٦\١٠\٢٠١٢
یاساى
''پاراستنى پیرۆزییە ئاینییەکان''
ئەو یاسایەى لە بەرژەوەندیی
ئیسلامییە تێزاب هاوێژەکاندایە.

شاخەوان برایم عەبدوڵا
ئەوەى تۆسقاڵێک شارەزایی لەسیاسەت و یاساکاندا هەبێت، زۆر باش ئەوەى بۆ
روون دەبێتەوە پرۆژە یاساى پاراستنى پیرۆزییە ئاینییەکان،
پرۆژەى ئیسلامى سیاسى کوردستانەو مەبەست لێى زیادکردنى نفوزى جەماوەرى
ئیسلامییەکانە لەرێگەى دەرکردنى یاسایەک گوایە دژى سوکایەتکردنە بە
ئاینەکان، ئەمە هیچ وا نییە، رۆژانە لەلایەن موسڵمانەکانەوە دەیان
سوکایەتى بە پەیڕەوکەرانى ئاین و ئاینزا غەیرە ئیسلام دەکرێت و ئەو
پرۆگرامە ئاینیەى لە خوێندنگەکاندا دەخوێنرێت تەواو ئیسلامییەو هەموو
ستایشکردنى ئەو خەلیفانەی ئیسلامە کە بەردەوام خەریکى شەڕ و شۆڕ و کوشت
و کوشتار بوونە.
یاساى پاراستنى پیرۆزییە ئاینییەکان هێندەى پرۆژەى ئیسلامییەکانى
کوردستانە بۆ بەرتەسک کردنەوەى ئازادى قسەکردن و رادەربڕین، هێندە
یاسایەک نییە کە بەر بەسوکایەتى بگرێت، ئەمە کەى رەوایە گۆڤارێک شتێک
دەنووسێت ئیدى لە پەرلەمان یاسایەک دەربکرێت کە سەد دەر سەد لەدژى
ئازادییەکانى ئینسانى کوردبێت، ئەم پرۆژە یاسایە مەترسیدارترین
یاسایەکە کە پەرلەمانى کوردستان خەریکى موناقەشەکردنێتى، بەیاساییکردنى
ئەم پرۆژەیە ئیدى هیچ شتێک نامێنێت ئێمە لە کوردستاندا بەناوى ئازادى و
مەدەنى و دیموکراسییەوە شانازی پێوە بکەین، هاوکات ئەم یاسایە زیاتر
کاریگەریى نێگەتیڤى بەدواوەدادێت و هۆکارێکیش دەبێت ئیدى نووسەران و
ررۆشنبیرانى رەخنەگرى بوارى ئاین و ئیسلامى سیاسى کوردستان بەجێ بهێڵن
و ئیدى لە تاراوگەوە قسە لەسەر ئاین و ئیسلامى سیاسییەوە بکەن.
هەموومان ئەو رۆژانەمان بیرە ئیسلامییەکان کتێبی شیعریان لە چاپخانەکان
دەدزى بەر لە بڵاوبوونەوەى فشاریان دەخستە سەر نووسەرەکەى، کێ هەیە ئەو
کاتەى بیر نەبێت لەبەر دەرکى سەرا گوایە شوێنگەى ئازادییەکانى ئینسانە،
ژن شاعیرێک رێگەى لێدەگرێت و ناهێڵن شیعرێک بخوێنێتەوە، گوایە باسى
مەکەو سعودیە لە شیعرەکەیدا هاتووە، ئیسلامییەکانى کوردستان چییان
نەکرد لەسەر ئەو کورتە چیرۆکە وەرگێڕدراوەى لە گۆڤارى وێران بڵاوبۆیەوە،
دەرگەى دادگەکانیان دەکوتاو سەرنووسەرى گۆڤارەکەیان رووبەرووى یاسا
کردەوە، ئیسلامییەکان رۆژانە لە کەناڵ و مینبەرەکانى مزگەوتەوە
سوکایەتى بە دەیان نووسەر و رۆژنامەنووسەوە دەکەن بە بیانووى ئەوەى
قسەیەک لەسەر ئاین دەکەن کە ستایش نییەو بەدڵى ئەوان نییە، ئەى بۆ کەس
نەهاتە وەڵام لەبەرانبەر ئەو سوکایەتیەى مەلاکان دەیکەن، مەلا هەبووە
لە مینبەرى مزگەوتەوە بە نووسەرى گوتووە بێ ئەخڵاق، بێ شەرەف، ئایا
پێویست نەبوو ئەو بەناو مەلایە ببرایەتە بەردەم یاسا، ئەى بۆ یاسایەکیش
بۆ ئەو مەلایانە دەرناکەن کە سوکایەتى بە رۆشنبیران و نووسەران دەکەن،
کوا یاسایەک بۆ ئەو موسڵمانانەى بەردەوام سوکایەتى بە مەسیحی و ئێزیدى
و کاکەیی و کریستانییەکانەوە دەکەن؟
بۆیە باشترین کارێک ئەوەیە رۆشنبیران و نووسەرانى کوردستان بە
راشکاویی هەڵوێست وەرگرن لەدژى ئەو یاسایەى کە تەنیا و تەنیا
خزمەت بە ئیسلامییە تێزاب هاوێژەکان دەکات و ئەمەش بەر لەوەى پرۆژەیەک
بێت بۆ پاراستىنى ئاین، پرۆژەیەکە لە دژى ئەو ئەزموونە کوردستانییە
سەرەتاییەى کە کەم و زۆر لەژێر کاریگەرى کولتوورى سیاسى و کۆمەڵایەتى
ئەوروپی و رۆژئاودایە، بۆیە یاسایەکى لەم شێوەیە هۆکارێکى سەرەکى دەبێت
لە سوکایەتى کردن بە نووسەران و رۆشنبیران و فیکرى رەخنەیی لۆژیکى
لەبارەى ئاین لەو کاتەى کە پێویستە ئاین و ئیسلامییەکان قسەیان لە
بارەوە بکرێت، من لەلای خۆمەوە بە هەموو شێوەیەک ئەم یاسایە رەت
دەکەمەوەو هەر کاتێکیش قسەیەکم لەسەر ئاین هەبێت بێ ئەوەى بیر لە
هەبوونى یاسایەکى لەم جۆرە بکەمەوە ئیدى قسەى خۆم دەکەم ئەگەر هەموو
رۆژێک ببرێمە بەندیخانەکانەوە، ئەگینا ناچار دەبم لەتاراوگەدا قسەى خۆم
بکەم.
ماڵپهڕی
شاخهوان برایم عهبدوڵا
|