په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٢\٢٠١٠

یەکەم زستـانى کابینەى شەشەم.. پڕ حەسرەتە!!


خوێندنەوەو رانانى: حەمەى ئەحمەد رەسوڵ*


لەڕاستیدا وەرزى زستان، وەرزى سەرما و سۆڵە و چوونە ژوورەوە و ڕۆژ کورتى و خەڵوەت دروستکردنە لەماڵەوە.. بەپێچەوانەى هاوینەوە کە سیخناخە لە ڕووناکى و گەرمى و سەیران و گەڕان بە دەشت و دەر و دەرەوەدا، گرنگترین ئامراز، وەرگرتنى هەوایەکى فێنکە و دروستکردنى سێبەرە.. خەرجى و مەسرەفیش لە زستاندا زۆرترە وەک لەهاوین، ئامرازەکانى خۆگەرم کردنەوە و ماڵ گەرمکردنەوە و خۆپۆشین و خۆراکى وزەو گەرمى بەخش هەموویان تێکڕا خەرجى و پارەى زۆریان ئەوێت کە دیارە ئەمەش خەسڵەتێکە سەراپاى جیهان ئەگرێتەوە لە وەرزى زستان و سەرمادا، بەڵام باسکردنى ئەم دژوارى و ژیان سەختى و تاقەت پڕۆکێنییە کە دەبێتە مایەى دڵتەنگى و بێزارى لە وەرزى زستاند و لە نیشتمانێکى وەکو کوردستاندا دیارە هۆکارى سەرەکى و فاکتەرى گرنگى خۆى هەیە و بابزانین بۆچى ئەم بارودۆخە دەروونى-کۆمەڵایەتییە ڕوومان تێدەکات؟


لە گرنگترین کارو ئیشەکانى هەر دەوڵەت یان حکومەت و دەزگایەک، پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى و ڕاپەڕاندنى ئەرک و پێداویستیەکانى هاوڵاتى و دانیشتوانە، بەتایبەت لە وەرزى دژوار و ساردى زستاندا دەبێتە دوو هێندە.. هەموو وڵاتانى دونیا پێداویستیە یەکەمەکانى وەکو کارەبا و ئاو و سووتەمەنى و نیشتەجێى و هەرزانى بازاڕ و یاساى نرخدانانى شمەک بە ئەرکى سەرشانى خۆى دەزانێت و بە ویژدان و ئاکارى مروڤایەتى بەرزەوە ئەیبەستێتەوە، بەرپرسانى هەموو وڵاتانى دونیا، چ جاى وڵاتە پێشکەوتووەکان، ئەو وڵاتانەى مافى مرۆڤ تیایدا بەرز ڕاگیراوە و هەموو تاکێک لە کۆمەڵگاکەیاندا وەکو هاوڵاتى پلەیەک حسێبى بۆ دەکرێت لەڕووى ئەرک و مافەوە.


بەڵام بەداخەوە لەوەتەى تاکى کورد چاوى بۆ ژیان کردۆتەوە، لە نەهامەتى و دژوارى و زەلیلى و جەنگ و جەدەلدا ژینى بێئومێدى دەباتە سەر هیچ کام لە دەسەڵاتە تاکڕەو و دیکتاتۆرەکانى ئەم وڵاتە دەوڵەمەند و هەتیووە مافەکانى تاکى کوردى دەستەبەر نەکردوە و خزمەت و خزمەتگوزاریەکانى بە هەزار ناڵى عەلى بۆ جێبەجێکردووە و پاشان ناوى (مەکرەمە)ى لێناوە و بە مەکرەمە و دیارى و بەخششی یەکێک لە سەرکردە و کاریزما زۆرەکانمان ناوزەدیکردوون، ئەم وڵاتەى ئێمە کە یەکێکە لە دەوڵەمەندترین و بەپیتترین وڵاتێک لەناوچەکەو بگرە جیهاندا، دەوڵەمەندییەکەى هۆکارێک بووە لەڕاکێشانى وەیشوومە و نائومێدى و جەنگى بەردەوام بۆ وڵاتەکە و دروستکردنى کەشوهەوایەکى دڵَتەنگ و پڕ لە ناسۆرى بۆ تاکى کورد.. کە بە ڕاستەوخۆ کاریگەرى هەبووە بۆ پێکهاتەى کەسایەتى و پەروەردەیى تاکى کورد..


دژوارکردن و سەختترکردنى ژیانى مرۆڤ و ڕاکردنى بەردەوامى بەدواى پێویستى و ناچارییەکانى بژێوى ژیانیدا ئەو ڕەوشەى بەرجەستە کردووە کە تاکى کورد هەمیشە تووڕە و بێزار و دڵتەنگ بێت، هەمیشە ناچار و موحتاج و پێویست و نەدار و چاوەڕوان و دوودڵً و ترساو بێت لە ئایندەى خۆى و ئایندەى ڕۆڵەکانى!


مەتەڵێکى کوردى هەیە و دەبێژێت: هەر ڕادەکەیت بەدوایدا و نایگەتێ! ئەم مەتەڵە دەقاودەق بەسەر ژیان و گوزەرانى ئێمەى کوردا جێبەجێ دەبێت و لەمێژە تاکى کورد فریاى کڕین و تێرکردن و مەیسەرکردنى هەموو پێداویستیەکانى ژیانى ناکەوێت، بەتایبەتى دواى ڕاپەڕین و دروستبوونى حکومەتى خۆماڵى و دەسەڵاتى کوردى.


چونکە دواى ڕاپەڕین ئەتمۆسفیر و کەشوهەوایەک ئافەریدە بوو، بارگاوى بوو بە ئازادى و نەترسانێکى سەدا سەدى لە ئایندە و فەوتان.. کرانەوە و سنوور بەزاندنى تاکى کورد، ئەو دۆخەى دروستکرد کە پێداویستى و ئامرازى تەکنۆلۆژیاى نوێ بەکار بێنێ و ماڵەکەى خۆى لێ پڕ بکات کە لە سەردەمى دیکتاتۆریدا لێى بێبەش بووە، سەتەلایت و مۆبایل و کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و ئۆتۆمبیلى مۆدێل بەرز و ڤێلا و کۆشکى گەورەتر و قەشەنگتر لە جاران و چەندان پێداویستى دیکەى ژیانى نوێن و تاکى کوردیش وەکو عەرەب و تورک و فارس و هەموو تاکەکانى ترى دونیاى هاوچەرخ قەناعەت و چاوتێرى جارانى نەماوە، بەڵام رەنگە ئەم خەسڵەتەش تەنها دووچارى تاکى کورد و ئەم دەڤەرە نەبووبێتەوە بەڵکو باهۆزى جیهانگیرى بەسەر هەموو دونیادا پەرش و بڵاوى کردۆتەوە و جیهان وەکو گوندێکى بچکۆلەى لێهاتووە و لەناوەرۆک و روخسار و ڕەفتار و گوزەراندا لەیەک دەچن، تەنها و تەنها گەندەڵى و بێ خزمەتگوزەرانى نەبێت کە تەنها کوردستانە بێبەختەکەى ئێمەى گرتۆتەوە.


تاکى کورد چۆن دڵتەنگ و بێزار و تووڕە و بێئومێد نابێت لە هەرێمێکداو لە سدەى بیستویەکداو بەو هەموو ترلیۆنە دۆلارو دینارەوە، کە چۆڕێک کارەبا و جامولکەیەک ئاو و مەنجەڵێک نەوتى تێدا نەبێت و پەیداکردنەکەیان بڕست و هێز لەمرۆڤ ببڕێت.. مرۆڤى کوردى ئەمڕۆ هەر لەخەو هەڵدەستێت کارەباى نییە بەرچاوى خۆى ببینێ، دەست بۆ بەلوعە و دەستشۆرەکەى دەبات ئاوى پێدا نایەت یان لەشەختە و سەهۆڵبەندا بەستوویەتى یان تەقیوە و شکاوە، دێتە کۆڵان، قوڕ و چڵکاوە و شارەوانى بۆى قیرتاو نەکردووە، هەتا دەگاتە سەرجادە و چاوەڕێى پاسى نەفەر هەڵگر ئەکات، کە پاش نیو کاتژمێر ئەگاتە لاى و جمەى دێت لە نەفەرى قوڕاوى و چڵکن، چونکە مرۆڤە سەرنشینەکانى لە کۆڵانەکانى سەردەمى هۆلاکۆوە هاتوون و نزیکەى مانگێکە خۆیان نەشۆریووە، لە بێکارەبایى و بێئاوى و بێسووتەمەنیدا، لەجیاتى بۆنى عەتر و گوڵاو، ماڵ و ژیانمان، بگرە خۆمان و منداڵمان.. بۆگەنى چڵک و دوکەڵى سۆپاى نەوتى پیسى لێ بەرز دەبنەوە!


ئەم مرۆڤە کە لە مرۆڤى سەردەمى نێندەرتاڵ دەچێت خۆى و خێًزانەکەى و منداڵەکانى هەر سکاڵا و گازندەیانە لەدەست نەبوونى و قاتوقڕى و گرانى و سەرما و سۆڵە و سەختى و ناخۆشى ژیان.. ڕەنگە لە هاویندا قاڵبێ سەهۆڵ و دانیشتن لە باخچە و ژێر سێبەر و باوەشێنێک و خواردنى قاشێک شووتى سارد فێنکى و سازگارییەک بەدڵ و دەروونى ببەخشێ، ڕەنگە لە هاویندا چوون بۆ سەیران و گەڕان بە هاوینەهەوارە هەتیو  و گران و داگیرکراوەکانماندا، تۆزێک ئاسوودەیى و بەختەوەرى و قەترەیەک حەسانەوە و پشوومان پێ ببەخشێ، بەڵام هەرگیز لە زستاندا، زستانى کوردستانى بێکارەبا و بێئاوء بێسووتەمەنىء گرانی دانیشتنى بەردەم سۆپاى کزو ڕیوەڵە ئاسوودەیىء بەختەوەریمان پێنابەخشێت بەتایبەت کە شەوانى زستان درێژوتاریکن، بە تایبەت کوردستانێک کە شەوانى زستانى ماڵەوەت لێدەکات بەگۆڕێکى زیندووى ساردوسڕ!


ئەگەر حکومەتێک بە میرات و لەڕێی حیزبە گەندەڵەکانیەوە گەندەڵى و بێخەمى و کەمتەرخەمى و خەمساردى و کەڕى و کوێرى بۆ نەمابێتەوە، بیر لە هاوڵاتى و هاونیشتمانى و هاونەتەوەیى خۆى دەکاتەوە.. بیر لە ژیانى ملیۆنان دەکاتەوە نەک زیندە بەچاڵکردنى تاکەکانى لە گۆڕێکدا کە دڵتەنگى و بێزارى و بێ ئومێدى زیاتر هیچیکەى لێ نادروویتەوە! پاسادانم بۆ خوێندنەوەکەم، زۆربوونى رێژەى تاوان و کوشتن و خۆژى و خۆسووتاندنى تاکى کوردە لەمساڵەدا، بە تایبەتى لەنێو توێژى گەنجاندا.. کە ئەمەش زەنگى مەترسیدارەو ئاییندە نێو مەچەکى سەراب و هەڵدێرەوە، رەنگە ئەمساڵیش وەکو هەموو ساڵانى تەمەنمان، هەموومان پێکەوە بێژین: ئەمساڵیش خۆزگەمان بە پار..!!

_____________________________
تێبینی:
خوێنەرى بەڕێز: نووسینى ئەم بابەتە دەرەنجامى هاندانء سکاڵاى زۆرێک لەرۆشنبیرء برادەرانء خزمان بوو لەدەست ئەم زستانە زستانی 2010.

* حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سول : کۆمه‌ڵناس