٢٨\١٠\٢٠١٨
یاریی ئەردۆگان
لەسەر دوو پەت یا چەند پەتێکە؟!

عەبدوڵا ساڵح
دوێنێ لە نوێترین پەیامیدا ، ئەردۆگان داوای لە سعودیە کرد ئەو ١٨
تاوانبارەی دەستیان بووە لە کوشتنی وەحشیانەی جەمال خاشەقچی
ڕۆژنامەنووسی بەرھەڵستکاری سعودی، ڕادەستی دادگای تورکیا بکات بۆ
لێکۆڵینەوە لەگەڵیان.
ئەو ڕوداوە ھەر لە ٢/١٠/٢٠١٨ ، کاتێک ناوبراو چووە ناو قونسوڵخانەی
وڵاتەکەی و کوژراوتا ئێستاش لاشەکەشی بێسەرو شوێنە ، دەزگاکانی
ڕاگەیاندنی بەشێکی زۆر لە وڵاتانی دنیا ، بەتایبەت ئەمریکا و ڕۆژئاوای
بەخۆیەوە سەر قاڵ کردوە و بۆتە بابەتی سەرەکی ئەو دەزگایانە.
ئەم داوایەی ئەمڕۆی ئەردوگان لە شکڵدا وا ڕەچاو دەکرێ گوایە
بەدواداچونی دادپەروەرانەیە بۆ دەرخستنی ڕاستیەکان لەو تاوانەدا ،
بەڵام لە ڕاستیدا ئەردۆگان مەبەستیەتی کلیلی چارەسەری ئەو کێشەیەی بە
یەکجاری بکەوێتە دەست تاکو لە حاڵی ڕازی بوون بەو داوایە لە لایەن
سعودیەوە، ئەردۆگان بتوانێ بەھرەبەرداری سیاسی و دارایی لەو بابەتە بکا
لەگەڵ سعودیە و ئەمریکا وتەنانەت ئەوروپاش چونکە:
یەکەم / ئەمریکای ترامپ وسعودیەی محەمەد کوڕی سەلمان ،کە گومان دەکرێ
ناوبراو نەخشەداڕێژەر و فەرماندەرکەری ئەو تاوانە بووبێت ،لەسەر یەک
خەتن لەو بارەوە و ھەرچۆنێک بێت مەبەستیانە بابەتەکە دیزە بەدەرخۆنە
بکرێ بە قازانجی دەسەڵاتدارانی سعودیە و بە کەمترین سزا لێی بێنە
دەرەوە ، ئەوەش وا دەکا کە ئەردۆگان ئیپتیزازی سعودیە بکا لە بەرامبەر
بە لاڕێدابردنی لێکۆڵینەوەکان ولەو حاڵەتەشدا ڕەزامەندی ئەمریکا وەدەست
بێنێ و ئەویش ھەم لە مەنبەج و لە ھەڵوێست لە بەرامبەر ھێزەکانی سوریای
دموکرات بەلای تورکیادا بشکێتەوە و ھەم لە مەڕ سزا ئابوریەکانی لەسەر
تورکیا لەپەروەندەی قەشە ئەمریکیەکەدا نەرمی زیاتر بنوێنێ.
دووەم: لەمەسەلەی دەمڕاستی سونەکاندا سعودیە دەورێکی زیاتر بۆ تورکیا
قایل بێت و ھەروەھا کێشەی قەتەر لەگەڵ ھەندێک وڵاتانی خەلیج یەکلایی
بکرێتەوە و سعودیە لەو بارەوە نەرمتر بێ ئەمەش بە خاڵێکی ئیجابی
لەلایەن قەتەرەوە بۆ تورکیا ھەژمار بکرێ.
سێیەم: پەیامێکی تورکیایە بۆ ئەوروپا کە ئێمەش لەسەر ھەمان خەتی ئێوەین
لەمەڕ ئاشکرا کردنی ئەوانەی لەو کارەساتە تێوەگلاون و ئەوروپاش دەرگای
چوونە ناوەوەی تورکیا بۆ یەکیەتیەکەی ئاوەڵاتر بکا .
ڕوداوەکانی دوای بوونی محەمەد کوڕی سەلمان بە جێنشینی پاشایەتی سعودیە
ئەوە نیشان دەدەن کە سیاسەت بە میزاجی شەخسی ، بەتایبەت بۆ وڵاتێکی وەک
سعودیە ، ئەنجامی کارەساتباری لێدەکەوێتەوە ، ئەم کوڕە ، دوای
دەرکەوتنی وەک ژمارەیەکی بەھێزی نێو سیاسەتی سعودی ، کۆمەڵێک ھەنگاوی
نا کە تا ئەندازەیەک نامۆن بە سیاسەتی باوی دنیای سەرمایەداری ھاوچەرخ،
ھەر لە ھەڵایساندنی جەنگی یەمەن ، بەرەو گەمارۆی ئابوری قەتەر ، دەست
بەسەرداگرتنی سەعد حەریری و ناچار کردنی بەدەست لەکار کێشانەوەی لە
سەرۆکایەتی وەزیرانی لوبنان ، زیندانی کردنی دەیان ملێونێری سعودی لە
ڕیاز بە تۆمەتی خۆدزینەوە لەدانی باج ، زیندانیکردنی سەدان چالاکوانی
مەدەنی ، بەتایبەتی ئەو ژنانەی داوای مافی زیاتری خۆیان دەکرد دوای
ڕێگەدانی ژنان بە شوفێری و دواترینیان کوشتنی وەحشیانەی جەمال خاشەقچی
لە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئەستەنبوڵ، نیشانەی ئەوەن کە ئەم ڕەفتارانە
لەگەڵ سیاسەتی ئەمڕوی دنیای سەرمایەداریدا زۆر گونجاو نین مەگەر دەست
ئاوەڵایی سعودیە نەبێ بۆ ترامپ ، بۆیە دەبێ ڕێگاو شوێنی دیکەیان بۆ
دابنرێ ، تاکە ڕێگای لۆژیکی دەرباز بوونی سعودیە لەو تاوانە بە لەسەر
کار لابردنی تاوانباری سەرەکی محەمەد کوڕی سەلمان کۆتایی دێت و ئەو
دۆسیەیە دادەخرێ ! کە ئەویش لەمڕۆدا بەدوور دێتە بەر چاو ھەرئەوەشە
وای کردوە ئەردۆگان گەمە سیاسیەکە بەو شێوازەی خۆی دەیەوێ بباتە پێشەوە.
لە دنیای سەرمایەداری ئەمڕۆدا بچوکترین ( ئەخلاقی سیاسیش ) بەدی ناکرێ
، کوشتنی وەحشیانەی خاشقچی بەو شێوازە و ھەوڵی ھەموو لایەنە بەشدار
بوەکان بۆ بەھرەبەرداری سیاسی لێی، بەدوور لە ھەموو بەھایەکی ئینسانی و
بەکەم گرتنی ژیانی مرۆڤ، بەڵگەی زیاترن بۆ ئەوەی ئەم سیستمی
سەرمایەداریە جگە لە سیاسەتی کوشت وکوشتار وبرسیکردن وفریودان ودرۆ و
فرت و فێڵ و بەکەم گرتنی بەھای ئینسانی ھیچ وەسیلەیەکی تری بەدەستەوە
نەماوە بۆ بەردەوامی حوکمڕانی خۆی لەسەر کۆمەڵگای بەشەری.
٢٧\١٠\٢٠١٨
a_salih11@hotmail.com
|