٨\١٢\٢٠١٧
چیڕۆک بۆ منداڵان:
یەکەم وانە.

عەلی حەمەڕەشید
یەکەم رۆژی قوتابخانە منداڵان لە ناو گۆڕەپانەکەدا یاری و قسەی خۆشیان
دەکرد..کە گوێیان لەزەنگەکە بوو بە بێدەنگی لە گۆڕەپانەکەدا
ریزبوون..بەڕێوەبەر بەخێرھاتنی کردن و پیرۆزبایی ساڵی تازەی لێکردن.
کە قوتابی یەکان چوونە پۆلەوە ..مامۆستا بەختیار چووە پۆلی پێنجەم و
بەروویەکی خۆشەوە وتی: منداڵینە،بزانم ئەم پشووی ھاوینە بە چی یەوە
خەریک بوون؟
ڤانیا وتی:مامۆستا گیان من چوومە خولی وێنە کێشان و سەردانی چەند
پێشانگایەکی وێنەی منداڵانیشم کرد..وێنەی جوان جوانم دروست
کردووە،دەیانھێنم بزانن چەند جوانن.
شانۆش وتی:منیش چوومە خولی مۆسیقا و چەند پارچە مۆسیقایەک و چەند
گۆرانی یەک فێر بووم..سبەینآ کەمانەکەم دەھێنم ،بزانن شتی خۆش فێر بووم.
راوێژ وتی: من زۆر زۆرم حەز لە کۆمپیوتەرە،بۆیە چوومە خولی
کۆمپیوتەرەوە و خۆم فێر کرد..ئەگەر حەزدەکەن لە وانەی زانستدا بۆتان
باس دەکەم چی و چی فێر بووم.
باوان وتی: من زیاتر خەریکی خوێندنەوە بووم..باوکم گۆڤار و نامێلکەی
منداڵانم بۆ دەکڕێت..ئێستا ھۆنراوە و چیرۆک و شتی خۆش دەزانم..منیش
گۆڤار و نامێلکەکان دەھێنم و بەیەکەوەدەیانخوێنینەوە.چاوان وتی:بەلای
منەوە شانۆ خۆشترین شتە ،ئەو خولەی کە من چووم بۆی زۆر شتی بە سوودی
فێرکردم..پار زۆر شەرمن بووم لە رووم نەدەھات وەڵامی پرسیارەکانی
مامۆستا بدەمەوە..ئەھا ئێستا چەند وریام!
دانیار وتی:حەیف،من لە کۆڵان ھەر خەریکی یاری بووم و ھیچ فێر نەبووم ،مامۆستا،ئێستا
ھەر قوتابییە و شتێک دەزانێت،بۆچی بە ھەموویان شانۆگەری یەکمان پێشکەش
نەکەن.!ھەموویان بە دڵێکی خۆشەوە وتیان :ئەڵڵا کە خۆشە.
ئەمڕۆ یارییەکەمان زۆر خۆشبوو.
لێوان و ڕۆزیا ھەندێک جار بۆ یاریکردن دەچوون بۆ لای پرژە لە ماڵەوە .
پرژە ھەرچەندە بە تەمەن لەمان بچووکتر بوو ، بەڵام زۆر حەزی بە
ھاوڕێیەتییان دەکرد . بە تایبەتیش لەگەڵ ڕۆزیادا چونکە لە یاریکردندا
بێزار نەدەبوو ، بە دڵی پرژە یاری دەکرد ، بەڵام لێوان وا نەبوو زوو
زوو وازی لە یاریکردن دەھێنا .
ڕۆژێکیان پێکەوە چوون بۆ لای پرژە تا کەمێک یاری بکەن ، بەڵام کە
گەیشتنە ئەوآ تەماشایان کرد دوو ھاوڕێی تری لێبوو ، کە ئەوانیش پاراو و
پەیوەست بوون . لەوآ دانیشتن و پاراو و پەیوەستیان ناسی .بەڵام یاری
ئەمڕۆیان جیاواز تر بوو لە ڕۆژانی تریان . چونکە پاراو منداڵێکی وریا و
زیرەک بوو لە قوتابخانەدا و لەگەڵ ئەوەشدا زۆر حەزی لە خوێندنەوە بوو ،
بۆیە چەند گۆڤارێکی منداڵانی ھێنا و یەکە یەکە دەستی کرد بە
خوێندنەوەیان ، ئەوانیش بە ھێمنی گوێیان بۆ شل کردبوو . پاراو
چیرۆکەکانی زۆر بە جوانی و ڕێک وپێک بۆ دەخوێندنەوە و ھۆنراوەکانیشی بە
گۆرانی بۆ دەوتن .ئەوانیش زۆر بەلایانەوە خۆش بوو ، بۆیە سوپاسی
پاراویان کرد و ئەو ڕۆژەیان بە خۆشترین ڕۆژ دانا. پاراویش وتی لەمەودوا
لەگەڵ یاری دا کتێب و گۆڤاری تریشتان بۆ دەخوێنمەوە ، چونکەدەیزانی
کەئەوان گوێی لێدەگرن و پێیان خۆشە.
ماڵپەڕی
عەلی حەمەڕەشید
|