٢١\٧\٢٠٢١
یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ"
لە ڕووسیا بەڕێوەدەچێ.
مەنسوور جیھانی
بە
نمایشی ١٥ فیلمی سینەمایی و ٢٠ کورتە فیلمی چیرۆکی و بەڵگەفیلم،
یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی
ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.
یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" بە بەرپرسیاریی خاتوو "گولیزەر
گەردەن زەری"، بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی فەرھەنگ و مێژووی کوردەکان و
ھەروەھا ژیانی مۆدێڕنی ئەم نەتەوەیە، بە چاودێری وەزارەتی ڕۆشنبیری و
لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە نمایشی ١٥ فیلمی سینەمایی و ٢٠
کورتە فیلمی چیرۆکی و بەڵگەفیلم لە سینەماکارانی ھەر چوارپارچەی
کوردستان و وڵاتانی جیھان و ھەروەھا بە پشتیوانی "کارۆ ئاڕت" لە ڕۆژانی
٢١ تا ٢٥ی تەمووزی ٢٠٢١ لە ھۆڵەکانی ناوەندی سینەمایی "ئۆکتۆبەر" لە
شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەدەچێت.
فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" لە ڕیزبەندی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی
فیلم دایە کە لە لایەن وەزارەتی فەرھەنگی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا و بە واژۆی
"ئۆ. بی. لیۆبیمۆڤا" وەزیرەی کەلتووری ئەم وڵاتە گەیشتووە و بە نامەی
فەرمی ژمارە ١٦٩٢ ڕێکەوتی ٢٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٠ لە چوارچێوەی فیدڕاسیۆنی
ڕووسیا لە ساڵی ٢٠٢١ بەڕێوەدەچێت.
بەرپرسانی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" لە
ڕاگەیێندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند: کوردەکان یەکێک لە کۆنترین
نەتەوەکانی جیھانن، ھەر بەم پێیە مێژوویەکی دەوڵەمەند و فەرھەنگێکی
جیاوازیان ھەیە. خەباتی ئەوان بۆ سەربەخۆیی، بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا
دەگەڕێتەوە. ھەمووی ئەم تایبەتمەندیانە لە سینەمای ھاوچەرخی کوردیدا
خۆی دەرخستووە. فیلمی "زارە" (زارا) لە دەرھێنانی "ھاموو بەیک
نازاریان" لەڕاستیدا یەکەمین فیلم سەبارەت بە کوردەکان لە مێژووی
سینەمای جیھان دێتەئەژمار. ئەم فیلمە چیرۆکییە بێدەنگە کە لە ساڵی ١٩٢٦
لە لایەن ستۆدیۆی فیلمسازی "ئەرمەن فیلم" وێنەگیراوە، باس لە ژیانی
کوردانی ئیزەدی لە ئەوپەڕیی قەفقاز و خەباتی ئەوان لە دژی بەرپرسانی
تێزاری دەکات.
ڕووداوە گرینگەکانی دوایی لە سینەمای کوردیدا، سەرھەڵدانی ئەکتەر و
دەرھێنەری ئەفسانەیی "ئەڵماز گۆنای"یە کە کوردەکان ئەو بە "باوکی
وینەگریی کورد" دەناسن؛ فیلمی سینەمایی "ڕێگا" (یۆڵ) لە دەرھێنانی ئەم
سینەماکارە مەزنە کوردە سەبارەت بە خەبات و ژیانی کوردەکان لە باکووری
کوردستانە، ئەم فیلمە، خەڵاتی بەنرخی چڵە خورمای لە فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی "کان" لە وڵاتی فەڕەنسا لە ساڵی ١٩٨٢ بەدەستھێنا و
ھەروەھا کاندیدی وەرگرتنی خەڵاتی جیھانی "گۆڵدەن گڵووب" لە ئەمەریکا
بوو.
دوای پێکھێنانی ناوچەی سەربەخۆیی کوردستانی عێراق، سینەمای کوردی
بەرەوپێشچوونی بەرچاویی بەخۆیەوە بینی. لە ساڵی ٢٠٠٠ کۆمەڵێک فیلم لە
دەرھێنانی فیلمسازانی کوردی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، باکووری کوردستان،
ڕۆژئاوای کوردستان، ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا سینەماکارانی کوردیی
دانیشتووی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان؛ لە فێستیڤاڵە جیھانییەکانی فیلمدا
بەشداریان کرد و خەڵاتی گرینگیان بۆ سینەمای کوردستان بەدەستھێنا.
سینەمای کوردستان بە درەوشانەوەی بەرھەمە جوانەکانی سینەماکارانی
ناوداری خۆی لەوانە: "بەھمەن قوبادی"، "ھونەر سەلیم"، "شەوکەت ئەمین
کورکی"، "جانۆ ڕۆژبەیانی"، "مانۆ خەلیل" و ... لە جیھاندا دەناسرێت.
سینەمای کوردی نە تەنیا لە نێوان دیاسپۆڕەکانی دنیادا بە خێرایی
بەرەوپێشچوونی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵکوو خۆشەویستییەکی تایبەتیشی ھەیە.
فێستیڤاڵەکانی فیلمی کوردی بە سەرکەوتوویی لە پێتەختەکانی ئەورووپا و
وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان بەڕێوەدەچن و فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ"ش
لەم بنەما ڕەسەنە و گرینگە بەدەر نییە.
فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" ڕووداوێکی فەرھەنگی مێژوویی بۆ ھەموو
کوردانی جیھان دێتەئەژمار. ئەمڕۆکە نزیکەی ٧٠ ھەزار کورد لە وڵاتی
ڕووسیا ژیان بەسەردەبەن؛ ئەم فێستیڤاڵە، بە پاراستنی شووناسی
نەتەوایەتی، گەشەپێدانی زمانی دایکی و فەرھەنگی نەتەوەیی و ھەروەھا بە
ھاوبەشی میراتی مێژوویی و کەلتووریی خۆیان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی
دانیشتووی ڕووسیا یارمەتی دەبەخشێت.
بینەرانی ئەم ڕووداوە سینەماییە دەتوانن سەیریی ھەندێک لە باشترین
فیلمە مۆدێڕنەکانی کوردیی بکەن کە لە فێستیڤاڵە گرینگە
نێودەوڵەتییەکانی فیلم لە سەرتاسەری جیھان، خەڵاتیان بەدەستھێناوە و
ناسێندراون و ھەروەھا لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ستافی ئەم فیلمانەدا
بەشداریی بکەن و پرسیارەکانی خۆیان لەم سینەماکارە کوردانە بپرسن و
گوێبیستی وڵامەکانیان بن.
بە گشتیی بەرنامەی فێستیڤاڵ، ٣٥ فیلمی لە ژانڕە جۆراوجۆرە سینەماییەکان
لە خۆ دەگرێت کە زۆربەیان بۆ یەکەمین جار لە ڕووسیا نمایش دەکرێن. ١٥
فیلمی سینەمایی لە ھۆڵەکانی ناوەندی سینەمایی "ئۆکتۆبەر" دەچنە سەر
پەردەی سینەماکان و ٢٠ کورتە فیلمیش بڕیاروایە لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی
ئەم ڕووداوە سینەمایی، بە شێوەی ئۆنلاین نمایش بکرێن.
یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" بە شێوەی پێشبڕکێی
بەڕێوەناچێت و دەنگی ئەندامانی لێژنەی دادوەران ناخرێتەڕوو، چونکە
مەبەستی سەرەکی ئەم ڕووداوە سینەماییە ناساندنی سینەمایی کوردییە. لەم
فێستیڤاڵەدا، بینەران ئەو فیلمانە دەبینن کە تیایدا کەلتووری کوردیی،
مێژوو و تایبەتمەندییەکانی ئەم خەڵکە، ژیانی مۆدێڕن و مەسەلەکانی دیکەی
پەیوەست بە کوردەکان ڕەنگی داوەتەوە کە دەتوانن ئەم بەرھەمە سینەماییە
گرینگانە بە زمانی سەرەکی و بە ژێرنووسی زمانی ڕووسی ببیینن.
ئێمە بەتەمابووین کە فێستیڤاڵی فیلمی خۆمان لە مانگی مایسی ساڵی ٢٠٢٠ و
ھاوکات لەگەڵ حەوفتاوپێنجەمین ساڵوەگەڕیی سەرکەوتن لە جەنگی جیھانی
دووھەم بەڕێوەبەرین، کە زۆر یەک لە کوردەکانیش تیایدا بەشداربوون؛
بەڵام بە ھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا، باروودۆخ لە جیھاندا
گۆڕانکاریی تایبەتی بەسەرداھات و ئێمە ناچاربووین فێستیڤاڵەکە
بگوازینەوە بۆ ساڵی ٢٠٢١.
ھیوادارین کە ئەمساڵ، ھەموو شتێک بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت و ئەم
فێستیڤاڵە، ببێتە یەکێکە لە ڕووداوە گرینگە فەرھەنگییەکان لە شاری
مۆسکۆ لە وڵاتی ڕووسیا.
ئیسپانسێڕەکانی بەڕێوەچوونی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ"
بریتین لە: کۆمپانیای سینەمایی "میتۆس فیلم" لە ئەڵمانیا، تەلەڤیزیۆنی
"ڕووداو"، "کارۆ ئاڕت"، "سینەپڕۆمۆ"، تەلەڤیزیۆنی "کوردستان ٢٤"، "مووڤی
ستاڕت"، "کینۆ تئاتر" ڕووسیا، ھوتێل "بڕۆسکۆ" لە ڕووسیا، تەلەڤیزیۆنی "کوردستان
تی.ڤی" و تەلەڤیزیۆنی "زاگڕۆس".
بۆ زانیاریی پتر:
www.moscowkff.ru
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|