په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٨\٢٠٢٥

یاقوبی چەرموو: ڕۆمانێک لە سنووری کارەسات و خۆشەویستیدا.


ئەرسەلان مەحمود      


ڕۆمانی کوردی وەک ژانرێک لە جیهانی ئەدەبیاتدا، ڕێگەیەکی دووری بڕی تا گەیشتە ئەو ئاستەی ئەمڕۆ. ئەگەر شیعر بە دێرینترین و پڕشکۆترین فۆرمی ئەدەبی کوردی دابنرێت، ئەوا ڕۆمان لق و پۆیەکی تری ئەم درەختەیە. لەنێو ئەو دەنگە تازانەی لە بواری ڕۆماننووسینی کوردیدا دەبیندرێن، "بەکر ئاڵەیی" وەک شاعیر و نووسەرێکی خاوەن دید و ڕوانگەی تایبەت بە خۆی، بە ڕۆمانی "یاقوبی چەرموو" پەنجەرەیەکی نوێی بۆ خوێنەری کورد کردووەتەوە.

لە جیهانی ڕەخنەی ئەدەبی هاوچەرخدا، ڕۆمان تەنها چیرۆکێکی سادە نییە، بەڵکو دەقێکی ئاڵۆزە کە چەندەها ڕەهەندی هونەری، فیکری، فەلسەفی، کۆمەڵایەتی و مێژوویی لەخۆ دەگرێت. بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی "یاقوبی چەرموو" پێویستە ڕوانگەیەکی فرەڕەهەندمان هەبێت و لە چەندین گۆشەنیگاوە سەیری بکەین. بنەما سەرەکییەکانی ئەم شیکاری و هەڵسەنگاندنە پێکدێ لە پێکهاتە و بونیادی دەق، زمان و ستایلی نووسین، کەسایەتییەکان، تیمە و بابەتەکان، دەنگی گێڕەرەوە و گۆشەنیگا، سەردەم و شوێن، سیاقی کۆمەڵایەتی و مێژوویی، بینامەتنی، هێرمینۆتیکی و ئیستێتیکی هونەری.

 ڕۆمانی "یاقوبی چەرموو": کورتەیەک.


ڕۆمانەکە چیرۆکی گەنجێکی کورد دەگێڕێتەوە کە لە نێو چەندەها هێڵی ململانێدا دەژیەت: ململانێی نەوەکان، دین و سیاسەت، ناسنامە و شوناس، خۆشەویستی و کۆمەڵگە، وەفاداری بۆ مێژووی خێزان و بەهاکانی داهاتوو. ئەم چیرۆکە تەنها هەر گێڕانەوەیەکی ژیانی یاقوب نییە، بەڵکو گێڕانەوەی دۆخێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتیشە کە گەلی کورد لە دوای ڕاپەڕین تێیدا ژیاوە، بارودۆخێک کە پڕە لە گۆڕانکاری، ناسەقامگیری و هەژاری، لەگەڵ هیوای بەردەوامی بۆ چاکبوون و ئازادی زیاتر.

لەم شیکارییەدا، نزیک لەگەڵ کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکەدا ژیاین. یاقوب، ئەیوب، ڕیحان، خەجێ، مەلەک و دەیان کەسایەتی تر، پێکەوە سەفەرێکی ئەدەبیمان کرد، هەوڵماندا ڕەخنەی بێلایەن و زانستی بگرین، ئامانج لەم کارەدا بێگومان تەنها ئەوەیە کە خوێنەر وێنەیەکی تەواو و ڕاستەقینە لە ڕۆمانەکە وەربگرێت و هاندەربێت بۆ چوونە ناو جیهانە ئەدەبییە دەوڵەمەندەکەی.

١. پێکهاتە و بونیادی دەق.


ڕۆمانی "یاقوبی چەرموو" ستراکچەرێکی هونەری و ڕێکخراوی هەیە. نووسەر سیستماتیک و بە شێوەی بەشبەندی لۆژیکی، چیرۆکەکە بەرەو پێش دەبات و بەشەکانی (یەکەم، دووەم، سێیەم و چوارەم) ی سەرەتای ڕۆمانەکە چێوەیەکی گشتی بۆ ناساندنی کارەکتەرەکان دەکات، دواتر ململانێی سەرەکی پەرەدەگرێت و لە هەر بەشێکدا ئاستێکی نوێی چیرۆکەکە ئاشکرا دەبێت.

بونیادی دەقەکە تێکەڵەیەکە لە گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ و فلاش باک. نووسەر چەندینجار بۆ ڕابردوو دەگەڕێتەوە، تا لە ڕێگەیەوە پێشینەی خێزانی چەرموو و چیرۆکی باوک و مامی یاقوب بگێڕێتەوە. نموونەی بەرچاو لە لاپەڕەکانی ١١ هەتا ١٤ دەبینرێت، کاتێک مێژووی دەرەبەدەربوونی خانەوادەکەیان و کوژرانی 'قەهاری چەرموو' و شوێن بزرکردنی 'حاجی سادقی وەهاب' دەگێڕێتەوە.

ڕۆمانەکە ستراکچەرێکی تەواو هاوسەنگە کە بە باشی سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتاییەکەی بەیەکەوە دەبەستێتەوە. بونیادی ڕۆمانەکە لە بەشە جیاوازەکان پێکهاتووە، وەک بەشی بیستەم و بیست و یەک کە لە دەقەکەدا دەبینرێت و هەر بەشێک لە ژیانی یاقووب باس دەکات.

بەکر ئاڵەیی، لە ڕێگەی تەکنیکی فلاش باک کە هونەرمەندانە و سەرکەوتووانە بەکاریهێناوە. ئێستا و ڕابردوو پێکەوە دەبەستێتەوە، نموونە: "ئەوەتا بە هێزی دەستەکانی تۆ بە پێوەم، ئاگام لێیە چۆن هەڵسووڕ و داسووڕ بە دایکم دەکەی، ناهێڵێ جێمبەهێڵێ". نووسەر، لە ڕێگەی ئەم پێکگەیاندنە، لێهاتوانە چیرۆکی یاقووب و ڕیحان و خاڵی یاقووب (مەلا عوسمان) و خێزانەکەی و کارەساتی سووتانی تێکەڵ دەکات. بەنموونە لە لاپەڕەی ٢٠٩دا دەگێڕێتەوە: "ئەو تەقەمەنییە سەری خۆیخوارد، دوای ئەوەی حەبی ئازار و دەرمانی پشوودانی خواردبوو چووبۆ خەوێكی قووڵەوە... لە شیرنخەودا تەقەمەنییەكان دەتەقنەوە..."

تەکنیکەکانی فلاش باک، فلاش فۆروارد، هونەریانە بەکارهاتوون، بەتایبەتی کاتێک مێژووی حەمە ڕیحان و ڕەنگدانەوەی لەسەر کچەکەی دەگێڕێتەوە. لە وێناکردنی مێژووی دەردەسەریەکانی حەمە ڕیحان لە زیندان هاتووە: "ساڵێكی ڕەبەق، دەست و پێم، بە زنجیری ئاسن بەسترابوونەوە، بێ پێخەف لە سەر زەوی دەخەوتم".

شێوازی گێڕانەوەی ڕووداوەکان بە زانستی خوێندنەوەی مێژوویی "خڕنۆلۆجی" ڕیزبەند نەکراون، بەڵکو تەکنیکی فلاش باک بەکارهاتووە بۆ گەڕانەوە بەرەو ڕابردوو و کڕۆکی چیرۆکەکان. ئەمە بە ڕوونی لە یادەوەرییە جیاوازەکانی یاقووب دەردەکەوێت کاتێک بیر لە ڕووداوەکانی ڕابردوو دەکاتەوە.

٢. زمان و ستایلی نووسین.


زمانی ڕۆمانەکە، زۆر شاعیرانە و دەوڵەمەندە، نووسەر لە زۆر شوێندا هونەری وێنەکێشان و وەسفکردنی وردەکاری بەکار دەهێنێت. بۆ نموونە لە سەرەتای بەشی یەکەم (لاپەڕە ٥)دا، کاتێک وەسفی بەیانی دەکات: "له سپێدەیەكی ڕۆشندا، ژیان بەهەر شێوەیەك لێكیبدەیتەوه ئەستەم و دژواره. تەنها ئاسمان له شینیدا نقووم ببوو، ئەو به دەم گۆرانی و لاوكی هەستانەوه دەدرەوشایەوه."

زمانی ڕۆمانەکە وێنەییە و پڕە لە ئیستعارە و سیمبۆل. ستایلی نووسەر لە نێوان ڕەوانبێژی و شیعرییەت سنوورێکی باریک دادەنێت. لە لاپەڕە ٢٣٢دا نووسەر شاعیرانە دەنووسێت: "سەردانی ریحان لەو ساتە هەستیارەدا، لە وەختێکی گونجاودا، خەریکە گرێ و کۆسپەکان لادەبا، ژیان ئەو مەملەکەتەی خستبۆوە پەراوێزەوە، دەرکەوتنی خۆرێکی نوێ، ئەو دەنگە کپ و نووساوانە جۆشدەداتەوە، خانە نووستووەکان خەبەر دەکاتەوە، چەندجار ئەوین برینداربێ بە سەمایەکی نەرمی هەتاو ساڕێژدەبێ."

لە ڕووی ستایلەوە، نووسەر زۆر جار ڕستەی کورت و کاریگەر بەکار دەهێنێت، بەڵام هەندێک جاریش ڕستەی درێژ و ئاڵۆز دەبینین کە چەندین بیرۆکە لەخۆ دەگرێت. لە ڕووی بەکارهێنانی سیمبۆلییەوە، "چەک" و "پشتێندەکەی بابی یاقوب" دوو نموونەی بەرچاون کە وەک سیمبۆلی میرات و شۆڕشگێڕیی و ناسنامە بەکار هاتوون.

بەکر ئاڵەیی، کوردییەکی ڕەسەن و ڕەوان بەکاردەهێنێت کە توانیویەتی هەم دەربڕی ناوچەکە بێت و هەم وێنەی شیعری و ئیستعارەش بەهێز بەکاربهێنێت. زمانی ڕۆمانەکە ئەگەرچی زۆرینەی جار پەتی و ناوچەیی دەردەکەوێت، بەڵام زۆر دەوڵەمەندە و لە ئاستێکی بەرزی هونەریدایە. نووسەر شارەزاییەکی زۆری هەیە لە بەکارهێنانی وێنەی شیعری و ئیستعارەدا، لە وەسفکردنی هەستەکانی یاقووب بۆ ڕیحان: "ڕیحان وەک ئاسمانى شین و بە باوەشێک خۆرەوە، نیگاکانی دەداتە یاقووب. ئۆخژنی هات و بە سیمایەکی پڕ لە موحیبەتەوە ئاماژەی دەدایە یاقووب..."

ستایلی گێڕانەوە تێکەڵەیەکە لە گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بەڵام زۆرینەی دەقەکە بە مۆنۆلۆگی ناوەکی پێشکەش دەکرێت کە بیرکردنەوە قووڵەکانی یاقووب دەخاتەڕوو. پەرەگرافەکان بە گشتی درێژن و ڕەوانن، بۆ نموونە کاتێک یاقووب دەربارەی هەستەکانی بۆ مەلەک و ڕیحان بیر دەکاتەوە. زمانەکە تایبەت و هەستیارە، توانای وەسفی وردەکارییەکانی هەیە: "هەموو جەستەم ببوو بە ڕۆمانسیەت و پانتۆڵ و دەرپێکورتەکەم تەڕتەڕ ببوون، بۆنی خیانەتم لێدەهات، پڕ ببووم لە درۆ..."

٣. کەسایەتییەکان.


ڕۆمانەکە چەند کەسایەتییەکی سەرەکی هەیە کە بە قووڵی پەرەیان پێدراوە: "یاقوبی چەرموو": کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەیە، گەنجێکی چالاک و هەستیارە کە لە نێوان خوێندن، کاری سیاسی و بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانەی خێزانەکەیدا لە ململانێدایە. ئەم کەسایەتییە ڕەهەندی قووڵی هەیە، لە لایەک خەمی بژێوی و باری ئابووری خێزانەکەیەتی و لە لاکەی ترەوە چالاکی سیاسی و هزری هەیە. وەک لە لاپەڕە ١٨ دەردەکەوێت: "ئەو لە چەقی ململانێی ژیان و خوێندن و عیشقدابوو، دەیویست بپڕژێتە سەر کاری ڕێکخراوەیش..." یاقوب وەک کەسایەتی سەرەکی گەشەیەکی بەرچاو لە درێژایی ڕۆمانەکەدا پیشاندەدا. لە دەستپێکەوە لاوێکی هەستیار و بەسۆزە بەرامبەر بە دایکی، پاشان بەهۆی ڕووداوە تراژیدییەکانەوە، تووشی قەیرانێکی قووڵی ناسنامە دەبێت. لە بەشی بیست و دوودا دەبینین یاقوب چۆن وەک "گەورەی خێزان" دەردەکەوێت و هەموو ئەرک و بەرپرسیارییەتەکان دەگرێتە ئەستۆ.

"ئەیوب": برای گەورەی یاقوبە، کەسایەتییەکی ئاینییە و پێچەوانەی یاقوبە، ئەو هۆگری قورئان خوێندن و کتێبە دینییەکانە. پارسەنگییەکی گرنگ دروست دەکات لە ڕۆمانەکەدا دەبێتە هۆی ململانێیەکی فیکری لەگەڵ یاقوب. "ئەیوب گرفتی ئەوەی نەبوو چۆن دەخوێنییەوە، ئەو هێندە بەو دونیایەوە خۆی ماندوو نەدەكرد، ئەوەی بەلایەوە گرنگبوو زیاتر لەتوانای خۆی بخوێنێتەوە." ئەیووب کەسایەتییەکی ڕۆحانی و قووڵە، وەک دەبینین: "ئەیوب لە زیکری خۆیدا هەمیشە بۆ جیهانێکی دیکەی دەڕوانى، ئەو کوڕە گەر عیشقی خودا و بیروباوەڕەکەی لە دڵدا نەبان، پەنای نەدەبردە بەر شیعر" (ل. ١٢٣). ئەو ڕەهەندی ڕۆحانی ڕۆمانەکە بەهێزتر دەکات و پێکدادانی نێوان جیهانی مادی و ڕۆحانی نیشان دەدات.

"دایکی یاقوب" (خەجێ): ژنێکی بەهێز و هەستیارە کە خەمی هەردوو کوڕەکەی هەیە و نیگەرانی ئایندەیانە. کەسایەتییەکی ئاڵۆزە کە لە لاپەڕە ٦ دەردەکەوێت کاتێک نیگەرانی لە بەیەک گەیشتنی دوو ئاڕاستەی جیاوازی بیرکردنەوەی کوڕەکانییەتی. دایکی یاقوب 'خەجەی حاجی ئەسکەندەر' کەسایەتییەکی بەهێز و خۆڕاگرە کە ژیانی تەرخانکردووە بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکانی لە دوای مردنی هاوسەرەکەی. وەک لە لاپەڕە ٢٠٧دا دەخوێنینەوە: "دایكی ڕۆحی لە سەر سەری منداڵەكانی بوو، سۆزی دایە خەجێ، هەر بۆ منداڵەكانی خۆی نەبوو، بۆ منداڵی خەڵكیش میهرەبان و دڵسووتاو بوو".

"ڕیحان": کچێک کە یاقوب خۆشی دەوێت و کەسایەتییەکی لاوەکییە، بەڵام کاریگەرە لەسەر یاقوب. لە لاپەڕە ٢٣-٢٤ وەسفی پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکەیان دەکرێت. ڕیحان وەک کەسایەتییەکی ئاڵۆز و هونەرمەند وێنەکراوە کە خەونی گەورەی هەیە و لە نێوان هەستی خۆشەویستی و ترسی کۆمەڵگەدا گیری خواردووە. گەشەی کەسایەتی ڕیحان لە ڕێگەی وێنەکردنی ململانێی دەروونی خۆی لەگەڵ هەستەکانی بەرامبەر یاقووب دەردەکەوێت. نموونە لە لاپەڕە ٢١٨دا: "ریحان لە شیعرێكی تەواو نەكراو دەچوو، وەك درختێكی بیابان و دەریاچەیەكی وشك و كێڵگەیەكی بێروون وابوو، ئەو لەگەڵ خەتاكانی خۆیدا لە شەڕدابوو".

"مەلەک" کە ژنێکی نەناسراوە، یاقوب لە دەرەوەی دووکانەکەی دەبینێت. سیمبولێکە بۆ تاقیکردنەوەی یاقوب و سۆزەکانی. کەسایەتییەکی نهێنییاوییە کە بەشێک لە مانای ژیانی بۆ یاقوب ڕوون دەکاتەوە. 

"دکتۆر ڕەسووڵ": کەسایەتییەکی قوربانی دەرەوەی سیستەمەکەیە، مرۆڤێکی ڕووناکبیری خۆبەخش کە لەپێناو خەباتی سیاسی و مرۆڤایەتیدا دەمرێت. ئەو گوزارشت لە هەستی نیشتمانپەروەرانە و تێکۆشانی نەتەوەیی دەکات: "من عاشقی خۆڕاگری تۆم و دەمەوێ ئەو هەموو لەسەرخۆیی و خۆڕاگرتنەی تۆ لە کتێبەکاندا وەبینم بۆیە نامەوێ لێی دوورکەومەوە" (ل. ١٢٣).

پەیوەندی نێوان کەسایەتییەکان ئاڵۆز و دینامیکییە، بە تایبەتی سێگۆشەی یاقووب، ڕیحان و مەلەک. هەڵسوکەوتی کەسایەتییەکان لەگەڵ سروشتیاندا زۆر باوەڕپێکراو و ڕاستەقینەن. بۆ نموونە: "سڵاوی ریحان لەرزینێکی تێدابوو، هەستت بە ترس و دڵەڕاوکێی دەکرد، ژاکان و نیگەرانی لێدەخوێندرایەوە، سینگی پڕ لە قسەبوو..." ئەم کەسایەتییانە گەشەیان پێدراوە لە درێژایی ڕۆمانەکەدا، بەتایبەت یاقوب کە دەبینین پەرەسەندنێکی بەرچاوی تێدا ڕوودەدات لە بوارەکانی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتدا.

٤. تیمە و بابەتەکان.


ڕۆمانەکە چەندین تیمە و بابەتی قووڵ لەخۆ دەگرێت، بە نموونە: ململانێی نێوان نەوەکان، ئەمە لە پەیوەندی نێوان یاقوب و ئەیوب و بیرکردنەوە جیاوازەکانیان دەردەکەوێت. هەروەها لە نیگەرانی دایکیان بەرانبەر ئاڕاستەی نوێی بیرکردنەوەی کوڕەکانی. ململانێی نێوان دین و سیاسەت، ئەم بابەتە بە ڕوونی لە دیالۆگەکانی نێوان ئەیوب و یاقوب و لە ناخی بیرکردنەوەکانیان دەردەکەوێت (لاپەڕە ٣٤). ناسنامەی کوردی و شۆڕشگێڕی، ئەم تیمەیە لە کاتی باسکردنی مێژووی خێزانی چەرموو و ئازارەکانیان و هەوڵدانیان بۆ پاراستنی ناسنامە و میرات دەردەکەوێت. ئەوین و خۆشەویستی، لە پەیوەندی نێوان یاقوب و ڕیحان و هەروەها لە یادەوەری خەجێ و سەمەد دەردەکەوێت. یەکێک لە تیمە سەرەکییەکان تیمەی عیشق و خۆشەویستییە، کە لە ڕێگەی پەیوەندی یاقووب و ڕیحان دەردەکەوێت. ئەم خۆشەویستییە لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئاڵۆزدایە و ئەوەش وادەکات ئامادەبوونی وەک هێزێکی گۆڕانکاری دەربکەوێت. "نەمدەهێشت ئەو لە هەستەکانم دەربکەم، وەک سورەتێکی پیرۆز دەمخستە ناو دەمارەکانمەوە، جووڵە و هەست و نەستم لە ریحان سەرچاوەی دەگرت" (ل.٧٦). 

هەژاری و خەباتی ئابووری، یەکێکی ترە لە تیمەکان، هەوڵەکانی یاقوب بۆ پەیداکردنی نان و فرۆشتنی چەک لە مەیدانی چەکفرۆشان دەردەکەوێت. "بڕیارماندا لە قەدەر ئەو پارەیەی لە بەر دەستمانە هەندێک گۆرەویی و مەخمەر و هەندێك فستەق ببەین بۆ شارەکان" (ل. ١١٠). ڕۆمانەکە بەشێوەیەکی واقیعی و کاریگەر باس لە هەژاری و ئەو بارودۆخە دژوارە دەکات کە خەڵکی سڤیل تێیدا دەژیان: " لەو دەشتە فڕێیانداین، حکوومەتی سەدام هەر ماڵێک ٥٠٠ دیناریان وەک قەرەبوو دابووينێ، نەماندەزانی چۆن ئەو پارەیە تەواو بکەین" (ل. ١٠٨). قوربانیدان و دەردەسەریی سیاسی تیمەیەکی دیکەی گرنگە، لە ڕێگەی چیرۆکی حەمە ڕیحانی باوکی ڕیحان و ئەزموونی ئەو لە زینداندا و کاریگەری ئەوە لەسەر ژیانی خێزانەکەی. "حەمەڕیحان دوای گەڕانەوەی لە زیندان، دوای لە دەستچوونی سەمەدی چەرمووی هاوڕێی نەخۆشییەكی پێوە نووسا..." (لاپەڕە ٢١٩). ئەم چیرۆکە پیشاندەری کاریگەری سیاسەت و توندوتیژی لەسەر ژیانی خێزانەکانە. 

کۆمەڵگە و نەریتەکان، تیمەی پابەندبوون بە داب و نەریتەکان تیمەیەکی ڕوونە لە ڕۆمانەکەدا، بەتایبەت کاتێک دایکی ڕیحان ئامۆژگاری دەکات بۆ ئەوەی ڕەشپۆشبێت و ڕەچاوی نەریتەکان بکات: "پێمباشە مانتۆ ڕەشەكە بپۆشی و بۆ پرچیشت كێشە نییە، خۆتدەزانی کارەساتی سووتانی مەلا عوسمان هێندە بچووك نییە..." (لاپەڕە ٢١٧).  تیمەی مەرگ و ژیان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کارەساتدا تیمەیەکی گرنگی دیکەیە کە بەتایبەت لە ڕێگەی کارەساتی سووتانی ماڵی خاڵی یاقووب و کاریگەری ئەو لەسەر ژیانی خێزانەکەیان دەردەکەوێت. "ئەو چەند شەوە من و مردن لە جەنگی دەستەو یەخەدابووین" (ل. ٢٤٠). 

تیمەی دەستەڵاتی ئایینی و سیاسی، ڕۆمانەکە ڕەخنە لە دەستەڵاتی سیاسی و ئایینی دەگرێت و پیشانی دەدات چۆن هاوکاریی دەکەن لەگەڵ زوڵم: "سەرکێشی و ملنەدانی ئیسلامیەکان، ناکۆک و نەهاتنەوەیان لەگەڵ نەزمی نوێی جیهان..." (ل. ١٧٢).  نەتەوایەتی و جیاوازییە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان، ئەو تیمەیەن بەتایبەتی لە چیرۆکی پیاوە جوولەکەکە و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەی چەرمووەکان دەردەکەوێت: "بابم بۆی باسدەکردین تێکەڵاوی و ژن و ژنخوازیمان لەگەڵ چەرموویەکان زۆر بوو، ئێمە کوردستان بە نیشتیمانی خۆمان دەزانین، ئێمە خوێنمان تێکەڵی یەکتری بووە." (ل. ٢٤٩).

ئەم تیمانە بە شێوەیەکی هونەرییانە پێکەوە گرێدەدراون و یەکتر تەواو دەکەن. لە چیرۆکی شێرپەنجەی هاوسەری پیاوە نامۆکە بۆ بیرەوەرییەکانی زوڵمی ئاغاکان، هەموویان بۆ دروستکردنی وێنەیەکی تەواو لە ژیانێکی ئاڵۆز بەکار دەهێنرێن.

٥. دەنگی گێڕەرەوە و گۆشەنیگا.


ڕۆمانەکە بە گێڕانەوەی کەسی سێیەم نووسراوە، واتە گێڕەرەوەیەکی دەرەکی هەواڵی ڕووداوەکان و بیرکردنەوە و هەستی کارەکتەرەکان دەگێڕێتەوە. بەڵام ئەم گێڕەرەوەیە زانیاری هەموو کارەکتەرەکانی لایە و دەتوانێت بڕواتە ناو بیرکردنەوەی چەندین کارەکتەر. گێڕەرەوەکە زۆر جار گۆشەنیگای یاقوب وەردەگرێت، بەڵام هەندێک جاریش گۆشەنیگای ئەیوب، خەجێ و تەنانەت ڕیحانیش وەردەگرێ. بە نموونە لاپەڕە ١٩-٢٠ گۆشەنیگای خەجێ وەردەگرێ و یادەوەرییەکانی و یەکەم چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەمەد دەگێڕێتەوە. 

سەرنجڕاکێشە کە لە کۆتاییەکانی ڕۆمانەکەدا، دەنگی گێڕەرەوە بۆ ساتێک دەبێتە کەسی یەکەم وەک نووسەری ڕۆمانەکە خۆی و ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ خوێنەر دەکات: "ڕاستییەكەی من ناتوانم چیرۆكەكە بە نیوەچڵی جێبهێڵم و یان بمەوێ كارەكتەرەكان تووشی نائومێدی بكەم، هێشتا یاقووب گەنجەو دەیان خۆزگەو بریای هەیە..." (لاپەڕە ٢٢٤).

ئەم گۆڕینە لە گۆشەنیگادا، ستراتیژییەکی هونەرییە کە ڕاستەوخۆ بۆ خوێنەر ڕوون دەکاتەوە کە ڕۆمانەکە بەردەوامە و ئەم بەشە تەنیا کۆتایی نییە. لە هەمان کاتدا ئەم شێوازە ڕەتکردنەوەی تەکنیکی ڕیالیستییە کە گێڕەرەوە وەک کەسێکی بێلایەن دەردەکەوێت. "یاقووب شەڕی لەگەڵ خۆیبوو، دەیویست ڕۆحی هەرزەیی لە ناخی خۆیدا بکوژی، ئەو رۆژەی خەریکبوو قایلبێ بۆ مەلەک، خەریکبوو بڕووخێ..." - ئەم دێڕە نموونەیەکە لەو کاتانەی کە گێڕەرەوە دەچێتە ناو مێشکی یاقووبەوە و هەست و بیرکردنەوەکانی دەخاتە ڕوو. گۆشەنیگای گێڕەرەوە فراوانە و دینامیکیەتی تێدایە، چونکە دەتوانێت لە نێوان چەندین کارەکتەر و ڕووداوی جیاوازدا بگوازێتەوە و ڕوانگەی جیاواز پێشکەش بکات. گێڕەرەوە لە ڕۆمانەکەدا متمانەپێکراوە و خوێنەر دەتوانێت پشت بە بۆچوونەکانی ببەستێت.

٦. سەردەم و شوێن.


شوێن و سەردەمی ڕۆمانەکە ڕوونە، بەڵام وردەکاری تەواوی دیاریکراو نییە. بۆ سەردەم، ئاماژە بە "ساڵی ١٩٩٣" دەکرێت لە لاپەڕە ١١، بەمەش مەزەندە دەکرێت کە ڕووداوەکان لەو سەردەمەدا ڕوودەدەن. بەڵام هەندێک ڕووداوی ڕابردوو هەن کە بۆ ماوەیەکی زۆر کۆنتر دەگەڕێنەوە. ڕۆمانەکە لە باشوری کوردستان ڕوودەدات و بەتایبەت شاری کەرکوک و ناوچەی چەرموو گرنگییەکی تایبەت لە ڕۆمانەکەدا هەیە. 

سەردەمی ڕووداوەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی بەعس و دوای ڕاپەڕین لە باشوری کوردستان، کاتێک کورد لەژێر فشاری سیاسی و بارودۆخی ئابووری ناجێگیردا بوو. شوێنی سەرەکی ڕووداوەکان ناوچەیەکی کوردییە کە "چەرموو" تێیدا دەکەوێت، بەڵام ئەویش بە وردی دیاری نەکراوە.

شوێنەکان لە ڕۆمانەکەدا بریتین لە: ماڵی یاقوب و ئەیوب و دایکیان، شوێنی سەرەکی ڕووداوەکانە و وەسفی بارودۆخی خێزانەکە دەکات. هەروەها مەیدانی چەکفرۆشان، شوێنکاری یاقوب و نوێنەری دۆخی ئاڵۆزی کۆمەڵگە و زاڵبوونی چەکە. "مەیدانەکە جمەی دەهات، چ جۆرە چەكێكت پێویستبا دەستت دەكەوت، سەری ئارو مارووی لێبوو، دەتگوت ڕۆژی حەشرە." (ل. ٣٠). ماڵی ڕیحان، شوێنی کۆبوونەوەی سیاسی و هەروەها دیداری یاقوب و ڕیحان. مزگەوت، شوێنکاری ئەیوب و نوێنەری ڕەهەندی ئاینی کۆمەڵگە. نەخۆشخانە، بەتایبەت لە کۆتاییەکانی ڕۆمانەکەدا.

نووسەر توانیویەتی بە وەسفکردنی ئەم شوێنانە کەشی گشتی ڕۆمانەکە دروست بکات. وەسفی شوێن لە ڕۆمانەکەدا زۆر بەهێز و کاریگەرە، بۆ نموونە: "ئاخر لە یادمە کە لە گوند دابەزین و لە ئۆردووگای زۆرەملێ لە ناو تۆزو خۆڵی ئەو دەشتە فڕێیانداین" (ل. ١٠٧-١٠٨). ئەم وەسفە هەستێکی واقیعی و ڕاستەقینە بە ڕۆمانەکە دەبەخشێت. شوێن لە ڕۆمانەکەدا تەنها چێوەیەکی فیزیکی نییە، بەڵکو هێمایەکە بۆ بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەشێکە لە ناسنامەی کەسایەتییەکان. چەرموو وەک ناوچەیەک بەشێکە لە شوناسی یاقوب و خێزانەکەی و هەروەها شار وەک شوێنی گەشەکردن و داهێنانی هونەری.

٧. سیاقی کۆمەڵایەتی و مێژوویی.


ڕۆمانەکە لە سیاقێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی تایبەتدا ڕوودەدات کە باشوری کوردستان دوای (١٩٩١) ـە و لە دۆخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئاڵۆزدا نیشان دەدات. ئەم سیاقە مێژووییە کاریگەری بەرچاوی هەیە لەسەر کارەکتەرەکان و ڕەوتی چیرۆکەکە.

"یاقوبی چەرموو" لە بەستێنێکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی گرنگدا ڕوودەدات کە ئەویش سەردەمی دوای ڕاپەڕینی کوردستان و کۆتایی ڕژێمی بەعسە. ئەم سەردەمە، سەردەمی گۆڕانکاری گەورە بوو لە کۆمەڵگەی کوردیدا، هەروەها سەردەمی پڕ ملمڵانێ و ناکۆکی نێوان هێزە سیاسییەکان.

لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە، ڕۆمانەکە پیشانی دەدات کە کۆمەڵگە لە دۆخێکی سەختدایە لەوانە: بێکاری و هەژاری، یاقوب ناچارە بۆ بژێوی خێزانەکەی لە مەیدانی چەکفرۆشان کار بکات. ناسەقامگیری، تەقە و توندوتیژی بەشێکی ئاساییە لە ژیانی کۆمەڵگە (لاپەڕە ٣٣). بەهێزبوونی دەسەڵاتی خێڵ و عەشیرەت، وەک لە لاپەڕە ٣٣ ئاماژەی پێکراوە: "ڕەوشی ناوچەکە ناجوور بوو، هەر تایفەو خێڵێک قەڵەمڕەوی شارێکی پاوان دەکرد، عەشیرەت و بنەماڵە جێگەی دەستەڵات و یاسای گرتبۆوە." 

پەیامێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە کە ئاماژە بە قوربانی و خەباتی خەڵکی کوردستان دەکات بۆ ئازادی. کەسایەتی حەمە ڕیحان وەک خەباتکارێکی سیاسی ساڵانێک لە زیندانەکانی ڕایەت و لۆلاندا تووشی ئەشکەنجە بووە، نموونەیەکی ڕوونە.

کاریگەری ڕۆمانەکە لەسەر کۆمەڵگە لە ڕێگەی پیشاندانی ڕووە شاراوەکانی کۆمەڵگە و ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی تاکەکان دەبنەوە بەرجەستە دەبێت. ڕۆمانەکە خوێنەر هاندەدات کە بیر لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان بکاتەوە. ئەمە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو سەردەمەیە و پەیامێکی هاوسەنگی هەیە سەبارەت بە پێویستی گۆڕان و چاکسازی لە کۆمەڵگەدا.

٨. بینامەتنی (ئینتەرتێکستوالیتی).


ڕۆمانەکە چەندان ئاماژە و پەیوەندی بە دەقی تر و سەرچاوەی فیکری جیاوازەوە هەیە. لەوانە: ئاماژە بە کتێبی ئاینی. ئەیوب چەندین جار بە ئایەت و فەرموودە قسە دەکات و ئاماژە بە کتێبی دینی دەکات. نموونەیەکی ڕوون لە لاپەڕە ٧ دەبینرێت کاتێک "بە فەرموودەیەکی پێغەمبەر دروودی خوای لێبێت دەستی پێکرد". 

هەروەها ئاماژە بە هزری چەپ و مارکسیزمدەکات. یاقوب کتێبی فیکری چەپ دەخوێنێتەوە، لە لاپەڕە ٩دا باسکراوە: "ماتریالیزمی دیالكتیك و دەرسەكانی ماركسیزمی دەخوێند." هەروەها ئاماژە بە چەمکی مانیفێستی حزبی کۆمۆنیست دەکات لاپەڕە ٢٥١: "ئەو وتەیە دەیان جار لە بۆنەی کرێکاری بەرەنگاربوونەوە گوێم لێی بووە، درەوشانەوەی مانیفێستی حزبی کۆمۆنیستە". 

کولتووری نەتەوەیی کوردی، چیرۆکە میللییەکان و مێژووی خێزانی چەرموو پەیوەندییان بە میراتی کولتووری کوردییەوە هەیە. هەروەها ئاماژە بە شیعر و مۆسیقای کوردی دەکات. بەتایبەت کاتێک باس لە مەزهەری خالەقی دەکرێت: "هەمیشە تەسجیلەكەی ماڵەوەیان، كاسێتێكی خالەقی لە سەر بوو، یاقووب بۆ ڕیحانی كردبووە دیاری، ئەو كاتانەی ڕیحان تەنیا دەبوو لە ماڵەوە، تەسجیلەكەی پێدەكرد و لەگەڵ خالەقی دەیگوتەوە" (لاپەڕە ٢٢٣). 

ئاماژە بە شاعیرانی کوردی دەکرێ. "ئەیووب چەندانجار بە شیعرەکانی مەحوی و نالی کۆڕی گەرم دەکرد، دەیگوت: «تەماشا، ئەوانە مەلاو عوولەمای زەمەنی خۆیانبوون و مەلا لەسەردەمی خۆیاندا، چەندە مەزن و درەوشاوە بوون.»" (ل. ١٥٤). نووسەر بەشێوەیەکی هوشیارانە کەڵک لە دەقی کوردی وەردەگرێت و گۆڕانکاری تێدا دەکات بۆ ئەوەی مانای نوێ بخوڵقێنێت. بەتایبەت کاتێک باس لە زیندان و چەوساندنەوەی سیاسی دەکات و وێنەی تووندی ئەشکەنجە پیشاندەدات. نموونەیەکی گرنگ لە لاپەڕە ٢٢٥دایە: "ساڵێكی ڕەبەق، دەست و پێم بە زنجیری ئاسن بەسترابوونەوە، بێ پێخەف لە سەر زەوی دەخەوتم...".

ئەم پەیوەندییە بینامەتنییانە مانای ڕۆمانەکە دەوڵەمەند دەکەن و ڕەهەندی فیکری و کولتووری زیاتری پێدەدەن. بەتایبەت پەیوەندی و ململانێی نێوان هزری ئاینی و هزری چەپ کە بەشێکی سەرەکییە لە ڕۆمانەکەدا.

٩. هێرمینۆتیکی (دەقخوێندنەوەی فەلسەفی).


ڕۆمانی "یاقوبی چەرموو" دەرفەتی چەندین خوێندنەوەی فەلسەفی دەدات، لەوانە: جەدەلی نێوان تاک و کۆمەڵ. یاقوب وەک تاکێک لەهەوڵی دۆزینەوەی پێگەی خۆیدایە لە کۆمەڵگەیەکی تێکچوودا. ئەم ململانێ فەلسەفییە بەتایبەت لە کاتی بیرکردنەوەکانی یاقوب دەربارەی ئایندەی خۆی دەردەکەوێت. 

پرسی ماناداری ژیان، لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە کە مانای ژیان چییە لە کۆمەڵگەیەکی ئاوادا پرسیاری فەلسەفی قووڵ دەوروژێنێت سەبارەت بە چارەنووسی مرۆڤ و توانای گۆڕانی کۆمەڵگە. گەڕان بەدوای ناسنامەدا، ڕۆمانەکە پرسیاری قووڵ دەربارەی ناسنامەی تاک و خێزان و هۆز دەورووژێنێت. دەربەدەربوونی بنەماڵەی چەرموو و هەوڵدانیان بۆ پاراستنی شۆرەت و ناوبانگیان ئەم تیمە فەلسەفییە بەهێز دەکات. ململانێی نێوان باوەڕی دینی و مادی، لە دیالۆگی نێوان ئەیوب و یاقوب (لاپەڕە ٣٣-٣٤) بە ڕوونی دەردەکەوێت و پرسیاری قووڵی فەلسەفی دەربارەی ڕاستی و جیهانبینی دەورووژێنێت. یاقوب لە گفتوگۆی لەگەڵ ئەیووب، دەبینین کە هەردووکیان لێکدانەوەی جیاوازیان هەیە بۆ فەلسەفەی ژیان و بیروباوەڕ. ئەیووب باوەڕی بە ڕێبازێکی ئایینی هەیە، لە کاتێکدا یاقوب زیاتر بە لای فەلسەفەی چەپ و مارکسیزمدا دەڕوات. پرسیاری ئازادی و دەسەڵات، لاپەڕە ٢٤٠دا پرسیارە فەلسەفییەکان بەرجەستە دەکات: "بینیم مرۆڤایەتی غافڵگیرە، ناچێتەوە سەر ڕەسەنایەتی و بەدوای سیستەمی پاوانخوازیوەیە. بینیم ئەهریمەنەکان وێرانبوون چوونەتە ناو هەموو مانیفستۆکانەوە". مانای ڕۆمانەکە لە پەیوەندی نێوان بەش و گشتدا دەردەکەوێت، بەتایبەت کاتێک خوێنەر ڕووداوە جیاوازەکان وەک بەشێک لە چیرۆکێکی گشتگیر دەخوێنێتەوە. پەیوەندی نێوان خۆشەویستی یاقووب و ڕیحان و ڕووداوی سووتانی خاڵی یاقووب نموونەیەکە لەو پەیوەندییەی نێوان بەش و گشت. هەردووکیان بەشێکن لە تەواوێتی چیرۆکەکە کە باس لە کەوتن و هەستانەوە و هومێد دەکات لە نێو کۆمەڵگەیەکی پڕ لە کێشەدا. دەنگە نادیارەکە کە جارجار لەگەڵ یاقوب قسە دەکات، ڕەهەندێکی فەلسەفی و میتافیزیکی بە ڕۆمانەکە دەبەخشێت: "پێی گوتم: «ڕۆیشتنێکی بێ بەرنامە دەڕۆی، ئەو جێگەی ملی ڕێگەت بۆ گرتووە پڕە لە جەنگاوەری ڕەش، پڕە لە مردنی خۆڕایی...»" (ل. ١٧٣). تێگەیشتن لە ڕۆمانەکە پەیوەندی بە ئەزموونی خوێنەرەوە هەیە، هەر خوێنەرێک بەپێی پاشخانی کولتووری و کۆمەڵایەتی خۆی جۆرێک لە مانا لە دەقەکە وەردەگرێت. ئەزموونی ئەو خوێنەرەی شارەزایی لە مێژووی کوردستان و بارودۆخی دوای ڕاپەڕین هەیە جیاوازە لەو خوێنەرەی ئاشنایەتی لەگەڵ ئەو سەردەمەدا نییە. کورت و پوخت ئەم خوێندنەوە فەلسەفییانە نیشاندەدەن ڕۆمانەکە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی پرسیارە فەلسەفییە قووڵەکانی هەیە و تەنها چیرۆکێکی سادە نییە.

١٠. ئیستێتیکی و هونەری.


ڕۆمانەکە لە ڕووی هونەرییەوە چەندین لایەنی بەهێزی هەیە: زمانی شاعیرانە، بەکر ئاڵەیی نووسەر زمانێکی شاعیرانە و جوانی بەکارهێناوە، بەتایبەت لە وەسفکردنی سروشت و هەست و سۆزی کارەکتەرەکان. بۆ نموونە وەسفی باران لە لاپەڕە ٣١. 

تێکەڵکردنی فۆرمە ئەدەبییەکان، ڕۆمانەکە تێکەڵێکە لە گێڕانەوە، شیعر، وەسف و دیالۆگ کە هارمۆنیایەکی هونەری دروست دەکات. هەروەها بەکارهێنانی سیمبۆل، نووسەر سیمبۆڵی جوانی بەکارهێناوە، وەک پشتێندەکەی باوکی یاقوب و دەمانچەکە کە نوێنەری میرات و مێژووی بنەماڵەن. لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا، لاپەڕە ٢٥٦، نووسەر وێنەیەکی ئیستێتیکی کاریگەر دەکێشێت: "پارچەیەکی ئەو پشتێندە لەگەڵ کفنەکەی دایکم دەبێ و پارچەیەکی دیکەی لە نەوچەوانی ژنانی ڕۆژهەڵات بەستراوە، زۆر جار سەرچۆپیەکەی ڕەشبەڵەکی پێگەرم دەبێ و دواجار وەک و بەیداخی سەرکەوتن بڵیند دەبێ سرودو پەیامی برسییەکان بەردەوام بوون بە کۆرس دەڵێینەوە!" 

نووسەر سەرکەوتوو بووە لە دروستکردنی کەشی جیاواز، وەک کەشی مەیدانی چەکفرۆشان، کەشی ئارامی ماڵەوە و کەشی عاشقانەی نێوان یاقوب و ڕیحان. لە ڕووی ئیستێتیکی و هونەرییەوە، ڕۆمانی "یاقوبی چەرموو" کارێکی نوێگەرە. نووسەر توانیویەتی زمانێکی شیعری و وێنەیی بەکاربهێنێت بۆ دەربڕینی ئەو هەموو ئازار و چەرمەسەرییەی کە کەسایەتییەکان تێیدا دەژین. یەکێک لە لایەنە هونەرییە بەهێزەکانی ڕۆمانەکە بەکارهێنانی دەنگی ڕاوی (گێڕەرەوە)یە کە زۆر جار ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێنەر قسە دەکات و جۆرێک لە نزیکبوونەوە لە نێوان خوێنەر و دەقدا دروست دەکات. شێوازی تایبەتی ڕۆمانەکە لە تێکەڵکردنی نێوان چیرۆکی کەسایەتییە جیاوازەکان و بەستنەوەیان بە یەکەوە لە ڕێگەی کارەساتی سووتانی ماڵی خاڵی یاقووبەوە دەردەکەوێت. نووسەر توانیویەتی هارمۆنییەکی هونەری لە نێوان وەسف، دیالۆگ و ڕووداوەکاندا دروست بکات. وێنە شیعرییەکان، ڕیتمی زمان، تەکنیکی گێڕانەوەی ناخەتی، و تواناییەکانی نووسەر لە وەسفکردنی هەست و سۆزی مرۆڤ، هەموویان پێکەوە هارمۆنییەکی هونەری بەرز لە ڕۆمانەکەدا دروست دەکەن.

بەکر ئاڵەیی، دەتوانێت بە شێوازێکی هونەری وێنەی شوێن، کەسایەتی و هەست و سۆز بکێشێت و خوێنەر لەگەڵ خۆیدا بۆ ناو جیهانی ڕۆمانەکە ببات. تەجرەبەی ئیستێتیکی کە ڕۆمانەکە پێشکەشی دەکات دەوڵەمەندە و چێژی هونەری دەگەیەنێت بە خوێنەر. بەشێوەیەکی گشتی، ڕۆمانی "یاقوبی چەرموو" لە ڕووی هونەرییەوە بەرهەمێکی دەوڵەمەندە و داهێنانی هونەری تێدا بەدی دەکرێت. ئەم ڕۆمانە ئەزموونێکی ئیستێتیکی دەوڵەمەند پێشکەش دەکات بە خوێنەر و توانای هەیە لەسەر چەندین ئاست خوێندنەوەی بۆ بکرێت.

پوختەی باس.


ڕۆمانی "یاقوبی چەرموو"ی بەکر ئاڵەیی، بەرهەمێکی هونەری پێگەیشتووە کە لە چەندین ڕووەوە سەرکەوتووە. نووسەر توانیویەتی لە ڕێگەی چیرۆکی یاقوب و خێزانەکەیەوە وێنەیەکی گشتگیر لە بارودۆخی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مێژوویی کوردستان لە دوای ڕاپەڕین نیشان بدات. ململانێی نێوان نەوەکان، ئاڕاستە فیکرییەکان و بەها کولتوورییەکان بە شێوەیەک خراونەتە ڕوو کە خوێنەر لەگەڵیاندا دەژی و هەستیان پێدەکات. 

زمان و ستایلی نووسین، دروستکردنی کەسایەتی قووڵ و پەرەپێدانی تیمە گرنگەکان لە بەهێزترین لایەنەکانی ئەم ڕۆمانەن. هەرچەندە هەندێک جار گێڕانەوەی ڕابردوو و فلاش باک دابڕان دروست دەکات لە ڕەوتی گێڕانەوەدا، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی نووسەر توانیویەتی بونیادێکی تۆکمە و هاوسەنگ بۆ ڕۆمانەکە دابڕێژێت. "یاقوبی چەرموو" ڕۆمانێکە کۆمەڵێک پرسیاری گرنگ دەوروژێنێت دەربارەی هۆکارەکانی تێکچوونی کۆمەڵگە، نێوان سازان و ناسازانی بیروباوەڕی جیاواز، و مافی تاک لە هەڵبژاردنی ڕێگەی خۆی لە ژیاندا. دەرفەتی بیرکردنەوەی قووڵ دەداتە خوێنەر و ئەزموونێکی هونەری دەوڵەمەند پێشکەش دەکات. سەرەڕای ئەوەش، نووسەر توانیویەتی زۆربەی تەکنیکە ئەدەبییە مۆدێرنەکان بەکار بهێنێت، وەک بینامەتنی، ستراکچەری قووڵ، کەسایەتی فرەڕەهەند و زمانی شاعیرانە. هەر ئەمەش وایکردووە ڕۆمانەکە توانای ئەوەی هەبێت لەسەر چەندین ئاست خوێندنەوەی بۆ بکرێت و لە ڕوانگەی جیاوازەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.

ڕۆمانی "یاقوبی چەرموو" بەشێوەیەکی هونەری، پرسیارە گرنگەکانی ئازادی، خۆشەویستی و مانا لە ژیان دەورووژێنێ، پرسیارگەلێک کە بەردەوام بەشێکن لە مێژووی مرۆڤایەتی و بەتایبەت مرۆڤی کورد کە لە ڕێگەی خەبات و ئازار و عەشقەوە، هەوڵی دۆزینەوەی مانا و پێناسەی خۆی دەدات.
________________________________________________________
فەرهەنگۆکی زاراوەکان:
- بینامەتنی (ئینتەرتێکستوالیتی): پەیوەندی نێوان دەقەکان و کاریگەریی دەقێک لەسەر دەقێکی تر.
- هێرمینۆتیکی (دەقخوێندنەوەی فەلسەفی): هونەری ڕاڤەکردن و لێکدانەوەی دەق بە شێوەیەکی فەلسەفی و قووڵ.
- فلاش باک: تەکنیکێکی ئەدەبییە، نووسەر لە ڕێگەیەوە ئێستای گێڕانەوە دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوەکانی ڕابردوو.
- فلاش فۆروارد: پێچەوانەی فلاش باک، بازدان بەرەو داهاتوو لە چوارچێوەی گێڕانەوەدا.
- ستراکچەر (بونیاد): چوارچێوەی گشتی ڕێکخستنی دەق و پەیوەندی نێوان بەشەکانی.
- مۆنۆلۆگی ناوەکی: دەربڕینی بیرکردنەوەی ناخی کەسایەتییەکان بێ ئەوەی بەرامبەرێک هەبێت.
- تیمە (Theme): بیرۆکە یان بابەتە سەرەکییەکانی ناو دەق.
- ئیستێتیکی: چەمکێکی پەیوەست بە جوانیناسی و هونەری دەق.
- ڕیتم و ئاهەنگی زمان: شێوازی جووڵەی زمان و هەناسەی ڕستەکان.
- میتافیزیکی: تێڕوانینێکی فەلسەفییە بۆ شتە نادیار و سەرووسروشتییەکان.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک