په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١١\٢٠١٠

یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان و کۆبوونەوە گشتییەکان، یاساییکردنی سەرکوتی سیاسی!


موحسین کەریم   


دوای ئەوەی ھەواڵی پەسەندکرانی پرۆژە یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان و کۆبونەوە گشتیەکانم لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لە بڵاوکراوەو ماڵپەڕە کوردیەکانەوە بیست، ویستم بزانم کە میدیای پارتی و یەکێتی لەوبارەوە چی دەڵێن. بەڵام بینیم گێڕانەوەکان جیاوازن. بۆنمونە ماڵپەڕی PUK Media)) دەڵێ:"...‌ بەزۆرینەی دەنگ بڕیاردرا پێویستە خۆپێشاندان بەئاگادارکردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار بێت و پێویستە لەکاتی ئەنجامدانی خۆپێشاندان، ٤٨ سەعات بەر لەسازدانی خۆپێشاندانەکە لایەنی پەیوەندیدارو یەکە ئیدارییەکان ئاگاداربکرێنەوە." کەچی بەپێی قسەی ئەندام پەرلەمانەکانی گۆڕان مەسەلەکە ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان نیە، وەکو لە ھەواڵەکەی ماڵپەڕی PUK Media)) دا ھاتوە، بەڵکو وەرگرتنی مۆڵەتە بۆ خۆپیشاندانەکان. یەکێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی گۆڕان، عەبدوڵا مەلا نوری، لەوە زیاتر دەڕوات و دەڵێ: "بەپێی‌ یاساکە ئەگەر خۆپیشاندانی‌ لەناکاو‌و بێ‌ مۆڵەت بکرێت دەچێتە خانەی‌ تاوانەوە، ئەو کاتەش دەستی‌ ھێزە ئەمنییەکان بەرانبەر خۆپیشاندەران دەکرێتەوەو ھاوڵاتیان دەستگیردەکرێن".


ھەرچەندە زۆر ھەوڵم دا بۆئەوەی پرۆژە یاساکەم دەستبکەوێ تا بزانم بەندو مادەکانی چین، بۆئەو مەبەستەش ماڵپەڕی پەرلەمانی کوردستانم ئەمدیودیوکرد، بەڵام بەداخەوە نەک ھەر پرۆژە یاساکەم چنگ نەکەوت، بەڵکو ئەوەی لە ماڵپەڕەکانی دیکەدا دەستم کەوتبوو، لەوێدا دەستم نەکەوت! بۆیە بەناچار لێکدانەوەی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ناو پەرلەمان لەسەر ئەو مەسەلەیە وەکو بنەما وەردەگرم. چونکە بەپێی لێکدانەوەی ماڵپەڕەکەی یەکێتی، ئەوەی کە پێویستە بکرێ تەنھا ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانە بە ٤٨ کاتژمێر بەر لەکاتی ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکان، دەنا ھیچ ئاماژەیەک بۆ کۆبونەوەی گشتی نەکراوە! ئەمەش ئەو مانایە دەگەیەنێ کە بەرپاکردنی کۆبونەوەی گشتی نەک پرسکردن و رەزامەندی، بەڵکو ئاگادارکردنەوەی لایەنە بەرپرسەکانیشی ناوێ. تەنھا ئەنجامدانی خۆپیشاندان پێویستی بە ئاگادارکردنەوەی پۆلیس ھەیە و ئەوەش عەیبێکی تیانیە! عەیبێک ئەگەر ھەبێ رەنگە ھەرئەوەبێ کە بۆئاگادارکردنی پۆلیس پێویست بە ٤٨ ناکات. ئەوان دەتوانن لە ماوەیەکی کەمتردا پێداویستیەکانی پاراستنی ئاسایشی خۆپیشاندانەکە دابین بکەن. بەڵام من دڵنیام کە تەفسیرەکەی PUK Media)) راستی بەیان ناکات!


بێگومان بوونی پەراوێزێک بۆ ئازادی سیاسی، ئازادی بیروباوەڕو رادەربڕین ، ئازادی رێکخراوبوون ، ئازادیی مانگرتن و کۆبونەوەی گشتی و خۆپیشاندان، لە کوردستاندا، وەکو واقعیەتێکی دیفاکتۆ، راستەوخۆ ئاکامی خەباتی دەیانساڵەی جەماوەری کوردستان لەدژی رژێمی سەرکوتگەرو ھارودڕندەی بەعس لەلایەک و دەورونەخشی بزوتنەوەی شورایی و کۆمۆنیزمی کرێکاری لەلایەکی دیکەوە لە دوای راپەڕینی ئازاری ١٩٩١ەوە بووە. سەرەڕای ئەوەی کە لەرزۆکی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی کوردو ناگونجاویی ناوخۆیی بزوتنەوەی کوردایەتی ھۆکارێکی درێژەکیشانی ئەو پەراوێزەی ئازادی و بێتوانایی ئەو دەسەڵاتە بووە لە بەرتەسکردنەوەو نەھێشتنی فەزای ئاوەڵای سیاسی کوردستان.


لەدوای روخانی رژێمی بەعس و لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا ناسیۆنالیزمی دەسەڵاتداری کورد، لەپاڵ گەشەو بوژانەوەی ئابوری و کەڵەکەبوونی سامان و داھاتی بۆرژوازی و ھەستکردن بە جێگیریەکی نیسبیی دەسەڵاتەکەی، ھوشیارانە، وەکو نوێنەری سیاسی بۆرژوازی، لەھەوڵی ئەوەدابوەو ھەیە کە ئەو پەراوێزی ئازادیە وەکو بەشێک لە پێداویستیە سیاسیەکانی راگرتنی نایەکسانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و فەراھەمکردنی ھەلومەرجی دڵخوازی سەرمایەداری کورد و لەخوارەوە راگرتنی خواست و ئاستی ژیان و گوزەرانی کرێکارانی کوردستان، بەرتەسک بکاتەوە و ھەلومەرجی سەرکوتی سیاسی و بێمافیی و زاڵکردنی فەزای کۆنەپەرستی سیاسی بەسەر کۆمەڵگادا دابسەپێنێ. ئەگەرچی بەرلەوەش بەردەوام حیزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و سەرجەم نوێنەرانی ئەسڵی بۆرژوازی کورد لەبوونی ئەو پەراوێزەی ئازادی نارەحەت و سەغڵەت بوون. تەنانەت بەشێک لەوانەی کە ئێستا بەدروست ئەم یاسایەی پەرلەمان بە ھەوڵێکی سەرکوتگەرانە ناوزەد دەکەن، خۆیان چەندساڵ لەمەبەوبەر لەبەرامبەر نارەزایەتی و خۆپیشاندانی کرێکاران و کۆمۆنیستەکاندا لولەی چەکیان رادەکیشا. بەڵام لە ھەلومەرجی ئێستادا ئەم بڕیارەی پەرلەمان کە لەژێر ناوی یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان و کۆبونەوە گشتیەکاندا پەسەندکراوە، لەپاڵ دەسەڵاتی راستەقینەی میلیشیاییدا، تەنھا دەکرێ وەکو ھەنگاوێکی بەرواڵەت یاسایی بۆ داسەپاندنی سەرکوتی سیاسی و کۆتایی ھێنان بەو پەراوێزە لەئازادی کە تائێستا خەڵک لێی بەھرەمەند بوون، تەماشابکرێ.


مەسەلەی سەرەتایی و بنەڕەتی لە باسی ئازادی دا، دابینبوونی مافی دەربڕین و تەعبیرکردنە لەخۆ بۆ ھاوڵاتیان بەبێ ئەوەی روبەرووی لێپێچینەوە و سزادان و گرتن و ئەشکەنجە ببنەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە! ئەو دەربڕین و تەعبیر لەخۆکردنە ھەر لە نوسین و وتارو قسەکردن و ھاوارکردنەوە دەگرێتەوە تا خۆپیشاندان و رێپێوان و مانگرتن و کۆبونەوەی گشتی. بەرەسمی ناسینی ئازادی خۆپیشاندان و مانگرتن و کۆبونەوەو خۆرێکخستن و بیرورادەربڕین و... بۆئەوەیە کە بەپێی یاسا ھاوڵاتیان لە دەستدرێژی پۆلیس بپارێزرێ. ئەم مافە یاساییە وەکو قەڵغانێک لەدەستی خەڵکدایە بۆ پێشگرتن بە ھێرش و پەلاماری پۆلیس و دەزگا سەرکوتگەرەکان کاتێک کە بۆ داواکردنی خواستەکانیان بەشێوەی تاک یان بە کۆمەڵ نارەزایەتی دەردەبڕن، نەک بۆئەوەی کە دەوڵەت و دەسەڵات لە خۆپیشاندەران و خەڵکی نارازی بپارێزێ! دەسەڵات ھەموو ھۆکارەکانی نەک خۆپاراستن بەڵکو سەرکوتی لەدەستدایە.


لەکۆمەڵگایەکدا کە باسی بەرقەراربوونی ئازادی و دیموکراسی دەکرێ، دەبێ ئەم مافە، واتە مافی ئازادی رادەربڕین و تەعبیرلەخۆکردن وەکو مافی سەرەتایی ھەر کەسێک و گروپێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەیاساو دەستوری ووڵاتدا بەرەسمی ناسرابێت و بەکردەوە پراتیک بکرێ. ھیچ ھێزو دەسەڵاتێک مافی ئەوەی نەبێ کۆتوپێوەندیان بۆ دابنێ. دەنا ئەو دەسەڵاتەی کە تەنگەبەری بۆئەم مافە پێکدێنێ دەسەڵاتێکی سەرکوتگەری دیکتاتۆرو داپڵۆسێنەرە کە پابدنەی ھیچ کام لەمافەکانی ئینسان نابێ!


جێێ ئاماژە بۆکردنە کە تەنانەت دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکانیش جورئەتی ئەوە ناکەن بەئاشکرا لەیاسادا رابگەیەنن کە ھەمووجۆرە خۆپیشاندان و کۆبونەوەو رادەربرینێک قەدەغەو تاوانە، بەڵکو کۆمەڵێک کۆتو پێوەندی سەروەری و ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی، پیرۆزیە نەتەوەیی و دینی و کۆمەڵاتیە کۆنەپارێزەکان بەناوی ئادابی گشتیەوە بۆ ئەو ئازادیانە دادەنێن تا لەدنیای راستەقینەدا قەدەغەی بکەن و بیانوەکانی سەرکوتی یاسایی ئازادی پاکانە بکەن. ئەوەی کە لەم یاسایەی پەرلەمانی کوردستانیشدا ھاتوە، شتێک نیە بەدەر لەمە. یاساکەی پەرلەمان سەبارەت بە رێکخستنی خۆپیشاندان و کۆبونەوە گشتیەکان بۆئەوەیە کە رێگری و کۆتوپێوەندەکانی خەڵک دیاری بکات و تۆخی بکاتەوە نەک ئازادیەکان پەرە پێبدات! ئەوەتا پێشنیارکەرانی پرۆژە یاساکە ئەوەندە بیروھۆشیان لای ئەوە بووە کە رێگریەکانی بەردەم ئازادی خۆپیشاندان و کۆبونەوەکان توندوتۆڵ بکەن، بەوە گەیشتوون کە پێشنیاری سزادانی رێکخەرانی خۆپیشاندان و کۆبونەوەکانیان کردوە لەحاڵەتی رودانی کارێکی نەخوازراو لەلایەن ھەر کەسێکی بەشداری چالاکیەکانەوە! ئەگەرچی ئەم بەندە بەھۆی ئەوەی رووی مەجلیسی نەبووە پەسەند نەکراوە، بەڵام سەرەنجام بەپێی قسەی ئەندام پەرلەمانەکەی گۆڕان، یاساکە خۆپیشاندانی بێمۆڵەت بەتاوان دەژمێرێ! ئەمەش ناوەرۆکی سیاسی-چینایەتی راستەقینەی ئەم یاسایەی پەرلەمانی کوردستان و دەسەڵاتی بۆرژوا ناسیۆنالیستی کورد دەخاتەروو کە ئامانجەکەی داسەپاندنی سەرکوتی سیاسی و کۆتایی ھێنانە بە فەزای ئاوەڵای سیاسی کوردستان کە لەدوای راپەرێنی ١٩٩١ەوە خەڵکی کوردستان کەم تازۆر لێی بەھرەمەندبوون!

 

ماڵپهڕی موحسین کهریم