٢٩\١٢\٢٠٠٩
یانزە فڕین بە باڵێک.
بەرزان هەستیار
-1-
لەسەر سیلەی
کۆڵانەکە.....
تا بڕستم لێ ئەبڕێ چاوەڕێی ئەکەم
کە هاتیش ، هیچ ناڵێم ،
چەند خۆشە ئەو هیچ نەوتنە
سبەینێش وا ئەکەم ،
بۆ ئەوەی تا مردن...
خاڵیی نەبمەوە لە قسە.
-2-
چاوەڕێ ئەکەم ڕۆژ بێتەوە ،
چاوەڕێ ئەکەم شەو دابێت ،
ڕۆژ ، بۆ ئەوەی چاوەڕێی شەوی تیا بکەم
شەو ، بۆ ئەوەی ، دیسان چاوەڕێی بم بەرچاوم ڕووناک بێتەوە.
-3-
کە بەفر ئەمکاتە داهۆڵێکی سپی ،...
چاوەڕێی ڕەشبوونەوە ئەکەم ،
کە هەتاویش ڕووتم ئەکاتەوە وەک منداڵ ،...
چاوەڕێم پرووشە بێتەوە دیدەنییم.
-4-
بەفر، ڕەش.. ڕەشە
ئەوەی بە سپی ئەیبینێت
بۆ ئەوەیە ڕووخساری خۆی بیر نەکەوێتەوە.
-5-
چەند جوانە کە ون بوویت
شارە و شار ، ئاسمانە و ئاسمان .....
عیشق سۆراخت بکات
چەند خۆشبەختییە کە نووستیت
دەنگی باڵی کەنارییەک
یان بارینی تکە ئاونگێک بە ئاگات بێنێت ،
لە مێژە ئەو شتانەمان بیرچۆتەوە ....
-6-
وا ئەکەم کوڕانی هەرزەکار ڕقیان لێم بێتەوە
چاو لە دەنکەکانیان دائەگرم ، ..
بۆ ئەوەی وردتر عیشق بکەن ،......
غیرە ناو جەرگیان بخوات !
-7-
بەلای مەیدانی بێ ئیشەکاندا ئەڕۆم و
توانجێک ئەگرمە عیشق ،
ئەوەی لەسەری هاتە دەنگ ،....
جوانمەردە و
لەگەڵ خۆم ئەیبەمە سەر کارێ.
-8-
بە پرتاو خۆم ئەکەم بە یەکێک لە دەروازەکانی بەهەشتا
_ ببوورن بۆ ئەودیو هاتووم ؛
بە پەلە دەرگایەکی دۆزەخ ئەترازێنم
_ ببوورن ڕێم لێ تێکچووە
زرم.. زرم ، وتم ڕێم هەڵەکردووە ، بیکەنەوە ، ئاخر .....
-9-
هەر بە یادی هەرزەکاریی ......
شوێن کچێک کەوتووم و پێی ئەڵێم
ئەو نامەیەم لێ وەرگرە
ئەوە سەرەی دەیەم جارە ئەینووسم و
خۆشم سەری لێ دەرناکەم
بیخوێنەوە و هەرچییەکی لێ تێگەشتی
لە پشتی کاغەزەکەوە بۆم باس بکە !
-10-
ئێمە هەموومان لە ترسی شکان
دڵمان لە ژێر قەفەزەی سنگمانا حەشارداوە.
-11-
ئەچم ئەخەوم ،
خۆم ئەزانم ، یان خەون بە غەریبییەوە ئەبینم .....
چنگ لەسەر شان دوام ئەکەوێت ،
یان خەون بە تەنیاییەوە ، ....
مەنزڵ ..مەنزڵ دوای ئەکەوم !
ئۆکتۆبەری 2009
کۆلن
bhastiar@yahoo.de
|