١٤\٣\٢٠١٢ یادى ههڵهبجه، یادێکى داگیرکراو.
بە داخەوە حیزب و حکومەت ئەم یادەى خنکاندوە ئەم یادەى کوشتوە و ئە م یادەى بچوککردۆتەوە لە چەند وتار و دروشمێکى سواو و هەزار بارەدا ئەم یادەى ئاخنیوەتە چەند لافیتەیەکى ڕەشى چڵکن ئەم یادەى زیندانى کردوە لە مۆنۆمۆنتێکدا، من پێم وایە ههڵهبجه پێویستى بە مۆنۆمێنت نییه چونکە ههڵهبجه بۆ خۆى مۆنۆمێنتێکى گەورەیە، راِستە دواجار هەڵەبجە دەبێت مۆنۆمێنتێکى هەبێت بەڵام مۆنۆمێنتێک بە مەفهومى دەسەڵات و حیزب نا.. بە ماناى دەخیلە گەورەکەى دە سەڵات نا.. بە مانى شانۆ سیاسەکەى حیزب نا بۆ نمایشى بەرژەوەندیی و دیبلۆماسى و ڕژانى فرمێسکى تیمساحى و سینەمایى.. بە ماناى فەرمانگە حکومیەکە نا بەڵکو مۆنۆمێنتێک کە بە ماناى ووشە مۆنۆمێنت بێت.. مۆنۆمێنتێک کە هى خەڵک بێت مۆنۆمێنتێک بۆ ڕێزلێنان لە قوربانیان و زیندووڕاگرتنى کارەساتەکە بى.. مۆنۆمێنتێک کە خەڵکى شارەکە خاوەنى بێت نەک حیزب و حکومەت.
من پێم وایە شەرمەزارییه بۆ دەسەڵات و حکومەتى کوردى کە دواى ٢١ساڵ لە تەمەنى حوکمڕانیی لە کوردستاندا نەینوانیوە تا ئێستا لە ههڵهبجهدا هۆڵێکى شیاو یا تەلارێکى هونەریی شیاو بۆ ئەم یادە گەورە دروست بکا کەچى توانیویەتى دەیان و سەدان بارەگاى حیزبى و سەربازگە لە ناوچەکەدا دروست بکا لە پێناو بەرژەوەندییه سیاسیەکانى خۆى و لە پێناو سەرکوتکردنى خەڵکى، بەڵێ شە رمەزارییه بۆ دەسە ڵات و حیزبەکانى لە هۆڵێکى جەمەلۆندا کە ناوى لێناوە هۆڵى پرسە کە لەگەڵ ڕێزمدا هەر لە رهشماڵی پرسەى سەرکۆڵان و جادەکان دە چێ.
بەڵێ دێت یادى ئەم کارەساتە گەورەیە لەو هۆڵى پرسەیەدا دەکاتەوە و ئەم یادە هێندە بچووک دەکاتەوە، ئەم هۆڵەشى تەنیا بۆ ئەوە دروست کردووە کە میوانە سەرکردە و بەرپرسە حیزبى و حکومییهکان باران تەڕیان نەکا و خۆریان بەرنەکەوێ و تێکەڵ بە خەڵک نەبن بەڵێ یەکەم ڕۆژ ڤیستیڤاڵەکە لەم هۆڵەدا دەکاتەوە وەک ڕیکلامێک دواتر کە میوانە حیزبى و حکومیی و بەرپرس و سەرکردەکان دەڕۆنەوە بۆ ڕۆژى دووەم یادەکە دەبەنە هۆڵى ئەحمەد موختار کە هۆڵى کۆبوونەوەى دایکان و باوکانى قوتابخانەى ناوبراوە هێندەى تر ئەم یادە بچووک دەکەنەوە و بێ ڕێزیی دەکەن بەم یادە.
لە هەمووى سەیرتر ئەوەیە هەموو بەرپرسە حیزبیی و حکومیی و ئیداریی شارەکە هەر یەکەم ڕۆژ لەبەر خاترى میوانە حیزبیی و حکومییهکانى سەروترى خۆیان ئامادەى ڤیستیڤاڵى یادەکە دەبن و ڕۆژى دووەم بۆ دەرمان یەک بەرپرسى ئیداریی و حیزبیی شارەکە لە هۆڵى یادەکەدا نابینی، بە داخەوە ئەم بەرپرسە ئیداریی و حکومیی و حیزبییانەى شارەکە زەڕەیەک ڕێز بۆ ئەو ئەدیب و هونەرمەندانە دانانێن کە لە ڕۆژى دووەمدا بەرهەم و چالاکى پێشکەش دەکەن، لە هەمووى سەیرتر ئەو بەرپرسە ئیداریی و حکومیی و حیزبییانەی شار (کول فى کول) خۆیانن، لە لێژنەى باڵاى ڤیستیڤالدا سەرۆکى لێژنەن و زۆربەى ئەندامان هەر خۆیانن و قۆرخیان کردوە بۆ خۆیان و داگیریان کردوە.
لە هەمووى کۆمیدیی تر ئەوەیە کە ئەمانە دەبنە لیژنەى ههڵسهنگاندنی بەرهەم و چالاکیەکان، دەبێ بهرههمهکان پێشتر بە فلتهرى ئەماندا تێپەڕێ و ئەمان ئۆکەى دەکەن بۆ پەسەندکردن و نهکردنیان، ئهوه لە کاتێکدایە کە ئەمانە دوور و نزیک سەروکاریان نییه لە تەک کایەى ئە دەبیی و هونە ریی و ڕوناکبیریی.. بەمەش ئەدیبان و هونەرمەندان و ڕوناکبیرانى شارەکەیان پەراوێز خستوە. من نازانم.. لەگەل ڕێزمدا چ پێویست دەکا قایمقام و سەرۆکى شارەوانى و بەڕێوەبەرى مۆنۆمێنت و فڵان بەرپرسى حیزبیی سەرپەرشتیی لێژنهی ڤیستیڤاڵ بن و ئەندامى ئەو لێژنهیه بن.. ئەوە کارى ئەوان نییه بەڵکو کارى ئەدیبان و هونەرمەندان و ڕووناکبیرانى شارهکە و شارهکانى ترى کوردستانە. من پێم وایە ئەمە بێ ڕێزییه بە هونەرمەندان و ڕووناکبیران و بچووککردنەوەیانە و کوشتنى تواناکانیانە، خۆى لە ڕاستییدا ئیشى ئەوان ئەوەیە کە لە ڕووى مادیی و مە عنەویی و ئاسایشهوه هاوکاریی هونەرمەندان و ڕووناکبیران بکەن بۆ سازدانى ڤیستیڤاڵ و دەست وەرنەدەنە کاروبارى هونەرمەندان و ڕووناکبیرانەوە هەروەک چۆن هونەرمەندان و ڕووناکبیران هە رگیز دەستیان وەرنەداوەتە کاروبارى ئەوانەوە.
بە داخەوە ئەم بارودۆخهی لە ههڵهبجهدا هەیە لە هیچ جێگەیەکى ترى جیهاندا بەدى ناکەیت. ٢١ ساڵە حیزب و حکومەت ئەم یادەى داگیر کردوە و ئەوە ماوەى چە ند سالێکە لە ڕێگەو ى وەزارەتى شە هیدانەوە هێندەى تر ئەم یادەى داگیر کردوە و قۆرخ کردوە.. ئەوەندەى تر توانا ئەدهبیی و هونەریی و ڕووناکبیرییهکانى شارەکەى کوشتوە کە بە ڕاستیی کۆمەڵێ تواناى ئە دەبیی و هونەریی و ڕووناکبیریی باش و دیارى ئەم شارە هەن بە داخەوە فهرامۆش و پەراوێز دەکرێن و ناهێڵن تواناکانیان لەو یادەدا نمایش بکەن و بیگەیەننە هەموو لایەک کە ئەمەش مافێکى خۆیانە. بەڵێ ساڵانە لە دەرەوەى شارەکەوە چەندین هونەرمەند و ئەدیب دێنن و هاوکارییهکى مادیی خەیاڵییان دەکەن و بە رهەمەکانیان دەخەنە یەکەم ڕۆژى ڤیستیڤاڵەوە و دونیایەک ڕاگەیاندن و ڕیکلامیان بۆ دەکەن و ڕاستەوخۆ لە شاشەى تەلەفیزیۆنەوە ڤیستیڤاڵەکە پەخش دەکەن و تواناکانى ئەدیبان و هونەرمەندانى دەرەوەى شارەکە بە هەموو لایەک دەگەیەنن و هەرچى توانایهکانی ئەدیبان و هونەرمەندانى شارەکەشە دەکوژن و دەیخەنە ڕۆژى دووەمەوە و کە ڕۆژى دووهم لە هەموو شتێ دەچێ لە ڤیستیڤاڵ نەبێت.. خاڵى لە کامێراکانى ڕاگەیاندن خاڵى لە ڕیکلام و نهگواستنەوەى چالاکییهکان ڕاستەوخۆ ئەمانە هەمووى بە ماناى بچوککردنەوە و کوشتنى توانا هونەریی و ئەدەبییهکانى شارەکە دێن، من لە گەڵ ئەوەدام لە هەموو شار و شارۆچکەکانى کوردستان و هەموو جیهانیشەوە هونەرمەندان و ئەدیبان بێن بەرهەم لە ڤیستیڤاڵدا پێشکەش بکەن و هاوکارییان بکرێت و ڕیکلامیان بۆ بکرێت بە ڵام هاوکات لەگەڵ ئەمانەشدا پێویستە تواناکانى ئەدیبان و هونەرمەندان و ڕووناکبیرانى شارەکەش لەبەرچاو بگیرێت و پەراوێز نەخرێت و لهو بارەیەوە جیاوازیی نەکرێ، قسەى من لەسەر ئەمەیە نەک ناوچەگەرێتیی کە من بۆ خۆم تا سەر ئیسک دژى ناوچەوگەرێتییم.. من کەسێکم مرۆییانه و نێونەتەوهییانه بیر دەکەمەوە.
بە ڕاستیی ئەم یادە یادى حیزب و حکومەت نییه ئەم یادە یادى خەڵکە و نابێت حیزب و حکومەت یادى بکاتەوە دەبێت دەستى حیزب و حکومەت کۆتا بکرێت لەم یادە.. دەبێت ئەم یادە ئازاد بکرێت و لە دەست حیزب و حکومەت بسەنرێتەوە و بدرێتەوە دەست خەڵک و ئەدیب و هونەرمەند و ڕووناکبیرانى هەڵەبجە و کوردستان.. چى تر نابێ ئە م یادە مۆرکى حیزبیی و حکومیی پێوە دیاربێت و نابێ دەسەڵات داگیرى بکا.
لە ڕاستیید ئەم دەسەڵاتە لە دۆسیە ى
ههڵهبجهدا تاوانبارە دەبێت دادگاى بکرێ
نەک یادى هەڵەبجە بکاتەوە، ئە وەى پێویستە بگوترێت لێرەدا کە ئێمە
هەڵەبجەییهکان هەموومان
گهواهی ئەو
ڕاستیەین کە لە کارەساتى
کیمیابارانەکەدا تەنانەت تاقە یەک دانە پێشمەرگەى هەرددوو حیزبى
دەسەڵاتدار نادۆزیتەوە کە برینداریش بوو بێت نەک بووبێتە قوربانى، ئەوەى
لە هەڵەبجەدا
تێچوو خەڵکى
سڤیلی شارەکە بوو.. خەڵکى هەژار
و زەحمەتکێشی شارەکە بوو..
منداڵى خەڵکى ڕەشوڕووت بوو نەک پێشمەرگە و بەرپرسان و
سەرکردەى حیزبەکان و
منداڵەکانیان، ئیتر بە چ
مافێک ئەو یادە دەکەنە
یادى خۆیان و داگیرى دەکەن، لە کۆتاییدا
بە دەسەڵات و حکومەت دەڵێم ئەو
یادە یادى ئێمەیە هى ئێوە
نییه و واز لەو یادە بێنن.
|