په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٤\٢٠١٩

یا خۆت ده‌كوژی، یان گۆرانی ده‌چڕی.
- جارێكی دی ''لاندای'' ژنانی ئەفغانستان - *

نەژاد عەزیز سورمێ

 

هەستی ژنان تایبەتایەتی خۆی هەیە ، ژنان چەندی دەرگای ئازادیانلێ دابخرێ‌ ، هەوڵ دەده‌ن لە ناوەوە ، لە ناخیاندا قەرەبووی بكه‌نه‌وه.. ئەم شیعرانەی ژنانی ئەفغانستان نموونەی زیندوون لەم ڕاستەدا كە بە (لاندای) ناسراون. ئه‌مانه‌ ‌ ئەو شیعرە بێ‌ خاوه‌نانەن، مەحروومییەتی ئافرەتانی ئەفغانستان بەوپەڕی جورئەتەوە دەردەبڕن.
زایەڵەی دەنگە كپكراوەكان و ڕەنگە نەدیتراوەكانی ژنانی پشتۆنن
لە بەرامبەر پیاوسالاری و ستەمكاریی و تاریكپەرستایەتی كە هەموو سنوورێكیان تێپەڕاندوە..
( لاندای) لە كۆپلەی گۆرانی دەچن ، ڕەنگە هەندێكیان سەروا ، تەنانەت كێشیشیان نەبێ‌ ، بەڵام ئاهەنگێكی دڵنشین و باڵكێش و سەرنجڕاكێشیان لە ناوەوەدا هەیە..
وتم بێ‌ خاوه‌ن ، ئەوە لەوە ڕاهاتووە كە ئەم چەشنە شیعرانە خاوه‌نێكی دیاریان نییه‌ ، لێ‌ ئەوەی تایبەتایەتی پێ‌ بەخشیون تەنیا ژنان دەیچڕن و وەك لە هەندێ‌ سەرچاوە باسی دەكرێ‌ ئەم ستایلە بۆ پیاوان بە (عەیبە !) دەبینرێ‌!
لەو شیعرانە تێیاندایه‌ لە بەیتە فۆڵكلۆرییەكانی كورد دەچن ، بەتایبەتی ئەو بەیتانەی ڕاشكاوانە دیمەنی ئیرۆتیكایان لێ‌ بەدەردەكەوێ‌.
لە بنەڕەتیشدا (لاندای) لە نێوان ٩ بڕگە و ١٣ بڕگە دایە ، هاواری ژنانی پشتۆنییە لە ئەفغانستان كە بە نهێنی وەك ئاگری ناو پووش بڵاودەبنەوە، ئەو ژنانەی هەمیشە خەون بە گەڕانەوە بۆ دێهاتە شاخاوی و كانییە زوڵاڵەكانییان دەبینن..
ئەوان كە لە ژێر دەسەڵاتێكی كۆنەخواز و تاریكدا وەك كۆیلە لە زیندانی ماڵەوە پەستراون ، یا دەبێ‌ خۆیان بكوژن یان گۆرانی بچڕن. - وەرگێڕ -.

(١)
بڕۆ خۆشەویستم
لە کابوول بەشەڕێ
لە پێناوی تۆدا
دەم و جەستەم بە پاکی دەھێڵمەوە .

(٢)
ئەی خاک !
باجی تۆ قورسە
لاوان ھەڵدەلووشی و
پێخەفان بە چۆلی دێڵییەوە .

(٣)
گولەی پیس !
دەست دە تفەنگێ و بمکوژە !
تا لە ژیاندا بمێنم
ھەرگیز واز لە خۆشەویستەکەم ناھێنم .

(٤)
خوایە
ماڵی ئەوە بسووتێنە
ماڵی وێران کردم
ئەوەی مەرگی ھێنامە پێش .

(٥)
گوڵێکم لە دەستە سیس دەبێ
من نازانم
لەم خاکە غەریبەدا بیدەم بە کێ ؟

(٦)
ئینجا با مەلا بانگی بەیانی بدا
من ھەڵناستم
مادەم خۆشەویستم دەیەوێم .

(٧)
پڕ بە چنگی خۆت گوڵ بچنە
من باخێکم
تۆ خاوەنیت .

(٨)
یا دەبێ
ھەمیشە بەسەر سنگمەوە بی
دەنا باشتر وایە
لە باوەشی تاریکی زەوی دابی .

(٩)
ئامێزم بە توندی تێوەرمەھێنە !
سبەینێ ،
بۆنی گەردانەکەم
نھێنیمان دەدرکێنێ .

(١٠)
خۆشەویستم
ناتوانم لەو ماڵەت زیاتر
بەدیاری بدەمێ
لە قووڵایی دڵمدا ھەڵت ناوە .

(١١)
دەمت خواردم !
بێ ئەوەی تینوویەتیت بشکێ
گێلە سواری پشتی خۆتم بکە ..
من ئامادەم
ڕەدووت کەوم .

(١٢)
کەڵەشێری نەفرەت لێکراو
سەرت دەبڕم
چوون ئەگەر تۆ
بانگت نەدابووایە
خۆشەویستم لە باوەشم دەمایەوە .

(١٣)
خەڵکی خۆیان
بە جل و بەرگی نوێی جەژن بادەدەن
لێ من بەو پۆشاکەی
بۆنی دۆستمی لێ دێ .

(١٤)
خۆشەویستم تۆ بەختەوەر بە
من بایەخ بە خەمان دەدەم
دڵی من بەدبەختی دەناسێ
ھەرگیز ناتەقێ .

(١٥)
خۆشەویستم دەستی لە گەردن کردم
لەوانەیە بە ڕووتی بڕۆم
بەڵام چرکەیەک چییە
بێ گەردانە ھەنگاوێک ناوێم .

(١٦)
وەرە خۆت لێ بسووم
لە باوەشت بگرم
من شنەبای ئێوارانم
پێش سپێدە گیان دەسپێرێ .

(١٧)
دوێنێ شەو
خەونم بە شتێکەوە بینی ، بووە
دڵخوازی ترسنۆکم
بە نوێژی نیوەڕۆیێ لە ئامێزی گرتم .

(١٨)
خۆشەویستم پەلە بکە !
دەست بەسەرئەشکەوتەکەدا بگرە
گرەوم لەگەڵ کچانی گوند
لەسەر کردووی .
(١٩)
خودایە !
مەھێڵە ژنێک لە مەنفادا بمرێ
لە دوا ھەناسەدا
ناوی تۆی لەبیر دەچێتەوە
تەنیا بیر لە زێدی خۆی دەکاتەوە .

(٢٠)
دڵم پێی وتم
من بۆ ھیچ دەست نادەم
ئەوە چاون
بینییان
وایان لێ کردم عاشق بم .

(٢١)
لە باوەشتدا تێکم مەشکێنە !
چرۆی مەمکانم
بە ئێشێکی نەرمەوە دەلەرزن .

(٢٢)
کە دێیە لامان خۆشەویستم
گولەی پیس تووڕە دەبێ
دوای ئەمجارە نەیەیەوە
من دەممت
لە درزی دەرگاوە دەدەمێ .

(٢٣)
من دڵداری دەکەم
دڵداری دەکەم و
خۆشەویستیم ناشارمەوە و
نکۆڵی لێ ناکەم
تەنانەت ئەگەر ھەموو خاڵەکانیشم
بە چەقۆ ھەڵقەنن .

(٢٤)
دەمم ھی تۆیە
بیمژە مەترسە
شەکر نییە بتوێتەوە .

(٢٥)
ئای خۆشەویستم
گەر لە باوەشی مندا
بەو جۆرە بلەرزی ..
چ دەکەی
کە شمشێر دەوەشێنرێن و
ھەزار چەخماخە دەپڕژێنن ؟

(٢٦)
شەوان
بانیژە تاریکە و
جێوبالنگان زۆر
خرینگەی بازنەکانم
ڕێی منت پێشان دەدەن .

(٢٧)
دڵدارەکەم ھیندۆسییە
من ئیسلام
لە پێناوی خۆشەویستی
پەیژەی پەرستگای قەدەغە
گەسک دەدەم .

(٢٨)
ئەگەر وەنەوز بتباتەوە
لە تۆز و گەردت زیاتر دەست ناکەوێ
من لای ئەوانە داواکراوم
تا بەیانی
شەونخۆنیم لەگەڵ دەگرن.


(٢٩)
با ئەو تاوێرە
بەگرانی خۆی
پانم بکاتەوە
بەڵام ھەرگیز
دەستی مێردێکی پیر ناگرم .

(٣٠)
خۆشەویستم خێراکە !
دەمەوێ لێوەکانمت پێ ببەخشم
مەرگ لە گوندیدا دەسووڕێتەوە
نەبادا بتبا.

(٣١)
ئەی بەھار !
دار ھەنار گوڵی دەرکردووە
من لە باخچەی خۆمدا
ھەناری سنگم
بۆ خۆشەویستی دوورم ھەڵدەگرم .

(٣٢)
لەپێشدا ئامێزم تێوەرێنە ، بۆ من بە !
پاشان دەتوانی
بە دەوری ڕانە مەخمەرییەکانم
بخوولێیتەوە .

(٣٣)
تەمەننا دەکەم
داوەتی ماڵێمان بکرێ
تا لێوی تەڕی خۆمی بدەمێ .

(٣٤)
نیوە شەو داھات
تۆ ھێشتا نەھاتووی
پێخەفەکانم گڕیان گرتووە
دەمسووتێنن.

(٣٥)
وەرە خۆشەویستم خێراکە !
ئەسپە بژ زەردەکەی دڵم تێرکە
جڵەو ماندووی کردووە .

(٣٦)
خوا ھەموو چەشەیەکت لە سەفەرێ
لێ حەرام کا
ئەی ئەوەی
بەجێت ھێشتم و
مەحروومت کردم لە چەشە .

(٣٧)
جوانم و لە تەکتدام
باوەشت بۆ دەکەمەوە و
دەممت دەدەمێ
تۆیش وەک ترسنۆکان
خەو دەتباتەوە .

(٣٨)
دەستەخوشکەکانم،
خۆشەویستییەکی نوێ دەچنن
منیش خەرقەی حەزێکی کۆن
پینە دەکەم.

(٣٩)
خۆت بکە بە سواڵکەر
خۆت بکە بە گێل و
وەرە ژوانی من
کەس ناتوانێ
ڕێ لە دیندارێکی وێڵ بگرێ .

(٤٠)
وەرە ماچم کە !
گوێ بە ھیچ مەترسییەک مەدە ..
دەتکوژن ؟
ئەوانە کێن ؟
لەو مەرگە خۆشتر
پیاوان فیدای
چاوجوانان بن .

(٤١)
گەر گەرمایی باوەشی منت دەوێ
ژیانت بخەرە مەترسییەوە
ئەوەی دەیەوێ
سەری خۆی بپارێزێ
ئامێز لە تۆز و خۆڵ وەردێنێ
نەک خۆشەویستی .

(٤٢)
ئەگەر دۆستێکی پیر بگری
شەو
بە کێشانی نەخشەی پڕۆژان
بەسەر دەبا
لەگەڵ گەردی بەیانیشدا
بە کەڵ دەبێ .


(٤٣)
ھەیە سوێی دەبێتەوە
چرکەیەک بمبینێ ..
ھەیشە لەسەر جێ بەرم دەداتەوە
بە بیانووی ئەوەی خەوی دێ .

(٤٤)
بە خەندەیەکم سەرخۆش دەبی
داخۆ چیت لێ دێ
ئەگەر دەممت بدەمێ ؟

(٤٥)
کەڵەشێر بانگت دواخە !
من ئەوەتا تازە
چوومەتە ئامێزی خۆشەویستەکەم .

(٤٦)
باوەشم دە !
لە ئامێزێم وەربێنە
پاشان ڕووت وەرگێڕە و
ھەموو خاڵەکانم یەک یەک ماچ کە !

(٤٧)
قەدەر مێردێکی مناڵی پێ بەخشیم
مناڵێک چاوم لێی بێ
بەڵام خودایە
کە گەورە و بەھێز دەبێ
من پیر و کەنەفت دەبم .

(٤٨)
ئەی ئادەمیزادە دڵڕەقەکان !
دەبینن پیرێک
ڕامدەکێشێتە سەر پێخەفەکەی
کەچی دەپرسن
بۆچی دەگریم و
پرچم دەڕنمەوە .

(٤٩)
خودایە !
شەوێکی تاریکی دیم پێ ببەخشە
ئەوە دیسان
لەسەرپەنجەیپێیەکانم
وەستاومدەلەرزم
چوون ناچار کراوم
بچمە سەر جێیەک ڕقم لێیەتی .

(٥٠)
دوێنێ شەو
لە باڵ خۆشەویستەکەم بووم
ئای لەو ویساڵەی دووبارە نابێتەوە
وەک خرینگەی ئاڵتون
تا شەو تەواو بوو
لە باوەشیدا دەنگم دەدایەوە .

(٥١)
نزیک بەوە لێم خۆشەویستم !
گەر لە شەرمان ناتوانی
دەستم بۆ بێنی
من ڕاتدەکێشمە باوەشم .

(٥٢)
وەرە ماچم کە .. باکت نەبێ !
گەر کوشتیانی گرینگ نییە
پیاوە ڕاستینەکان
ھەمیشە لە پێناوی حەزێکی جوان
شەھید دەبن .

(٥٣)
بە زامی تفەنگێکی دۆزەخییەوە
گەڕایەوە
برینەکانت تیمار دەکەم و
لێوەکانمت دەدەمێ .
(٥٤)
چیاکان خۆشەویستم
لە ئالی دین
بە دیقەت بڕوانە مانگ !
دەمبینی
بەسەربانەوە چاوەڕێتم .

(٥٥)
ببە بە مریدی باوکم
ئەو وانەت دەدا
منیش ژیانت فێردەکەم .

(٥٦)
پرچم کرد بە کەزی
بەڵام کرانەوە ..
بێگومان ئەمە نیشانەیە
خۆشەویستم کە ئێستا لە سەفەرێیە
مەترسییەکی ھاتووەتە پێش
خوایە بیپارێزی!

(٥٧)
کە بە نیگایەکی مەست لێت دەڕوانم
لە چرکەیەکدا دەبیتە خۆڵەمێش .

(٥٨)
بە خەندەیەکم سەرخۆش بووی
گەر لێوەکانمت بدەمێ
شێت دەبی .


(٥٩)
پرچی سەر ھەنیەم لادە و
خاڵی درەوشاوەم ماچ کە !
میوەی بەھەشتە
بە درێژایی ژیان
مۆری بەختە .

(٦٠)
خودایە چیم لێ دەکەی !؟
ھی دی گوڵی پشکووتوون
کەچی منت
بە چرۆیی ھێشتووەتەوە .

(٦١)
لە بەدبەختی خۆی
دوێنێ شەو نەھات
بەدرێژایی شەو بە تەنێ بووم
لە سەربان وەستابووم .

(٦٢)
پاڵ کەوتووم
دەمەوێ لە ئامێزی بگرم
بەڵام خۆشەویستم
ترسی ھەیە
(گولەی پیس) بێدار بێتەوە .

(٦٣)
بەھار داھات
گەڵا بەسەر قەدانەوە
شین دەبن ..
لێ لە وڵاتی مندا
درەخت قەدیان
لەژێر لێزمەی گوللەی
دژمنانون کردووە .

(٦٤)
خودایە دەتوانی ھەر لە ئێستاوە
کوێرم بکەی
خۆشەویستم ڕۆیی
نامەوێ سیمای ئەوانی دی ببینم .

(٦٥)
خوشکینە !
لە دووان کامیان ھەڵبژێرم ؟
پرسە و مەنفا
پێکەوە دێنە ماڵم .

(٦٦)
(گولەی پیس) ھیچ ناکا
نە خۆشەویستی ، نە شەڕ
ئێواران کە سکی پڕ دەکا ، ڕادەکشێ
تا بەیانی پرخە پرخیەتی .
(٦٧)
چۆن بەو مانگەشەوە ھاتی
تۆ وەک دار چنار بڵندی
لە کوێندەرێت بشارمەوە .

(٦٨)
وەرە خۆشەویستم !
بە سنگمەوەت بنێم
من ڕووەکی لاولاوی خاوم
ئەوەی بەم زووانە
پاییز دەیبا .

(٦٩)
خودایە
گەنجییەتیم بێھوودە چوو !
پیاوی قۆز و سەنگین
لە پێناوی مندا دەجەنگن
بووم بە بکوژیش !

(٧٠)
باوکە
منت فرۆشتە پیاوێکی پیر
خوا ماڵت کاول کا
خۆ من کچی تۆ بووم .

(٧١)
خوشکان کە پێکەوە دادەنیشن
ھەمیشە ستایشی براکانیان دەکەن
براکان کە پێکەوە دەبن
خوشکیان دەفرۆشنە ئەوانی دی .

(٧٢)
خوا تاڵیبان و شەڕەکانییان لەناو با
کە ژنانی ئەفغانستانیان
کردەبێوەژن و لەشفرۆش .

(٧٣)
خوا کۆشکی سپی بڕوخێنێ
ئەو پیاوە لە بێن بەرێ
موشەکی ئاراستەکراوی نارد
وڵاتەکەم بسووتێنێ .

(٧٤)
بوش
بە ئۆتۆمبێلە گوللەنەبڕەکەت مەنازە !
بۆمبای ئاراستەکراوی من
لە دوورەوە دەیتەقێنێتەوە و
پارچە پارچەی دەکا .

(٧٥)
دەستت باوێ ناو کراسەکەم
یاری بەو ھەنارە سوورەی بکە
لە ھەناری قەندەھارێ.

______________________________________
* ماوەیەك لەمەوبەر (٢٠) پارچەی دیكەم لەم شیعرانە بە پێشەكییەكی كورتەوە بڵاوكردەوە كە لە سەرچاوەی جیاجیاوە وه‌رمگێڕابوون - به‌ نموونە سەیری ئەم سەرچاوانەی خوارەوە بكە:
١- http://ourerotic.blogspot.com/2014/04/blog-post_6.html
٢- http://thaqafat.com/2016/04/30956
 

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک