په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٥\٢٠١٨

    ١١ی مەی.

سەردار ر‌ه‌زا

ئەوا ئەمڕۆ
بوو بە ساڵێ و
لەم ئێوارە
پیرە پیاوێک ، ھەر لە سێبەری خۆت دەکا
گەڵای زەردە و سەمای روحی دەبارێنێ و
دەوەرێتە بەر پێی خاکت
تێڕامانی کەمەی گۆچانێکی نوێیە
چەتری سەرە و چەشنی مۆمیش بە سەر باڵات
دەتوێتەوە .......
ئەم ئێوارە
ڕیش چەرموویەک ، ھەڵاتوو لە خەراباتی زەمەنی ژن
بێ ئاگا بوو .... بێھۆش مابوو
لە دونیای ژن ناحاڵی بوو
زەنگی ھێڵی دڵی مردوو ، بوژانەوەی
بۆ دێتەوە .......
ئەوا ئەمڕۆ
بوو بە ساڵێ و
ھەر خانەخوێی دیوەخانی ھزری منی
لە نێو نیگا
کارمامزی سارا لماوییەکەی ئیشقی
بۆ ھەتایی
لەرەی دەنگ و ھەنگاوی تۆ
ناسڕێتەوە .............
شەوێک نییە
بە خەیاڵی یادەوەری ساڵێکمانا
گوزەر نەکەم
فرمێسکی خەم نەھۆنمەوە
لە سەر پەڕەی تاڵ تاڵی پرچی خاوتا
ھێلانەی ئەوین تەڕ نەکەم
چ لە دڵ و عەقڵ بکەم
رەگی ئیشقت نەبڕێتەوە ............
ئەوا ئەمڕۆ
بوو بە ساڵێ و
ئەو ھەوێنی ئاشناییە
لە دوورەوە دیقەت دەدا
تۆیش لێم یاخی
بە سەر شاباڵی ھەستما گوزەر ناکەی
ئەوەیش کانیاوی ئەشکمە
بۆ رۆژگاری رابردوومان
کڕنووش دەبا
با چاوەکان دەس لەملی یەک نێنەوە ............
ئەمێستاکە
خولیاکانم پاسەوانی سیمای تۆن و
وا لە گەردنی بەرزتا
مەلە دەکەن
بۆ سەر سینە و مەمە تورتەی بن سەرینێ
ئەوە خەونی سەوزی منە ، خەیاڵی نامرادی نین
با پێکەوە بتوێنەوە ......
ئەوا ئەمڕۆ
بوو بە ساڵێ و
ھێڵی تەریبی من و تۆ
ناکرێ فارگۆنێکی خاڵی
بە سەرمانا تێپەڕێت و روحمان بە مەی بشواتەوە ...............
تۆ دەزانی
ژەھری بێ مەیلی و رووگرژیت
دەبنە جەللادی ژینم و
شەکرە ھەنگوینی سەر دڵمن
پێ رێ ناگرێ
بڕواتەوە ...............
ئەوا ئەمڕۆ
بوو بە ساڵێ
بگەڕێوە با ئامێزم بێ تۆ نەبێ
بێ تۆ دەبم بە کاوڵاش و تاریکستان
نەکەی زیکری دڵم تێکدەی
ئاوی روحم نەدەیتەوە ...........
وا چوار وەرزە
تۆ بووی بە بەفر و گوڵ و پووش ، بە خەزانێ
باوەشتم بۆ واڵا بکە
ئەم کۆچە ناوەختە چی بوو
مەرگ بە گیانم ئاشنا بێ
خوایە پێکمان شاد کەیتەوە ..................
ئەوا ئەمڕۆ
بوو بە ساڵێ
پەتی ئیشقت لە گەردنم دلۆپ بڕی ھەناسەمکا
چرای دییەم کزکز ببێ
ھەر دەڕوانم
بۆ ھەنگاوی لەنجەی پەنجەت
کڕنووش دەبەم
لە بێ تۆیی سەری مەرگم دەنێمەوە ...........
بگەڕێوە ..
بۆ خەڵوەتی بووژانەوەم
دەنا ھەستم
بە ئاگری فەنابوونی ئەوینی تۆ
گڕ دەگرێت و دەتوێمەوە ...........
ئەوا ئەمڕۆ
بوو بە ساڵێ
ھەوای ھەوار تێم ئاڵاوە
سەرێ بە کونجی خاکا کەم
لە سەرچنار
دیقەتێکی بای چاوت بەم
خودا بکا
مردنێ یەخەم پێ بگرێ و نەیەمەوە ...........
ھێشتان دڵت
لە دەرگەی ئاوەزم دەدا
لە ھەناوما وا چەقیوە ، شورای خوێنێکی تەنیوە
ئەو دڵەی تۆ
زێڕ و گەوھەر و ئەڵماسە
ھێندە سەر شێت و وڕ بوومە
مەی دەمخوات و نایخۆمەوە .............


٢٠١٨ - ئەڵمانیا

sardarjaff44@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک