په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٣\٢٠١٣

    یاخی بوون.


هەردی شەفیق


دڵی من وەکو مۆمێک لەبەر ڕەشەبای ئەودا ئەکوژێتەوە
ڕۆحم وەکو شوشەعەترێک ناسک لەژێرپێیدا ئەشکێت
وەکو پەرداخێک بادەی سەرئاگر خەریکە ئەبێت بەهەڵم
من پێم ئەوت ئەم هەورانە لەدەستوخەتی خودائەچن
ئەوکاتەی سەربوردەی جوانی ئەنوسێتەوە
ئیتر بۆنەبارێت ڕۆحی من لەوشەوەتاریکەدا کەباران مانی گرتووە لەبارین؟
ئیتر بۆ نەسوتێت دڵی من لەم وەرزەدا کەسێک دڵی بەمردنی پەروانەیەک ناسوتێت ؟

پایزێکیان
خوێن وەکو تەرزە بەسەر هەڵاڵەکانی جوانیا ئەباری
ئافات گوڵی بەباخچەکانی گەنجیەوە نەهێڵا
پیری وەکو هەرزەکارێک عاشق لەسەر سوچی کۆڵانەکانا ئەوەستا
چی سمۆرە هەبوو لەدارستان ڕۆحی خۆیانیان پاشەکەوت ئەکرد
چی کۆترمان هەبوو لەوساڵەدا پەڕوباڵیان هەڵوەرین
چی قەلەڕەشە هەبوو لەتاعونی ڕۆحی ئێمەیان ئەخوارد
باوکم ئەیوت ناڕازی بوونی گوڵە گەنمێک دڵی ئاسمان ئەڕەنجێنێ
بێزاری پەڕەسێلکەیەک وائەکات فریشتەکان شیری گوڵەگەنمەکان نەدەن
باران ئەباری‌و من چاوەڕوانی پەلکە زێڕینە بووم
باوکم ئەیوت پەلکە زێڕینەی دوای باران دڵنەرمی ئاو ئەکوژێت
شاتو ڕوسوری خۆی نەدات بەمردن
کەون بەسەر دڵتەنگیدا ئەڕوخێت
منیش ئەموت
بائەم هەورە بەغەریبی لێرە نەڕوات دڵی پەلکە زێڕینەمان لێئەیەشێت
بائەم کەروێشکە سپیانە بەفری ڕۆحمان جێنەهێڵن، دوایی جێپێی جوانی ئەتوێتەوە
باڕۆحی ئێمە لەم ئاگرەدا نەبێت بەدوکەڵ، دوایی ئاسمان بەبۆنکڕوزی ئێمە ئەخنکێت

لەو دەمەدا بەرسیلە ئەبوو بەمێوژو تاقەتی نەبوو گۆچانەکەی هەڵگرێت
سمۆرە نەیئەتوانی بەدرەختەکانی عومریا هەڵزنێت
درەختێکیش پشتی بۆ پیری ئەو دانەئەنەواند
وتم باوکە من ئەڕۆم‌و جانتاکەم پڕە لەگوڵە گەنمی وشک بوو
کڵاوەکەشم هێلانەی ئەو هێلکانەی دایکیان مردووە
ئەڕۆم‌و بەدوای بەڕویەکدا ئەگەڕێم
لەحزوری تێکەڵاو بوونی دوو پەروانەدا کڵاوەکەی دائەگرێت

کاتی خۆی من گوڵێکم خۆشئەویست
لەچاوەڕوانی تەرزەدا ساڵەکانی تەمەنی ئەژمارد
من ئاسکێکم خۆشئەویست
هەمیشە بە جێ پێ خوێناویەکانیدا ئەمزانی لەکوێیە
پەروانەیەک دەستی هاوڕێیەتی بۆدرێژ ئەکردم لەئاویلکەدانا کوژرابوو
وەکو بێچوە شێرێک بەژێر بەفرا ڕۆیبێت
ئێستاش ئەڕۆم‌و سەرو ڕیشم سپیە
وتم باوکە من بەدەم بایەکی شێتەوە ئەڕۆم
وەک کۆلارەیەک دەزولەکەی دڵی بچڕابیێت

ستیانی ئەو کچە ئەکەم بەئاڵا دووپرتەقاڵی نائومێدی تیادا پیربوون
کفنی کچێک ئەکەم بەبەیداخ لەناویدا ڕۆحی کرم خواردی
ئەڕۆم تاکو شێرەکان لەناو دڵی خۆیانا بکەم بەمۆم
تاکو ئاسک ،شاجوانی دارستان
ناباوکە
ئەو جوانەی کەهەرگیز پێناکەنێت بخەمە پێکەنین
وەکو مەجنونێ‌ لەیلاکەی مردبێت بیر لەئاوەدانی ناکەمەوە
وەکو فەرهادێک شیرینەکەی حاشای لەعەشق کردبێت

ئەوەتانێ‌ باران حەوشەی ئەو هەتیووانە ئەڕوخێنێ‌
مۆمیان نیەو لەبەرتریفەی مانگدا دائەنیشن
باران بەسەر کڵۆڵی ئەو ژنانەدا ئەبارێت
لەم شەوە بەهەورخنکاوەدا
بەدیار هەڵاتنی ئەستێرەیەکەوە چاوەڕوانی ئەیانکوژێت
وتم دایکە پێی بڵێ‌
ئەوەتا ئەو هودهودانەی زمانی سلەیمانیان ئەزانی ئێستا کەڕولاڵن
وتم لەم ڕەشەبایەدا باوکە باڕۆحی ئێمە بانەیبا
من‌و تۆ
گۆرانیەکانمان لەسەر گۆڕەکان بەجێهێشت‌و لەناو دڵی خۆمانا بووین بەمردووشۆر
منو تۆ ڕەنگەکانی ئەم دونیایەمان دۆڕاندو بەهەشتێکی خۆڵەمێشیمان بردەوە بۆماڵ

شەوێکیان لەخەومدا خوێنی خوشکەکانم گوڵی دڵخۆشی ئێمەی ئاوئەدا
دوای باران ئیتر پەلکە زێڕینە تاقەتی نەبوو بێتە ئاسمانی ئێمە
موسافیرێک تابووتێکی ئەکرد بەبەلەم‌و بەناو ئاودا ئەڕۆیشت
کفنەکەی خۆی وەکو چارۆکە بەئاسمانەوە ئەشەکایەوەو
ئەستێرەکان سوجدەیان بۆ ئەبرد
شەوێکیان لەخەومدا من مردبووم‌و جەنازەکەی خۆمم کردبووە کۆڵ
باوکم لەقەسابخانەیەکا ئاسکەکانی سەرئەبڕی
پۆلە ئاسکێکی شیوەنگێڕ بەسەر ڕۆحی ئێمەدا ئەڕۆیشتن‌و
گوڵ لەجێپێکانیانا جێئەما
من لەسەر گۆڕەکەی بەختی خۆم ئەگریام‌و ئاسمان پێئەکەنی
نازانم چەنێک گریابووم بەڵام ئیتر باوکم بەخەبەر هاتبوو
نازانم چەندگریابووم بەڵام ئینجانەی ماڵەکەمان خەریکبوو
بەفرمێسکی من تینوێتی خۆیی ئەکوشت
خەریکبوو لەناو گریانی منا پێکەنینی خۆیی سەوزئەکرد
کەچی لای لایەی دراوسێکانمان باوکمیان کردەوە خەو

شەوێکیان وتم لەژێر درەختەکانی چاوەڕوانیا خەریکەپیر دەبم
لەچاوەڕوانی بارانێکی ئەم بیابانەدا دڵم خەریکە ئەبێت بەئاو
وتم باوکە
لەناو ئەو هەموو دڵبرینەدا تەبیبێکی ترمان ئەوێت ئازارەکان بپێچێت

هەموو ئەو ڕۆژانەم لێت ئەوێتەوە لەناو دڵشکانا تێپەڕی
ئەو ساڵانەم ئەوێتەوە لەناو تەلبەندەکانا گەزگەز باڵام ئەکرد
ئەو شەوانەم ئەوێتەوە کچان بەخوێنی خەونەکانیان لێوەکانیان سورئەکرد
بەڵام ئەو نەیئەتوانی تەنیا چرکەیەکیشم بداتەوە

شەوێکیان ئیتر تەلبەندەکەم شکاندو
وتم باوکە من زیندووم‌و
نامەوێت گوێم لەشێوەنگێڕەکانی ئەم پرسەخانەبێت
بەسەر تەرمەکەمدا ئەگرین
ئاسکەکانیش دڵیان بەژیانی خۆیان خۆشەو
من خوێنی ئەوان ناخۆمەوە
وتم من ئەژیم‌و بێدەنگی ناو ئەم گۆڕستانەم پێخۆشنیە
وتم من زیندووم‌و
پێویستم بەوە نیە بەم خیابانە مردووەدا بمگێڕن.

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ردی شه‌فیق

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک