٢\١٠\٢٠١١
یادکردنەوەى
ئەنفال.. یان بێچاووڕوویى بەرپرسانى
کوردستان.

هیوا رەش
ئەنفال: عەمبارى مەرگ و ئۆقیانوسى خوێن و کەژێک لە ئێسک و پروسک و
سروشێکى ئاسمانیى لم و بیابان و دەقێکى قورئانى و ناسنامەیەک بوو بۆ
ستەمى نەتەوەیى، دەرهەق بە گەلێکى بێماف و بێپەنا و بێئاڵا و بیوڵات
پیادە کرا، نە خوداوەندێک قیڕاندى و نە هەورێک گرماندى و نە داوەڵەکانى
زلهێزەکانى تاساند و نەڕاڕەوى نەتەوە یەکگرتووەکانى هەژاند.
ئەنفال: سڤیل و بێتاوانى زیندەچاڵ کرد، پێشمەرگە و خەباتگێڕانى
پەڕاگەندەى سنورەکان کرد ، بەرپرس و ترسنۆکەکانى لە ئوتێلە نایابەکانى
هەندەران ئاخنى ، عۆجەیى و نەوەکانى عروبە و ئیسلامى شەرمەزار کرد ،
گریانى بێفرمێسک و هەناسەى بۆسۆ و ژانى پڕئاخى بە کەسوکارى
قوربانییەکانەوە ئاڵاند و بۆ هەتا هەتا لە چاوەڕوانییەوە لوولیانى دا و
لە بێئومێدییەوە پێچایانى .
ئەنفال: بۆتە مەزەى یادى گیرفان پڕ کردنى زیاترى چاوچووانى حیزبەکان ،
لە سەکۆى حیکایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا نیوەڕۆ خوان و ئێوارە
خوان و لیستى خەرجییە بێسەروبەر و بێئەژمارەکان دەڕازێنێتەوە ، برینى
مرۆڤە بەهەستەکان دەکولێنێتەوە ، تێربوونى بەرپرسەکان بێبن دەکات و
دەسەڵاتداران پاکیزەیى کۆستەکە پیس دەکەن و شاباشى پێوە لێدەدەن و لە
مەراسیمەکاندا دەیکەن بە کالایەکى هەڕاج کراوى بێبەها ! بڵندگۆى ڕادیۆ
و شاشەى تەلەفزیۆنەکانى پێوە سەرقاڵ دەکەن وشە پاراوەکانى پێ لەکەدار
دەکەن .
ئەنفال: خۆى مەرگەساتە و لە بۆنەکاندا مەرگى بەسەردا دەبارێنن و گۆڕى
بۆ دەڕازێننەوە و کێلى قەبرى قوربانییەکانى دەکەن بە چاوگەى داهات و
پارە پەیدا کردن .
کاتێک قسەى بریقوباقى سەر شانۆ دەکەنە درۆیەکى شاخدارى هەلبژاردن ،
وێنەى قوربانییان لە پێشانگایەکى بێواتادا هەڵدەواسن و چێژ لە فرمێسکى
دایکانى جگەرسوتاو وەردەگرن ، ئەوسا دەزانم کە حیزبەکان چەند درۆزنن ،
حکومەت دەسەپاچە و بێمتمانەیە و سەرۆکەکەکانمان دووڕوون !
ئەنفال: کاتێک هەقى خۆى دەدرێتێ ، کاتێک دەردەکەوێت کە سەرۆکەکان
ڕاستگۆن و حیزبەکان نیشتمانپەروەر و حکومەت نوێنەرى خەڵکە ، ئەو کاتەى
ئەنفالچییەکان پەت دەکرێن و ڕاپێچى بەردەم داگا دەکرێن و یاسا سزایان
لە مشتیان دەنێت ، لێ ئێستا مەراسیمى یادکردنەوەى ئەنفال شتێک نیە جگە
لە بازرگانیى ، پرۆسەیەکى تاوانکارانە نیە جگە لە پێشانگایەکى کات
بەڕێکردن ، شیعرێکى بێمانا و چیرۆکێکى بێناوەڕۆک دروشمێکى بۆش و بەتاڵە
و هیچى تر ، چونکە ئەنفالچییەکان تاکو ئێستا وەکو دەکتى موبەریدە
چوونەتە ژوورە بێڕەونەقەکانى ئەندامە پێست پەمەییەکانى مەکتەبى
ناسیاسیى و هەواى فێنکیى دڵ و خەونى ئارامیى مێشک و گوڵدانى دیوەخانى
پارتى و یەکێتى و گۆڕانن ، پیاوماقوڵ و ڕدێن سپى و قسەزلى سەرکردەکانن
، خۆشەویستى کورسیپەرست و پارەپەرست و خۆپەرستەکانن ، وەزیرى دەسەڕاست
و گزیرى دەسەچەپى بارزانى و تاڵەبانى و نەوشێروانن!
ئەنفال: ئەو کاتە مەرگەساتتر دەبێت ، برینێکى بەسوێى پڕ لە ئازارتر
دەبێت ، دەبێتە دایکى نەهامەتییەکان ، کە ئەنفالچییان داڵدە دەدرێن و
خەڵات دەکرێن و لە دادگا دەشاردرێنەوە و باس لە سەروەریى یاسا و
پاراستنى مافى مرۆڤ دەکرێت ، کەیتیڤى و کوردسات و کەیئێنئێنیش دەبنە
دەمگەرم و کەواسوورى ئەو قسە و باس و خواسانە.
من تێناگەم تاکەى درۆ دەکەن، ناترسن عەجەبا
ڕۆژێک دابێت و درۆکانیان بکەوێتە بەر ڕەشەبا؟!
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|