپڕ دەرکەوتنیان لە ڕۆژ و شوێنی بەرپاکردنی مەراسیمەکە [باخچەی گڵکەند]دا پێشبینیکراو نەبوو و کەسانێک کە ئەندامی ئەو پارتەنەبووین، بەتایبەت ھاوڕێ (کاوە حەسەن) و من، ھیچ کاردانەوەیەکمان لە خۆمان نیشاننەدا، تا کاتێک کە ئەوان [لەشکری ئاوردە] کەوتنە ھەوڵی دەستتێوەردانی بڕگە و بەرنامەکانی مەراسیمەکە و لابردنی وتاری ھەندێک لە ھاوڕێیان و پاشوپێشپێکردنی بڕگەکان.

بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەندامانی ھاوردەی (حککع) لە سلێمانییەوە، تەنانەت لە کاتی پێشکەشکردنی بەشەکانی مەراسیمەکەشدا ھەوڵی پاشقوڵگرتنیان دەدا و بڕگە پێشتر دانراوەکانیان لادەبردن و کەسانی خۆیانیان دەخزاندە نێو بەرنامەی مەراسیمەکەوە. ھەرچەندە من بۆخۆم بەپێی ئەزموونەکانی خۆم لەنێو ئەو ڕەوتەدا، دەمزانی کە بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵی پاوانکردن (دۆمنیەت)ی مەراسیمەکە دەدەن، بەڵام لەو بڕوایەدانەبووم؛ یەکەم، لە سلێمانییەوە ھێز بێنن و دووەم، بە ئارەزووی خۆیان بکەونە پاش و پێشکردن و لابردنی ھەندێک لە بڕگەکانی مەراسیمەکە. وەھا دەستتێوەردان و چەپەڵکارییەک، ئێمەی ناچارکرد و لەسەر لابردنی وتارێکی ھاوڕێ (ھیوا کەریم) کرێکاری چێشتخانە و دواخستنی بڕگە ھونەرییەکان، ھاوڕێ کاوە و من لەتەکیاندا ڕووبەڕووبووینەوە. ھەروەھا کە لە کاتی ئامادەکاری کارەکاندا کێشەی زۆریان بەتایبەت بۆ لێژنەی ھونەریی دروستدەکرد، دژی ئەوەبوون، کە ھاوڕێ (فازڵ عوسمان) سروود بچڕێت و بەشداریبکات، دەیانگوت "ئەنارشیستە" [ھەرچەندە ئەو ئەنارکیست نەبوو و کەسێکی کۆمونیست بوو، بەڵام لە جۆری کۆمونیزمی حیکمەتی نا]، ھەروەھا بەشداری ھاوڕێ (ھەڵمەت تاھیر)یان پێباشنەبوو، چونکە بۆ ئەوان کۆمونیست نەبوو یا کۆمونیستی ھاوجۆری ئەوان نەبوو .

لەو مەراسیمەدا بێجگە لە وتاری یەکێتی بێکاران و کۆمەڵەی ئاوارەکان و ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان و وتاری (حککع) و پەیامی لایەنەکانی دیکە، دوو شانۆنامە پێشکەشکران، یەکەم ئیدە و دەرھێنانی ھاورێ (ھەڵمەت تاھیر) بوو و دووەم، نووسین و دەرھێنانی ھاوڕێ (ناڵە حسەن) بوو. ھەروەھا بەپێشکەشکردنی کۆمەڵێک سروود و ھۆنراوە و پەخشان و گۆرانی ناوەڕۆک و سیمای مەراسیمەکە لە مەراسیمەکانی ساڵانی پێشوو جیاوازتربوو.

لە ھەموو ئەوانە سەرنجراکێش تر، ئەوەبوو، ئەوی کە ئاگای لە ھۆ و جێی سەرھەڵدانی جەنگی نێوان (ینک و پدک)ی نەبووبوو و شانۆییە کۆمیدییەکەی ئێمەی بینیبوو، پێێوابووبوو، کە شانۆییەکەی ئێمە بووەتە ھۆی ھەڵگیرساندنی جەنگەکە، چونکە لایەنگرانی ھەردوو پارتی دەسەڵاتدار، لەوێدا لەتەک گۆڵکردنی ڕەنگی لایەنەکەی خۆیاندا، تەزبیحە زەرد و سەوزەکانیان لەبەرامبەر یەکدیدا ڕادەوەشاند و کەتواری کۆمەڵگە بەشێوەیەکی زیندوو نمایشدەکرا و کاردانەوەی بێنەر و جوڵەی ئەکتەر، سەراپای باخچەی گلکەند و مەراسیمەکی کردبووە مەیدانی نواندنی شانۆییەکی مەیدانی و شانۆنامەی ژیانی ئاسایی ھێنابووە سەر شانۆ و بەرگی ھونەریی بەبەرداکردبوو.

بەداخەوە، لێرە بەدواوە ڕەوتی بەشداری من بەھۆی دوورکەوتنەوەم لە ھەولێر و ئەو کۆمەڵە ھاوڕێییەی نێو یەکێتی بێکاران و کۆمەڵەی ئاوارەکان و ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان و چالاکانی خوێندکاران، شێوەی بەشداری و چالاکیم لە مەراسیمەکانی یەکی ئایاردا گۆرانی بەسەرداھات، بەڵام ئێستاش ھەر ساڵ چالاکانە بەشداردەبم و ھەردەم ھەوڵدەدەم سەربەخۆیی خۆم بپارێزم و ڕەدووی ڕەوتە ڕامیارییەکان، کە تەنیا ئامانجیان لە بەشداری مەراسیمەکاندا پاگەندەی پارتیی و ڕامیاریی و ڕاوەئەندامکردنە، نەکەوم. لێرەدا بە یادەوەرییەکی خۆش، کۆتایی بە یادەوەرییەکانم دەھێنم؛ دوو ھەفتە پێش یەکی ئایاری ساڵی ٢٠١١ لە نەخۆشخانە کەوتبووم، وەک خوگرتنی ھەر ساڵەم بە بەشداری و ئامادەیی لەو ڕۆژەدا، کێچ چووبووە کەوڵم و ھەردەم بیرم لە چۆنیەتی بەشداریکردن دەکردەوە؛ نەمدەزانی داوای دەرچوونی یەکجاریی لە نەخۆشخانە بکەم و واز لە چارەسەر بھێنم، یا واز لە بەشداریکردن لە یەکی ئایار بھێنم؟ چەند ساتێک پێش دەستپێکردنی مەراسیمی یەکی ئایار، پزیشکی سەرپەشتکار وەک ھەموو بەیانییەک ھاتوو و "گوتی چییە، بۆ وا شێواوی، ئازارت زۆرە؟" منیش وتم ڕاستیت دەوێت، نا، گرفتێکی دیکەم ھەیە، ناتوانم لێرەدا بیڵێم. لە وەڵامدا گوتی "دواتر وەرە بۆ ژوورەکەم". منیش بیئۆقرە خۆم گەیاندە ژوورەکەی و گوتم، دکتۆر چیت لێبشارمەوە، ئەمڕۆ ڕۆژی یەکەی ئایارە و حەزدەکەم بچم بەشداری مەراسیمەکە بکەم و بەڵێنم بە ھاوڕێکانم داوە. پزیشکەکە سەیرێکی کردم و گوتی "ھەرچەندە ئەوە کارێکی نایاسییە، مادام کارێکی خۆشییەکت پێدەبەخشێت، بڕۆ بەڵام من ئاگادارنیم و بە کەسی دیکەش مەڵێ و ھەموو لێپرسراوەتییەک لە ئەستۆی خۆت". بەو جۆرە خۆم گەیاندە شوێنی مەراسیمەکە و لەوێ کەوتمە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی بەسەرھاتی ڕۆژی یەکی ئایار. لەپڕ کەسێک شانی گرتم و داوای بەیاننامەکی لێکردم و کە ئاوڕمدایەوە، یەکێک لە مامۆستاکانی خۆم بوو، کە بەخۆی یەکێک بوو لە سۆشیالیستە ئازادیخوازەکانی تورکیە، گوتی "ئەوە لێرە چیدەکەیت، خۆ ھاوخولەکانت بەتەمابوون بەیانی بە چەپکە گوڵەوە لە خەستەخانە سەردانیتبکەن". بەیاننامەکەم دایەدەستی و بەسەرھاتەکەم بۆ گێرایەوە و پێمگوت؛ ھاوڕێ، باشترین شت ئەوەیە منت نەبینیوە، ھیچت لە من نەبیستووە و ھیچت بە من نەگوتووە. توند دەستی گوشیم و بە چەند ھاوڕێیەکی دیکەی خۆی ناساندمی و ئێوارە گەڕامەوە نەخۆشخانە و لەسەر قەرەوێڵەکەم نەخۆشکەوتمەوە ...

دوا وشە، ھیوادارم ھاوڕێیان، ئەوانەی کە لەو ڕۆژگارانەدا چالاک و ئامدەبوون، ئەوانەی من ناویانم لەبیرچووە، بەدڵێکی فراوانەوە لەبیرکردنی ناویانم لێوەربگرن و ئەوان ئەوەی کە من لەبیرمکردووە، زیادی بکەن و ئەو شتانەی من لە گێڕانەوەیدا ڕاستگۆنەبووبم، ئەوان بە ڕەخنە و سەرنجەکانیان، بۆ من و خوێنەرانی ھێژا و مێژوو، ڕاستیانبکەنەوە. چونکە ڕاستی و ناڕاستیی گێڕانەوەی ھەر کەسێک پەیوەندی بە گرنگیدان و بەھەندوەرگرتنی شتەکانەوە لە ساتی ڕوودانیاندا، ھەیە. نووسینەوەی مێژوو و ڕووداوەکانی نێوی، کاری تاکەکەس نییە و ئەگەر ھەموومان پێکەوە بە تۆمارکردن و پاراستنی ڕووداوەکانی لە یادەوەرییەکانی خۆمدا، نەینووسینەوە، ئەوا ڕامیارانی مێژووشێوێنەر و مێژوونووسانی دەرباری دەسەڵات، راستییەکان ئاوەژوودەکەنەوە. ھەر ئەم بۆچوونەیە، کە بووەتە ھاندەری من بۆ ئەوەی یادەوەرییەکانی خۆم لە فەوتان ڕزگاربکەم
________________________________
* بەداوای لێبوردنەوە، لە گێڕانەوەی "یادەوەرییەکانی ٨ی مارچ" و ١٨ی ئازاردا ناوی ئەم ھاورێیانەم لەبیرکردبوو [ئیسماعیل (ئازاد ئاڕمان)، ڕێباز، مامە کەریم، فایق حەسەن، شاناز، نەزمییە] کۆمەلێکی دیکە، کە مەگەر ھاوڕێیانی دیکە یا بەخۆیان بیرمبخەنەوە. جارێکی دیکە داوای لێبوردن دەکەم و ھیوادارم بەم دەستپێشخەرییە، توانیبێتم، کە ببمە ھاندەری ھاوڕێیان و چالاکانی ئەو ڕۆژانە، تاوەکو ئەوانیش شان بدەنە ژێر نووسینەوەی بەشێکی ئەو مێژووە، کە من تێیدا بەشدارنەبووم یا لەبریمنەماوە.

** لەبەرئەوەی کە لێرەدا بوار و شوێنی چوونەسەر پاشینەی ناکۆکییە کەسییەکانی ھاوڕێکخراوەییەکانم لەو مەراسیمانەدا نەبوو، ناچار خۆم لەوە ڕوونکردنەوە و باسکردنیان لادا و بۆ ھەل و شوێنێکی دیکە ھەڵگرتوون. لێرەدا تەنیا ئەوە بە پێویست دەزانم، بڵێم ئەو کەسانەم لە ڕێی چالاکی و ژیانی ڕێکخراوەییەوە، ناسیوون و پێشتر نە وەک کەس و نە وەک بۆچوون نەمناسیوون و ھیچ گرفت و کینەکەی کەسییم بەرامبەریان نەبووە و نییە. بەداخەوە ئەوە ئەوان بوون، کە جیاوازی بۆچوون و شێوازی کارکردن و بیرکردنەوەیان بە کێشەی کەسیی وەردەگرت و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەیان دەکردە قوربانی ناکۆکییەکان.
 

 

ئایاری ٢٠١٣

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک