١٧\٣\٢٠١٥
یەکەم کوردی
ساڵ لە فینلاند ھەڵبژێردرا.
زارا
تەیمووری، وەک یەکەم کوردی ساڵ لە وڵاتی فینلاند ھەڵبژێردرا. خەڵاتی
کوردی ساڵ لە ئاھەنگی نەورۆز لە شاری تورکۆ رۆژی ١٤-٣-٢٠١٥ بە زارا
تەیمووری بەخشرا. ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٥دا بە پلەی ھەرەباش بڕوانامەی
کارناسی باڵای (ماجیستێری) بیرکاری لە زانکۆی ھێلسینکی فینلاند بەدەستی
ھێنا. لە رۆژی ھاتنی بۆ فینلاند زارا تەیمووری لە ھەموو تەمەنی خوێندنی
خۆیدا، فێرکارێکی چالاک و بەرپرس بووە و بۆیە لەو ماوەیەدا چەندین جار
لە لایەن فێرگەی دوای ناوەندی و زانکۆی ئالتۆ خەڵات کراوە.
زارا تەیمووری لە دایکبووی کەمپی پەنابەری ئەڵتاش لە عێراقە. بنەماڵەی
زارا لە بەر زوڵم و ستەمی حکوومەتی ئێران، دوای ھێرشی کۆماری ئیسلامی
بۆ سەر کوردستان پەریوەی باشووری کوردستان دەبن و لەوێوە حکوومەتی
سەدام بنەماڵەی زارا وێرای چل ھەزار کوردی دیکە دەگوازرێتەوە بۆ کەمپی
ئەڵتاش لە باشووری بەغدا. تەیمووری لە ھەلومەرجێکی زۆر سەختی ئوردووگای
پەنابەری لەدایک بووە و لە تەمەنی ١٠ ساڵیەوە ھاتووە فینلاند.
زۆر
جار باوە دەوترێت کە پێشینەی باوک و دایکی منداڵ شوێندانەرە لەسەر
دوارۆژی منداڵانیش. پێشینەی سەخت و ئەستەمی بنەماڵەی زارا پێچەوانەی
ئەوە نیشان دەدات. زارا تەیمووری بە کار و چالاکی و بڕیاری خۆی لە مەڕ
تێپەرکردنی ھەموو ئاستەکانی خوێندن، توانی لە ماوەیەکی کورت دا یەکێک
لە ئەستەم ترین بوارەکانی زانستی تێپەربکات و ببێتە نموونەیەک لە
سەرکەوتوویی و چالاکی لە پێناو ئامانج نەتەنیا لە ناو گەنجانی کورد
بەڵکوو لە ناو گەنجانی فینلاندیش دا.
زارا تەیمووری ئەندامی کۆمەڵەی خوێندکاران و لاوانی کوردستانە و یەکێک
لە چالاکانی دەستەی دامەزرێنەری فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان بووە.
بە خەڵاتی کوردی ساڵ، ئامانجی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان ھاندانی
کوردەکانی دانیشتووی فینلاندە، بۆ جێگرتن و بەدەستھێنانی سەرکەوتن لە
نیشتیمانی نوێیاندا. دەستەی بەرێوەبەری فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان
سوپاسی ھەموو ئەوانە دەکا کە خۆیان وەک بەربژێری کوردی ساڵ ناونووس
کردووە و بەو ھیوایە لە ساڵانی داھاتوودا نموونەی زۆرتر ببیندرێت.
دەستەی بەرێوەبەری فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان
لە فینلاند
١٥\٣\٢٠١٥
- ھێلسینکی
majid.hakki@gmail.com
|