١٩\٧\٢٠١٢
یاسایەک بۆ
پیرۆزییەکانی بێ دەنگکردن!

سەرکەش
ئەگەر بڕیارە یاسایەک بۆ پیرۆزییەکانی ئاین
دابنرێ، کە ئەمە خۆی لەخۆیدا پیرۆزترکردنی پیرۆزییەکانی ئایینی زۆربە،
پیرۆزییەکانی ئایینی زۆرینەیە لە کۆمەڵ، هەر بەم پێیەش بە پیرۆزتر
گرتنی پیرۆزییەکانی تاقە ئایینێک، تاقە مەزهەبێک لە ئایین و
مەزهەبەکانی ترە١.
دەبوو پێشتر یاسایەک بۆ پیرۆزییەکانی بێ دەنگکردن، دەمکوتکردن، سزای
زمان بڕین و .. هتد!! بگەیشتایە سەر مێزی گفتووگۆی پەرلەمان و تا بە
پەلە پروزێ بڕیاری لێبدرێ!! تا ڕیگە خۆشکەر و ڕچەشکێنی بکا بۆ وەها
یاسایەک، یاسای پیرۆزییەکانی ئایین٢.
چوونکە هەتا یاسایەک بۆ بێ دەنگکردنی ئایین و ئایینزاکانی تر، بێ
دەنگکردنی مەزهەبەکانی تری هەمان ئایین، بێ دەنگکردنی ئەوانەش، کە بێ
دین و بێ مەزهەبن، نەخرێتە واری پراکتیکەوە، دەرکردنی یاسای
پیرۆزییەکانی ئایین کۆسپ و تەگەرەی زۆری دێتە ڕێ، سوک و سانا ڕاستە ڕێ
نابێ.
بە دیوەکەی تر بەو پێیەی کە ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان ئیسلام ئایینی
زۆربەیە، ئایینی زاڵ و سەردەستەیە، لە ناو ئایینی ئیسلامیش مەزهەبی
سەردەستە و زاڵ سووننەیە، کەواتە دەبێ سەرەتا ئەم فرە ئاینی و فرە
مەزهەبیەی بوونی هەیە سنووردارکرێ، بەرتەسککرێتەوە، تا ئەگەر ڕۆژ و
کاتی گونجاوی خۆیشی هات بە یەکجاری قەدەخە و یاساخ کرێن، دەرکیان بە
قوڕبگیرێ.
واتە دەبێ ئەوەی پێی دەگوترێ ئازادییە مرۆییەکان، ئازادی بیرو ڕا،
ئازادی ئایین، ئازادی چاپ و بڵاوکردنەوە کە بنەماو سەرەتاگەی مافەکانی
مرۆڤە، نەمێنێ، وەنداکرێ، واتە شوێنێک بۆ ئەو کەسانەش قاتی بێ کە
بڕوایان بە هیچ ئایین و مەزهەبێک نییە.
واتە دەبێ پێ بە پێ بەرەو شێوازێک لە یاسای کۆپی ووڵاتانی ئێران،
سعودییە و ئەفغانستانی پێشوو هەنگاو هەڵگیرێ، کە بە چاکترین یاسای
کۆنەپەرستانەی دەسەڵاتدارەتییەکی کۆنەپەرستانە دەژمێردرێ.
کەواتە یاسای پیرۆزییەکانی بێ دەنگکردن، پێویستیەکی هەنووکەییە، دەبوو
پێشنیاری پێشتر و یەکەمینی ئەو سەلیقە ناسک و ئەو هەست بەرزانە بوایە
کە پێشنیاری یاسای پیرۆزییەکانی ئاینیان کردووە. بەڵام مخابن، وا دیارە
بە هۆی زۆرتر بە تەنگەوە هاتنی پێشنیارێکی وەها کۆنەپارێزانە زۆرتر
مێشکی مژول و سەرقاڵ کردوون، نەپەرژاونەتە سەر هیچ بیرۆکەیەکی تر.
هەرچەند ئێستاش نەچووە بچێ، پەرلەمان ماوە و ئەمانیش وەک ئەندام
پەرلەمان ماون، بۆیشیان هەیە هەر پێشنیارێ، گونجاوبێ یا نەگونجاو لە
دانیشتنەکاندا بیهێننە گۆڕێ، ئەم کورتیلە نووسینەش ڕەنگە کەمۆکەیەک
دەسگیرۆییان بکا، گرنگیش نیە هاوڕا و هاوڕێ و هاو دیتن بین، گرنگ
ئەوەیە ئەمان کارێک بکەن بە لێکدانەوەی خۆیان کۆمەک بە هەر دوو
دونیایان بکا.
______________________________________________________
١.
هەر چەند جارێ یاساکە باس لە پیرۆزییەکانی ئایینە، ئایین بە گشتی، جارێ
هەندێک گشتگیر پێشنیارکراوە، بەڵام دیارە پێشنیارکەرانی ئەم پرۆژە
یاسایە، کەسانێکی بە پەیڕە و موسڵمان، سەربە ڕەوت و بزاڤە ئایینیەکانی
ئاینی ئیسلامن، بێگومان لەناو ئیسلامیشدا سوننی مەزهەبن. خۆ ناکرێ و
ناگونجێ ئەو بەڕێزانە پێشنیاری یاسایەک بکەن بۆ پاراستنی پیرۆزییەکانی،
ئاین و ئاین زاکانی تر کە ئەمڕۆ لە کوردستانی باشوور بوونیان هەیە وەک
شیعە مەزهەب و عەلی ئیلاهی کە خۆ بە موسڵمان دەزانن، دیان/فەلە/کرستیان،
ئێزیدی و حەقە و زەردەشتییەکان و ... هتد.
٢.
بە بێ هەبوونی وەها یاسایەک، ڕۆژنامەیەک لە سەر بڵاوکردنەوەی بابەتێک
داخرا، گۆیا سوکایەتی بە ئایین کردووە و بڕایەوە، ئەو بابەتە جارێکی تر
بڵاونەکرایەوە تا بزانرێ تا ڕوون بێتەوە، بابەتێکی ڕەخنەیی شێکاری بووە
وەک ئادەمیزاد لە کۆمەڵگای کوردەواری عەبدولخالق مەعروف، یا بابەتێکی
ئەدەبی، زانستی بووە لە سەر ئایین، یا هەر قسەی بێ مانا بووە.
بەشێوەیەک ماملە لەگەڵ بابەتەکە، نووسەری بابەتەکە، ڕۆژنامەکە،
سەرنووسەر یا دەستەی کارگێڕی ڕۆژنامەکەکرا، کە بەتەواوی پێشێلی
جاڕنامەی مەفەکانی مرۆڤ و ڕێککەوتننامە نێو دەوڵەتییەکان بوو.
ماڵپهڕی کهریم سهرکهش
|