په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٣\٢٠٢٦

یادی ٤ ساڵەی شەڕی خوێناویی ئۆکراینا!

هەڵۆ محەمەد       


بایەخی رۆژنامە و میدیاکانی ئەمڕۆ ی جیهانی یادکردنەوەی جەنگی دڵتەزێنی رووسیا و ئۆکراینایە.. ئەو جەنگەی لە کیشوەری ئەوروپا و سەدەی ٢١ دا چوار ساڵی رەبەقە خوێنی لێ دەتکێت!!.. ئەو ستەمکارییەی پۆتین دەیکایت، کەموێنەیە لە مێژوودا.. باسی ژمارەی کوژراو لە هەردوو لا و کاولکاری و زیانە مادی و مینۆکی مۆڕاڵییەکانیش ناکەین.


سەرنج لە دیمەن و پەردەیەکی تری خەمناکی ئەم شەڕە کاولکارییە دەدەم کە بریتییە لە سیاسەتی کۆلۆنیالیستیانەی داگیرکارانەی کولتووری رووسیا، کە بە ستەم و زۆری شەڕ بەسەر ئۆکراینای سەپاندووە.. ئەم چیرۆک و واقیعە زۆر نزیکە لە ژیانی کورد لە ژێر سایەی داگیرکەرەکانیدا.


منداڵ رفاندن و پرۆسەی بە رووسی کردن.

رۆستیسلاڤ لاورۆڤ مێرمنداڵێکی ئۆکراینایی خەڵکی گوندی رادێنسکی نزیک شاری چێرسۆنە.. لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا لەلایەن سوپای رووسەوە دەیگرن و دەیرفێنن.. لە کونجی زیندانی توند دەکەن و تەنیا کتێبی رووسی بۆ دادەنێن، ئەوانەی ستایشی رووس و سەروەرییەکانیان دەکات. دواتر دەیگوێزنەوە بۆ قوتابخانەیەکی سەربازی و خولێکی پێ ئەنجام دەدەن.. ئینجا داوای لێ دەکەن ناسنامە و پاسپۆرتی رووسی وەرگرێ و ببێتە هاوڵاتییەکی رووسی.. سەد هەزار رۆبڵ و کۆمەڵێ ئیمتیازی تری وەک خانوون و ماڵی دەدرێتێ. ناوبراو رەتی دەکاتەوە.

پێش ماوەیەک بەرنامەیەکی تایبەتم لەسەر ئەم دیاردەی بەرووسی کردنە گوێ لێ بوو. ئەو ناوچانەی لە لایەن رووسیاوە داگیرکراون، لە قوتابخانەکاندا دەبێت تەنیا خوێندنی رووسی بخوێنن. ئەوەیشی رازی نەبێت، بۆی نییە فێری خوێندن و نووسین بێت. ئینجا داوا لە قوتابیان دەکەن هەموو بەیانییەک مارشی رووسیا بخوێنن و بەردەوام نامەی پشتیوانی و ستایش و پشتگیریی بۆ سەربازە رووسەکان بنووسن.. چەند شوێنێکی تر بە ناوبراو دەکەن و بە هەرچیش رازی نەبوو بێت سزا دراوە و هەڕەشەی توندی لێ کراوە. دوا جار دەیبەن بۆ نزیک دەریای رەش لەوێ بە ناوی پشوودانەوە، فێری دیسپلینی دەکەن و ئاڵای رووسیای دەدەنێ و سروودی رووسیای پێ دەخوێنن. رۆستیسلاڤ و هاورێکانی رووبەرووی سزای جۆراوجۆر دەبنەوە.


بە پێی ئامارێکی رێکخراوی ناحکومی ئۆکراینا Save Ukraine نزیکەی ٢٠ هەزار منداڵ لەم چارەنووسە تاڵەدا دەژین. رێکخراوی ناوبراو هەوڵی دۆزینەوە و هێنانەوەیان دەدات. ئەگەرچی لەناو رووسیادا ون دەکرێن و دەتوێندرێنەوە بەڵام رێکخراوی ناوبراو توانیویەتی تا ئێستا ١١٥٤ منداڵ بگەڕێنێتەوە. لەسەر ئەم کردەوە نامرۆڤانە و کارە ترسناکە دادگای نێودەڵەتی سزای گرتنی بۆ W.Putin & Maria Lwowa Belowa ی بەرپرسی ئەم کارە دەرکرد.

ناوبراو دەڵێ: بەڵگە و دیکۆمێنتگ زۆرمان لەسەر ئەو مێردمنداڵە فڕێندراوانە لایە.


ئەم گەنجە چارەڕەشە کەسی نەماوە و دایکیشی لەم ئانوساتانەدا دەمرێ. لەڕێی رێکخراوی نابراوەوە هەوڵدەدەن دایکی منداڵێکی تر رازی بکەن، لە کاتی هێنانەوەی منداڵدکەیدا رۆستیسلاڤیش لەگەڵ خۆی بهێنێتەوە.. بەڵام کاربەدەستانی رووس بەم کارە رازی نابن و ئەم لای خۆیان گل دەدەنەوە. رۆستیسلاڤ هەوڵدەدا بە دزی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رێکخراوی Save Ukraine کە سەرۆکەکەی ناوی Mykola Kuleba یە گرێ بدات. و هیوای رزگاربوونی خۆی لەدەست نادات.


رێکخراوی ناوبراو کابرایەکی دارتاشی سەر بە ئۆکرانیای بۆ دەدۆزنەوە یارمەتی بدات. کابرای ناوبراو مۆبایلەکەی خۆی دەداتە رۆستیسلاڤ و ئەویش سەرلەبەیانییەکی زوو داوای تاکسییەک دەکات. پێشتف کەگسڵ رێکخەرانی چالاکییەکەدا رێک کەوتووە لە کوێ یەکتر ببینن. دوای سەرکێشییەکی دوورودرێژی ٢٤ کاتژمێری دەگاتەوە ناو خاکی ئۆکراینا.


ناوبراو دەڵێ : هەر بە گەیشتنم هەستم کرد هەوایەکی تر هەڵدەمژم، هەوای نیشتمانی خۆم.


خاتوو کولێبا دەڵێ: سەختە کەسێک لە رووسیا دەرباز بکەیت، بەڵام خۆشبەختانە هێشتا کەسانێکی رووس هەن کە دەیانەوێ کاری مرۆڤدۆستانە بکەن و هاوکاری بکەن. وەک ئەو شۆفێری تاکسییە و ئەو پیاوەی بووە ئەڵقەی پەیوەندیی نێوان رێکخراوەکە و ئەم کوڕە مێرمنداڵە.


ئەم مێرمنداڵە ئەوە چەند ساڵێکە ئازادە و حەزی کردووە ببێتە فۆتۆگراف. وێڵی چارەنووسی دایکێتی.


هەندێ بۆچوون هەیە پێیان وایە کەوا دوای شکستی ئەمەریکا لە کۆتایی هێنان بەم شەڕە چین بتوانی ئاوێ بەم ئاگرەدا بکات.


بە هیوای ئەوە کوژرانی نزیکەی ملیۆنێ مرۆ بەس بێت بۆ ئاگری ئەم شەڕە نەگریسە.


هەڵبەت با لە بیرمان نەچێت جۆرەها چیرۆکی دڵتەزێنی لەم جۆرە لە وڵاتی ئێمەش هەیە.


هیوادارم تەواوی ئەو چیرۆکە خەمناک و پڕ لە تراژیدیاییانە بە درێژایی و پانتایی مێژووی کورد روویداوە، بنووسڕێنەوە و بکرێنە کاریی هونەریی و بخرێنە ناو کتێبخانەی کوردییەوە.

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک