په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

یەکەمجار مافی دایکان!

سەلام عەبدوڵا  


یه‌که‌م - مارکس لە گرنگترین بەرهەمیدا(سەرمایە) باسی:(کاڵاو دراو، گۆڕانی دراو بۆ سەرمایە، بەرهمهێنانی زێدەبایی رەها، شێوەی بەها، شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی و گۆرینەوەی هاوشێوەی، کڕینی هێزی کارو فرۆشتنی، بەرهەمهێنانی زێدەبایی رەها و زێدەبایی بەکاربەرەکان، بەرهەمهێنانی زێدەبایی سەرمایەی جێگیر و سەرمایەی گۆڕاو، رۆژی کار، کاڵا، دراو، سوڕانی کاڵا و ماوەی فرۆشتن و کڕین، کەڵەکەکردنی دراو، زەمەنی بەرهەمهێنان، سوڕانەوەی سەرمایەو کارتێکردنی زەمەنی سوڕانەوە، قۆناغەکانی رەواج، کەرەستەی خاو،....هتد). و لە یەکێک لە گرنگترین بۆچوونیدا، دەڵێ:"هێزی کار سەرچاوەی بەها"یە. لێرەدا دەپرسین: ئەدی هێزی کار چۆن بەو ئاستە گەیشتووە تا لە بازاڕی سەرمایە خۆی ساغ بکاتەوە؟


پێویستیمان بە هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە هەزاران ساڵە دایک بە پلەی یەکەم بەرپرسیارە لە پێگەیاندنی هێزی کار، واتە بە دووگیانی، لەدایکبوون و پەروەردەو بەخێوکردنی منداڵ و لەلانی کەمەوە ماوەی 16ساڵ کاری ناو ماڵیشی ئەنجامدەدا.


بۆچی مارکس لە(سەرمایە)بایەخێکی نەداوە بە پێگەیاندنی هێزی کار؟ ئایا دەتوانین ئەم قۆناغە بە بەشێکی نەبینراوو "هەست پێنەکراو" لەناو کاڵاو زێدەبایی و قازانج و سەرجەم پرۆسەی کارو زانستی ئابووری سیاسی، دابنێین؟ ئایا بەهای کاری کۆیلایەتی وەرس و بێزارکەری شەوڕۆژی دایکان بۆ ماوەی 16ساڵ چەندە!


ئەو کۆرپە خۆشەویستە کە نازداری دایکە، لە بۆ سەرمایە و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و بازاڕەکەی، تەنها و تەنها و تەنها مانای هێزی کارو بەهای کڕین و فرۆشتنە بە گوێرەی رۆژ و کەرت و وەرز و جۆر و کات و رەگەز و تەمەن و مەرجگەلێکی زۆر و سەخت و نائارام و قورس...هتد، دەبەخشێت. بۆچی بەرهەمی مرۆڤێک بەناوی دایک دەبێ بەبێ بەرامبەر پێشکەش بە سەرمایە بکرێ؟!


دووه‌م - زۆر لایەن بۆ هەڵبژاردنیان، خەریکی بەخۆهەڵدان، سوکایەتی بە یەکتر، پیلانگێڕان و لەخشتەبردنی خەڵکن و لەمەشدا(پڕۆفین)، بەڵام ئەوەی کۆیان دەکاتەوە یەک خاڵی روون و ئاشکرایە: لە ریزی هەموو حزبەکانی وەڵاتەکەم تاقە یەک ئافرەت یان ژن یان کچی خەباتگێڕ، رۆشنبیر، سیاسەتمەدار، زانا"هەڵنەکەوتوە"خۆی بۆ سەرۆکایەتی هەرێم کاندید بکات. ئەمە رسوایی نییە؟! بە دڵنیاییەوە هەیەو زۆریش هەیە کە شایەنی ئەو پلەیەن، بەڵام قورم گرت بەسەرتان بۆ خۆتان و ئەقڵتان!


لە میدیاکان زۆر باسی مافی یەکسانی ژن و پیاون دەکرێ، بەڵام هێشتا ملیونان دایک و ژن و کچ، کوێلەی ناو چوار دیواری ماڵن. ئاخر لەبەر ئەوەی پیاوان"قەوامن"لەسەر ژنان، رێژەکەشیان بۆ ئەندامێتی پەرلەمان بەدەست و مەرحەمەی خۆیان دیاریدەکرێ.


سێیه‌‌م - داخوازی(موچە بۆ دایکان)، هەنگاوێکی سەرەتاییە لە قوناغێکدا کە هێشتا لە واقیعی ئیمڕۆی کوردستان سیاسەت و ئابووری بۆرژوازی باڵادەستەو ناکرێ هەندێ داخوازی باڵابەرز و مەزن بەرزبکرێتەوە کە تەنها لە سایەی دەسەڵاتێکی شیوعی پەیڕەو دەکرێت. بە دڵنیاییەوە دوا ئامانج ئەوەیە کاری ناوماڵ و پەروەردەکردنی منداڵ لە کاری کۆمەڵایەتی ناو ماڵ لە لایەن دایکەکان بکەین بە بەشێک لە کاری خزمەتگوزاری کۆمەڵگە. مادام هێشتا ملیونان دایک و کچی ماڵ کاری ناو ماڵ ئەنجام دەدەن، دەبێ ئێمەش داوای موچەیان بۆ بکەین تا ئەو رۆژە لەو کارە شێتکەرو قیزەوەنە بە خەبات و بازووی خۆیان بە پلەی یەکەم، رزگاردەبن. هەروا هەندێ نەزان پێیان وایە کە ئێمە دەبێ داوای دابینکردنی کار بۆ دایکان بکەین! ئەی ئەوە نییە وەک زەمەنیش زیاتر لە پیاوان کاردەکەن و بەبێ بەرامبەر؟! ئاخر با یەکەمجار موچەیان بۆ ببڕێتەوە، پاشان کاتێ بێکار یان بەتەمەن دەبن داوای بیمەی بێکاری و خانەنشینیان بۆ دەکەین!.... گەمژەیی ئەقڵی پیاوسالار بێ سنوورە...وا نییە؟!


زۆر لایەنگری مافی یەکسانی ژن و پیاو"هەیە"، بەڵام بۆچی لەبەرامبەر کەمپینی(موچە بۆ دایکان)، زمانیان نەپژا، ئەقڵیان نەجوڵاو دەستیان نەبزوا، بەمەرجێک لە زۆربەی رۆژنامەو سایتەکان(سایتی ئاوێنە، کوردستان راپۆرت، هاوڵاتی، رێوان، ژیانەوە، چاکنیوز، سایتی ئیمڕۆ، کوردستانان، رێگای کوردستان، کوردستاننێت، گەنجانی دەربەندیخان، کوردستانپۆست)بڵاوکرایەوەو بە بەرچاوی هەمووانەوە چەندین سیاسەتمەداری ژن و ئافرەت و کەسایەتی رۆشنبیرو رۆژنامەنووس و هونەرمەندو حزب و رۆژنامەو گۆڤار بەشدارن لەم کەمپینە یان پشتیوانیان کردووە. راستیان وتووە(پیاو لە شوێنی خۆی بخورێنە، دەردەکەوێت، بایی چەندە).

 

خانەقین

 07701929872

dwaroj@yahoo.de